گۆرانیەکی بەشێوەزاری کرمانجیە بەزارگۆی شاری شێخانی ئێزیدیان بەرام مۆری کۆییانەی وەرگرتیە لەبەر بێ خێوی و نادیاری شاعیرەکەی هەروا بێتەوا تێنەگەیشتن لەوشەکان وهۆکاری نوسین و کردنە گۆرانیەکەی بوویتە تێکەڵەیەکی تێنەگەیشتووی گەیەندراوی لاسایی سۆرمانجی.
مێژووەکەی دەگەڕێتەوە لۆ هاتن یا ڕاگواستنی زۆرەملێی شێخانیەکان کە ئێستا لەوراتی کۆیە گوندەکانی ئیلنجاغ و دەوروبەری هەروەها ناوشاری کۆیە دەژین. بەرە و پشتێکی زۆرن شێوەزاریان سۆرانی و زارگۆیان یا دەڤۆکی کۆییانەیە. کرمانجیە ئێزیدیەکەیان لەدەستداوە وەک لوڕەکانی ئۆمەرگومبەت شێوەزاری خۆیان پێ نەپارێزرایه چونکە بوونە دیلی کوردانی موسڵمان لەسەردەمی پاشا کۆرەی ڕەواندزێ فەرمانیان بەسەردا کرایە وەک داعشەکانی ئەو چەند ساڵە کەنیزەکەکانیان فرۆشتن و ئەنفالیان کردن. هەر ئەو هۆیەشە وای کردیە ئێزیدیەکان عەگالەکی عەرەبی لەسەرنێن بەسەر شەرواڵە کوردیەکەیانەوە جگە لەپەستۆی بەعسیان چونکە کوردی موسڵمان تاڵانی کردن لەفەرمانەکی بەسەریان داهاتیە لۆ ڕازی کردنی خەلیفەی ئەنفالچی عوسمانلیان.
شێخانیەکانی وراتی کۆیە ئێستا کۆیین و بەزۆر کرانە موسورمان بەڵام خەسڵەتە ئازایەتیەکەی ئێزێدیاتیان هەرماوە کەڵەپیاویان زەوەندە.
ئێزیدیەکان سێ بەرەن لەناو کۆمەڵەیەکی ئاینی پتەو بەخوێنی کوردی پاک دەناسرێنەوە چونکە نەیانهێشتیە خوێنیان تێکەڵی عەرەبۆچکە و تورکۆچکە و ڕۆمان و فارس مەغۆلان و هیچ نەژادەکی دی ببی. هەرکەسەکیشیان لێکرابیتەوە بەئێزیدی وەریان نەگرتیتەوە هەروەک کاکەییەکانیشیان وەرنەگرتەوه! بەرەیەکیان ماڵێ شێخیە کاریان ئاینپەروەری و پێشڕەوایەتیە، بەرەی دووەم ماڵێ میریە کاریان جەنگاوەری و پاراستنە، بەرەی سێیەم ڕەشۆکیه خەڵکە جووتیارەکانە مریدن. ژن و ژنخوازی لەنێو بەرەکاندا نیە و هەربەرەیەک خۆی خۆی دەپارێزی بەردەوام. کۆمەڵەیەکی هەنگپێڕەویە شێخ و میر و مریدیان هەیە.
گۆرانی شلێ و خانان کە تیپی باواجی کۆیە نوێکاری کردیە ئاواز و وشەکانیان لەسەرزاری مەلا ئەسعەد وەرگرتیە، هونەرمەند زاهیر محەمەد موزیکسازی کردیە، باواجی گۆتیان و ژەنیان بەڵام نەوەی نوێی باواجی هونەرمەند لێزان قادر ئاڕانجەی کردیە و یادپیرۆز هونەرمەند محێدین ڕەزا وێنا و دەرهێنانی لۆکردیتەوە لەم لینکەی ئەرشیفی هونەری ئەمیر کەبابچی گوێبیستی ببن..
لێکدانەوەی شیعر و گۆرانیەکە بەئاوازکی غەمگینی شیوەنی ئافرێندراوە، پێداگۆتنەکی لاوانەوەی دوای فەرمان بەسەرداکردنەکەیە کە شێخ و میرەکان دیل یا هەڵبراون لەزمانی مریدەکانەوە بێژرایتەوه، بەسۆرانی کردنەکەی هەندەک تامی دڵداری درایتێ.
ئاوێ گۆ لانم گەرمە واتا ئەو گۆتی دلانم گەرمە یا ماڵم سوتا
شلە و خانان بەواتای شێخانان یان ناوی دوو کچی ئەنفالبردەن
شلەوخانان داد ئەوێ گۆ لانم گەرمە ئەوێ میرێ مە واتا
میری مە گۆتی دڵانم گەرمە بێدادیە شلەو خانانم ڕۆ یا شاری شێخانم ڕۆ
هۆ شەنگە زۆر بەنەرمە واتا ئــــۆ چەند جوان و نیانە
شلەوخانان داخ هەڵاتن بۆ مێردان شەرمە ئەوێ میرێ مە واتا میری مە گۆتی: هەڵاتن لەشەڕ لۆ پیاوان عەیبه داخم لۆ شلەو خانان
وشەکانی کافە و سافە سەروایە دریتێ
شلەوخانان لانم قیزه قیزه قیژە قیژە واتا
شلەوخانان کچن کچ بەهەراو قیژە قیژ بردران
دووکەسیان قیزه قیزە واتا
دووکەسیان کچە کچ
دارکەرن عەیشان گەورە کیژە
ئاوێ گۆ لانم تاڵە دوو کەسیان گەڵە گاڵە واتا
ئەو گۆتی ماڵم تاڵە دوو کەسیان هەرا و شەڕیانە
شلە و خانان داد لەمن عەیشان چاردەساڵە
لەبەر ئەوەی کۆیە کاروانسەرای بازرگانی و مەڵبەندی گۆرانی کۆکراوەی ڕەسەنی کوردیە گۆرانی شلەو خانان ئاوازەکەی ڕوحستێن و مۆرکی کوردی ڕەسەنە، لەکۆیە پارێزرایه و لەچنگ موسورمانان ڕزگارکرایە ئەنفال نەبووە هەروەها شێخانیەکان کۆیین لەکۆییاتی و خۆییاتی. ئەو گۆرانیەش مانگەکی بەشەوقی وراتی کۆیەیه لەژێر تریفەکەیدا چاومان گەش و هەست و سۆزمان پاراوی خۆشەویستی نیشتمان و گەلە لەدڵداریەکی تاهەتایی.
دڵشاد تاقانە
Discussion about this post