حەمەسوار عەزیز : فیڵمی سینەمایی ( شیرین) تازەترین بەرھەمی سینارێست و دەرھێنەر حەسەن عەلی بوو کە لە فیستیڤاڵی سینەمایی نێودەوڵەتی دھۆک نمایشکرا، ئەم فیڵمە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر بوو، ھونەرمەندان (شوان عەتوف ، بەیان عوسمان و نەرمین کاوانی) پاڵەوانی فیڵمەکە بوون.
ئەگەرچی بوونی فیڵمی رۆمانسی کارێکی تازە نییە لە سینەماکانی جیھان، بەڵام ڕەنگە بۆ سینەماو فیڵمسازی کوردی بابەتێکی تا ڕادەیەک تازە بێت و پێشتر سینەمای کوردی لە ماوەی بیست ساڵەی تەمەنییدا کەمتر دەستی بۆ ئەو بابەتە درێژکردبێت، چونکە بەشێوەیەکی گشتی لەو ماوەیەدا سینەمای کوردی سینەمای قسەکردن بووە لەسەر ڕابردو و ئازازو مەینەتییەکانی میللەتی کوردو زیاتر ھەوڵیداوە لەڕێگەی ئەو کارەساتە مێژوویانەی وەک ئەنفاڵ و ھەڵەبجەو ڕاگواستن و چەوساندنەوەو کوشتن و بڕین خۆی پێناسە بکات و لە ھەمانکاتتدا دەروازەیەکی مرۆڤدۆستی بەسەر کێشەی نەتەوەیی کوردا واڵا بکات.
بەبڕوای من ئەم فیڵمە لەڕووی بابەت و لۆکەیشن و ئەتمۆسفێرو فەزاوە، ھەوڵدانە بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی تر بەسەر سینەمای کوردی و ھەنگاونانە بەرەو قسەکردن لەسەر تاکی کورد وەک تاکێکی سادەو ئاسایی بەدەر لەو ھاوکێشە سیاسییەی کە ھەمیشە تاکی کورد لە چەمکی نەتەوە دەتوێنێتەوەو بە گشتگیری قسەی لەسەر دەکرێت.
لە سەرەتای فیڵمەکەی حەسەن عەلی بۆ ئەوەی بەزووترین کات بینەرەکانی بخاتە نێو فەزاو ئەتمۆسفێری فیڵمەکەی دوو فاکتەر بەکاردێنێت، یەکێکیان پەیوەستە بە ھەڵبژاردنی ھەردوو ئەکتەر ( شوان و بەیان) کە پێشتر لە درامای گەردەلول وەک دوو کارەکتەری رۆمانسی دەرکەوتوون و کاریگەرییان لەسەر ناخی بینەری کورد دروستکردووە، ھەردووکیشیان وەک دوو ئەستێرەی شاشە لای بینەر تۆمارکراون، دووەمیان ھەڵبژاردنی ناوی ھەردوو پاڵەوانی فیڵمەکەیە (شیرین _فەرھاد)، کە ئەمەیان فێڵێکی شیرینە حەسەن عەلی لە بینەرەکانی دەکات، چونکە لەوە تێدەگات کە ئەم دوو ناوە وەک کۆدێکی خۆشەویستی ھەمیشەیی و قوربانیدان لەپێناو خۆشەویستییدا لە یادەوەری تاکی کورددا پارێزراون، بۆیە بینەر کاتێکی زۆری پێویست نابێت تا بچێتە ناو قوڵایی ئەو کەشە رۆمانسیەی کە دەرھێنەر لەسەرەتای فیڵمەکە بە فەزای فیڵمەکەی دەبەخشێت.
فاکتەرێکی تر کە زۆر یارمەتی دەرھێنەریدا لەم بوارەدا ھەڵبژاردنی لۆکەیشن و شوێنەکانی وێنەگرتنی فیڵمەکەیە، دەرھێنەر لەوە باش تێدەگات کە “سینەما ھونەری بینینە” و دەبێ پێش ھەموو شتێک بینەر لەڕێگەی چاوەوە تێربکرێت و چێژ وەربگرێت، بۆیە تەوزیفکردنی ئەو دیمەنە دڵڕفێن و جوانانەی دەڤەری ھەورامان بەو ھەموو جوانییە بێ ئەندازەوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ بەسەر ھەستەوەرەکانی بینەر دروستدەکات و یارمەتی دەدات ئەو جیھانە رۆمانسییە بە جوانترین شێوە ببینێت کە دەرھێنەر لە ڕێگەی چیرۆک و موزیک و لۆکەیشن و کارەکتەرەکانی دروستیدەکات، دواتریش کە دەرھاوێشتەکانی چیرۆکەکەی دەگوازێتەوە بۆ پاریس کە پایتەختی خۆشەویستی و رۆمانسیەت و مۆدەیە، فەزایەکی رۆمانسی جوانتر و چڕتر بە فیڵمەکەی دەبەخشێت، کەمن تا ئێستا لەڕێگەی بینینی خۆم ئەم فەزایەم بەم ھەموو جوانییە لە فیڵمە عەرەبییەکانیش نەبینیووە.
ماوەیەکی زۆرە سینەمای کوردی سینەمای عەقڵ و بەزەیی بووە، مرۆ ڤ کە سەیری زۆرینەی فیڵمە کوردیەکانی دەکات، دەتوانێت تەنھا لەڕێگەی عەقڵ وبەزەییەوە تەماس لەگەل ئەو فیڵمانەدا دروست بکات، زۆر کەم واڕێدەکەوێت کە سینەمای کوردی بەدەر لەو لۆژیکە گوتار لەگەل تاکی کوردو بەتایبەتی گەنجی کورد بکات لەڕێگەی رۆمانسیەت و خۆشەویستیی کە ئەو چەمکە لەزۆرێک لە کایەکانی ژیانییدا بزرەو کاری پێناکرێت، ئەمەش ھەمیشە وایدەکات فیڵمە کوردییەکان بەپیری لەدایک بن و وەک پیرێکی پەکەوتە بەزەیی خەڵک ببزوێنن، جێگەی داخە زۆرینەی دەرھێنەرە کوردەکانیش دونیابینی خۆیان لەسەر بنەمای ناشیرینکردنی تاکی کورد دروستدەکەن و بەو ھۆیەوەش خۆیان وەک مرۆڤێکی مرۆڤدۆست لە زۆرینەی فیستیڤاڵەکانی دونیا و ناوچەکە خەڵاتی بەزەیی ھاتنەوە بەمرۆڤ و مرۆڤدۆستی بەدەست دێنن.
ھەرچەندە حەسەن عەلی لەم فیڵمەدا دەیەوێ ئەوە بسەلمێنێت کە تاکی کورد لەنێو کڵتوورو مێژووی پڕخوێنی خۆی ناتوانێت تاکێکی رۆمانسی بێت، بۆیە ھەوڵدەدات ھەردوو پاڵەوانی فیڵمەکەی بارگاوی بکات بە فەرھەنگێکی رۆژئاوایی کە کڵتووری فەڕەنسییەو دەیەوێت بیسەڵمێنێت کە تاکی کورد لەو ژینگەیەی تیایدا قەتیسکراوە ھەرگیز ناتوانێت تاکێکی رۆمانسی بێت و رۆمانسیانە ڕەفتار بکات، بۆیە دەبینین فەرھاد کوڕێکە لە فەڕەنسا گەڕاوەتەوە تا پڕۆژەیەک بۆ گەنجە بێ ئیشەکانی دەڤەرەکەی دابمەزرێنێت کە کارگەی قوتوبەندە، شیرین_یش لە بەشی زمانی فەڕەنسی کۆلیژی زمان ئاشنا بە کڵتوورو فەرھەنگی فەڕەنسی دەبێت و لەڕێگەی فیڵمە فەڕەنسییەکانیشەوە بە دونیای رۆمانسیەت و خۆشەویستی و بوێری ئاشنا دەبێت.
من پێموایە ئەم بۆچوونە بەشێک لە حەقیقەتی تێدایە بەڵام ھەموو حەقیقەتەکە نییە، کارکردن لەسەر ئەوەی کە تاکی کورد ناتوانێت رۆمانسی بێت ئەگەر بەرکەوتەیەکی بەھێزی لەگەل فەرھەنگێکی ئەورپییدا نەبێت، بۆچوونێکی دروست نییە چونکە ھەموو چیرۆک و داستان و ئەفسانە کوردییەکان ئەو لۆژیکە ڕەتدەکەنەوە، ھەر بۆ نمونە شیعرە پڕجوانی و رۆمانسییەکانی نالی و وەلی دیوانە بۆ حەبیبە و شەم بەشێکی زۆری ئەو وێنەیە دروستدەکەن کە تاکی کورد خاڵی نییە لە رۆمانسیەت و دەتوانێ عاشق و بوێر بێت و فەزاو کەشێکی رۆمانسی بۆ خۆی و خۆشەویستەکەی و ژینگەکەی دروست بکات.
بەڵام حەسەن عەلی لەم فیڵمە بەدوای قاڵبی ئامادەو تاقیکراوە دەگەڕێت تا فیڵمەکەی بخاتە ناوی و دڵنیابێت لە دەرەنجامەکەی، چونکە ھیچ کەسێک ناتوانێت نکوڵی لەو ئەتمۆسفیرە رۆمانسییە بکات کە دەکرێت کڵتوور و فەزاو لۆکەیشنی شارێکی وەک پاریس دروستیبکات، ئەمە کارکردنە لە ئاسانتر، بەتایبەتیش کاتێک حەسەن عەلی لە ڕێگەی تەماسی ھەردوو پاڵەوانەکەی بەم فەرھەنگە چەند گۆرانییەکی رۆمانسی فەڕەنسی لە فیڵمەکەی تەوزیف دەکات کە ڕەنگە بۆ بینەری کورد کاریگەری سیحرئاسای ھەبێت، ھەم لەبەر باکگراوەندی رۆمانسی موزیک و گۆرانییەکە، ھەمیش لەبەر ئەوەی سەدای ئەم گۆرانیانە میلۆدییەکی تازەیە لە دونیای بیستنی تاکی کوردا.
بەبینیی من دەکرا دەرھێنەر بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەک بەکارەکەی بدات و کۆمەڵگەی کوردیش وانیشان نەدات کە تەنھا توندوتیژی کوشتن دەناسێت، دەکرا چەند ئاوازو گۆرانییەکی کوردی لەنێو فیڵمەکەی تەوزیف بکات، وەک ئەو گۆرانییە جوانەی عەدنان کەریم کە لە دیمەنێکدا ھەردوو کارەکتەرەکە دەیڵێن، بەتایبەتی کە لە بەختباشی دەرھێنەر ھەردوو پاڵەوانەکەی دەنگیان زۆر خۆشە، دەکرا لە چەند شوێنێکی تر سوود لەم بوارە وەربگرێت و کۆمەڵێک میلۆدی و گۆرانی کوردی تیاییدا ئاوێتە بکات.
حەسەن عەلی لەنێو فیڵمەکەی زۆر تەئکید لەوەدەکاتەوە کە پاڵەوانانی فیڵمەکەی ووشەی جۆراو جۆری فەڕەنسی بەکاربێنن، ئەمە بۆ سەرەتای فیڵمەکەو کاتەکانی چرۆکردنی چیرۆکە رۆمانسیەکە زۆر جوان و بەجێ بوو، بەتایبەتی ئەگەر بزانین گەورەترین سیمای ھاوبەشی ئەو دوو کارەکتەرە ئەو فەرھەنگە فەڕەنسیەیە کە ھەردوو کارەکتەرەکە کۆدەکاتەوە، بەڵام کاتێک فیڵمەکە دەگاتە قۆناغێکی پڕ ئازارو خەریکە خۆشەویستی ھەردووکیان دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی فەنابوون، کارێکی زۆر نامۆیە جارێکی تر ئەو ووشە فەڕەنسیانە دووبارە دەبنەوە، چونکە مرۆڤەکان لەکاتی تووڕە بوون بیر لە ڕوونترین ووشە دەکەنەوە کە بتوانێت مەبەستەکەیان بگەیەنێت، بۆیە لەو کاتەدا میزاجی ئەوەیان نییە کە دیالۆگەکەیان بە کۆمەڵێک ووشەی نامۆ ئاوێتە بکەن کە ناتوانێت لە کاتی ناخۆشییەکان گوزارشت لە ئازارەکانیان بکات.
لایەنێکی تر کە قسە ھەڵدەگرێت کۆتایی فیڵمەکە بوو، بە بینینی من کۆتایی فیڵمەکە کۆتاییەکی زۆر تورکی بوو کە لەزۆرینەی دراماو فیڵمە تورکییەکان تەوزیفکراوە، دەکرا دەرھێنەر واز لەو دیمەنانە بێنێت کە تیاییدا ھەردوو کارەکتەر (شوان_فەرھاد، ھەڤاڵ_دەسگیرانی شیرین) ھەوڵدەدەن بەدەمانچە شەڕ لەسەر شیرین بکەن، دەکرا حەسەن عەلی ھەوڵبدات پێمان بڵێت کە رەنگە تاکی کورد نەزانێت رۆمانسی بێت، بەڵام تاکێکی لێبووردەیەو دەکرێت ببورێت و لەڕێگەی خۆشەویستی کەسە نزیکەکانی نەوەستێت، چونکە من ھەرگیز پێموانییە کە پێویست بێت ھەموو چیرۆکە رۆمانسیەکان کۆتاییەکی تراژیدی و ئازاربەخشیان ھەبێت و ئەمەش وابکات شیرین و فەرھادەکانی وڵاتی من ھەمیشە نائومێدبن.
ئەگەر باس لە نواندنیش بکەین گومان لەوەدا نییە کە شوان عەتوف یەکێکە لە ئەکتەرە زۆر باشەکانی کوردستان و ھەڵبژاردنی ئەویش بۆ ئەم کارەکتەرە ھۆکارێکی گرنگی جوانی ئەم فیڵمەبوو، بەڵام پرسیارێک کە ھەمیشە بەدووبارەبوونەوەی شوان لە زۆرینەی فیڵمە کوردییەکان لامان دروستدەبێت، بۆ بەتەنھا شوان عەتوف؟
ئایا گۆڕەپانی ھونەری کورد بەتاڵە لەو جۆرە ئەکتەرەی کە دەتوانێت وەک پاڵەوان لە فیڵمێک دەرکەوێت و سەرنجی بینەر ڕابکێشَیت، بەتایبەتیش لەو ستایلەی کە ھەمیشە شوان تیاییدا دەردەکەوێت، ئەگەر وابێت ئایا ئەمە ڕەوشێکی ترسناک نییە لە فیڵمسازی کوردییدا کە نەتوانێت ئەکتەر بەرھەمبێنێت؟ یا ئەوتا ئەم دووبارەبوونەوەیەی (شوان عەتوف _فەرھاد) دەرەنجامی ئەوەیە کە دەرھێنەرەکان بەدوای ئەکتەری ئامادەدا دەگەڕێن و ھەوڵدەدەن کەسانێک کە پێشتر وەک ئەستیرە دەرکەوتوون لە فیڵمەکانیان تەوزیف بکەن، بۆ ئەوەی پێشخوەختە جەماوەری بوونی فیڵمەکەیان مسۆگەر بکەن.
من گومانم نییە کە شوان توانی لەم فیڵمەو لەم فۆرمەش زۆر جوان دەرکەوێت و بەو ئەدا سروشتییە و پڕراستگۆییەی جوانیەکی تر بە فیڵمەکە ببەخشێت، ئەو ئەکتەرێکە ھەمیشە ئەزموونەکان دەوڵەمەندی دەکەن و ھەرگیز لە کامیرا ناتۆقێت.
(بەیان عوسمان_ شیرین) ئەگەرچی لە چارەکی سەرەتای فیڵمەکە جۆرە زیادەڕۆیی و موبالەغە بە ئەداکردنییەوە دەبینرێت، بەڵام دواتر جوانتر و واقیعییانەتر دەچێتە نێو دونیا بینی کارەکتەری شیرین و فۆرم و ئیحساسێکی جوان بەم کارەکتەرە دەبەخشێت، بەتایبەتیش بوونی دووانەی (شوان و بەیان) کە پێشتر جەلیل زەنگەنە لە گەردەلول دەیاندۆزێتەوە، زۆر یارمەتیدەرە کە بینەر زووتر ئەو فۆرمەیان لێ قەبوڵ بکات چونکە پێشتر لە فۆرمێکی ھاوشیوە یا نزیکدا لە زاکیرەی بینەر سەیڤکراون، ئەمە جگە لەوەی (نەرمین کاوانی_دایک) زۆر بەلێھاتوویی ئەدای ئەو دایکە کوردە دەکات کە ھەمیشە بیر لە قسەوقسەلۆکی کۆمەڵگا دەکاتەوە و ھەوڵدەدات خۆیان گوتەنی منداڵەکانیان لەدەستیان دەرنەچێت.
لە کۆتاییدا دروستکردنی ئەمجۆرە فیڵمانە گەڕانەوەیە بۆ سینەمای خەڵک، سینەمایەک کە دەکرێت ھەموو تاکێک ووردترین ئەندێشەکانی خۆی تیادا بدۆزێتەوە شایستەی ئەوەبێت پلیتی سەیرکردنی بۆ ببڕێت و لە ھۆلێکی سینەمایی وەک کلتوورێکی رۆژانەی شار سەیریبکات.