زانا دڵشاد دزەیی : کچە راگەیاندنکار شیفا زکری، دوای حەوت ساڵ کارکردن لەزاگرۆس تیڤی، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کردووە و رایگەیاند، کە ئەو پێویستی بە گۆرانە لەشێوازی کارکردن.
شیفا زکری ٢٧ ساڵ، بێژەری ھەواڵ لەزاگرۆس تیڤی لەپەیوەندیەکی تەلەفۆنی دا رایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بەزاگرۆس کردووە و بڕیارە لەکەناڵی “رووداو” کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بەپەخش دەکات درێژە بەکاری راگەیاندنی خۆی بدات، لەبارەی ھۆکاری وازھێنانی لەزاگرۆس و چوونی بۆ رووداو شیفا گوتی “من زۆر سوپاسی بەڕێوبەرانی زاگرۆس تیڤی دەکەم، کە زۆر ھاوکارم بوون، بەڵام لەبەرئەوەی کەناڵی زاگرۆس زۆرتر گرنگی بەبواری ھونەری دەدات، نەک ھەواڵ و سیاسەت، بەڵام رووداو کەناڵێکی ھەواڵی دەبێ، منیش چونکە بێژەری ھەواڵم، بەتایبەت ھەواڵی سیاسی، دەمەوێت لەکەناڵێک ئیش بکەم گرنکی بەو لایەنە بدات نەک ھونەر”. شیفا زکری گوتیشی “دەمەوێت ئەزموون وەرگرم، کەس ھەیە لەپێش من راگەیاندنکار بووینە و تائێستا گۆڕانکاریان لەخۆیان نەکردووە و بەرەوپێش نەچووینە، لەبەرئەوەی لەکۆلیژی راگەیاندنم، دەمەوێت خۆم پێبگەیەنم، دەمەوێت زۆر شت لەکەناڵی رووداو فێر بم، لەوانەیە من توانایەکم ھەبێ، ئەو بێژەرەی زاگرۆس جەختی لەوەشکردەوە، لەبەرئەوەی چەند ساڵە کاری بێژەری دەنگوباس دەکات، ناتوانێ ئێستا دەنگوباسێکی ھونەری یاخود پڕۆگرامێکی ھونەری پێشکەش بکات.
شیفا ئێستا قوتابی کۆلیژی راگەیاندنە، ئاماژەی بەوەدا “ئەگەر توانای من لەراگەیاندن بەرەو دواوە بگەڕێتەوە وازدێنم باشترە، ئێمەی بێژەرەکان دەبێ ئەو سنوورە بشکێنین و نابێ وەکو تووتی چاومان لێ بکەن، بەراستیش وابوو، ھەواڵەکان نووسراون دەبێ تۆ بیخوێنێتەوە، بێژەرمان ھەبوو نەیدەزانی چی دەخوێنێتەوە!”. گوتیشی “لەزاگرۆس نەمتوانی رێچکە شکێن بم، چونکە ئەوە بەتەنیا بەمن ناکرێ بەڵکو کۆی پرۆسەکە دەگڕێتەوە و توانا و ئیمکانیاتی ماددی و شارەزایی لە تەکنیک و لە ئامێرەکانی پێوستە بۆ کەناڵێک، کە ببێتە کەناڵێکی خەبەری”.