سەدیق سەعید ڕواندزی
زۆرجار، لە پەراوێزی بڵاوکرنەوەی شیعری شاعیرێک لە والی خۆیدا، بە دەیان و سەدان کۆمێنتی دەستخۆشانە، لە بارەی شیعرەکەوە بۆ شاعیر دەنووسرێن. ھەندێکیان بە جوان و داھێنەرانە، ھەندێکی تریان بە شیعرێکی جیاواز دەیناسێنن. بێگومان ئەگەر ئەمە وەک بەشێک لە دەربڕینی ھەستی خوێنەرێک لە بەرانبەر تێکستی شاعیرێک سەیری بکەین، ڕەنگە ئاسایی بێت، وەک چۆن ڕۆژانە بە ھەزاران کۆمێنت لە بارەی ھەر بابەتێکەوە دەنووسرێن و دەردەبڕدرێن. بەڵام لێرەدا ئەوەی پەیوەندی بە شیعرەوە ھەیە ئەوەیە، کە ئایا دەکرێت شیعر لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە ھەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و کەمی کۆمێنتە؟ شیعری جوان و داھێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دەنووسرێن؟ دەکرێ شیعر وەک پێکھاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، کورت بکەینەوە بۆ کۆمێنتێکی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنێکی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووکی نییە و شیعرەکانی لەو ڕێگەیەوە بڵاو ناکاتەوە و کۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داھێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێک و پێوەریشمان بۆ ئەوە تەنھا کۆمێنت بێت؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەکانی بڵاوکردنەوە بکرێن و مایەی ھەڵوەستەکردن بن. بێگومان ھەڵسەنگاندن و کردەی خوێنەوەی ھەر دەقێکی ئەدەبی، وێرای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕەو لە میتۆدێک بۆ خوێنەوەی بکرێت، ھاوکات پاشخان و تێڕوانینێکی ھزریانەی قووڵی دەوێت, بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت کۆدە شاراوەکانی ئەو دەقە بکاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەڵامەکاندا بگەڕێت. خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی ھزریانەی شاعیرێکە کە لە شیعردا بەرجەستەی دەکات. بۆیە شیعر وەک تێکست ھەڵگری چەندین ڕەھەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانەی کەسێک، کە ڕەنگە لە ھەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە ھەڵبسەنگێنرێت. خوێنەوەی شیعر، کردەیەکی ھزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ ھەموو لایەنە ھونەری و بابەتییەکانی دەقەکە بگرێتەوە، ھەر لە زمان و واتاوە، تا دەگاتە کۆدە شاراوەکانی دەق، کە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن. ئەوانەی بە کۆمێنت پەسنی شاعیرێکی فەیسبووکی دەدەن، کە گوایا تێکستەکەی جوان وداھێنەرانەیە و داھێنانی لە شیعر کردووە، لە ڕاستیدا ئەوانە ئەگەر خوێنەریش بن، ئەوا پێوەرەکانی ھەڵسەنگاندنی دەقێکی ئەدەبی یاخود شیعری نازانن، چونکە بەلایەکی کەمەوە کاتێ دەستەواژەی جوان و داھێنەرانە دەدەینە پاڵ شاعیرێک، دەبێ ڕوونیشی بکەینەوە کە ئەو شیعرە لە کوێ جوان و داھێنەرانەیە و ھەڵگری واتایەکی شیعریانەی قووڵە و شاعیرەکەش چۆن داھێنانی کردووە؟ نەک تەنھا کۆمینتێکی ڕاگوزەرانە بنووسین. بە داخەوە ئەمڕۆ ئێمە لە بەردەم جۆرە ھەڵسەنگاندێکی ئەدەبیانە بە تایبەتیش شیعر داین، کە نەک بەھایەکی بۆ خوێنەوەی دەقی شیعری نەھێشتۆتەوە، بگرە شیعری لە چێژ و جوانیش خستووە، چونکە بڕوامان وایە ھەر کەسێک چەند قسەیەکی جوان و ڕۆمانسییانەی بە سەر یەکەوە ڕێزکرد، ئیدی ئەمە شیعرە نووسیویەتی، بە بێ ئەوەی لە شیعر و ماناکانی شیعر بگەین. ھەڵبەتە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی شیعر لەو مینبەرانە زیاترە وەک لە چیڕۆک و ڕۆمان، ئیدی شیعر زۆرتر ڕاگوزەرانە دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە. ئەم جۆرە ھەڵسەنگاندن و خوێنەوانە، نەک ناچنە خانەی ھەڵسەنگاندنی بابەتی و ئەدەبیانەی دەقی شیعری، بەڵکو خۆی لە خۆیدا پەسندانی شاعیرێکە لە سەر بەردەوام بوونی ھەڵەیەک کە بەردەوام دەیکات، ئەویش کورتکردنەوەی شیعر و خوێنەوەی شیعرە لە چەند کۆمێنتێکدا. شاعیر و شیعری داھێنەرانە، لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە دروست نابن و نابێ شاعیرانی ئێمە ئەوە بە لایانەوە پێوەربێت بۆ شیعرەکانییان و بڕوایان وابێت چەند کۆمێنتی زیاتریان بۆ بنووسرێت، ئەوەندە شیعرەکەیان خوێندراوەتەوە و ئەوەندەش خوێنەر و جەماوەری شیعریان ھەیە، چونکە ھەرگیز دیدگای خوێنەرێکی فەیسبووکی کە لە ڕێی کۆمێنتێکی کورتەوە دەریدەبڕێت، وەک دیدگای خوێنەرێک نییە، کە بەو پەڕی قووڵایی ھزریی و ھوشیارییەوە شیعر دەخوێنێتەوە. لەوەی یەکەمیان تەنھا ڕوانێنێکی ڕاگوزەرانە بوونی ھەیە، بەڵام لەوەی دووەمیان، تێڕامان و سەرنجی ڕەخنەیی، پرسیار و گومان دێنە ئاراوە. بۆیە نابێ شاعیران بە زۆری کۆمێنتەکان ھەڵبکشێن و پێیان وابێت بە ڕاستی شیعری جوان و جیاوازیان نووسیوە. چونکە ئەو کاتە، پێوەر بۆ ھەڵسەنگاندنی شیعر خوێنەوە نییە بەڵکو تەنھا کۆمێنت و دەربڕینی فەیسبووکانەیە. لەو ڕوانگەیەوە، سەیرم پێ دێت کە دەبینم شاعیرێک چڵ ساڵە و زیاتریش شیعر دەنووسێت، کاتێ شیعرێکی لە والی خۆی بڵاو دەکاتەوە زۆرترین کۆمێنتی بۆ دەنووسرێت، ئیدی بڕوای وایە بۆتە شاعیرێکی جیاواز نووس و داھێنەر. خوێنەوەی شیعر کردەیەکی ھزریە، بەرلەوەی بینین بێت، بەو مانایەی شیعر دەبێ ئەو ھەستە لای خوێنەر دروست بکات، ڕووبەڕووی پرسیارو گومان و گەڕان بە دوای مانا شاراوەکانی دەقی بکاتەوە. شیعر ھەر تەنھا چێژ و بەرکەوتن نییە لەگەڵ خوێنەر لە ئاستی دیتندا، بەڵکو گۆڕینی ئەو ھاوکێشەیە، بە کردەیەکی ئاڵۆزتر ئەویش گەڕانە بەدوای مانادا. لێرەوەش کردەی خوێندنەوە لە پاڵ چێژ دەبێتە ماناش. بێگومان ڕاستە چێژ بەشێکە لە دەقی شیعری و خوێنەر جیا لە چیڕۆک و ڕۆمان، لە شیعردا بە دوای چێژی شیعرییەوەیە، بەڵام دەبێ باش ئەوە بزانین کە چێژ ھەموو دەقی شیعری نییە، شیعر لەپاڵ چێژ، ماناو تیمای شیعرییە، وێناکردنێکی دیکەی شتەکانە بە چاوی شیعر. شیعر تەنھا زمان، وێنە و چێژی شیعری نییە، بەڵکو مەودایەکی گەورەتری لەو ڕەگەزانە لە نێو دایە، ئەویش گەڕانە بە دوای مانا شاراوەکانی دەق. ئەمەش کردەیەکی ھزرییە و ئەستەمە لە ڕاگوزەرێکی خێرای خوێنەوەی شیعرێک و بەرکەوتنی لە ڕێی بینینەوە، بەو ڕەھەندە شاراوانەی دەقی شیعری بگەین، کەواتا ھەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوە و کردنەوەی کۆدە شاراوەکانی، زۆر گەورەترە لەوەی لە ڕێی کۆمێنتێکی ئاساییەوە ببینرێن و بکرێنەوە، بەڵکو دەبێ شیعر، وەک پێکھاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی ببینین، کە خوێنەوەی کات و بیرکردنەوە و ڕامانی قووڵی دەوێت و زۆر لەوە گەورەترە، بە کۆمێنتێک بخوێنرێتەوەو ھەڵبسەنگێنرێت و شاعیرانیش بەو کۆمێنتانە شاگەشکە بن و پێیان وابێت جیاوازنووسیویانە. ئەگەر شاعیرێک لە ماوەی پەنجا ساڵ نووسینی شیعرو بڵاوکردنەوەی دەیان دیوان، نەیتوانیبێت جیاواز لەوانیتر بنووسێت و داھێنان بکات، ئاخۆ بە کۆمێنتەکانی قەیسبووک ئەو ھەستەی لادروست دەبێت و دەتوانێت ئەمانە بکا؟
sadiqrwandze@yahoo.com
Discussion about this post