سەدیق سەعید ڕواندزی
ئایا دەکرێت شیعر لە ڕێی کۆمێنتی فەیسبووکەوە ھەڵبسەنگێنرێت؟ ئایا شاعیربوون بە پێوەری زۆری و کەمی کۆمێنتە؟ شیعری جوان و داھێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە لە تیکتۆک لە شکرێک نەخوێندەوار و بێ ئاگا و میللی گوێی لێ دەگرن؟ دەکرێ شیعر وەک پێکھاتەیەکی زمانەوانی و بابەتی و مانایی، کورت بکەینەوە بۆ پۆستێکی چەند وشەیی؟ یان شیعر خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنێکی قووڵ و گەورەی دەوێت؟ ئایا ئەو شاعیرەی فەیسبووکی نییە و شیعرەکانی لەو ڕێگەیەوە بڵاو ناکاتەوە و کۆمێنتی بۆ نانووسرێت شاعیر نییە؟ دەتوانین شوناسی شاعیری جواننووس و داھێنەرانە، بدەینە پاڵ شاعیرێک و ئەزموونی دەیان ساڵەی پێنچ شاعیریش بە قسە فڕێدانێکی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەت بکەینەوە و بە کۆتاھاتوو ناوزەد بکەین ؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری دیکە، دەشێ لە پەراوێزی دنیای سۆسیال میدیا و مینبەرەکانی بڵاوکردنەوە بکرێن و مایەی ھەڵوەستەکردن بن. بێگومان ھەڵسەنگاندن و کردەی خوێنەوەی ھەر دەقێکی ئەدەبی، وێرای ئەوەی لە ڕووی میتۆدییەوە دەبێ پەیڕە و لە میتۆدێک بۆ خوێنەوەی بکرێت، ھاوکات پاشخان و تێڕوانینێکی ھزرییانەی قووڵی دەوێت, بۆ ئەوەی ڕەخنەگر بتوانێت کۆدە شاراوەکانی ئەو دەقە بکاتەوە و بە دوای پرسیارە بێ وەڵامەکاندا بگەڕێت. خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنی شیعر، خوێنەوەی دنیابینی و تێڕوانینی ھزرییانەی شاعیرێکە کە لە شیعردا بەرجەستەی دەکات. بۆیە شیعر وەک تێکست، ھەڵگری چەندین ڕەھەند و دەلالەتی شاراوەیە و ئەستەمە بە کۆمێنتێکی ڕاگوزەرانەی کەسێک، کە ڕەنگە لە ھەموو ژیانی دوو دیوانە شیعری نەخوێنبێتەوە ھەڵبسەنگێنرێت. خوێنەوەی شیعر، کردەیەکی ھزریی و پرسیاریی ئاڵۆزە و دەبێ ھەموو لایەنە ھونەری و بابەتییەکانی دەقەکە بگرێتەوە، ھەر لە زمان و واتاوە، تا دەگاتە کۆدە شاراوەکانی دەق، کە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن. شیعرو ئەزموونی شیعری شاعیرێک بە تەنھا، لە ڕێگەی پۆستێک و قسەیەکی سادە ڕەت ناکرێتەوە، ئێمە کاتێ ئەزموونی شاعیرێک ڕەت دەکەینەوە و ئەەزموونی شاعیرێکی دیکە بە داھێنەرانە دەناسێنین، دەبێ ئەرگۆمێنتی شیعریمان پێ بێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئەوەی دەیڵێین ڕاستە و ئەزموونی ئەم شاعیرانە کۆتایان ھاتووە.
بە داخەوە ئێستا بە ھۆی زۆربوونی مینبەرەکانی گوتن، ئێمە ڕاو بۆچوونی کۆمێدی و سەیر لەلایەن خوێنەران و نووسەران و کەسانێک دەبینین و دەخوێنینەوە، کە پارادۆکسی گەورە لە بۆچوونەکانیان ھەیە و نووسینەکەیان دەریدەخات کە ئەوان چەند بێ ئاگان لە دنیای شیعر و ھەڵسەنگاندی شیعری. گەرچی ئەم جۆرە بۆچوونانە، لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا ھیچ ئەرزشێکیان نییە، بەڵام ڕەت کردنەوەیان پێویستە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نووسینانە لەلایەکەوە نەبێت بە مۆد و لەلایەکی دیکەشەوە، ھەموو کەسێک بوێری ئەوەی نەبێت خۆی بە شیعر بە ناو شیعر ناسەوە ھەڵبواسێت. لەو ڕۆژانەدا، ھاوڕێیەکی شاعیر کورتە نووسینێکی کەسێکی بە ناوی (ڕێبوار مەلا زادە) بۆ ناردم، کە لە پۆستێکدا نووسیویەتی:_( لە ئێستادا کۆمەڵێک شاعیری وەک عەبدوڵا پەشێو، قوبادی جەلیزادە، کەریم دەشتی، جەمال غەمبار، سەباح ڕەنجدەر) و زۆری تریش، لە ڕووی شیعرییەوە کۆتایان ھاتووە و باشتر وایە چیتر (میعر) بە ناوی شیعر نەنووسن. لە شیعر نووسیندا خانەنشین بن). بێگومان بە تەنھا قسەیەکی لەو شێوەیە، پێویستی بە دەیان خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی وردی ئەزموونی ئەم شاعیرانە ھەیە، چونکە شیعرێک، بە تەنھا ناکرێتە پێوەر بۆ ھەڵسەنگاندنی ئەزموونی شیعری شاعیرێک. ئەم جۆرە بۆچوونانە، تەنھا لای ئێمە ھەیە، کە کەسانێک بوێری ئەوەیان ھەبێت، سووک و ئاسان ئەزموونی شیعری شاعیرانێک بە کۆتاھاتوو وەسف بکەن، بە بێ ئەوەی بوێریی و شارەزایی ئەوەیان ھەبێت، پێمان بڵێن چۆن و بۆچی ئەم شاعیرانە بە سەر چوون؟ چۆن ئەزموون و شیعری پێنچ شاعیری جیاواز، بە قسەیەک کۆتایی دێت؟ بێگومان منیش وەک خوێنەرێک دەزانم ڕەنگە لەو شاعیرانە ھەبێت، لە ئێستادا شیعری سادە و ساکار بنووسێت و ئەزموونەکەی وەک دوێنێ نەبێت، بەڵام ئەمە بە قسە ناکرێت، بە ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردن و ئەرگۆمێنتی شیعری دەکرێت، بۆ ئەوەی بۆچوونەکەمان شیاوی خوێندنەوە بێت و شوێنی خۆی بگرێت. ھەر لەم نووسینەیدا، ئەم بەڕێزە دەنووسێت (کەریم دەشتی شاعیرێکی ئیرۆتیکییەو و شیعرەکانی کردۆتە کەناڵێکی پۆڕنۆ). بێگومان ھەر کەسێک شیعر ناسبێت و ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی خوێنبێتەوە، ئەوە دەزانێت کە دەشتی نە شاعیرێکی پۆرنۆییە، نە ئیرۆتیکی، بەڵکو شاعیرێکی زۆر بە ئاگا و زانیاریی و ھوشیارییەکی شیعری گەورەشی ھەیە. بوونی شیعرێک یان وێنەیەکی سێکسی و ئیرۆتیکی، ئەزموونی شاعیرێک ناکاتە پۆڕنۆیی، ئەم جۆرە بۆچوونانە، بۆچوونی بێ ئەرزشن و تەنھا قسەی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و لای شیعرناسان ھیچ بەھایەکی ئەدەبی و ڕەخنەیی نییە. ھەر لە درێژەی ئەو نووسینەیدا، زادە بڕوای وایە ئەو بە ناو شیعریی و شۆخییەی کە دەڵێت (لە کێی وەرە خەونم) لە شیعری ئەم شاعیرانە ھونەریترو داھێنەرتر و ئەدەبیترە، چونکە ھەزاران کەس گوێ لێ دەگرن و لە تیکتۆک سەیری دەکەن . من ساڵانێکی زۆرە دەڵێم، خوێنەرانێکی زۆر لە نێو ئێمە ھەن، کە شیعر بە تۆپانی تێگەیشتوون، بۆیە بڕوایان وایە جمھوری کێ زیاتر بێت ئەو شاعیرترە، بێ ئاگا لەوەی ھەر کاتێک شیعر ھێندە سادە و میللی و بازاڕیی بووەوە، ئەوا ئێمە لە بەردەم شیعر نین. ئەم بۆچوونە، دەریدەخات کە ئەم بەڕێزە چەند شیعر ناسە و چەندیش لە شیعر وەک ژانرێکی ھونەری گەیشتووە. ھەڵبەتە ڕاست دەکات، شیعری ئەو دکتۆرە لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە زۆرتر ھەواداری ھەیە، بەڵام ئایا شیعر وەرزشە بە کەمی و زۆری ھەوادار پێوانە بکرێت؟ یان ژانرێکی ھونەریی و بژاردەییە؟ دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی شیعریی، کردەیەکی ھزریی قووڵە و ڕامان و بیرکردنەوەی دەوێت. ناکرێت شاعیرێک کە دەیان شیعری داھێنەرانەی ھەیە، بە میعرنووس بناسێنین و ئەوەشی شیعرەکەی بۆتە بابەتی کۆمیدیا و گاڵتە پێکردنی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەڵێت لە کێی، بەرانبەرەکەشی پێی دەڵێت لە بن ئەو دارەم، بە شاعیر بزانین و بڕوامان وابێت ئەو میعرەی دەینووسێت شیعرە. ھیوادارم شیعر نەناسەکانی ئێمە، واز لە ھەڵسەنگاندنی شیعر بێنن، چونکە مانای وانییە ئەوەی ئەکادیمی بوو شیعر ناس بێت، مەگەر مسعود محمەد ھیچ بڕوانامەیەکی ماستەر و دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی و شیعری کلاسیکی کوردی ھەبوو؟ کەچی چ عەبقەریەک بوو لە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی نالی وحاجی قادری کۆیی.
*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٣٩٩١ ) ڕۆژی ٩/١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post