بەیانی .. وەك
ھەموو بەیانیەك .. كە ھەڵئەسم
بە پەنجە پیرەكانم لە دەرگای مناڵیم ئەدەم
ئەویش لێم ئەكاتەوە .. مناڵیمە نامناسێتەوە
ھەموو كاتێك
ئەو لە من و منیش لەو ئەڕوانم
لە ڕووما دەرگاكە دائەخاتەوە
قیت و قوت ڕائەوەستم
لە دەرگا ئەدەمەوە
مناڵیم بە گوپە خرپن و لێوە گۆشتنەكەیەوە
.. پێم ئەڵێ
بڕۆ دەنا بە گەنجێتیت ئەڵێم
كە ئەڕۆم
مناڵی و گەنجێتیم لە پەنجەرەكەوە
گۆچان و چویلكەكەم بە دومدا فڕێ ئەدەن
ئاوڕئەدەمەوە مناڵی زمانم لێدەردێنێ و
گەنجێتیش مۆڕەم لێدەكات
!!!
چاویلكەكەم چاوەكانمی ھەڵگرت و
گۆچانەكەشم دامی بە كۆڵیدا و
ڕۆشتین ..
!!!
دار تووەكەمان دارلاسیكێك ئەداتە دەستم
چۆلەكەیەكی پیریش بەسەرسەرمەوە ئەنیشێتەوە
ڕیقنەیەك بە جێدێڵێ و
دەنوكێ قژی سپی لەگەڵ خۆی ئەبا و
ئەفڕێتەوە سەر درەختە پیرەكە
ھەردووكیان لەسەرەوە گەڵاو ڕیقنەم بە سەردا ئەڕژن
!!!
بە دارلاسیكەكە چاوێكم ئەگرمە ڕابوردوو
بەسەر لق و پۆی ساڵەكانەوە
تەمەنێكی باڵشكاو بەرئەبێتەوە
پیاوێكی سەر و سنگ سپییە
لە بەیانیەكی تەزیودا لەدەرگا ئەدا
ھەموو شتێ بەستویەتی
كەس نایكاتەوە
!!!
ئاوڕێك ئەدەمەوە مناڵی لە باوەشی گەنجێتیدا
خەو تاسانویەتی و
گەنجێتیش وەنەوز بۆ بزڕكان ئەباتەوە
ئیدی ..
گۆچانەكەم بە ملی بەیانیەوە ھەڵئەواسم و
پاڵتۆكەش بەسەر شانی خاتوو ژیانا ئەدەم
چاویلكەكەشم بۆ نەنە خورپە و
بمبورێ چاوەڕوانی دەزگیرانم
لە سندوقی پۆستی مناڵیمدا ھەڵقەكەی بەرێتەوە
وا دەست و پەلی دارتوەكە لە بینم گیر ئەكەم و
خۆم ھەڵئەواسم
بەیانی ..
مناڵیم و گەنجێتیم و دەرو دراوسێكان
.. ئەو نامەیەیان بە دەستەوەیە كە تێیدا نوسیبووم
ئەمرم بۆ ئەوەی ئیتر نەمرم
لاشەكەشم بدەنەوە بەو كچەی
لە جێی نوستنەكەیدا
…ئەمنێژێ
زمكان عەزیز
simkan97@hotmail.de This e-mail address is being protected from spambots. You need JavaScript enabled to view it
ئەڵمانیا