شوکر سلێمان: مرۆڤ چەقی رووداوەکان و مێژووە
نووسەر و توێژەر “شوکر سلێمان حەمەد” لە ساڵی ١٩٦٩لە شاری ھەولێر لەدایک بووە دەرچووی بەشی کۆمەڵزانی/ کۆلیژی ئاداب/ زانکۆی سەڵاحەدین. ئەو لە ساڵی ١٩٩٣ ھاتۆتە ناو جیھانی نووسینەوە شارەزاییەکی باشی لە رێنووسی کوردی ھەیە ماوەیەکی زۆر لە چەندین گۆڤارو رۆژنامەکان کاری ھەڵەچنی کردوە،ھەرلەوساتەوە دەستی بەکاری نووسین کردوە،بابەتەکانی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردۆتەوە، لە ئێستاد خاوەنی حەوت کتێبە لە بواری مێژوو و فەلسەفە و دەروونزانی، وە چەندین کتێبی تری ئامادە بۆ چاپکردن. بە چەند پرسیارێک ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا ئەنجام دا
ھەڤپەیڤین – کامەران حاجی ئەلیاس
* دنیابینی نووسینی تۆ لە چییەوە سەرچاوەی گرت؟
– من ھەر لە منداڵی کە قوتابی پۆلی شەشی سەرەتایی بووم لە گوند، یەکەم پەرتووکم کە خوێندەوە، ھەستێکی ئەدەبی لەناخمدا چەکەرەی کرد، ئەوکات حەزم لە ھۆنراوە و لە چیرۆکی بەرئاگردان و ئەو سەربردانە بوو کە گەورەکان دەیانگێڕایەوە، لە بەختی منیش ھەرچیم گوێ لە لێ دەبوو لە گۆرانی و حەیران و چیرۆک و ئەو ھەقایەتانە، ھەرھەموویم بەبێ کەم و زیاد لەبەردەکرد و بۆ خوشک و براکانم دەگێڕایەوە، ئەو کات گوێیەکی مۆسیقیم ھەبوو، ھەستم بەو ئەودەقانە دەخرۆشا، بەرە بەرە کەوتمە نێو دنیای خوێندنەوە، ھەر ئەوەش وای کرد لە تەمەنێکی زوو دەست بکەم بە ھۆنینەوەی ھەندێ وشە کەخۆم ناوم نابوو شیعر، بەڵام دواتر و دوای چوونە زانکۆ، بەتایبەتی کە من لە بەشی کوردی لە زانکۆکانی عیراق و کوردستان بێھیوابووم و لە بەشی کۆمەڵزانی وەرگیرام، ئیتر خووم دایە دنیای پسپۆڕی خۆم، بەڵام ئەوە بەو واتایە نەبوو کە دەست ھەڵبگرم لە دنیای ئەدەبی، من نزیکەی چل لێکۆڵینەوەم لەسەر شیعر و چیرۆک و رۆمانی کوردی لە گۆڤاری رامان و کاروان بڵاوکردووەتەوە، دەیان خوێندنەوەم بۆ رۆمانی کوردی کردووە، ئێستاش چوار کتێبم لەسەر رەخنەی ئەدەبی ئامادەیە بۆ چاپ، بەڵام لێت ناشارمەوە دنیای کۆمەڵزانی بۆمن لەپێشترە، لەو بوارەدا کارێکی باشم کردووە، چ لە بواری وەرگێڕان چ لە بواری نووسین، چەند کتێبێکم ئامادەیە بۆ چاپ.
* ھەمەلایەنەی نووسینی تۆ بۆچی دەگەڕێتەوە؟باشتر نییە نووسەر لەیەک بوار بنووسێت؟
– رێک وایە نووسەر لە مەیدانێک ئەسپی خۆی تاوبدات زۆر باشترە، بەڵام من شەنسم لەمەدا نەبوو، خۆم لە سەرەتادا خوولیایەکی زۆرم بۆ دنیای ئەدەبی ھەبوو، ئەم خووە ئێستاش لەگەڵم ماوەتەوە و بەرۆکی بەرنەداوم، نایشارمەوە ھەندێ لە نووسین و کتێبەچاپرکراوەکانم بە راسپاردن و راساندن بووە، ئەمەش وای کردووە زیاتر من پەرت ببم و ھەندێ جار خۆشم ناناسمەوە کە سەر بە چ بوارێکم.
*کارکردن لەنێو دنیای مێژوو کارێکی ئاسان نییە، ئێوە چەند کتبێکتان لەسەر مێژوو ھەیە، چی تۆی خستە نێو ئەو بوارەوە؟
– زۆر راستە، وەکو دەڵین مێژوو خوێی زانستە، ھەموو کایەو بەش و بوارێکی نووسین بەبێ مێژوو باری لەنگە، من لەرێگەی وەرگێڕانی سێ پەرتووک ئەویش بە راسپاردن بوو، تەواوێک کەوتمە نێو دنیای مێژوو، بەڵام خۆم لە قەرەی نووسینی مێژوو نەداوە، بەڵام لەو بوارەش بێ ئەرەزش نەبوومە و سێ کتابی چاپکراوم ھەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند کاتابێکی دیکەشم ماوە چاپیان بکەم، ھەندێکی بە راسپاردن بووە و ھەندێکیش بەرھەمی خۆمە.
* بەبۆچوونی ئێوە کێ مێژوو دەنووسێتەوە، سەرکەوتوو یان دۆڕاو؟
– نامەوێ فاڵ بگرمەوە، ھەموو کەسێکیش بەھانەی ھەیە بۆ سەرکەوتن و دۆڕانەکانی، بەڵام لەو بارەیەوە تەنیا قسەیەکی دکتۆر کەمال مەزھەر دەھێنمەوە کە جارێکیان لە چاوپێکەوتنێک گوتی: ((ھەواڵیان بۆ ناپلیۆن ھێنا کە یەکێک لە ژەنەراڵەکانی بەرەی جەنگی فەرنسا کوژراوە، ئەویش گوتی ژەنەراڵ پێش ئەوەی بمرێ چی گوت، گوتیان گەورەم تا مرد بەدەم برینەکەیەوە دەیناڵاند، ناپلیۆن بە مێژوونووسەکەی خۆی گوت بنووسە ژەنەراڵ تا مرد گوتی بژی ناپلیۆن پۆناپارت، بەڵام مێژوو لە کۆتاییدا راستی ئەو قسەیەی یەکلایی کردەوە.))
*(دەستەواژەی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە) ئایا مێژوو رووداوەکان دووبارە دەکاتەوە، یان مرۆڤەکان یان ھەردووکیان بەیەکەوە؟
– دەبێ ئێمە ئەو راستییە بزانین کە مێژوو و ھەموو کایەکانی دیکە لە رێگەی مرۆڤەکانەوە ئاراستەدەکرێن، گەر مرۆڤ نەبێ، دواجار ھەموو ئەو شتانە شتانێک نین شایەنی باس بێت، بۆیە مرۆڤ چەقی رووداوەکان و مێژووە، ئەوە مرۆڤەکانن رەوڕەوەی مێژوو ئاراستە دەکەن، ھەر ئەوانیشن رووداوەکان دووبارە دەکەنەوە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت مرۆڤ لە دوو بەش پێکھاتووە، ماددە و واتا، ئەگەر لایەنە ماددیەکە چەندە کاریگەری ھەبووبێت، ناکرێ لایەنی واتایی پشتگوێ بخەین لە ئاراستەکردنی رووداوەکان.
*بوارەکانی دنیای نووسینی تۆ رەنگاو رەنگە، دەکرێ ئاماژە بە نووسین و چاپکراوەکانت بکەیت؟
– من سێ کتێبی مێژووییم بە چاپ گەیاندووە بە ناونیشانی (مێژووی ئەوروپا لە شۆڕشی فەرنسییەوە تا ساڵی ١٩٥٠) ھەروەھا (کورد و کوردستان لە دیدی گەڕیدە و ولاتناسە موسڵمانەکان) ھەروەھا (رۆژگارەکانی فلیپی لە عیراق).)
لە بواری دەروونزانی کۆمەڵایەتی کتابێکم بە چاپگەیاندووە بە ناونیشانی (بووژانەوەی سایکۆلۆژییەتت لە ژیاندا).
لە بواری فەلسەفە کتابی (فەلەسەفە بە زمانی ساکار)م چاپکردووە.
لە بواری ئەدەبی نۆڤلێتێکم چاپکردووە بە ناونیشانی (ئێوارەی چاوەڕوانی).
* وەکو نووسین پرۆژەی داھاتووتان چین؟
– ئەوەی راستی بێت لە ئێستادا چەندین کتێبم ئامادەیە بۆ چاپ بەو ھیواییەی دەزگایەکی چاپ ھاوکارمان بێت بۆئەوەی بیخینە بەردیدەی خوێنەران کتێبەکانیش بریتین لە :
– لەبارەی رەخنەی ئەدەبییەوە… وەرگێران و ئامادەکردن: چوار بەرگ ئامادەیە بۆ چاپ.
– کوردی قەیموری، نووسینی: جوتیار تەمەر سەدیق، وەرگێڕان.
– سەرقەڵەمێک لەبارەی توێژینەوەی زانستییەوە، ئامادەکردن.
– چۆن باشتر بژین: کتێبێک لەبارەی گەشەپێدانی مرۆییەوە، ئامادەکردن.
. – چەندان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویی
Discussion about this post