عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهینەری دەروونی: ئەوە زۆر سروشتیە کەوا کاتە ئاساییەکان کە لەوێدا هاوڕێکەت یان دراوسێ یان یەکێ لە ئەندامەکانی ماڵەوەتان مەزاجی باشەو بەدەم خەندەوە قسەت لەگەڵ ئەکات و هەسەتەکان لەوێدا تەنها ئەرێنین. بەڵام ئەوەش ڕوو ئەدات کە بەیانیەك لەسەر کارەکەت یان لە شەقامێکدا هاوڕێیەکت ئەبینی و تۆ بە هەمان شێوە سروشتیەکەی جارانەوە سڵاوی لێدەکەیت، کەچی سڵاوەکەی ئەو ساردیەکی تیا بەدی ئەکرێت.
هەر لەو کاتەدا مێشکمان خێرا دەکەویتە خۆکۆکردنەوەو هەمەجۆرە بیرو بۆچوون و هەستی جۆراو جۆر لەلامان دروست ئەکات، کە هیچیان واقیعی نین. بەڵام مێشك لەهەوڵدا ئەبێت بۆ خەلقکردنی واقیعێك کە لە ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی هەبووبێ لە ئێمەدا . لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئێمە زۆربەمان هەستەکانمان نەرێنی ئەبن وەك ( ئەبێ چیم کردبێ بەرامبەری، بۆ وا گۆراوە، نایەوێ ئیتر هاورێیەتیم بکات، ئارەزووی خۆیەتی منیش ئیتر سەلامی لێناکەم ..هتد).
ئەی تۆ لەم بارەدا چی ئەکەیت؟
سەرچاوەی ئەم بابەتەم ئەگەرێنمەوە بۆ ماوەیەك لەمەوپێش کە یەکێ لە هاوڕێیانی سەرکارەکەم کە دەمێك بوو نەمبینی بوو، کاتێك کە بینیم من هەروەك جاران بەگەرمی هەواڵم پرسی. هاوڕێکەم زۆر ساردبوو لە وەڵامدانەوەیدا هەر وەك ئەوەی شتێکم لێبشارێتەوە. من ئیتر لەبەر سەرقاڵیم زۆر قسەم لەگەڵ نەکرد بەڵام زۆر کەوتمە بیرکردنەوە کە بۆچی وا ساردبوو. بیرێکم بۆ هات کە لەباتی ئەو هەموو بیرکردنەوەیە باشترە بڕۆم بەشێوەیەکی باش پرسیاری لێبکەم هەتا بزانم هەموو شت باشە. ئەوەبوو ئەو زۆر بەبێ هەوەسیەوە باسی ئەوەی بۆکردم کە نادادپەروەریەکیان لەگەڵدا کردووە و زۆر پێیەوە ئەتلیتەوە. لە قسەکانیشیدا دەرکەوت کە پێی خۆشە من بتوانم هەندێ لەکاتی خۆمی بدەمێ و هاوکاری بکەم. ئەوەبوو پاش ماوەیەك لە هاوکاریەکی زۆر کەمم هاوڕیکەم وەك جاران گەرموو گوڕ بوویەوە.
ئەم بەسەرهاتە فێری کردم کە هەستەکانمان زۆرجار فریوومان دەدات و لەوانەیە ببێتە تێکدانی پەیوەندیەکانمان بە هاوڕێ و خۆسەویستەکانمانەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە زۆر چاوەڕێ نەکەیت و یاری بە مێشکی خۆت نەکەیت بۆ دۆزینەوەی هۆکارێك کە ئاستەمە واقیعی بێت. بۆیە ئەگەر ماوەیەکی باشت بۆ ڕەخسا پێی بڵێ کە تۆ ئەوت بەلاوە مەبەستە. پرسیار بکە.
سەرکەوتوبن