چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیى : شێرزاد سەرسپى، بەهونەرمەندێکى کۆنى شارى هەولێر دەناسرێتەوە، ساڵى 1948 لەگەڕەکى تەیراوە لەدایکبووە، خوێندنى مۆسیقاى لەپەیمانگاى هونەرە جوانەکانى بەغدا تەواوکردووە، 35 ساڵە لەبوارى میوزیک کار دەکات و ئێستاش بەردەوامە، دەڵێ “تەنیا لەبەر بەردەوامبوونم خۆم بەهونەرمەندێکى گەورە دەبینم”. ناوبراو ئێستا بەڕێوەبەرى هونەرەکانى میوزیکە لەهەولێر، لەم چاوپێکەوتنەى لەگەڵ (سڤیل) باسى لایەنە هونەرى و ژیانى تایبەتى خۆیشى دەکات.
زانا دڵشاد دزەیى: چەندین ساڵە لەناو وەزارەتى رۆشنبیرى پلەى بەڕێوەبەریت پێدراوە، ئەوەندە بەسە یان زیاتر لەوە شایستەى تۆیە؟
شێرزاد سەرسپى: دەبێت خەڵک ئەو قەناعەتە لاى من دروست بکات، چونکە من 35 ساڵە لەبوارى میوزیک کاردەکەم، زۆر زەحمەتە بتوانم خۆم هەڵسەنگێنم، بەڵام پێموایە توانیم خزمەتێک بکەم، خەڵکى دیکەش کردوویانە، لەیەک خاڵ خۆم بەهونەرمەندێکى گەورە دەبینم، ئەویش لەبەر بەردەوامیم، لەوەتەى هەم کارم کردووە، لە شارێکى تاریک، کوڕە هەتیمێک بووم دەستم دایە ئامێرێکى مۆسیقا بەهەزار دەردەسەرى پارەم بەقەرز کرد ئامێرێکى مۆسیقیم پێکڕى، پیرە دایکێکم هەبوو ئێمەى بەخێوکرد، توانیم خۆم پێبگەیەنم، بەڵام بەڕاستى رێگایەکى زۆر سەخت بوو، بۆیە هەموو جارێ تەمەناى ئەوە ناکەم منداڵەکانى خۆم ببەنە هونەرمەند.
زانا دڵشاد دزەیى: گلەیى تۆ چییە؟
شێرزاد سەرسپى: لەهەموو بوارێکدا تەکامول نییە، گلەیى هەر دەمێنێ، گلەیى من ئەوەیە ئەو بوارەى من کارى تیدا دەکەم گرنگى پێنادرێت، ئەزموونێکى زۆرم هەیە و تەمەنى جوانى خۆم لەپێناو ئەو بوارەدا دانا پێمخۆشە زیاتر بایەخى پێبدرێت.
زانا دڵشاد دزەیى: دواى بڕینى هەموو قۆناخەکان، ئێستا حەقى کێیە سوپاسى بکەى؟
شێرزاد سەرسپى: لەبەرئەوەى یەکەم هاوکارم دایکم بووە، سەدجار سوپاسى دەکەم، دووەم هاوکارم کاک فوئادى برام، کە لەمن گەورەترە، دەنگى خۆشبوو هەمیشە گۆرانى دەگوت و واى لێمکرد لەماڵەوە سوودى لێوەرگرم، ئەو گۆرانى دەگوت و من مۆسیقام لێدەدا، بەخۆرسکى خۆمان پێگەیاند، دەمەوێت سوپاسى ئەوانە بکەم، بەتایبەت مامۆستاى گەورە نورەدین ئیبراهیم دەست و چاوى ماچ دەکەم، کە ئەلف و باى مۆسیقاى فێرکردم.
زانا دڵشاد دزەیى: 35 ساڵە کارى هونەرى دەکەى، هەست دەکەى حەقى خۆت دراوەتێ، وەک رێزلێنان؟
شێرزاد سەرسپى: جارێ من با باسى رێزلێنانى ئەمڕۆت بۆ بکەم، هیچ هەڵسەنگاندێکى زانستى نییە لەم رێزلێنانانەى کە ئەمڕۆ بەفلان و بەفلان دەدرێت، راستە رێزلێنانم بۆ نەکراوە، بەڵام دەبینم ئەوانەى هیچیان نەکردووە زۆرجار رێزلێنانیان بۆ کراوە، کەواتە من بۆچى حەسوودى بەم جۆرە رێزلێنانانە ببەم، بەڵام من رێزلێنانى میللەتى خۆم هەیە، کە لە جادە دەڕۆم لادەدەم لەچایخانەیەک چایەکى دەخۆم، سێ کەس دەڵێ عایدى منە و چایچییەکەش دەڵێ پارەت لێوەناگرم هەر چوارشیان ناناسم، ئەوە رێزلێنانەم بەسە.
35 ساڵە خەڵک چەپڵەم بۆ لێدەدات، زۆرجار چەپڵە بۆ هەندێ کەس لێدەدرێ لەوانەیە چەپڵەکە راستەقینە نەبێ، بەڵام ئەو چەپڵانەى بۆ هونەرمەندێک لێدەدرێ چەپڵەى راستەقینەن، چونکە کەس ئامادە نییە بەناچارى چەپڵە بۆ هونەرمەند لێدا ئەگەر بڕواى بە هونەرمەندەکە نەبێ، بۆیە من شانازى بەوە دەکەم 35 ساڵە چەپڵەم بۆ لێدەدرێ.
زانا دڵشاد دزەیى: بیستوومە هەموو مۆسیقییەک دەنگخۆشە ئەوە راستە؟
شێرزاد سەرسپى: نا هەموو مۆسیقییەک تۆنى تەواوە، مادام تۆنى تەواوە دەتوانى گۆرانى بڵێ، بەڵام مەرج نییە دەنگى خۆش بێت، چونکە دەنگخۆشى بەهرەیە، ئەویتر مەسەلەیەکى زانستییە، بۆیە هەموو گۆرانیبێژ گرنگە لە مۆسیقا بزانێ.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆ دەنگت خۆشە؟
شێرزاد سەرسپى: ئەو شتانەى کە کردوومە بۆ ئەو گۆرانیبێژەى کە دەمەوێت فێرى بکەم چۆن ئەداى بکات، هەندێجار پێمدەڵێن وەڵڵا مامۆستا دەنگى تۆش خۆشە.
زانا دڵشاد دزەیى: پێناخۆش نییە خەڵک بە دەڵێن بە شێرزاد سەرسپى ناوت دێنن؟
شێرزاد سەرسپى: نا زۆر پێم ناخۆشە ئەگەر پێم نەڵێن سەرسپى، چونکە جیاوازیم لەگەڵ هەموو شێرزادەکان سەرسپیەکەمە، وابزانم رەنگى سپى لەهەموو رەنگێک جوانترە، دوایى سێ بەشى دنیا وەک منن، بەشێک وەک ئێوەن! رەنگە بەشێکى زۆرى نهێنى ناوبانگێکى سەرسپییەکەم بێت، لەناو موزیکژەنەکان لەزۆربەیان ناوبانگترم لەبەر ناسینەوەى روخسارم کەس وەک من نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوبانگ زەرەرى خۆیە و دەبێتە مایەى ئیزعاجبوونى هونەرمەندەکە.
زانا دڵشاد دزەیى: گرنگ ئەوەیە خێزانەکەت ئەو قژ و ستایلەى تۆى بەدڵ بێت؟
شێرزاد سەرسپى: بێگومان ئەوە لەهەموویان گرنگترە، ئێستاش خێزانەم دەڵێ لەبەر دوو شت رازى بووم شووت پێبکەم، یەکەمیان لەبەر قسە خۆشەکانت، دووەمیان روخسارى جیاوازت و سەرە سپییەکەت.
زانا دڵشاد دزەیى: چۆن خێزانەکەت ناسى؟
شێرزاد سەرسپى: پێکەوە فەرمانبەر بووین لەئەمامە حامەى سەقافە و شەباب، من ئەوکاتە لەکارى هونەرى یاخى بووم، گوتم چیتر مۆسیقا لێنادەم، چەند ئافرەتێک لەوێ فەرمانبەر بوون، خێزانەکەى منیش لەوێ بوو، هەر لەوێ پەیوەندیمان دروستکرد و ساڵى 1978 – 1979 زەواجمان کرد، ئێستا باوکى پێنج منداڵم، چوار کچ و کوڕێک.
زانا دڵشاد دزەیى: لەرووخسارت پیربوون پێتەوە دیارە، لەناخى خۆتەوە هەست بەو پیرییە دەکەى؟
شێرزاد سەرسپى: نەخێر وانییە لە رووخسارمەوە هەر گەنج و جوانم، بەم تەمەنەى خۆم لە تۆ جونترم، لەناخیشمەوە رێگەنادەم پیرى لێم نزیک بێتەوە، مەسەلەیەکى کوردى هەیە دەڵێ “هەنجیر پێبگات خۆى بەردەبێتەوە” ئەگەر مرۆڤ هەست بکات هێشتا گەنجە ئیتر بەرنابێتەوە، هەروەها کۆمەڵێک نەخۆشى هەیە لەمن دوورە، جگە لەوەشدا خۆم پێجوانە، من کابرایەکى ملەوەن و جوانم، لەهەموو شێرزادەکان تر جوانترم، تۆ بەم تەمەتەى خۆت هەرچى بکەى تۆ لەمن ناچى، بەم تەمەنەى خۆم لەتۆ جوانترم.
زانا دڵشاد دزەیى: تۆش کوڕى گەڕەکى تەیراوەى؟
شێرزاد سەرسپى: بەڵێ.
زانا دڵشاد دزەیى: باشە نهێنى ئەوە چییە زۆربەى هونەرمەند و رۆشنبیرەکانى هەولێر لەگەڕەکى تەیراوە لەدایکبووینە؟
شێرزاد سەرسپى: هەولێر بریتى بوو لەقەڵات و خانەقا و گەڕەکى عەرەبان و تەعجیل، تەیراوە رووناکیەکى بەخشییە ئەم شارە، لەتەیراوە کوردایەتى و شۆڕش و هونەر و رۆشنبیر و رۆژنامەنووس سەریهەڵدا، تەنانەت ئەو هونەرمەندانەى لەدەرەوەى هاتن بۆ شارى هەولێر هەر لە تەیراوە نیشتەجێبوون، لەشارى هەولێر دوو بیروڕاى جیاواز دروستبوو، ئەوە نەبێتە زەمى خەڵکى هەولێر، بەڵام گەڕەکى تەیراوە جیاواز بوو، هەتا واى لێهات قەڵات و تەیراوە چەندین ساڵ شەڕیان کرد، شەڕى زۆر سەخت، بە پیر و گەنج و منداڵ بەشداریان لەم شەڕەدا دەکرد، یەکێک لەوانە من بەشداریم لەو شەڕەدا کردووە، دواتر حکومەت تەداخولى کرد، ئەوەش لەئەنجامى ئەوە بوو لەهەولێر زۆر شت چەقى بەستبوو، بەتایبەت لە مەسەلەى رۆشنبیرى، جگە لەوەش تەیراوە رووبەرەکەى فراوان بوو، خەڵکێکى زۆر تێیدا کۆبوویەوە و خانوویان دروستکرد و تێکەڵاوی دروستبوو.
زانا دڵشاد دزەیى: بەڕێوەبەرى گشتى دەگۆڕدرێ، ئەو گۆڕانکارییە تۆش دەگڕێتەوە؟
شێرزاد سەرسپى: نازانم، بەڵام زۆر ئاساییە، گۆڕانکارى زۆر گرنگە، لەئەنجامى گۆڕانکارى نوێبوونەوە دروست دەبێت،، ئەوجا ئەگەر ئەو گۆڕانە من بگەڕێتەوە یان شەماڵ حەوێزى یان وەزیر زۆر ئاساییە، زۆرجار لێرە لەو شوێنەى ئێستام نەماوم و پاشان هاتوومەتەوە، لێرەوە بووم بە بەڕێوەبەرى سەتەلایتى نەورۆز دواتر هاتمەوە، لێرەوە بووم بە بەڕێوەبەرى گۆشکى هونەر دواتر هاتمەوە، بەڵام تەنیا لە بوونم بەڕێوەبەرى سەتەلایتى نەورۆز زۆر پەشیمانم، هەستم کرد ئەگەر هەموو حکومەت هاوکاریم بکات بەهیچ شێوەیەک ناتوانم ئەو هەموو کەموکوڕییە چارەسەر بکەم، دڵنیا بووم ئەو سەتەلایتە بەمن چاکناکرێتەوە.
زانا دڵشاد دزەیى: دەڵێن گەندەڵییەکى زۆر لەناو سەتەلایتى نەورۆز هەبوو، ئەوە تاچەند راستە؟
شێرزاد سەرسپى: وا بەزەقى هەستم پێنەکرد، بەڵام کە من چووم هەموو کارمەندەکان دەوامیان کرد، چونکە بەهەموویانم گوت: من دەوامم دەوێت، بەڵام وەک گوتم زانیم ئەوە بەمن راست ناکرێتەوە.