رۆڵی کارکتەری (نازدار) لە درامای (ئارەزوو)ـدا بەویستی خۆم بوو..!!
کچە ئەکتەری بواری دراما (کاردینا حمە عەلی) ماوەیەکە لە چەند درامایەکدا بەشێوەیەکی بەرچاو لە چەند کارێکی درامیی دا دەرکەوتووە، (کاردینا) لە هەردوو زنجیرە درامای (ئارەزوو و خەرەند) لە رێگەی کارکتەری (نازدار و شەیدا) رۆڵی سەرەکی تێدا بەرجەستە کرد و بە شێوەیەکی سەرکەوتوو هاتە نێو کاری نواندن، (کاردینا)ـی خانمە هونەرمەند جگە لەکاری نواندن، دەستێکی باڵای هەیە لە دەربڕین و نووسینی تێکستی شیعری جوان، لەمیانەی ئەو دیمانەدا “نواڵەی نوێ” وەڵامی چەند پرسیارێکدا (کاردینا حەمە عەلی) بەم شێوەی خوارەوە تیشکی خستە سەر هەر دوو بواری (هونەر و شیعر)
سازدانی دیمانە – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
– سەرەتایی کاری نواندنت، لە کەیەوە دەستی پێکرد..؟
کاردینا : لەسەرەتای قۆناغی خوێندنی ناوەندیی دا، بەشدارییم لە چالاکییە هونەریەکانی قوتابخانەکانم دەکرد، بەتایبەتی کارە شانۆییەکان، بەڵام لەکاری درامیی دا یەکەم کاری درامی کە بەشدارییم تێدا کردبێت زنجیرە درامای (ئارەزوو) بوو، کە یەکێک بووم لە بەرجەستەکردنی رۆڵی پاڵەوانانی ئەو درامایە، لەدەرهێنانی هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) بوو.
– واتە تۆ دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان نیت..؟
کاردینا : من خوێندکاری زانکۆی سلێمانیم، قۆناغی سێیەمی کۆلیژی زمان، بەشی زمانی عەرەبی، هاتنە پێشەوەم بۆ کاری هونەری نواندن تەنها ئارەزووی خۆم بووە و لە هیچ پەیمانگایەک نەم خوێندووە بۆ فێر بوونی کاری هونەری.
– ئەگەر کەسێک بە پێ ی حەز و خولیای خۆی روو بکاتە کاری هونەری نواندن، لەگەڵ ئەو ئەکتەرەی کە بەشێوەیەکی ئاکادیمی فێری کاری نواندن دەبێت،پێت وایە کامیان سەرکەوتوو تر دەبێت..؟
کاردینا : ئەو بەشەی کە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکاندا هەیە، پێ ی دەگوترێت بەشی شانۆ، واتە بەشێکێمان نیە بەناوی دراما لە پەیمانگا و ئەکتەری بواری دراما بەرهەم بهێنێت، ئەو خوێندنەی کە لەپەیمانگادا هەیە بۆ شانۆیە، راهاتنە لەسەر چەند مەشقێکێک و راهێنانێک بۆ ئەوەی ئەو کاتەی لەسەر شانۆ دەوەستێت چۆن نمایشی کارێکی شانۆیی دەکەیت، کاری درامی ئەکتەری خۆی پێویستە، بەڵام لە کوردستان ئەو ئەکتەرانەی کاری شانۆیی ئەنجام دەدەن، بە هەمان شێوە کاری درامایش ئەنجام دەدەن، بۆیە زۆر جار دەبینن کاریگەری شانۆیان پێوە دیارە.
– هەروەک خۆت ئاماژەت بۆ کرد، یەکەم کاری نواندنت لە رێگەی درامای (ئارەزوو) بوو، کە رۆڵێکی دیار و بەرچاوی ناو دراماکە بوو، بە شداریی کردنت لەو درامایە وەک یەکەم کار، تاچەند هەستت بە قورسایی دەکرد لە بەرجەستەکردنی رۆڵەکەت..؟
کاردینا : من چونکە بە خۆشەویستیەکی زۆرەوە بڕیاری بەرجەستە کردنی ئەو رۆڵەمدا، ئیتر هەموو ترسێکم بەلاوە نا، جگە لەوانەش ئەو درامایە دەستپێکی کاری نواندنی من بوو، هەوڵمدا بەشێوەیەکی زۆرباش بچمە ناو دەقی رۆڵەکەم، هەرچەندە زۆر ماندوو بوم بەڵام هەستم بە ماندوو بوون نەدەکرد، چونکە حەزم لە کارکتەری (نازدار) بوو.
– ئەو زنجیرەیە باسی لە توندو تیژی دەکرد دژی ئافرەتان، هەروەها دەرهێنەری ئەو درامایەش هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) لە چەند دیمانەیەکدا ئاماژەی بۆ کردووە، بۆ تۆ کارێکی سەخت نەبوو لەیەکەم کاردا لە درامایەکی وادا دەربکەویت..؟
کاردینا : راستە ئەو درامایە باسی لە توندو تیژی دەکرد بەرامبەر بە ئافرەتان، کە هەر لەکۆنەوە لەناو کۆمەڵگای کوردیی دا بوونی هەبووە، من هاتووم لەو درامایەدا خەمی کچێک یاخوود ئافرەتێک نیشان دەدەم، من لەو درامایە لە رێگەی رۆڵی کەسایەتی (نازدار) خەمی دەیان و سەدان ئافرەتی وەکو (نازدار) و هاوشێوەی ئەو توندو تیژەیەی بەرامبەری دەکرێت پێش کەشی بینەری دەکەم، بۆ ئەوەی ئەو نەریتە نەمێنێت و نەک هانی ئەوە بدەم ئەو دیاردانە لەکۆمەڵگا درێژەی هەبێت، سوپاسی هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) دەکەم، کە دوای ئەوەی سیناریۆی ئەو درامایەم خوێندەوە، رۆڵی کارکتەری (نازدار)ـم هەڵبژاردو بە خۆشحاڵیەوە ئەو شەخسیەتەى پێ بەخشیم.
– واتە ئەگەر لەلایەن دەرێهنەرەوە رۆڵێکی دیکەى بۆ دیاری بکردیتایە بەشدارییت نەدەکرد..؟
کاردینا : نەخێر، چونکە رۆڵێک لەگەڵ حەزو تواناى خۆمدا نەگونجێت و نەتوانم بەچاکی نواندنی تێدا ئەنجام بدەم، کاری تێدا ناکەم.
– دوای ئەو بەرجەستە کردنی ئەو کارکتەرە، چەند دەرهێنەری دیکە داوایان لێکردووی بەشداری کاری دراماکانیان لەگەڵدا بکەیت..؟
کاردینا : دراما زۆر بووە، زۆر داوا کراوە لێم کە بەشداری بکەم، بەڵام شتێک هەیە لەلای من زۆر گرنگە، دەبێ ئەکتەر بزانێ لەگەڵ کێ کار دەکات و بۆ کام کار و بەرهەم، ئەوانە هەمووی لەلای من ووردەکاری خۆی هەیە، من ناتوانم بچمە نێو ناوەرۆکی دەقی هەموو سیناریۆیەکی درامی تەلفزیۆنی، من لەگەڵ هەر دەرهێنەر کاربکەم، ئارەزووی من ئەوەیە ناوەرۆکی دراماکەی کارێکی جوان و سەرنج راکێش بێت، دەرهێنەرێکی سەرکەوتوو بێت لە کاری دەرهێنەری دا.
– کۆمەڵگاو دەور وبەرەکەت تاچەند هاوکار و پاڵشتی تۆیان کردووە بۆ هاتنە پێشەوەت بۆ کاری نواندن..؟
کاردینا : پێم وایە دەور و بەر یەکەم هەنگاو لە خێزانەکەی خۆتەوە دەست پێدەکات، لە خێزانەکەی منیشدا لە پێش هەموویانەوە دایکم هاوکارێک پاڵپشتیەکی زۆری لێکردوم و هانی داوم، هەروەها خوشکێکم کە دەرچووی پەیمانگای هونەرجوانەکانە و ئەویش کاری نواندن ئەنجام دەدات کە هونەرمەند(کانى حمەعلى)یەو لەدرامای ئارەزوودا رۆڵی ئەو کەسایەتیەی بەرجەستە کرد کە ناوی (ئارەزوو) بوو، کە دەکاتە کچی من لە دراماکەدا، بەشێوەیەکی گشتی کە من لەماڵەکەی خۆمدا پشتگکیریم لێکرا ئیتر کۆمەڵگا و دەور و بەرکەشت ناتوانێ رێگرییت لێ بکات، بەڵکو پاڵپشت و هاندەرت دەبێت و داوای کاری تازەترت لێدەکات.
– تۆش و خوشەکەکەت خاتوو (کانى حمە على) بە کچی هونەرمەند (حەمە عەلی خان) ناسراون وایە..؟
کاردینا : ئەوە بەو هۆیەوە وای لێهاتووە، کە ئێمە ناوی باوکمان (حەمە عەلی)ـیە، بەڵام ئێمە کچی ئەو نین و رێزم بۆ هونەرمەند حمە على خان هەیە دەستخۆشى لێ دەکەم.
– لێرەدا پرسیارێکی تایبەت دروست دەبێت، ئەگەر تۆ چوویتە نێو ژیانی هاوسەرییەوە، مەرجی ئەو کەسە ئەوە بوو تۆ کاری هونەری ئەنجام نەدەیت تۆ کامیان هەڵدەبژێری ژیانی هاوسەری یاخوود کاری هونەری…؟
کاردینا : بە پێکەنیەوە…. باوەڕ ناکەم من ئەو کەسەى هەڵی دەبژێرم کەسێک بێت حەزی لەکاری هونەری نەبێت و رێگرم بێت لە ئەنجامدانی هونەرەکەم، کە حەزێکی تایبەتی خۆمە، چونکە کارى هونەرى کارێکى پیرۆزە.
– لەو ساڵانەی دوایی دا کۆمەڵێک ئافرەت هاتوون کاری نواندن ئەنجام دەدەن، پێت وایە ئەو ئافرەتانە توانیویانە جێگای ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە ساڵانێک بەر لە ئێستا بەهۆی نەبوونی ئافرەت کێشەى بۆ دەرهێنەرەکان دروست کردبوو..؟
کاردینا : من پێم وایە ئەکتەری زۆر باش و لێهاتوو هاتونەتە نێو کاری نواندن، دەست خۆشیان لێدەکەم، بێگومان توانیوانە ئەو بۆشایەی کە هەیە پڕی بکەنەوە، بەرای من پێویستە ئافرەتیش شان بەشانی پیاو کار بۆ هونەر بکات.
– لەو خانمە هونەرمەندانەی لە بواری نواندا کاری هونەری ئەنجام دەدەن بەکامیان سەر سامی..؟
کاردینا : من کاری نواندنی هەموویانم بەدڵە، بەڵام وەک سەرسام بوون، هەر یەک لە هونەرمەندان (ژیان ئیبراهیم خەیات، نەرمین کاوانی، دایکى ئاریان).
– ئەم ساڵیش لە زنجیرە درامای (خەرەند) کە لە سێ رۆژی چەژنی رەمەزاندا نمایشکرا رۆڵێکی بەرچاوت بینی، لەو درامایەشدا رۆڵێکی کچێکی چەوساوەت بینی، کە ئەو درامایەش باسی لە توند و تیژی دەکرد دژ بە ئافرەتان، کە ئەوشیان لە لایەن هونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) کاری دەرهێنانی ئەنجام درا بوو، چۆن بوو جارێکی دیکە بەشداری لەکارێکی ئاوادا کرد …؟
کاردینا : مامۆستا (ئەرسەلان) کاتێک خەریکی ئامادەکاری ئەو کارە بوو، سیناریۆکەی بۆ ناردم و دوای خوێندنەوەى سیناریۆکە رۆڵی کەسایەتی (شەیدا)ـم، بەدڵ بوو، حەزم کرد بەرجەستەی بکەم،ئەو شەخسیەتەم هەڵبژارد ،وە بڕیارمدا بەشدارى بکەم لەو کارەدا چونکە سەرنجی راکێشام کە ناوەرۆکی دراماکە باسی لە بەسەرهات و گرفت و کێشەکانی ئافرەتی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکەمان دەکرد، بەراستی پێویستە کچان تەنها بیر لە ماڵی خۆش و سەرەوت و سامان نەکەنەوە وە بزانن ئەو کەسەى هەڵیدەبژێرن کێیەو چۆنە تا توشى هەرەس و کێشەى لەو جۆرە نەبن، چونکە تەنها مادە بەختەوەری دابین ناکات بۆ هیچ کەسێک، ناوەرۆکی ئەو درامایەش بریتی بوو لە و باسانە بۆیە منیش بریارمدا جارێکی دیکە بەشداری لە شاکارێکی درامی بکەم، کە ناوەرۆکەکەی بریتی بێت لەو باسە.
– ئەی ناتەوێ لە کاری داهاتوودا بە جۆرێکی دیکە دەربکەویت، یاخوود هەر دەتەوێ بەشداری لەکاری ئەو درامایانە بکەیت، کە باسی کێشەکانی ئافرەتان و کچان دەکات…؟
کاردینا : حەز ناکەم هەموو کارەکانم یەک جۆرە ستایل بێت، حەز ئەکەم لە درامایەکی باش و سەرنج راکێشدا رۆڵی کەسایەتیەکی جیا لەدوو کارەی پێشووترم دەر بکەوم.
– هیچ رۆڵێک هەیە لەلای خۆتەوە ئاواتی بۆ بخوازیت، بۆ ئەوەی لەداهاتوودا پێ ی بگەیت ..؟
کاردینا : حەز ئەکەم رۆڵی ئافرەتێکی ناودار و گەورە و شۆرش گێڕ ببینم لە کارێکی درامیی دا، وەک کەسایەتی (لەیلا قاسم)، واتە کارێکی مێژووی بێت و شتێکی تازە و جوان ببەخشم بەکۆمەڵگا تا ئەو ژنە مەردانە لە بیرى خەڵک نەچنەوە.
– ئەگەر لەسەر چەند پرسیارێکی تایبەت هەڵوەستە بکەین، بالەوە دەست پێ بکەم لە چێشت لێنانە شارەزاییت هەیە..؟
کاردینا : شارەزاییم لە دروستکردنی هەموو جۆرە خواردنێک هەیە بەتایبەتی (مەحشی).
– ئەگەر کاتەکانت دابەش بکەیت، کاتت زیاتر بۆچی داناوە..؟
: یەکەم شت بۆ خوێندنەکەم، پاشان بۆ خوێندنەوەی کتێب و رۆژنامەکان، زۆر حەز بە خوێندنەوەی رۆمان دەکەم.
– لە شیعر نووسیندا توانایەکی باشت هەیە تا ئێستا بۆچی بەشێوەی کتێب بڵاوت نەکردۆتەوە..؟
کاردینا : بەڵی زۆر حەز بە نووسینی شیعر دەکەم، ئارەزوویەکی زۆرم بۆی هەیە، بەڵام تا ئێستا بەچاپم نەگایندووە، زیاتر لە رۆژنامە و گۆڤارەکان و سایتە ئەلکترۆنیەکان بڵاوم کردۆتەوە، بەڵام لە ئایندەدا پێم خۆشە لە دیوانێکدا بە چاپیان بگەینم.
– شیعرت نووسیووە بۆ گۆرانی یاخوود لەلایەن هونەرمەندێکەوە داوات لێکرابێت..؟
کاردینا : نەخێر من شیعرم بۆ گۆرانی نەنوسیووە ،چونکە من شیعرى گۆرانى نانوسم.
– شیعر بۆکێ دەنووسی…؟
کاردینا : بە دڵنیاییەوە شیعر هەمیشە لە ڕۆحمدایەو تێکەڵى بوونم بووە من عاشقى هەموو ئەو هەناسە پڕ هیوایانەم کە لەناوسینەى شیعرەکانمدا دامناوەو بۆ تەمەنناکانم ئەنووسم….
– حەزت کردووە لە رێگەی دەقە شیعرەکانتەوە ئازارەکانی خۆت باس بکەیت یاخوود ئافرەتان و کچانی دیکە..؟
کاردینا : بێ گومان، من ناوەرۆکی دەقی نووسینەکانم بۆ هەموو هەناسەی کچانەکانی وڵاتە و لەناو شیعرەکانمادا .