ن- کامەران حاجی ئەلیاس
شانۆ بەشێکی گرنگی نێو کۆمەڵگایە،ھاوکارێکی کاریگەرە لە بونیادنان ودروستکردنی لایەنی ئاکاری ھەرگەلێک کە دەڵێم ئاکار مەبەستم لەمانا گشتگیرەکەیە. ھەرلەسەرەتای دۆزینەوەی شانۆ لەسەردەستی گریگەکان،ئامادەبوونیان لە شانۆگەرییەکان وەکو پابەند بوونێکی ئاینی بووە بۆ ھەرتاکێک چونکە شانۆ فاکتەرێک بووە بۆ ئەوەی گوزارشت لە لایانی ئاینی بکات ،کەلایەن زۆر پیرۆز بووە بەتایبەتی لە ئاھەنگەکانی خواوەندەکان دا .
شانۆ بەپێی سەردەم و کاتەکاندا، شوێنێکی گرنگی لە ژیانی رۆژانەی گەلاندا بینیوە ، ئەگەر ئاوڕێک لەسەردەمە شارستانییەکان دا بدەینەوە،شانۆ ئامادەبوونێکی کارای ھەبووە بەشێوەک لە شێوەکان گوزارشتێکی رۆشنبیری و ھۆشیاری نێو کۆمەڵگا بووە،بە واتایەکی تر ئاوێنەی نێو کۆمەڵگابوو. بۆیە شانۆ گرنگە چونکە شوێنی ھۆشیارکردنەوەی فکری بووە بۆ وەرگر لەرێگەی ھەست و سۆز و گرژییەکان دەتوانێت لەرێگەی ئەم ھونەرەوە دەست بۆ سەرجەم کایەکانی ژیاری کۆمەڵایەتی ، ئابووری ،سیاسی..ببات بەو شێوەیەش ئاستی بیرکردنەوە و ھەستکردن بە پرسیارەتی لای وەرگر زیاتر دەکات و بەشدار دەبێت لە گۆڕان وگۆڕانکارییەکان دا.
شانو سێبەرێکی بەردەوامی مرۆڤ بووە لە بەرجەستەکردنی ھەموو بارودۆخێکی ژیاری رۆشنبیری جەماوەر، بەجۆرێک کاریگەر بووە رۆڵێکی گرنگی بینیوە لە گۆڕینی چەندین سیستەمی ئابووری ،سیاسی…لەم ڕوانگەریەوە شانۆکاران شانۆیان لەئەستۆ گرد بەوەی شانۆ پەیامێکی کاریگەرە تا ئەو رادەیەی ھەندێک لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیھان شانۆ وەکو دەزگایەکی پەروەدەیی وەسف دەکەن وەکو ھەرقوتابخانە و پەیمانگا و کۆلیژێک سەیر دەکەن بۆ پەروەردەکردنی ھەرتاکێک . شانۆ ھەر لەکۆنەوە وەکو ئامێرێکی فێرکردن و پەروەردە بەکار ھاتووە بەھۆی ئەوەی رۆڵێکی کارای ھەبووە لە گەشەکردن و پێشکەوتنی توانستی رۆشنبیری و گەیاندنی بەھا فێربوونەکان بۆ قوتابیان و ھاوکاری کردنیان لە تێگەیشتنی میتۆدییەکان.جۆرەکانی شانۆی منداڵ ھەر لەشانۆی منداڵ و بووکەڵە و تارمایی سێبەر و کارتێکەرە دەنگییەکان کەلە شانۆی منداڵ بەکار دێت،خەیاڵی منداڵ بەھێز دەکات دەبێتە ھۆی ئەوەی لەرێگەی شانۆ منداڵ خێراتر فێربێت و لە چەمکی وانەکان تێبگات.
جیاوازی شانۆ لەگەڵ ھونەرکانی تر لەوەدایە لە ھونەری شانۆ لەرێگەی جەستەیەکی زیندوو رووبەری بینەر دەبێتەوە،کە ئەکتەرە زۆرجاریش وابووە بینەرانیش چ بە دیالۆک یان بەجووڵەیەک بەشداردەبن بۆیە کاریگەری زیاترە لە ھونەرەکانی ھەرچەند موزیکژن لەرێگەی ئامێرەکەی ھونەرەکەی پێشکەش بە بینەران دەکات ئەگەرچی بەشێوەی زیندوو پێشکەش دەکرێت بەڵام ناگاتە ئەوە کاریگەرییەی شانۆ ھەیەتی بۆ وەرگر بەھەمان شێوەش بۆ ھونەری شێوەکاری کاتێ ھونەرمەندێک پیشانگایەک دەکاتەوە لەرێگەی تابلۆیەکانی ھونەرەکەی خۆی نمایش دەکات ئەگەر خۆشی لە پیشانگایەکە ئامادە نەبێت ،دەتوانێ کارەکەی نمایش بکات. خاڵێکی تری شانۆ ئەوەیە کارێکی کۆمەڵییە و ھەموو ھونەرکانی تر لە خۆدەگرێت وەکو (موزیک ،شێوەکار) کاریگەرییە دەنگییەکان و زۆرجار موزیکی زیندوو لەگەڵ گۆرانی لە نمایشی شانۆدا بەکار ھاتووە بۆ گوزارشت کردن لە حاڵەتەکانی نێو شانۆگەرییەکە ،بەھەمان شێوەش بۆ ھونەری شێوەکاری لەرووی دیکۆر و ئێکسسوات رۆڵێکی گرنگ دەبینێت بۆ زۆرێک لەنمایشەکان، نابێ رۆڵی ئەدەبیشمان لەبیربکرێت ،کەتێکستە چیرۆک ،سیناریۆ وەکو سێکوچەکەی نمایش لەتەک (ئەکتەر، بینەر ، دەق) رۆڵی خۆی ھەیە زۆرێک لە نووسەرانیش بۆچوونیان وایە کە دەق تێکستێکی مردووە تائەو کاتەی دەچێتە سەرتەختەی شانۆ ئەنجا دەبێتە دەقێکی زیندوو ھەر لەبەر ئەم ھۆیانەوە شانۆ بە باوکی ھونەر ناوزەند کراوە.
شانۆ لە دووبەشی سەرەکی پێک دێت (مەرگەسات و بەزمەسات) ھەردووشێوەکە بەشێوەک لەشێوەکان کاریگەری خۆیان لەسەر کۆمەڵگا جا چ بەشێوەی تاک بێت یاخود بەشێوەی کۆمەڵ دەبێت ،لە ھەموو ڕوێکەوە زۆرجاریش ھاوکارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گرفتە ھەنوییەکان بۆیە شانۆ بۆتە پێداویستییەکی گرنگی ھەر گەلێک، چونکە لە ژیانی ھەرمرۆڤێک دا خۆشی و ناخۆشی ھەیە کۆمەڵێک ئاریشەوگرفت ھەیە شانۆ دەتوانێت گوزراشت لەو ھەموو ناسۆریانەی ھەرتاکێک بکات بەرادەیەک زۆر جاریش چارسەریشی بۆ کردوە.
پەیوەندی شانۆ لەگەڵ جەماوەرداپەیوەندییەکی کۆنەھەر لەسەردەمی (فەرعۆنییەکان و یۆنانییەکان و رۆمانییەکان) ئەو پەیوەندییە ھەبووە،چونکە شانۆ راھێنان بە دەرونی مرۆڤایەتی دەکات بۆ ئەوەی گۆرانکاری لە ھەڵوێستەکانی خۆی بکات لەرێگەی پشت بەستن بە عەقڵ و لۆژیک بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک بۆ ھەڵوێستەکانی لێرەدا رۆڵ و شوێنی شانۆ لە ناو کۆمەڵگا دەردەکەوێت بۆ ئەوەی لەرێگەی نمایشەکان، کۆمەڵگایەکی رۆشنبیرو پەروەردەیی و سیاسی دروست بکات ، شانۆ دەزگایەکی گرنگ و کامڵە بۆ کۆمەڵگا دەبێتە زمان حاڵی ئەوان.
لەسەرپەیوەندی شانۆ بە جەماوەر نووسەری دیاری جیھانی (ولیم جۆن شکسپیر) دەڵێت” جیھان شانۆیەکی گەورەیە پیاوان و ئافرەتانیش ئەکتەری سەر ئەو شانۆیەن”.ھەر لەبارەی گرنگی شانۆ لەسەر کۆمەڵگا نووسەر و دەرھێنەری ئەڵمانی بەرتوڵد بریشت دەڵێت” نان و شانۆم بدەرێ گەلێکی رۆشنبیرت دەدەمێ”.نووسەری گەورەی میسری نەجیب مەحفوز یش لەبارەی شوێنی شانۆ لەنێوە جەماوەردا دەڵێت” لێمان دەپرسن نھێنی پێشڤەچوونی شانۆ لە چی دایە؟ نھێنییەکە لەوەدایە کە ئێمە ھەموومان ئەکتەرین”.
ئەگەر ئاوڕکیش لە شانۆی کوردیش بدەینەوە بەدرێژایی مێژوو بۆمان دەردەکەوێت،کە نمایشە شانۆییەکان چەند رۆڵ و کاریگەری ھەبووە لەسەر ھۆشیارکردنەوەی جەماوەر ھاندانیان بۆ خۆشەویستی خاک و وڵات بەتایبەتی لەسەردەمی پێش راپەرینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ی گەلی کوردستان ھەمیشە شانۆکارانی کوردستان لەبەری گەل دابوون، ھەمیشە نمایشە شانۆییەکان گوزارشت بوون لە خەم و مینیەتانی گەل. نمایشە شانۆیەکان رۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە جۆش دانی جەماوەر ھۆڵە شانۆییەکان ھەمیشەجمەیان دەیان بگرە چەندینجار دەرگاو پەنجەرەکانی ھۆڵەکان بەھۆی زۆری بینەران شکاون نمایشەکان بۆ چەند مانگێک بەردەوام دەبوون لە نمایشکردن سەرباری بوونی سانسۆرێکی زۆر لەسەردەقە شانۆییەکان تا رەزامەندی دەقێکی شانۆیی وەردەگیرا بەچەندین فلتەر تێپەردەبوو،تادەگەیشتە رۆژی نمایشکردن ،لەبەر ئەوەشە سەردەمی شانۆی ھەشاتاکان بەسەردەمی شانۆیی زێرینی کوردی ناوەزند کرابوو چونکە پەیوەندیەکی بەھێرلەنێوان شانۆکاران و بینەران ھەبوو لەھەمان کاتدا نمایشەکان گوزراشت بوون لە ناسۆرییەکانی گەل.
Discussion about this post