هونەرمەندى گۆرانیبێژ و حەیرانبێژی سەرکەوتوو شێروان بێرکۆتى لە ساڵانى هەشتاوە خەریکى گۆرانى گوتنە، ئەو ماوەى چەند ساڵێکە لە ئەوروپا دەژی، دەربارەى بەرهەمەکانى و بەشێک لە ژیانى تایبەتى دواندمان…
* وەکو یەکەم کارى هونەرى کە بڵاوتکردبێتەوە، چی و کەى بوو، بۆ ئاواز و هۆنراوە سوودت لەکوێ وەرگرت؟
– من لەزۆر ئاهەنگ بەشداریم کردووە لەگەڵ گۆرانیبێژان، بۆ نموونە خوالێخۆشبوو کاک ئەردەلان بەکری جوانەمەرگ لە 89 ئاهەنگمان بەیەکەوە کردووە، لەگەڵ ئەمجەد بێچارەو جەلال سەعید و نیزام شوکرو فەرهاد زیرەک و زۆر هونەرمەندى دیکە بەشداریم کردووە لە ساڵانى 1989 و 1988، لە ساڵی 1987 ئەوکات هیمداد نورى، عەبدولخاق خەتات و کچک عیماد و کچک شێروان و کچک عەبدولخالق هەبوون، لەگەڵ ئەوانە من ئاهەنگم کردووە، وەکو بەرهەمیش ئەوکات نەمتوانى بەرهەم تۆمار بکەم، تاکو دواى راپەرین، لەدواى راپەرینى ساڵی 1991 یەکەم کاسێتم بڵاوکردەوە بەناوى “لێ لێ خانم” یەکەم گۆرانیش کە خەڵک منى پێ ناسی گۆرانى هونەرمەندى گەورەى جوانەمەرگ “قادر زیرەک” بوو لە “دوگمەى سینەت وێنەت وێژی کێوان” بوو، کە کلیپ و بڵاوم کردەوە، ئەوکات من بەو بەرهەمە ناسرام.
* وەکو هونەرمەندێک کە لەبوارى حەیران شارەزاى، چەندە لەگەڵ ئەوەى دەقی حەیران لەگەڵ سەردەمى ئەمڕۆ بگونجێندرێ؟
– حەیران ئەگەر بەتەواوى لێی بکۆڵیەوە، حەیران پێناسەى کلتوورێکى رەسەنە، حەیران پێناسەى قەومێکە، حەیران پێناسەى وڵاتێکە، کە تۆ لەهەر چوار پارچەى کوردستان گوێت لە حەیران بێ دەبێ وشەکان رەسەن بن، تۆ ناتوانى ئەمڕۆ حەیران وەکو مقامێک پێناسە بکەى، کە گوتت حەیران یانى فۆلکلۆری کوردی، دەتوانى گۆڕانکارى لە حەیران بکەى، بەڵام بەوشە کۆنەکان، بۆ نموونە تۆ دەتوانى خۆت حەیرانێک دروست بکەى لەسەر خۆشەویستییەک، بەڵام بە وشەى خۆی، نەوەک تەعبیر لە خۆشەویستییەکەى خۆت بکەى بەو وشە سەردەمیانە، ئەوە نابێتە حەیران مەقامێک بڵێ باشترە، ناکرێ وشەى “sms” بخەیە ناو حەیران و بڵێی شەوێ “sms”م بۆ بنێرە، ئەوە ناکرێ و شێواندنى حەیرانە.
* تا ئێستا بەشی زۆری ئەو حەیرانانەى گوتووتە، حەیرانى دەشتى هەولێرە، چۆنە خۆت لە قەرەى حەیرانى ناوچەى مەریوان نەداوە؟
– من دەتوانم بەهەموو شێوازێک لاوکو حەیران بڵێم، بەڵام هەرکەسەو بە شارەزایی خۆی، ئێستا من شارەزاى دەشتى هەولێرو باشوورى کوردستانم، من نازانم لە کوردستانى رۆژهەڵات چی هەیەو چی نییە، موکریان رۆژهەڵاتە، بۆ نموونە لە موکریان دەڵێن “حەیران دەڵێم، کیژۆڵە” من ناتوانم لەناو حەیران بڵێم “حەیران دەڵێم کیژۆڵە” کەواتا من خۆم جیا کردەوە لە کوردستانى خۆم، خۆی هەر چوار پارچەکەى کوردستان کوردستانە، بەڵام کوردستانى عێراق شێوازى گوتن و قسەکردنیشی جیاوازە، من کە دەڵێم “حەیران دەرێم” پێناسەى دەشتى هەولێرە.
* دەگوترێ حەیران لە هەولێر سەریهەڵنەداوە بەڵکو لە ناوچەى موکریان سەرى هەڵداوە؟
– راستە وادەڵێن من جارێک لە تەلەفزیۆن گوێم لێبوو برادەرانى ناوچەى موکریان دەکەى دەیانگوت حەیران لە ناوچەى موکریان سەریهەڵداوە، کەچی هەر لە حەیرانى خۆیاندا لە کۆتاییەکەى دەڵێ “کاولە قەراج”ى خۆمان، کەواتا دێتەوە دەشتى هەولێرێ و لەوێوە دێتەوە، کەواتا سەرچاوەکەى لە دەشتى هەولێر هەڵقوڵاوە.
* کە ئەوەندە زانیاریەت لەسەر حەیران هەیە بۆچی هەوڵنادەى لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئەو زانیارییانەى خۆت بنووسیەوەو بیخەیەڕوو؟
– لێکۆڵینەوە لەسەر حەیران ناتوانم تەنها لە ماڵی خۆم بیکەم، لە ماڵی خۆم وەرە من پێناسەى حەیرانت بۆ دەکەم بەپێی ئەو توانایەى هەمە، بەڵام ئەگەر تۆ بتەوێ پێناسەى حەیران بکەى و لەرێگاى لێکۆڵینەوە بە جیهانى بناسێنى تەنها بەمن ناکرێ.
* بەڵام خۆ دەکرێ بناغەیەک دابنێی؟
– دەکرێ، بەڵام ئێستا پێموانییە چاپی کتێبێک ئاسان بێ، بە ڕاستى پاڵپشتى و ئیمکانیەتى دەوێ، لێرە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنى هەیە لەسەر حەیران لەناو بەرنامەکە تەماشا دەکەم فەرق و جیاوازى هەیە، لەوێش جیاوازى هەیە، من زۆر راشکاوانە دەڵێم گلەییم لە هەموو کەناڵەکان هەیە، شتى سەردەمیانە دەکەن، ئەوە من پێی دەڵێم تیرۆر و تیرۆریستى هونەرى.
* لەمڕۆی گۆرانى و مۆسیقاى کوردى چەند هونەرمەندێک هەن بەناوى ستایلی نوێ ئاوازى کۆن بە گوێگری کورد دەفرۆشنەوە، تۆ قسەت لەسەر ئەوە چییە؟
– من هەزار ساڵی دیکەش بمێنم، رۆژێک لە رۆژان خۆم لە گۆرانیەکى راپ نادەم، چونکە ئەوە شێواز و کلتوورى من نییە، هونەرمەندەکان گلەیی دەکەن دەڵێن ئەوە ئاوازى تورکیە یان عەرەبی یان فارسیە، ئیهانەى دەکەن و رەخنەى لێ دەگرن، کەچی بەرنامەیەکى تایبەت هەیە کە بەرگری لە راپ دەکا، وەرە بزانم راپ کوێی کوردی تێدایە، با باش باش بزانن زۆربەى هونەرمەندە گەورەکانى خۆمان گریانیان دێ و دەگرین، بەڵام بەداخەوە هیچیان پێ ناکرێ، ئێستا تەماشا دەکەم دەڵێ دەتەوێ میللەتێک بەرەو پێش ببەى، بەوە میللەت بەرەو پێش ناچی، تۆ کە بچی ریکلام و دیعایەو پروپاگەندە بکەى بۆ کلتوورێکى جیا لەخۆت.
* پێتوانییە ئەگەر غیابی هونەرمەندانى کوردى رەسەن نەبێ، ئەوا ئەو هونەرمەندانەى لەو ستایلانە کاردەکەن ناتوانن ئاوا کاربکەن و بەرهەمەکانیان بەسەر خەڵک ساغ بکەنەوە؟
– کاکە گیان لێرە بەرنامە هەیە بە ئاشکراو کابرا پشتیشی بەقوەتەو زۆر زۆر پشتگیریشی کرایە هاتیە پەیڕەو و پڕۆگرامى وڵات و نەتەوەیەکى دى پێشکەش دەکا لەسەر حیسابی تو، بەڵام ئێمە فەقیرحاڵین، گۆرانییە عەرەبییەکان زۆر بە ئاشکرا دیارە عەرەبیە، بەڵام وشەى کوردییە، ستایلی کوردی نییە، ئەوەى باسی ستایلی کوردى دەکا پشتى نییە، ئەمڕۆ کەسانێک هەن لە تەلەفزیۆن باسی ئەو شتانە دەکەن گەنجێک لەوانە فێری چی دەبێ؟ کاتى خۆی لە هەشتاکان لە تەلەفزیۆنى کەرکووک و بەغدا من هیچ فێرنەبووم، دەمکردەوە سەدام حوسێن بوو، دەمگۆڕی “ێور محرکە” بوو، کەواتا لێرە من چی فێربم، تەنها ئەو شتانە فێردەبم کە نیشان دەدرێ، بەڵام تۆ کە لە تەلەفزیۆنێک بەرپرسەکان و بەڕێوەبەرى تەلەفزیۆنەکان بە زەبر نەچەسپێنن بەسەر میللەتى کورد، ئەوە کلتوورى میللەتى کوردە، تۆ ئێستا گوێت کردۆتەوە راپ و ستایلی عەرەبیت گوێ لێبووە، بۆیە هەر ئەو شتانە فێردەبی، ئاخر من چی لە ئەرەبێسک بکەم، من کابرایەکى کوردم، تۆ بڕۆ لە هەموو دنیا وڵاتێک بە هونەرەکەى پێناسە دەکرێ، بەداخەوە هى خۆمان نازانن، ئێمە لە ئەوروپاین دەبینین سەتەلایت چوار کەس دێنێ دەڵێی بۆ دەیانهێنێ؟ دەڵێ کاکە ئیمکانیاتمان نەبوو، کاکە ئەوە سەتەلایتە دنیا دەتبینێ، کوا خۆ کلتوورێکى پێوە دیار نییە، ئەگەر لە سەتەلایت و تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکان و لە رادیۆو راگەیاندنەکان هەموو باس لە پێناسەى کلتوورى کوردى بکەن بڕوام نییە کورد لەبیر بکرێ، بەڵام تاکو ئاوا بڕوا ماوەیەکى دیکە کلتوورى کوردى بە تەواوى لەناودەچێ.
* ئەى قسەت چییە لەسەر دزینى ئاوازە فۆۆلکلۆرییە کوردییەکان و تەعریب و تەفریس و تەتریککردنیان؟
– ئێمە لەناوەخۆمان باوکێکمان نییە، لەو وڵاتە هونەرمەند بێ کەسە، بڕۆ لە تورکیا هونەرمەندێکى تورک دەتوانى هونەرى تۆ بڵێتەوە، بەڵام ناتوانێ بەرهەمى هونەرمەندێکى دیکەى تورک بڵێتەوە، بۆ نموونە ئیبراهیم تاتڵیساس گەورەترین هونەرمەندە بەبڕواى من ئیمپراتۆری هونەرمەندانە، بۆی نییە بچێ گۆرانیەکى بڵند ئارسۆی بڵێتەوە تاکو پرسی پێنەکا، بەڵام بۆی هەیە بێ گۆرانى کوردەکى بەستەزمانى وەکو مامۆستا تاهیر تۆفیق بڵێتەوە لەبەرئەوەى دەزانێ بێ ساحیبە، بەڵام ئێمە لەناوخۆمان گۆرانى تاهیر تۆفیقی دەگۆڕم و بەناوى خۆشم بڵاوى دەکەمەوە کەسیش نییە رێگام لێبگری.
* پێتوانییە نەبوونى یاسای پاراستنى مافی هونەرمەندان یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەى ئەو کێشەیەى دروست کردووە؟
– من کە دەڵێم باوکمان نییە مەبەستم لەو یاسایەیە کە لێرە نییە، حەزدەکەم دەنگى هونەرمەندان هەموو ببن بە یەک، بۆ شتى دیکە رێپێوان دەکرێ، بەڵام بۆ هونەر ناکرێ.
* بەڵام لێرەشدا هونەرمەندان کەمتەرخەمن؟
– من پێموایە ئەگەر شوێنێک هەبێ وەکو رەقابەیەک بەبێ جیاوازى کە من بتوانم لەژوورێ دابنیشم و کەس پێم نەڵێ جەنابت لەکوێ هاتى و فڵان کەس لێرە نییە، وەکو ماڵی خۆم حیسابی بکەم و لەوێ بەرپرسێک هەبێ بتوانین ئێمەى هونەرمەندان هەموومان کۆک بین لەسەر یەک قسەو بتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین، بەڵام زۆر بەداخەوە هونەرمەندانى ئێمە ئەمڕۆ دەچمە جێگایەک “10” وەرەقەیەک وەردەگرم بێ دەنگ دەبم، دەڵێم با ئەمڕۆ بەڕکم گەرم بی خواکەریمە بۆ بەیانى، ئەوەیە وایلێهاتووە، بەڵام ئەوەش دەگەڕێنمەوە سەر بەرپرسەکانى خۆمان، تا ئێستاش نازانن پێشکەوتنى هونەر پێشکەوتنى وڵاتێکە، کەسانێک هاندەدەن تەنها بۆ بەرژەوەندى خۆیان، بیر لەوە ناکەنەوە لە داهاتوودا تۆ کلتوورێک لەدەست دەدەى، ئێستا تیرۆرێکى زۆر گەورە لەناو هونەرمەندان هەیە، بەڵام خۆمان لەخۆمان ناگەین و تاکو ئینقیرازمان نەکرد نازانین ئەوە چییە.
* ئەو هونەرمەندانەى کار لەو ستایلانە دەکەن دەڵێن ئێمە دەتوانین لەرێگاى ئەو ستایلانەوە کورد بە دنیا بناسێنین؟
– نەخێر ئەوە کوشتنى میللەتێکە.
* کەوایا چ رێگایەک باشە بۆ ئەوەى هونەرى کوردى بەدنیا بناسێنین؟
– بۆ نموونە گۆرانییەکانى مامۆستا حەسەن زیرەک و مامۆستا تاهیر تۆفیق و عەلى مەردان هەرکاتێکى لێی دەدەى وادەزانى تازە تۆمار کراوە، بۆ؟ شتەکان رەسەنن، کەچی ئێستا چەندین گۆرانیبێژ هەن لەدواى 2000 گۆرانییەکان تەمەنیان 2-3 مانگ زیاتر نییە و لەبیر دەکرێ، بۆ؟ لەبەرئەوەى بناغەکەى پووچە، من چی لەوە بکەم ئەوڕۆ گۆرانى وایلێهاتووە بەزەبری کچ بە خەڵکى بناسێنى، بڕۆ بە تەنیا گۆرانیەک تۆماربکە کەس گوێی لێ ناگرێ، بەڵام ئەگەر 4 کچت لەپشت بوو تەماشات دەکەن، ئەوە گۆرانى سەردەمی و ماوەیی و هەفتەییە.
* دواى ساڵی 1997 کە سەفەرت کرد یەکەمجار دواى چەند ساڵ گەڕایەوە هەولێر؟
– دواى 8 ساڵ دابڕان هاتمەوە کوردستان.
* دواى 8 ساڵ کە هاتیەوە یەکەم شوێن کوێ بوو کە سەردانت کرد؟
– لە ساڵی 1990 ماوەیەک سەرباز بووم، ئەو شوێنەى کە لێی هاتمە خوارەوەو ئێستا فڕۆکەخانەیە لەوێ تەعزیب دەدراین، وەکو گیانلەبەر مامەڵەیان لەگەڵ دەکردین، نزیکەى 10000 کەس لەوێ تەعزیب دەدراین و لێمان دەدراو سەرمان سفر دەکرا، پاش چەند ساڵێک کە گەڕامەوە بە فرۆکەى کوردى لەناو فرۆکەخانە لەو شوێنە دابەزیم کە لێی تەعزیب درابووم لەوێ گریانم هات لە خۆشیان، ئەوە خۆشترین شت بووە لەهەموو ژیانم، کەهاتمەوەش دواى دوو رۆژ حەزمکردو چوومە کۆڵانەکانى تەیراوەو بەپێ لە کۆڵانەکانى سووڕامەوە.
* سیحری ئەوە چییە تەیراوە کەسی رۆشنبیر و هونەرى زۆری لێ هەڵکەوتووە؟
– تەیراوە گەڕەکێکى کۆن و عەشایرە، بەڵام چەندین رۆشنبیر و مۆسیقاژەن و هونەرمەدنى گەورە لە تەیراوە دەرکەوتووە، تەیراوە بەجێگایەکى زۆر زۆر رەسەنى خۆم دەزانم و شانازیشی پێوە دەکەم، هەموو یاد و یادەوەرییەکانم لەوێیە و ناشتوانم لەبیری بکەم.
* قسەت چییە لەسەر حەسەن سیساوە، کە ئەو تۆی وەکو حەیرانبێژێک زۆر پێ سەرکەوتووە؟
– تاکو لە ساڵی 2005 من نەهاتمەوە کەس حەسەن سیساوەى لەیاد نەمابوو، من حەسەن سیساوەم هێناوە ناو خەڵکى، چونکە من حەسەن سیساوە بە باوکى خۆم دادەنێم، حەسەن سیساوە رەمزێکى کوردە، بەڵام بەداخەوە قەدری نازانین، من کە باسمکرد داواى سەرۆکى حکومەتم کرد و لەلاى ئەویش باسمکرد کە حەسەن سیساوە چییە، دواى ئەوە شتى بۆ کراو خانووشی بۆ کرا، لەناو کلیپەکەشم خانووێک کراوە ئەوە جەنابی سەرۆک بۆی کردووە، هەتا کە چوومە ماڵیشی وامزانى خەونە، لەژیانم نەمدیبوو یەکەمجارم بوو چوومە لاى، ئەوکات گریانم هات کە لە ژوورێک بوو زۆر بەداخەوە تەنها جێگاى مرۆڤ نەبوو، ئەو لەوێ دەژیا، کۆنە بەتانیەکى بەخۆی دادابوو، ئینسانى زۆر بێ ویژدان گریانى بۆ دەهات، گوناه نییە هونەرمەندێکى ئاوا گەورە وابێ، ئەوجا باسکرا وایەو وایە، هەرچی بۆم کردووە لەخێر دەرنەچێ، ئامادەشم چی بووێ بۆی بکەم بەپێی تواناى خۆم، حەسەن سیساوەیی رەمز و کلتوورى کوردە، ئەگەر گوێ لە بەرهەمەکانى ساڵانى حەفتاى حەسەن سیساوەیی بگری هەر کەسێک گۆرانیبێژیش دەبێ دەبێتە حەیرانبێژ، شتەکانى زۆر زۆر بە رەسەنانە گوتووە، دەنگەکى زۆر و ئەدایەکى پڕ، یەکەم شت حەسەن سیساوەیی وایلێکردم بێمە ناو حەیران و دووەمیش غەریبی خۆم، چونکە من زۆر غەریب بووم و غوربەتم زۆر بینى.
* کێشەى تۆمارکردنى بەرهەم لە ئەوروپا چەندە هونەرمەندانى کوردى لەکارى هونەرى دوورخستۆتەوە؟
– ئەوە کاریگەرى زۆرە، من 13 ساڵە لە دەرەوەم، ئەم 13 ساڵەى لە کوردستان بووامە لەوانەیە نزیکەى 10 سیدیم هەبووایە، بەڵام 13 ساڵە لەوێم یەک سیدیم لەساڵی 2002 دەستمپێکرد و 2005 تەواوم کرد، 3 ساڵ پێیەوە خەریک بووم، لەبەرئەوەى لەوێ شتێک هەیە زۆر زۆر گرنگە ئەویش هەر هونەرمەندێک ئەگەر بێتوو هونەرەکەى بە تەواوى بکا دەبێ کارێکى دیکەى لەپاڵ بکا، ئەگەرنا ناتوانێ هونەرەکەى بەرەو پێش ببا، لەوێ زۆربەى هونەرمەندەکان کاردەکەن، من باسی نەرویج دەکەم نەک سوید، لەسوید زۆربەى هونەرمەندەکان بێ ئیشن و تەنها ئیشی هونەرى دەکەن، من لەوێ تەنها ئیشی هونەرى ناکەم، من کە بمەوێ بەرهەمێک دابنێم لەوانەیە ئەگەر بمەوێ بە 5 خولەک تۆمارى بکەم بەلانى کەم دەبێ ساڵێکى بۆ دابنێم، چونکە دەبێ بچمە سوید، ژەنیارێکى کەمان هەیە دایبنێم دەڵێ ئیشم هەیە و ئەو هەفتەیە ناتوانم، بەدەستە خۆشی نییە لەوێ کارەکان بە تەکلیفی برادەرایەتى و شت ناکرێ، کارى هونەرى لە ئەوروپا زۆر زۆر سەختە.
* لە بەرامبەر ئەوەدا بەتایبەتى لەهەولێر چەند ستۆدیۆیەکى پێشکەوتوو کراوەتەوە، کەچی بەشێک لە هونەرمەندان لێرەوە دەچنە تورکیاو میسر بەرهەمەکە تۆمار دەکەن، تۆ دەڵێی چی؟
– ئێمە ئەوەمان هەڵەیە چاولێکەریمان هەیە، بۆ نموونە فێربووینە تەنها بۆ ناوەکەیە تا بڵێ سیدیەکەم لە تورکیا تۆمار کردووە، بڕوام پێ بکە من کە لەوێ سەیری بەرنامەى “کام تراک”م دەکرد، دەمگوت بێمەوە کوردستان پەنجەیان ماچ دەکەم، هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ ئەوانەى تورکیا، بەڵکو لەوانیش باشترن، بەڵام ئێمە بێ خاوەنین، ستۆدیۆیەکى زۆر زۆر گەورە نییە بەبێ جییاوازى کاربکا، ئەو هونەرمەندانەى لەکودرستان بەگشتى و هەولێر بەتایبەتى هەن هیچیان کەمتر نییە لەوانەى دەرەوە بەڵکو زۆر زۆریش زیاترن، تاکو پێشمبکرێ من لێرە شت تۆمار دەکەم لە تورکیا نایکەم، چونکە ئەوەى تورکیا بەدڵی من نایکا، چونکە نازانى چ لەناو دڵی من هەیە، بەڵام ئەوە کوردى خۆمە و لێم تێدەگاو زۆر بە سەرکەوتووانەش دەیکەن.