چاوپێکەوتن/ توانا تەھا : لەوەڵامی چەند پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجی، چالاکوانی بواری مافی مرۆڤ، شۆخان فەرەج، رایدەگەینێت کە “عەقڵییەتی ئێمە لەو ئاستەدایە کە دوو ئامێر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن، دێین دەیان کەین بەبکوژی ژنان و کچانمان”. شۆخان وەڵامی گشت ئەو بۆچوونانە دەداتەوە کە پێیان وایە پەرێمزو تەباغ ژنان ئەسووتێنن، بەڵکو ئەو پێیوایە “ئەوە پەرەمێزو تەباغ نییە کە ژنان دەکوژن، بەڵکو ئەوە ئەو دڕندانەن کە مافی ژیانیان لەژن سەندۆتەوە، ژیانێکی بەختەوەرو ئاسودە و دوور لەکۆیلەبوونیان پێ رەوانابینن.
* ئەگەر سەرەتا لەو پرسیارە دەست پێبکەین، ھۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە ھەموو کۆمەڵگەیەکدا مەسەلەیەکی گرنگ و ژیانییە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ، چۆن ھۆشیاریی تەنیا ئاگادارت ناکاتەوە لە مەسەلە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگە، بەڵکو ئاگادار و رۆشنت دەکاتەوە، ئایا لە کوردستان ئەم جۆرە ھۆشیارییە ھەیە یانیش دروست بووە؟
– کاتێک ھەژاری، بێکاری، گەندەڵی، نەبوونی ئازادی، چەوساندنەوە لە وڵاتێکدا سەرھەڵدەدات، سەروەت و سامانی خەڵک لەلایەن دەستەڵاتدارانی وڵاتێکەوە مۆنۆپۆڵ دەکرێت، خەڵک بیرلەوە دەکاتەوە کە شۆڕش بەرپا بکات، ئەگەر ھاتوو ئەم شۆڕشە سەری گرت، بەڵام نەیتوانی گۆڕانکاری بکات و چاکسازی کۆمەڵایەتی بکات، لە توانایدا نەبوو ھاوسەنگی لە نێوان سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری رابگرێت ئەو کاتە کۆمەڵگە بەرەو سەر لە شێواوی دەڕوات، وڵات بەبێ سەرەو بەرەیی بەڕێوەدەچێت. دەتوانین ھەرێمی کوردستان وەکو نمونەیەک بھێنینەوە کە شۆڕشێکی بەرپا کرد لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرەی کە بەرامبەر گەلی کورد دەکرا لەسەر دەستی حزبی بەعسی فاشیست، بەڵام بەداخەوە دەستەڵاتدارانی کورد نەیاتوانی کۆمەڵگەی کوردی بنیاتبنێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵی ئەوەدەدەن مرۆڤەکان بێھۆش بکەن، ھۆشیار نەبن ھەربۆیە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستێکی پێویستدا نییە. ھۆشیاری کۆمەڵایەتی پڕۆسەیەکی گشتگیرو ھەمەلایەنەیە، ھەنگاو بەھەنگاو گەشە دەکات، ئەشێت سەرەتا لە خێزانەوە پاشان لە باخچەی ساوایانەوە دەستپێبکات، لەھەموو قۆناغەکانی خوێندندا گرنگی تەواوی پێبدرێت، چونکە گەشەو پێشکەوتنی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا بنەمای درووستبونی کۆمەڵگەیەکی ساغەلەم بەرھەم دێت، لە سایەیدا ھاونیشتمانیان ئارام و ئاسودە دەژین، لەو رێگەیەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی فەراھەم ئەبێت کە پێویستییەکی ژیانییە بۆ پێشکەوتنی ھەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵ. لەگەڵ ئەوەی کە خێزان بەئەرکی خۆی ھەڵنەستاوە دامودەزگا رۆشنبیرییەکانیش کە سەر بە حکومەتن لە ئاستی پێویستا نین، ئینگلیزەکان ئەلێن (میللەت وەکو قامچی وایە حکومەت چۆنی بوێت دەتوانێت بەوشێوەیە بیجوڵێینێت). زانکۆکان – پەیمانگاکان، تا چەند کاریان لەسەر تاک کردووە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی ھۆشیاریان؟ ئایا ئەو دەستەڵاتەی لەھەرێمی کوردستاندا ھەیە خۆی کەموکورتی نییە؟ ئەسڵەن خۆی لە قەیراندا نییە؟ بۆیە من گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی ئێمە پیویستمان بەشۆڕشی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە کە لەدەرەوەی دامودەزگا رسمییەکانن بۆئەوەی جارێکی تر کۆمەڵگە سەرلەنوێ بنیادبنێنەوە.
* تەباغ و پەرێمز ئامرازێکن زۆرترین تاوانیان رووبەروو دەکرێتەوە، ئایا ئەوانە بکوژی ژنانن؟ یان؟
– بەداخەوە کە عەقڵییەتی ئێمە لەو ئاستەدایە کە دوو ئامێر خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن، ئێمە دێین دەیان کەین بەبکوژی ژنان و کچانمان. نەخێر ئەوە پەرەمێزو تەباغ نییە کە ژنان دەکوژن، بەڵکو ئەوە ئەو دڕندانەن کە مافی ژیانیان لەژن سەندۆتەوە، ژیانێکی بەختەوەرو ئاسودە و دوور لەکۆیلەبوونیان پێ رەوانابینن. بکوژەکان ئەوانەن کەمافی خاوەندارێتیان لەژن سەندۆتەوە، پێیان وایە دەبێت تەنیا ئەوان بەرپرس بن لە ژنان رێگەو جێگەیان بۆ دابنێن، ئەوانە بکوژن کە دەیانەوێت بڕیار لەسەر چارەنووسی ژنان بدەن، مافی بڕیاردان و بیرکردنەوە لەژن زەوت دەکەن، پێیانوایە دەبێت ئەوان لەبری ژنیش بیربکەنەوە وەکو ئەوەی کە ژن خۆی عەقڵی نەبێت بڕیار لەسەر بوونی خۆی بدات و ئیسپات و جودی خۆی بکات .
* بەرێزتان تاچەند لەگەڵ ئەم بۆچوونە کۆکن کە دەڵێت “پیاوی کورد تەنیا وەک ئامڕازێکی سێکسیی سەیری ئافرەت دەکات؟ ھەرواش پێتوانییە ئافرەتی کورد ھەمیشە حەز لە پیاو دەکات و وەک پەلاماردەر لێی دەڕوانێت، لاتان وانییە ئافرەت دڵدارە نەک ئەوەی بە ھەڵە سەیربکرێت؟
– زۆربەی پیاوان و پیاوانی وڵاتە دواکەوتوەکان بەتایبەتی نەک تەنیا پێیانوایە کە ژن تەنیا درووست بووە بۆ تێرکردنی حەزە لە بن نەھاتووەکانی پیاوان، بەڵکو وەکو خزمەتکارێکیش ژن دەبینن وادەزانن ژن تەنیا بۆ منداڵ خستنەوە، جل و قاپ شۆردن، مانەوە لەماڵەوە درووست بووە. دەزانیت کۆیلەبوونی ژن لە ماڵدا لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە ژن و پیاوێک ھەردووکیان دانیشتوون سەیری تیڤی دەکەن پیاوەکە ئەمر بەژنەکە دەکات ئا پەرداخێک ئاوم بۆبێنە ژنەکەش عاقڵ عاقڵ گوێی لێدەگرێت و ھەڵدەستێت بۆی دێنێت، لەوانەیە بڵێن ئاخر ھێنانی پەرداخێک ئاو دەبێت چی بێت بەڵێ لەو پەرداخەوە ئاوەوە ئەو پیاوە دەستەڵاتی خۆی دەسەپێنێت بەسەرژندا پێدەڵێت تۆ ھیچ نیت. پیاو تووشی کێشەیەک دەبێت لەدەرەوە دێت لە ماڵەوە بەھاوسەرەکەی دەڕژێت ھەموو توانا و ھێزی خۆی لە ھاوسەرەکەی یاخود خوشکەکەی تاقی دەکاتەوە.پیاو دەیەوێت ژن بەتەواوەتی داگیر بکات، دەیەوێت ژن وەھا لێبکات وەکو مرۆڤێکی ناتەواو، لاوازخۆی ببینێت کە ناتوانێت بەبێ پیاو یەک ھەنگاوھەڵبھێنێت، خاوەنی بڕیاری خۆی نەبێت، سڵ بکاتەوە لەھەرشتێک کەبەبێ پرسی پیاوەکە بیکات. ھەتا مافی قسەکردنیان لە ناو کۆمەڵدا لەژن سەندۆتەوە ژن نابێت تەداخول لە قسەی پیاودا بکات، ئەگەر ھاتوو لەناو کۆمەڵێک پیاودا ژن قسەی کرد لە قسەیاندا ئەوا ئەو ژنە بەبێ چاوڕو، بێ ئابڕو تەماشا دەکرێ. بەڵێ ئەمانە دەبنە ھۆکار بۆ ئەوەی کە ژن رقی لە پیاوبێتەوە ھەمیشە ھەروا بووە داگیرکراوان رقیان لە داگیرکاران بووە ژنیش داگیرکراوە ژیانی کۆنتڕۆڵ کراوە لەلایەن پیاوەوە کەواتە چۆن ئیتر وەکو دڕندە تەماشای پیاوناکات؟
* چ پیاو چ ئافرەت، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لەناو ئەم جۆرە پەروەردەیە گەورە دەبێت، کە یەکتر قبوڵکردن و متمانە بە خۆبوونی تێدا کەمەو پەروەردەیەک تا ئێستا لە ژێر پرسیارداییە و رۆژانە دیمەنی سوتان و کوشتن و وورد کردنی مرۆڤی تێدا روودەدات! ئایا ئەم جۆری پەروەردە کۆمەڵایەتییە وایکردووە نەوەی ئیستاش بەو جۆرە بیر بکەنەوە؟
– بەڵێ زۆر راستە، چونکە پەروەدەی کۆمەڵایەتی پڕۆسەیەکە کە ھەموو مرۆڤەکان لە تەمەنێکی منداڵیدا پێیدا تێپەڕدەبن سەرەتای درووستبونی کەسایەتی مرۆڤە. گەورەکان منداڵەکان فێر دەکەن و ئامادەیان دەکەن بۆ کۆمەڵگە. دیارە لە پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا کۆمەڵێک دەزگا دەورو کاریگەری گرنگیان ھەیە لەوانە خێزان، دامودەزگا پەروەردەییەکان، کولتوورو راگەیاندن. خێزان بناغەی پەروردەی کۆمەڵایەتییە منداڵ وەکو خانوویەک وایە کە درووستی دەکەیت ئەگەر ھاتوو ئەم خانووە بناغەیەکی باشی ھەبوو تۆ دەتوانیت چەندین قات خانووی لەسەر درووست بکەیت، کەواتە منداڵیش ئەگەر ھاتوو لە خێزانێکی تێگەیشتوەوە بناغەیەکی پەروەردەیی تەندروستی باشی وەرگرت کەواتە ئەم منداڵە لە داھاتوودا دەتوانێت سود بەخۆی، بەچواردەورەکەیء بەخێزانەکەشی بگەیەنێت، پێچەوانەکەشی راستە ئەگەر ھاتوو لە خێزانێکی توندووتیژ پەروەردە کرا و دەستبەجێ جیاوازیان کرد لەنێوان منداڵەکان، کچ و کوڕەکان ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە لە داھاتودا گەورەیەکی نا تەندروستی دەروون نەخۆش بخەنە ناو کۆمەڵگەو و ببێتە مایەی زیان گەیاندن و سەریەشە بۆ کۆمەڵگەو سڵ ناکاتەوە لەھەر توندوتیژییەک کە بەرامبەر بە ھەر تاکێکی کۆمەڵگە بیکات. لەدوای خێزان ئەرکی خوێندنگاکان بەگشتی بەتایبەتی خوێندنگای سەرەتایی و دایەنگاکان زۆر گرنگە وە قورسە، دیارە منداڵەکان ھەریەکەیان بەپەروەردەیەکی خێزانی جیاوازەوە دەچنەوە ئەوێ و تێکەڵ دەبن لەگەڵ منداڵی تردا، ئەمە دەبێتە ھۆی گواستنەوەی پەروەردەی ماڵ لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر، پەروەدەی باش لەگەڵ پەروەردەی خراپ تێکەڵ دەبێت، کەواتە دەبێت مامۆستاکان بتوانن رێگە لە گواستنەوەی پەروەردەی خراپ بگرن بۆ خوێندنگاکان، منداڵەکان بەشێوەیەکی تەندروستانە پەروەردەو فێربکرێن، من ھەمیشە دەڵێم خوێندنگاو دایەنگاکانن کە دەتوانن توندوتیژی مرۆڤەکان بەرامبەر بەیەکتر لەکۆمەڵگەی کوردی کەمبکەنەوە ئەویش بەوەی کە تۆوی خۆشەویستی لەمنداڵەکاندا بچێنن فێریان بکەن کە ژن و پیاو ھەردووکیان مرۆڤن، ھیچ جیاوازییەکیان نییە. میدیا بێبەش نییە لە پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا و کاریگەری زۆر گەورە جێدەھێڵێت. ئەگەر یەکسەر بچمە ناو ئەو دراما کۆرییانەی پارەیەکی زۆری پێدەدرێت و لەکەناڵەکانەوە پێشکەش دەکرێت دەزانیت ئەمە چێ دەورێکی خراپ دەبینێت لە توندووتیژ کردنی تاکەکانی کۆمەڵگە زۆر بەتایبەتی منداڵ. ئێستا ھەموو ئەو منداڵانەی سەیری ئەو دراما کۆرییانە دەکەن شمشێریان لەماڵەوە ھەیە ئەگەر نمونەیەکی زیندوت بۆ بھێنمەوە لەسەر برازاکەم کە تەمەنی تەنیا چوارساڵەو لە ئەوروپایە بەھۆی ئەو دراما کۆریانەوە کە دەچۆیە بازاڕ ئەگریا بۆ ئەوەی دایکی شمشێری بۆ بکڕێت و زۆر توندووتیژ ببوو ھەموو ئەو لەدیمەنانەی ئەکردەوە کە لەکاتی شەڕدا لە دراماکەیە پشان ئەدرا بۆیە دایکی ناچار ئێستا سەیری ئەو درامایانە ناکات، ئەم نمونەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە بۆ ئەوەی کە دایک و باوکان بزانن ئەم درامایایانە مەترسییەکی گەورە جێدەھێڵن لەسەر منداڵەکانیان و داھاتوویەکی ترسناک چاوەڕێیان دەکات، دەکرێت کەناڵەکان لەبڕی ئەو درامایانە کۆمەڵێک بەرنامەی پەروەردەیی پێشکەش بکەن کە سود بەکۆمەڵگە بگەیەنێت.
*بە پێی ئامارەکان کە لە کوردستان بڵاو دەبنەوە رۆژ بەرۆژ، رەوشی ژنان لە کوردستان بەرەو خراپی دەچێت، لەم چەند ھەفتەیە ئەمەممان بینی، ئایا ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنەوە، بۆ چونتان چیە؟
– من پێموایە ھۆکاری ئەمە ھۆشیار بونەوەی ژنانە، چونکە ژنان دەیانەوێت ئەو پێگە بەھێزەی کە لە پێش سەردەمی باوکسالاری ھەیانبووە لەکۆمەڵگادا بۆ خۆیانی بگێڕنەوە. ھەوڵدەدەن خۆیان لەدەستەمۆبوون، کۆیلەبوون رزگار بکەن، ئەو پەیامە دەگەیەنن کە چیتر ئەوان شەرەفی ھیچ پیاوێک نین و خۆیان خاوەنی خۆیانن، بەم ئامانجەوە، بەم ئومێدەوە وشەی نا بەکاردەھێنن بەرامبەر بەپیاو، ئەم نایە ھۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی پیاوان ئەم رەوشە بەمەترسیدارببینن، پێیانوادەبێت ئەگەر رووبەڕویان نەبنەوە ئەم ژنانە پێگەیان لە کۆمەڵگەدا بەرەوە لاوازی دەبەن، ھەربۆیە پەنا دەبەن بۆ توندووتیژی بەرامبەر بەژنان. ئەوەی کەوای کردووە کە پیاوان زۆرترین توندووتیژی بەکاربھێنن ئەوەیە کەیاسایەک نییە لەھەرێمی کوردستان بەفیعلی پشت و پەنای ژنان بێت بتوانن لەڕێگەی یاساوە کێشە و گرفتەکانیان لەگەڵ پیاواندا چارسەر بکەن.
* بەمدواییانە ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە تەنیا لە شاری سلێمانی ٤٠٠ ماڵی لەشفرۆشی ھەیە و لەبەرامبەر ئەمەش کەمپینی دژ دروستکراوە؟ تۆ پێتوایە چۆن رووبەڕووی دیاردەی لەشفرۆشی ببینەوە لە کوردستان؟ ئایا فراوانبوونی ئەو دیاردەیە لە کوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
– رووبەڕوبونەوەی تەنیا بەدەوڵەت ئەکرێت ئەویش دەبێت بە فەراھەم کردنی کار بۆ ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، فەراھەم کردنی جێگەی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان بۆئەوەی ھاوسەرگیری بکەن. ھەنگاوبەھەنگاو بەیاسا قەدەغەکردنی بەجۆرێک بێت نە یاساکە زۆر فشار بێت لەسەر ھیچ لایەنێک، نەبێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی. زۆر بوونی ئەم دیاردەیە لە وڵاتێکی وەکو وڵاتی ئێمە کە کۆمەڵگەیەکی مەحافزمان ھەیە ئەبێتە ھۆی زیادبوونی توندڕەوی دینی بەزیادبوونی توندڕەوی و دینی و زیادبوونی دیاردەکە دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی. ئەم دیارەدەیە زیادی کردووە بەھۆی بە ھەدەردانی سەروەت و سامانی وڵات بێسەرەوبەرەیی لەبەڕێوە بردنی وڵات، ھەژاری و نەداری لەلایەک درووست بووە لەلایەکی کەشەو کۆمەڵێکی مشەخۆر گەیشتونەتە ئاسمان کە نەکارو نەکاسپیان ھەیە تەنیا درۆدەکەن و پارەیەکی خەیاڵی لەلایەن کۆبۆتەوە ھەرئەم کەسانەشن کە بوونەتە کڕیاری لەشی ھەژارەکان .
* لەپاڵ ئەم پرسیارەی پێشتر، ئیستاش دەبینین لە شوێن و لە وڵاتەکانی دیکە ژنانی لەش فرۆش ھێنراوەتە کوردستان و کەم تا زۆر کاری پێدەکرێت، ئایا مانەوەی ئەم دیاریدەیە رێگە خۆشکەر نییە بۆ تەشەنەکردنی شتێکی وەھاش لێرە بەئا شکرایی؟
– بەڵێ بەدڵنیایی بۆیە دەبێت رێگە لەھێنانیان بگیرێت، چونکە جگە لەوەی کە دەبێتە ھۆی تەشەنکردنی ئەم دیاردەیە لەبەرئەوەی ئەم کەسانە بەبێ سەرەوبەرەیی دەیانھێننە کوردستان دەتوانن نەخۆشی جۆراو جۆر لەگەڵ خۆیان بھێنن، چونکە ھیچ پشکنینێکیان بۆ ناکرێت، دەتوانین بڵێن ھێنانی ئەم کەسانە دەچێتە خانەی بازرگانی کردن بەمرۆڤیشەوە.
* پێتان وانییە، دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو ژنانەی لەشی خۆیان دەفرۆشن یەکێکە لەو رێگەچارانەی کە دەتوانێ بەر بگرێت بە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە؟
– نەخێر پێموانییە ئەوە رێگە چارەبێت، چونکە ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کۆمەڵگە تەمەڵ بکات، بەڵام ھەندێک کەس ھەن کە شایستەی ئەوەن بیمەی کۆمەڵاتییان بدرێتی وەکو کەسانی کەم ئەندام ئەو کەسانەی کە منداڵ بەخێو دەکەن لەماڵەوە کەسانی بەتەمەن. ئەو کەسانەی کە توانای کارکردنیان ھەیە وە تەندروستییان باشە دەبێت ھەلی کاریان بۆبڕەخسێت نەک بیمەی کۆمەڵایەتی وەربگرن.
* خەندان حەمە جەزا لە چەند ساڵی رابردوو لێکۆلینەوەیەکی کرد، ھەزاران کارەسات و دیمەنی دەڵتەزێنی تێدا بڵاو کردۆتەوە، حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری لەبڕی بەدواداچوون بۆ کێشەو گرفت و چارەسەر ھاتن خەڵاتی جۆراو جۆریان بە نووسەرەکە بەخشی، کەچی نەھاتن بەدواداچوون بۆ ناوەڕۆکی کتێبەکە بکەن؟
– ئەوەی خاتوو خەندان کردی کارێک بوو کە پێشتر نەکرا بوو راستە لە رۆژنامەو گۆڤارەکان جار جار گوێ بیستی بەسەرھاتی ئەو کەسانە دەبووین، بەڵام بەو شێوەیەی ئەو نەبوو. بەدڵنیای دەستەڵاتداران بەدواداچوون ناکەن بۆ ئەو کارەساتانە، چونکە ئەوکەسانەی کە ئەویان خەڵات کردووە خۆیان بەرپرسن لە درووستکردنی ئەو دیاردەیە، خۆیان کڕیاری لەشی ژنان، ئەوانن خەڵکیان ھەژارکردووەوەھایان لێدەکەن پەنا بەرنە بەر ئەو کارە ئیتر ئێمە چۆن چاوەڕوانی ئەوە بین بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو کێشانەو ھەوڵی چارەسەرکردنی بدەن.
* لە وڵاتانی ئەوروپا یاسایەک ھەیە بە ناوی ئیھانەکردن بە کەرامەتی ژنان، ئەم یاسایە زۆر شت دەگرێتەوە، لەوانە توانج لێدان، دەستبردن بۆ لەشی ژن لە شوێنە گشتییەکان، تەنانەت ئەگەر پیاوێک بە زۆر مومارەسەی سێکس لەگەڵ ژنەکەی بکات بەپێی ئەم یاسایە سزا دەدرێت، چۆن سێکسی ژن پەیوەستە بە موڵکە شەخسییەکانی ژن خۆیەوە کە دەتوانێ ئاسەواری زۆر خراپ لەسەر فیکر و دەروون و ژیانی دابنێت، ئەگەر بە زۆر مومارەسەی لەگەڵ بکرێت، یان ئەگەر توانجی لێبدرێت یاخۆ ھەر کارێکی تری نەشیاو کە دەبێتە مایەی نیگەرانی و وەڕسکردنی ژنان؟ کەچی ژن رووبەڕووی سوکایەتی و توانج و کوشتن و زۆرشتی تر ئەبێتەوەو ئەنجامدەرانیشی ھەموومان دەزانین بەشێکی زۆریان چیان بەسەر دێت؟ رەنگە ھەر زوو ئازادیش بکرێن؟ ئایا ئەمە یەک ئەگرێتەوە لەگەڵ مافی مرۆڤ و ئازادی؟
– راستە لە ئەوروپا یاسا ھەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی توندوتیژی نەک بەتەنیا بۆ ژنان، بەڵکو بەبێ جیاوازی بۆ ھەردوو رەگەزەکە لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەوروپاش ھێشتا ژنان رووبەڕووی تەعدا لێکردن و توندووتیژی دەبنەوە. ئەوەی کە لەھەرێمی کوردستان روودەدات پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لەدنیادا نەبووە کەسێک دەستی سوور بێت بەخوێنی مرۆڤێک لە ژێرناوی لێبوردنی گشتییەوە ئازاد بکرێت ھەر لەم ماوەیەدا ئەمە چەند پیاو کە ژنیان خەڵتانی خوێن کردووە ئازاد کراوان؟ جگە لەوە چەند تاوانباری تر لەژێر باڵی ئەم حزب و ئەو حزب خۆیان شاردۆتەوەو داڵدە دراون؟ سەرەڕای ئەوانەش ئەوروپا و کوردستان بونەتە مۆڵگەی حەشاردانی تاوانباران، پیاوێکی کورد کە ژنێک دەکوژێت لە کوردستان رائەکات بۆ ئەوروپا یان ئەگەر لە ئەوروپا بیکوژێت رائەکاتەوە بۆ کوردستان.
* ئەگەرچی کۆمەڵی کوردەواریی بەرەو کرانەوەی زیاتر دەڕوات، کچان و کوڕانیش ئێستا ئەم کرانەوەیان بە خۆیان بینووە، بەڵام ھێشتا پەرلەمانتار ھەیە شەرم دەکات گفتوگۆ لەسەر خەتەنەی ژنان بکات. یاخود ھەیە شەرم دەکا باس لە ئازارەکانی ژنان بکاو دەست بخاتە سەر برینەکان و باسیان بکا، پرسیارەکەی من ئەوەیە بۆچی کۆمەڵی کوردەواریی ھێندە لە پرسی سێکس و لەش و لاری مرۆڤدا شەرم دەکات؟ ئەمە دەرھاویشتەی چییە؟ ئایا گونجاوە شەرم لە راستیەک بکەین و خۆمانی لێ لابدەین و باسی چارەسەرکردنیشی بکەین؟
– ئەم پرسیارە دەمانباتەوە بۆ ئەوەی دیسان باسی پەروەردەی کۆمەڵایەتی بکەین. ئەمە دەرھاویشتەی ئەو پەروەردە سەقەتەیە کە لە خێزانەوە وەریدەگرین ھەر لە منداڵییەوە کولتوورێک لە مێشکماندا دائەکوتن کە لەم کولتوورەدا باسکردن لە ئەندامی نێرینەی پیاوان و مێینەی ژنان بڤەیە، بەناوھێنانی ئەم دووئەندامەی لەشی مرۆڤ عەیبەو شورەیی بۆخۆمان دێنین. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کەباسکردن لەئەندامی نێرینەی پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێمە ئاسایی ترە لەھی ژنان، دیقەت بە کە منداڵێکی کچ عەزییەکەی ھەڵدەدرێتەوە بەپەلە گەورەکان ھاواریان لێ بەرز دەبێتەوە ئۆی حەیامان چوو، بەڵام منداڵێکی کوڕ ڕۆژ تا ئێوارە ئاساییە ئەگەر بەبێ بیجامە بسوڕێتەوە. ھەتا پیاوان دەتوانن لەبەرچاوی ھەرکەسێکدا ناوی ئەندامی نێرینەی خۆی بھێنێت بۆ جنێودان بە خوشک و دایکی کەسێک، بەڵام ژن بۆ سوعبەتیش شەرم دەکات ناوی ئەندامی مێییەنی خۆی بھێنێت. سەبارەت بەو ئەندام پارلەمانانە من ھەمیشە ئەوەم وتوە کە ئەوان نوێنەری ژنان نین، ئەوان نوێنەری حزبێکن کە پیاوان تیادا باڵادەستن کەواتە ئەوان دەبێت گوێڕایەڵی ئەمرو فەرمانەکانی پیاوەکانی سەرووی خۆیان بن. بۆ پیاوێک گرنگ نییە کە باسی خەتەنە کردن لە پارلەماندا بکرێت، ژن خەتەنە بکرێت یاخود نەکرێت پیاو چێژە سێکسییەکەی خۆی ھەروەردەگرێت. من پێموایە ھەرکەسێک شەرم لەوە بکات باسی ئازارەکانی خۆی بکات و ھەوڵی چارەسەرکردنی نەدات ئەوە کەسێکی نەخۆشە. ژنان دەبێت بەھەموو شێوەیەک بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن نابێت شەرم بکەن و سڵ بکەنەوە لەوەی کە پێداگیری بکەن لە بەدەستھێنانی ئازادییەکانیان بکەن.
ھەرکەسێک شەرم لەوە بکات باسی ئازارەکانی خۆی بکات و ھەوڵی چارەسەرکردنی نەدات ئەوە کەسێکی نەخۆشە