راپۆرتى: زانا دڵشاد دزەیى :پێشتر کەس بە خۆشەویستى نێوان هەردوو هونەرمەند بڵند عەبدوڵڵا و موژدین ساڵحى نەزانیووە، تەنیا شیعرێکى رێدار سابیر بەسە بۆ ئاشکرابوونى پەیوەندى سۆزداریان، سەرەڕاى ئەوەى هێشتا رێدارى شاعیر لە حەقى شیعرەکەى خۆى خۆش نەبووە و بەنیازە لە دادگا داوایەکى یاسایى لە دژى بڵند و موژدین تۆمار بکات و دەپرسێ “چۆن دەبێ بڵند شیعرێکى من ببات و بە ناوى خۆى بیکاتە دیارى و پێشکەشى موژدین بکات؟”.
ژنە گۆرانیبێژ موژدین ساڵح، لە شارى سلێمانى لەدایکبووە و ئێستا لە وڵاتى هۆڵەندا نیشتەجێیە و دایکى کوڕێکە، چەند مانگێک پێش ئێستا لە رێگەى ماڵپەرە تایبەتییەکەى خۆى لە فەیسبووک، کلیپێکى نیمچەرووتى خۆى بڵاوکردەوە، کە بووە هۆى سەرنڕاکێشانى خەڵک و جێى باسى میدیاى کوردى، تەنانەت لە میدیاى تورکى و عەرەبیش قسەى لەسەر کرا، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو، “ژنە گۆرانیبێژێکى کورد بۆئەوەى بچێتە ناو مێژوو، خۆى رووتدەکاتەوە”.
سەرەڕاى هەموو ئەو رەخنە و دەستخۆشیانەى بۆ کلیپەکەى موژدین دروستبوو، ئێستا هەمان کلیپ مەسەلەیەکى دیکەى ئاشکرا کرد، ئەویش هەبوونى پەیوەندییەکى خۆشەویستییە لە نێوان بڵند و موژدین.
لە تایتلى گۆرانییەکەى موژدین نوسراوە “تێکست و میلۆدى گۆرانییەکە هى بڵند عەبدوڵڵایە”. بەڵام ئەوە بووە هۆى دروستبوونى نیگەرانى لاى رێدار سابیرى شاعیر، رێدار سابیر لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) دەڵێت “تێکستەکە هى منە، نەک بڵند، دەبێ بزانم ئەوە چۆن روویداوە؟”. بەڵام بڵند عەبدوڵڵا لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ (سڤیل) لە بارەى ئەو کێشەوە دەڵێت “موژدین داواى خۆشەویستى لێمکرد و رەفزم کردەوە، بۆیە موژدین هەوڵیدا تۆڵەم لێ بکاتەوە و کێشەم بۆ دروست بکات، هەڵسا ئەو شیعرەى رێدار سابیر لە کلیپەکەى خۆیدا بەناوى منەوە بڵاوکردەوە”. لەلایەن خۆشیەوە موژدین لە پەیوەندیەکیدا لەگەڵ (سڤیل) نەیشاردەوە کە هەستى سۆزدارى بۆ بڵند هەبووە و دەڵێت “راستە 9 مانگ بڵندم بەراستى خۆشویست، حالەتى دەروونیم تێکچوو، بەڵام ئەو خۆشەویستییە هیچ پەیوەندییەکى بەو شیعرە نییە، بڕوا بکەن ئێستا بزانم ئەو شیعرە هى رێدار سابیرە، چونکە بڵند لاى من وتى خۆم ئەو شیعرەم نوسیووە، منیش بە پارە شیعر و ئاوازەکەم لێ کڕیووە”.
بڵند عەبدوڵڵا لە بارەى ئەو پرسیارەى کە چۆن ئەو شیعرەى رێدار سابیرى پێگەیشتووە، دەڵێت “ساڵى 2005 رێدار سابیر کۆمەڵێک لە شیعرەکانى خۆى بە کاغەز بە دەستنووسى خۆى بۆ ناردم، کە ئێستاش ماومە، تێیدا نوسیوویەتى (خۆشحاڵ دەبم ئەگەر یەکێک یان کۆمەڵێک هۆنراوەکانم هەڵبژێرى و بیانکەى بە گۆرانى..) منیش تەنیا تێکستى (پاداشت)ـم لێ هەڵبژارد و ئاوازم بۆ دانا و کردم بە گۆرانى بۆ خۆم، دواتر موژدین گوێى لەو گۆرانییەى من بوو، داوایکرد ئەو گۆرانییەى بدەمێ، منیش وەک دیارى ئەو گۆرانییەم پێشکەشکرد، کە ئێستا کلیپى بۆ کردووە، پێم گوت، ئاوازەکەى هى منە، بەڵام تێکستەکەى هى کوڕێکى تازە پێگەیشتووى شارى هەولێرە، ئەوکاتە رێدار ناوى دەرنەکردبوو، بۆیە نەدەبوو رێدار بەبێ ئەوەى لەمەسەلەکە تێ بگات، شت لەسەر بڵاوبکاتەوە”. بەڵام رێدار سابیر ئەو قسەیەى بڵند عەبدوڵڵا بە هەموو شێوەیەک رەت دەکاتەوە و گوتى “لە هەموو ژیانم داوام لە یەک گۆرانیبێژ نەکردووە شیعرى من بکاتە گۆرانى، پاشان بۆچى بە دەستنووس شیعرى بۆ بنێرم، خۆ ئەو شیعرەم لە کتێبە شیعریەکەمدا هەیە، کە لە 2006 چاپم کردووە، بە ناوى (رامان لەحیکمەت شیعر)، راستى ئەو شتەى کە بڵند باسى دەکات، جورئەتى دەوێت”. رێدار ئاماژەى بەوەشدا ئەو لە حەقى خۆى خۆش نابێت و لە دادگا داوایەکى یاسایى لە دژى بڵند و موژدین تۆمار دەکات، بەڵام ئەگەر لەرووى یاساییەوە نەکرا لە دژى هەردووکیان تۆمارى بکات، ئەوکاتە تەنیا لە دژى بڵند تۆمارى دەکات، وەک دەڵێت “لەبەرئەوەى پێم وایە بڵند خەتابارە، چونکە من پێشتر لەرێگەى کاک بۆتانى براى ئاگادارم کردبۆوە، پاشان موژدین هیچ مەسلەحەتێکى لەوەدا نییە تێکستى من بە ناوى بڵند بڵاوبکاتەوە”.
بڵند عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات، کە موژدین وەک تۆڵەسەندنەوەیەک ئەو کێشەیەى لە نێوان ئەو و رێدار سابیر دروستکردووە، دەڵێت “دواى هەموو شتێک موژدین کەوتە حالەتێکى سۆزدارى بۆ من، کە من بە هیچ شێوەیەک قبووڵم نەبوو، گەیشتە ئەو ئاستەى بە تەلەفۆن و نامە و ئیمێل بێزاریکردم، دواى ئەوەى کە رەفزى خۆشەویستى ئەوم کرد، هەڵسا وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کلیپەکەیدا ناوى منى لەسەر شیعرەکەى رێدار سابیر نووسى، ویستى کێشەم بۆ دروست بکات”.
موژدین لە قسەکانیدا بۆ (سڤیل) ئەوە ئاشکرا دەکات، کە بڵندى خۆشویستووە، بەڵام دەڵێت “سوێند بە عیشق و بە کوڕەکەم دەخۆم، بڵند لاى من نەیوت ئەو شیعرە هى رێدار سابیرە، هەتا من وتم حەزدەکەم هەندێ وشەى دیکە خۆم لە شیعرەکەدا زیادى دەکەم، وتى من تێکستنووس نیم و هەر ئەوەندە دەزانم، پاشان بە دیارى شیعر و ئاوازەکەم لێ وەرنەگرتووە، من پارەم داوەتێ”. موژدین بە پێویستى دەزانێ داواى لێبوردن لە رێدار سابیر بکات و دەڵێت “من داواى لێبوردن لە کاک رێدار دەکەم، ئەگەر بمزانیبایە وشەکان هى ئەوە پرسم پێدەکرد، لە بارەى هەستى سۆزدارى بۆ بڵند، موژدین بەمشێوەیە باس لە چۆنییەتى خۆشەویستى خۆى بۆ بڵند دەکات، وتى “من لەخۆمەوە خۆشم نەویست، بڕوا بکەن ئەو وایکرد هەستى سۆزداریم بۆى بچێت، چونکە زۆر نەرم و نیان بوو لەگەڵم، هەڵسوکەوتێکى زۆر تایبەتى لەگەڵ دەکردم، لەبەرئەوەى داواکارییەکى ئەوم شکاند، لێم توڕە بوو، موحارەبەى نەفسى دەکردم و زۆر ئازارى دام، بارى دەرونیم تێکچوو، 9 مانگ لەسەر خۆشەویستى بڵند، لە نەخۆشخانە کەوتم”. موژدین باسى لەوەشکرد، “پێشئەوەى من بڵندم خۆش بوێت، ئەو داواى چوونە دەرەوەى لێم کرد، ئەوکاتە شەرمم دەکرد لەگەڵى بچمە دەرەوە، دواى ماوەیەک کە زانى هەستى سۆزداریم بۆ دروست بووە و خۆشم دەوێت، ئینجا تۆڵەى خۆى لێم کردەوە و بارى دەروونی تێکدام، بەڵام من قەت نەمویستووە و نامەوێت تۆڵە لەو بکەمەوە، بڕوا بکەن ئەگەر لە ژیانمدا تۆڵە بکەمەوە، ئەوا بڵند ئاخیر کەسە تۆڵەى لێ بکەمەوە، لەجیاتى من سڵاوى منى پێ رابگەیەنن”.