چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
یەکەم فیلمی سینەمایی رۆمانسی کوردی بەناوی “شیرین” بەرھەمھات، کە بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی کوردستانە، ئەم فیلمە لەسیناریۆ و دەرھێنانی حەسەن عەلییە، کە باسی تراژیدیای خۆشەویستی دەکات لەکوردستان، کە تائێستا خۆشەویستی قوربانی بۆ کەلتوور و داب و نەریتێک دەدات لەکوردستان، کە ھەریەک لە شوان عەتوف بەرۆڵی “فەرھاد”.
بەیان عوسمان بەرۆڵی “شیرین”. بەرجەستەی سەرەکی فیلمەکە دەکەن. لەرۆژانی جەژن و رۆژانی دواتری لەتەلاری ھونەر لەشاری سلێمانی نمایشکرا، کە بلیتی چوونەژوورەوە پێنج ھەزار دینار بوو، بەڵام ھەموو رۆژانی نمایشدا کورسی بەتاڵ نەدەمایەوە، ھەر لەوێ (سڤیل) ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ شوان عەتوف ئەنجامدا.
سڤیل: پێش نیشاندانی فیلمەکە، لەسەر شانۆ بە بینەرەکانت گوت “ھەمیشە داھێنانەکان لەسلێمانییەوە سەرھەڵدەدات” لەو بۆچۆچوونەت پەشیمان نیت؟ مەبەستت ئەوە بوو کە چەند رۆژێک لەدوای یەک ھۆڵەکە پڕبوون لەبینەر؟
شوان عەتوف: نەخێر لەم قسەیە پەشیمان نیم، با ئەو قسەیەم بەھەڵە تەفسیر نەکرێ، ئەوەی دەیبینی لەملم ملوانکەیەکی نەخشەی کوردستانە، من کوردێکی نەتەوەیم، ھیچ بڕوام بەشارچێتی نییە، زۆر کارە سینەماییەکانم لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ ھاوڕێیە ھەولێری و دھۆکیەکان بوو، مانگ و نیوێک لەمەوپێش لەھەولێر لەفیستیڤاڵانی لاوان خەڵاتی باشترین ئەکتەرم وەرگرت، لەوێ گوتم ئەوە نەزەرییەکی فاشیلە کە بڵێن ھەمیشە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری و ئەدەب و ھونەرە، ھەر شارێک خزمەتی کەلتوری بکەی پێدەگا.. بەڵام تایبەتمەندیەک ھەیە لەشاری سلێمانی، ئەو شارە لەمێژووەوە لەرووی کەلتوور و رۆشنبیری ھونەری دەستپێشخەر بووە، ئەگەر باسی دوای راپەرین بکەین، رۆژنامەی ئەھلی لەسلێمانی دروستبوو، یەکەم تەلەفزیۆنی ئەھلی لەسلێمانی دروست بوو، یەکەم گروپی شانۆی ئەزموونگەری لەسلێمانی دروست بوو، سروشتی شارەکە وایە… خۆ فیلمسازی لەساڵی ٢٠٠٣ لەھەولێر دروستبوو، بەڵام مەبەستم بینەرە، دەبێ ئەو ریتمە بینەرەی کە لەسلێمانی دەستپێشخەرە بۆ چوونە لای ھەموو جۆرە ھونەرەکان لەسینەما و شانۆ و کۆنسێرت دەبێ لەھەولێریش دروستی بکەین، ئەو کەسانەی کە لەھەولێرن و پێیان وایە فیلم بۆ ھەولێر نەیەت و بینەر نییە دەبێ ئەو کەسانە تێگەیەنین وانییە، ئەو فیلمەش “شیرین” دێنین بۆ ھەولێر، تێیاندەگەیەنین کە وانییە و لەوێش لەسەر شانۆ قسە دەکەم کە وانییە.. ھونەرمەند جوان حاجۆ کۆنسێرتی لەھەولێر کردووە ھۆڵ پڕبووە و خەڵک خۆپیشاندانی کردووە شوێنی چوونەژوورەوەی نەبووە، کەواتە چۆن دەڵێن بینەر نییە!.
سڤیل: کەواتە تۆ دڵنیای لەوەی ئەو بینەرەی زۆرەی لەرۆژانی جەژن و دوای جەژن بۆ بینینی فیلمی “شیرین” روویان لەھۆڵی سینەما کرد، لەھەولێریش ئەو بینەر دەبێ؟
شوان عەتوف: جەماوەری خۆم وەک ئەکتەر لەھەولێر زیاترە، دڵنیام کاری باش ببەی بۆ ھەر شارێک لەشارەکانی کوردستان خەڵک بۆی دەچێت، من مەبەستم ئەوە بوو دەستپێشخەری بریتییە لەچی؟ سلێمانی لەبەرئەوەی چالاکی ھونەری خۆرسکی تێدا دەکرێ، نەک لەبەرئەوەی حکومەت زەمینەی باشی بۆ خۆشکردووە، خەڵک زوو دەچێ بەروویەوە، دەبێ ئەو چالاکییە ھونەرییە لەھەولێریش دروست بێت.
سڤیل: ئەوە بەتایبەت ئەرکی کێیە؟
شوان عەتوف: ئەرکی حکومەتە، بەدەرەجە یەک ئەرکی ھونەرمەندانەکانی ھەولێرە، فشارببەن بۆ حکومەت بۆئەوەی چالاکی بکرێ، لەسلێمانی گەنجەکان خۆرسک دەیکەین، بۆ لەھەولێریش نایکەن، من کە ئەوە دەڵێم ھیچ خۆشحاڵ نیم کە لەھیچ شارێکی کوردستان لاوازی کەلتووری تێدابێ، خۆ سلێمانیش زۆر باش نییە، سلێمانی خۆرسکە و چالاکیکارەکان زۆرن، سلێمانی کە پایتەخی رۆشنبیرییە ھێشتا ھۆڵی سینەمای تێدا نییە! ئەگەرنا فیلمی “شیرین” لەرووی راگەیاندنەوە زۆر لاوازە، بەڵام مەبەستم ئەوەیە سلێمانی کە داھێنەرانەیە بینەرەکەیەتی.
سڤیل: تۆ لەسەر شانۆ گوتت دەمێکە داوات لەحکومەت کردووە سینەما سیتی لەکوردستان دروست بکات، بەڵام نایکەین، کەی ئەو داوایەت کردووە و داوات لەکێ کرد؟
شوان عەتوف: زۆر دەمێکە لەرێگەی راگەیاندنەوە گوتوومە، بەدیداری تایبەتی لەگەڵ وەزیری رۆشنبیری باسمان کردووە، لەرێگەی کۆمەڵێک سینەماکارانەوە بەپڕۆژە باسمان کردووە، ئێمە بەس خەریکی ئەوەین ئەو قسانە دەکەین، خەریکە دەبێتە تیۆر ئەو شتەی کە من باسی دەکەم، مەسەلەی ھۆشیاری سینەمای ھۆشیارییەکی دەوڵەتییە، بریتییە نییە لەوەی وەزارەتی رۆشنبیری پارە بدا و فیلم بەرھەم بێنین، ژێرخانی سینەما وادروست دەبێ جاری یەکەم دەبێ منداڵ لەڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە فێری ھونەر بکرێ و وانەی ھونەر بەھێز بکرێ، کاتێک منداڵ بەزەوقی ھونەری پەروەردە دەکەی واتا زەوقی ئیستاتیکی دەدەیتێ، واتا نزیکی دەکەیتەوە لەجوانی، کە ھەر مرۆڤێکیش لەجوانی نزیک بووە، شەڕانگێزی تێدا نامێنی و توندوتیژی تێدا نامێنێ، چونکە ھونەر ئەخلاقی مرۆڤ دەگۆڕێت. لەملاوە دەبێ وەزارەتی پەروەردە ھۆڵی سینەمات بۆ دروست بکات، لەلایەکی تر دەبێ وەزارەتی خوێندی باڵا ئەکادیمیای ھونەر دروست بکات، بەزانستی خەڵک فێری سینەما ببێ، ئینجا وەزارەتی رۆشنبیری سپۆنسەری بۆ بەرھەمەکان دروست بکات، بەھەموو ئەوانە ژێرخانی سینەما دروست دەبێ، ئەوکاتە بازاڕت بۆ دروست دەبێ، فیلمی جۆراوجۆر بەرھەم دێنی، پارەت بۆ دەگەڕێتەوە، بەم پارەیە دەتوانی فیلمی تر بەرھەم بێنی. ئێستا ئێمە کێشەی ئەکتەر و سینارستمان نەماوە، کێشەی پێش کامێرامان ماوە، ئەو کەسەی کە بەرنامەرێژیت بۆ دەکات و ئەوکەسەی بەڕێوەبەری بەرھەمە زانستی نین، کێ مونتاژت بۆ دەکات، دواتر تەکنیکی سینەما بەردەوام لەپێشکەوتن دایە، ئەوە دەبێ کەسی ئەکادیمی بیکات، ئەوە پلانی دەوێت ئەو پلانە بەناو حکومەتی کوردستان ئینتلاقەن بوونی نییە، لەبەرئەوەی بەگرنگی نازانن، چونکە ئەگەر بەگرنگیان بزانیبایە و بەسەروەتێکی نەتەوەیمان بزانیایە سینەمامان دروستدەکرد و وەڵامی ھەموو ئەو رەخنانەمان دەدایەوە لەسەر ئێمە وەک نەتەوەیەک، کە پێماندەڵێن ژنکوژ.. وەحشی.. چەک بەدەست.
سڤیل: تۆ ئێستا رەشبینی یان گەشبین؟
شوان عەتوف: رەشبین.
سڤیل: “شیرین” فیلمێکی رۆمانسییە، باس لەوە دەکات تائێستا لەکوردستان نێوانی دوو ئەڤیندار تراژیدیایە و زۆرجار بەکوشتن کۆتایی دێت، تۆ تاچەند لەگەڵ ئەوەدای؟
شوان عەتوف: بەڵێ، ئەم فیلمە بۆئەوەیە کاریگەر لەئەخلاقمان بکرێ و ژن نەکوژین و ئازادی بدەین بەرەگەزی مێ، وەک ئینسان سەیری بکەین، وەکو کۆیلە و نمرە دوو سەیری نەکەین، وەکو ئەوە نەبێ منداڵ بەخێوبکات و قاپیش بشوات و ناوماڵیش پاک بکاتەوە و سێکسیش بکات پیاوەکەش ھەر دانیشێ. وەک مرۆڤ سەیری ئەو کەسە بکەین، کە ئێمە لەو لەدایکبووین، دەبوایە فیلمە کۆتایی تراژیدیا بوایە بۆئەوەی ئازارمان بدات، چونکە پێویستە میللەتی ئێمە ئەو ئازارە وەرگرێ بۆئەوەی لەژنکوشتن دوورکەوێتەوە.
سڤیل: ئەم فیلمە بۆ تۆ ئەزموونێکی چۆن بوو؟
شوان عەتوف: زۆر باش بوو، ئەگەر سەیربکەین لەسیلسیلەی ئەو فیلم و کورتە فیلمانەی لەرابردوودا کردوومە ھەوڵی خۆدووبارە نەکردنەوە دەدەم، لەفیلمی درێژ پێش “شیرین”. فیلمی “ھێلانە سووتاوەکان” بوو، پێشئەویش “شوێنێک بۆ یاری” بوو. لەھەر فیلمێک جۆرێکی ترم.
سڤیل: دەگوترێ “شوان عەتوف” گرانترین ئەکتەری کوردە بۆ بەشداریکردن لەفیلم و دراما پارەیەکی زۆر داوا دەکات، ئەوە ھۆکارەکەی تەنیا لەبەر ئەوەیە کە بەباشترین ئەکتەری عێراق ھەڵبژێردرای یاخود لەبەر ئەزموونەکەتە؟
شوان عەتوف: وایە، ئەوە شتێک نییە شانازی پێوە بکەم، ئەوە بە مافی خۆم دەزانم گرانترین گرێبەستم ھەبێ، حەزدەکەم ئەکتەرەکانی ھاوڕێشم وابن، منیش ماندوو دەبم، بەڵێ تائێستا لەسەر ئاستی عێراق گرانترین ئەکتەرم، ئەوەش ھۆکاری خۆی ھەیە، ھەمیشە دەرھێنەر و بەرھەمھێنەرەکان بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێن کە کواڵێتی بێت و بینەریشی ھەبێ، باوەڕ دەکەم لەھەردووکیان سەرکەوتووبم، بەوەش ھیچ مەغرور نیم و ھەستیش دەکەم جارێ ھیچم نەکردووە.
سڤیل: لەزۆربەی کارەکانت لەگەڵ ھونەرمەند بەیان عوسمان “وەنەوشە” پێکەوە رۆڵی سەرەکی دەبینن، زۆریش پێکەوە گونجاون و سەرکەوتوون، ئەوە لەسەر داواکاری خۆتانە یاخود دەرھێنەرکە؟
شوان عەتوف: لەدرامای “گەردەلوول” رێکەوت بوو، لەفیلمی “شیرین” راھێنانی راستەقینە بوو، بەڵام باوەڕناکەم لەم زووانە ئەم تەجروبەیە لەگەڵ بەیان خان دووبارە بکەمەوە، وەکو گوتم حەزم لەدووبارەبوونەوە نییە، لەگەڵ بەیان دوو تەجروبەی باشمان دا بەبینەر، پێدەچێ خۆمی لێ بدزمەوە و لەداھاتوودا بچمەوە لای، بۆئەوەی ئەو تەشویقە بمێنێ.
سڤیل: بەڕای تۆ توانای ھونەری بەیان عوسمان چۆنە؟
شوان عەتوف: بەیان ئەکتەرێکی بەئیحساسە، بەڵام دەبێ تەکنیکی خۆی بەھێز بکات و رۆشنبیری نواندن زۆرتر بەھێز بکات.
سڤیل: بەشداریت لەبەشی سێیەمی درامای گەردەلوول کردۆتەوە؟
شوان عەتوف: نەخێر:
سڤیل: بۆچی بەشداریت نەکردەوە؟
شوان عەتوف: دوو ھۆکار ھەبوو، یەکەم مەسەلەی سیناریۆکە و دووەم کێشەی مادیم لەگەڵیان ھەبوو.
سڤیل: ئەوان ئامادەبوون گرێبەستی ئەوەت بۆ بکەنەوە، کە لەبەشی دووەم ھەتبوو، بەڵام تۆ داوای پارەی زۆرتر کرد؟
شوان عەتوف: لەبەرئەوەی لیفلی من گۆڕاوە، ئەکتەرێک کە یەکەم ساڵیەتی تەمسیل دەکات و ئەکتەرێکیش کە بیست میھرەجانی جیھانی بینیووە و بەئەزموونە جیاوازە، دەبێ ئەوانە جیابکرێنەوە، ئەوە قانوونی ھونەرە، غروری نییە، من ناتوانم لەگەڵ ئەکتەرێک تەمسیل بکەم یەکەمجاری بێت مەگەر دوو، سێ دیالۆگی ھەبێ، چونکە ھیلاکت دەکات، ئێمە بەشێک بووین لەسەرکەوتنی درامای “گەردەلوول” خۆ دراماکە لەخواییەوە سەرکەوتوو نەبووە، ھەموو شتێک ھەر دەرھێنەر و سینارست نییە.
سڤیل: ئەکتەرێکی بەرچاوی بواری سینەمای، بەڵام وەک دەگوترێ “لەم بواری سینەمادا گەندەڵیەکی زۆر کراوە” ھیچکات بووە لەبەر گەندەڵی واز لەبەشداریکردنی فیلمێک ھێنابێ؟
شوان عەتوف: وەزیری رۆشنبیری کاک کاوە ھاوڕێی خۆشەویستمە، بەشەخسی پێمگوتووە ئەو کەسانەی لەسینەمادا گەندەڵیان کردووە بیاندە بەدادگا و فەسحیان بکە و ئابرویان ببە، ئەوانەشی کە داھێنەرن پارەیان بدێ، مەیشارەوە، ئەوە تاوانە بەرامبەر بە سەروەتی میللەتێک، چۆن تاوانە پارەی فیلمێک دەبەی بۆ گیرفانی خۆت ئەوەش گەندەڵی و تاوانە پارە نەدەی بەھونەرمەندی جدی.
سڤیل: تاچەند لەئێستادا کراوەیی لەنواندن لەسینەمای کوریدا پێویستە، بۆ نموونە ماچ و باوەش پیاکردن؟
شوان عەتوف: سیناریۆکە بڕیار دەدات، کە تۆ چۆن ئەو شتە بەرجستە دەکەی، راستە کەلتوورەکەی ئێمەش یارمەتی ژنە ئەکتەرەکان نادات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەکتەری مێ لەکوردستان موغامر نییە، کە ئەوەش دەڵێم داوای ئەوە ناکەم ماچ بکەن، مەسەلەی ماچ و باوەش پیاکردن لەچوارشێوەی چیرۆکە ئەگەر مەنتقی بێت بیکە و ئەگەریش مەنتقی نەبوو مەیکە، لەسینەمای میسری و سینەمای جیھانی چەندان فیلم ھەیە ماچی تێدا نییە، چونکە پێویستی نەکردووە، من لەفیلمی “بۆنی سێو” ماچی لێوم کرد، ئەوە خراپ بوو، سەیرم کرد ئەوە زەرورەتی نەبوو دەبوایە نەیکەم، نمایشکرا و بڕیایەوە.