شوبان) گۆرانیبێژێکی سریانییە و لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە دەستی بە گۆرانیگوتن کردووە، خاوەنی چەندین گۆرانییە بە زمانی سریانی و عەرەبیی، لەگەڵ زۆرێک لەو میووزیکژەنانە کاری کردووە کە میووزیکیان بۆ گۆرانیبێژە ناودارەکانی عەرەبی ژەنیوە وەکوو (ئەلیسا)، خۆیشی دەڵێت: “لە پێناو ھونەردا چەندین شاری جیھان گەڕاوم تا کارێکی نوێ و جوان تۆمار بکەم.”
ئەو بۆ “ھەولێر” باسی تازەترین کاری خۆی بۆ کردین و گوتی: “دوای ئەوەی ئەلبوومێکم بە زمانی سریانی تۆمار کرد، بیرم لەوە کردەوە گۆرانی بە زمانی عەرەبی و کوردی و ئینگلیزیش بڵێم، ئەوەبوو بە یارمەتی چەند ھاوڕێیەکم توانییم گۆرانییەکی کوردی بە ناوی (ھۆ ھۆ) تۆمار بکەم و کلیپی بۆ بکەم.” گوتیشی: “کاتێک ھەستم دەکرد کە ھەولێر بووەتە پایتەختێکی جوان و لە ھەموو بوارەکاندا پێش دەکەوێت، ئێدی ئەمە پاڵنەرێک بوو بۆ من کە گۆرانییەک بە زمانی کوردی تۆمار بکەم.
گۆرانی (ھۆ ھۆ) لە ئاوازی خۆم و تێکستی (ھێمن ئەحمەد کۆیی) لە دابەشکردنی (ئاریۆس حمەسەعید) و لە ستودیۆی (M STODIU) تۆمارکراوە، ھەروەھا ئەوەی پێویستە بگوترێت لە کاتی داڕشتنی بیرۆکەی گۆرانییەکەدا ھونەرمەند (شابۆ) زۆر ھاریکاری کردم.”
(شوبان) لە گۆرانییەکانیدا کار لەسەر ستایلی پۆپ دەکات و زیاتریش ئەو تێکستانە ھەڵدەبژێرێت کە سادەن و بە زوویی دەچنە ناو دڵی خەڵکییەوە. ھەروەھا لە گۆرانییەکانیشدا ھەوڵی ئەوە دەدات گرنگی بەو بابەتانە بدات کە پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤەوە ھەیە بۆ نموونە ھەژاری.”
لە بارەی بەرزبوونەوەی کوالیتی گۆرانی لە کوردستاندا دەڵێت: “ئەگەر جیاوازی لە ڕووی کوالیتی گۆرانی ئێستا و چەند ساڵێک لەمەوپێش بکەین، ئەوا جیاوازییەکی زۆر دەبینین، چونکە لە کاتی ئێستادا کوالیتی گۆرانی ئاستێکی باشی بە خۆوە بینیوە، ھەم لە ڕووی تۆمارکردنی گۆرانی ھەم لە ڕووی کلیپ کردنی، بەڵام لە ڕووی دەنگەوە ھێشتا ماومانە بگەینە ئاستی جیھان.”
ئا: ئاریان دەرکەلەیی