نووسینی: بورھان شێخ رەئوف
من نامەوێت لێرەدا پێناسەی دیموکراسی و جۆرەکانی بکەم وابزانم لە ئێستادا لە سایەی ئەو پێشکەوتنە گەورە و بەرچاوانەی کە میدیاو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە خۆیانەوە دیووە ھەمووتاکێکی ئەم ووڵاتە ئەگەر مەبەستی بێت لە دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەستەڵات و مافی مرۆڤ و سەروەری یاساو بوودجەو ماڵی گشتی و ……ھتد تێدەگات .
ئەوەی مەبەستمە لەم ووتارەدا باسی بکەم بەرئەنجامی پرۆسەی سیاسی عێراقە کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیاتنراوەو لەو ڕێگایەدا قوربانی گەورەو گران دراوە چ لە ئاستی ناوخۆی ی عێراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوەو چ لە ئاستی نێو دەوڵەتیش,
من نامەوێت لێرەدا جارێکی تر باسی کێشەو کەمو کوڕییەکانی لایەنی ئەمن و ئاسایش و نەبوونی ھەموو جۆرەکانی خزمەتگوزاری و شەڕی تائیفی …..تد بکەم چونکە منیش و زۆر کەسی تر لەسەرمان نووسیوە بە درێژی لە کاتی جیاجیادا,ئەوەی ئەمجارە دەمەوێت بیووروژێنم مەسەلەی مافی مرۆڤ و ئەو ڕاپۆرتە (١٠٥ ) لاپەڕەیە کە ڕێکخراوی ھیومن رایتس ووتش Human Rights Watch لە ٦ / شوبات / ٢٠١٤ لەسەر دۆخی زیندانیانی ژن لە زیندانەکانی عێراقدا بڵاوی کردۆتەوە کەباس لە زۆر حاڵەتی سامناک و دڕندانەی کاربەدەستانی زیندانەکانی عێراق دەکەن بەرامبەر بەو ژنانە چ لە فەلاقەو ھەڵواسین سەربەرەوخوار و لێدانی تەزووی کارەبا و دەستدرێژی سێکسی و ھەندێ جار ھەرەشەکردن بە دەستدرێژی سێکسی ئەگەر ئەو ئیفادەو دانپێدانانەی ئەوان بۆیان نووسیون واژۆی نەکەن ئەمانە ھەمووی لەبەرئەوەی کە کەسوکارەکانیان چالاکی سیاسیان ھەبووە نەک خۆیان تاوانێکیان ئەنجام دابێت ,ھەروەھا زۆر جار ناچار کراون کە پەنجەمۆر و واژۆ لەسەر دانپێدانان و ئیفادەدا بکەن بێ ئەوەی بیخۆێننەوە ئەمانەو زۆر شتی تر کەناکرێت لێرەدا لە وتارێکی کورتدا من ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکی ١٠٥ لاپەڕەی ی بگوێزمەوە , بۆیە لێرەدا من دەڵێم ئەمە شکستێکی تری ئەو دەستوورو بنەما دیموکراسیەیە کە کە بە خوێنی ھەزارەھا کەس لە خەڵکی ئەم ووڵاتە نووسرایەوەو ڕیفراندۆمی لەسەر کراو تاکە بنەمای ھاوبەشە تا ئێستا کە ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بە یەکەوە گرێبدا کە لەو دەستوورەدا ھەموو مافەکانی مرۆڤ زامن و مسۆگەر کراوەو پێویستە حکومەتی عێراق و ھەموو دامودەزگا ئەمنیەکانی جێ بەجێی بکەن ئە مە لە عێراق ,لە ھەرێمی کوردستانیش ئەوەی جێگەی نیگەرانی و بێزاری زۆربەی چین وتوێژەکانی خەڵکە کە وا ئەمڕۆ من ئەم چەند دێڕە دەنووسم زیاتر لە (١٤٠) رۆژە ھەڵبژاردن ئەنجام دراوە کەچی ھێشتا نەدەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە کابینەی حکومەت پێکھێنراوە ؟؟!!ھەرچەندە تائێستە لیستی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان چەند خولێکی دان وسانی ئەنجام داوە لە گەل لیستە براوەکانی تردا بەڵام تا ئێستە بێ ئەنجام بووە ھەرچەندە لە سەرەتاوە موژدەی چوارساڵی ئارامیان بە خەڵکدا , ئێستاو دوای چوار مانگ لە ھەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣ چەندین پرسیار لای ھاووڵاتیانی ئەم ھەرێمە درووست بووە کە پێوویستیان بە وەڵامدانەوەیە لە لایەن لیستی براوەو کەسی تەکلیف کراو بە پێکھینانی کابینەی ھەشتەم ئایا کێ یە رێز لە دەنگی دەنگدەران ناگرێت, کێ یە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی خستۆتە سەروو بەرژەوەندیەباڵاکانی ئەم ووڵاتەوە .کێن ئەوانەی بە وەھمی ڕابردووەوە دەژین و دان نانێین بەو شکستەی تێیدان و لە خەمی پاراستنی بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیاندان و جووڵەی بازاڕو بەرژەوەندی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکیان خستۆتە ژێر رکێفی حەزوو ئارەزووە نادرووستەکانیانەوە.
کاتی ئەوە نەھاتووە لیستی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکانیش کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی نوێ بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات ؟؟؟!!