ناڵە حەسەن
هەولێر – 2007
ئەم هەناسە گەرمانەى نێو وەرزەکانى غوربەت و تەنیاییم پێشکەشە بە :
– دایکم
– خولیا و رەها و رەهەند
– مەهدى حەسەن ى هونەرمەند
– تابلۆی بەرگ: هونەرمەند قەرەنی جەمیل
– نەخشەسازی: سەرکەوت وەلی
لاوکى تەنیایی
( چەمانەوەیەک بۆ بزە گەرمەکانى خولیا )
ئینجانەیەک لەڕووناکیت بۆ جێ هێشتم
تا تاریکى ئازارم نەدات
گەرمایی لەشى خۆتت لەنێو جێگاکەم بەجێ
هێشت
تا تەنیایی خەونەکانم پەرت نەکات
رۆژان ڕۆیشتن گوڵم
وەرزەکان بەسەما هاتن
سپێتى نێو چاوى گەڵاکان زەرد هەڵگەڕان
شەوەکان مردن و بەیانیەکانیش پەرتەوازە بوون
تۆ هەر نەگەڕایتەوە
ئەم سەفەرەت بۆ وا دوورو درێژە درێژ
باڵندەکان کۆچیان کرد و گەڕانەوە
ئەستێرەکان کۆچیان کرد و گەڕانەوە
شەپۆڵەکان کۆچیان کرد و گەڕانەوە
بەتەنها تۆ نەگەڕایتەوە
ئەى کوڵیکە سوورەکانى بنار کەژ و کێوەکانى عەشق
بەتەنها تۆ …!
بەر لەڕۆیشتنت ،
هێنە لەخۆبایی و بەرزەفڕ بووم
وام دەزانى
سروشت بەڕەنگەکانى ڕوخسارى من
کەڤاڵەکانى خۆى ڕەنگ دەکات
وام دەزانى
ئەوە منم / گەردەلوولە گرمۆڵەبووەکانى ئەبەدیەت
بەهەناسە دێنم و
نەمرى بەسنەوبەرەکان دەبەخشم و
کوکوختیەکانى دۆزەخیش فێرە فرین دەکەم
بەڵام هەیهات و واوەیلا بۆ خۆم
ئەى کێلگە تەڕە هەمیشە سەوزەکەى دڵم
ئێستا، پردى سیراتى ئەفسانەکانى رۆحم
گەلێک لە موو باریکترە
تا ئەو ئارەزوو بکات و
تا چاوەکانى مانگ بڕبکەن … تەنیام
تەنیا و تەنیا و تەنیا و تەنیا …
ئەى ئەستێرە ئەسمەرییەکەى بەختم
ئەى کاتژمێرە ڕەنگ خۆلەمێشییەکەى دەستم
دە تۆزێک رەحمەت بێ و زوو بگەڕێوە..!
بەڵام گوڵە گیان،
بەر لەوەى بگەڕێیتەوە
برۆ لەنێو چاوەکانى دایکم سەرخەوێ بشکێنە
لەپەنجەرەى خەمەکانى بڕوانە
دوور دوور بڕوانە دوور
لەدەلاقەى یادگارییەکانى منداڵیم بڕوانە
موحیبەت و عەشق و تەمەن وا لە وێدا
لەنەرمە پیاسەکانى ئێوارانیش
هەموو شەقامەکان و کۆلانەکان بەسەر بکەرەوە
بۆ دار بەدار و گەڵا گەڵاى باخچەى خانزاد بنووشتێوە
چیرۆکە ریش سپیە پەپوولەییەکانى
کچۆڵە عاشقەکان و
خەونە پەمەییە بەرائەتیەکانى منداڵانیش
لەشیعرێکدا بۆم بنووسەوەو
هەر بڕوانە و هەر بڕوانە و هەربڕوانە
دوور دوور دوور دوور دوور دوور دوور .
گوڵەگیان،
بەر لەوەى بگەڕێیتەوە
بڕۆ لاى ( کەریم دەشتى ) و پێى بڵێ،
ئەوانەى لە مردن سەما دەکەن
وەک من تەنیان
ئیدى لەمەودوا چ قەدەرێک لەئامێزى خۆى
هەڵماندەگرێ و
دەمانگەیەنێتە بەرتەکیە پڕ لەنوورەکەى
مەولەوى و
بخوورێک لەهەیوانى ماڵەکانمان
دادەگیرسێنێ ….!
هەر لەسەر ڕێگاى خۆت دا
سەرێکیش لە ڕەزە ڕازاوەکەى
پڕ لەشیعرە کریستالییە ترێییەکانى
( هاشم سەراج )یش بدەو وپێى بڵێ
گەمەى مۆرفیمەکان تەواو بوو
کەف و کوڵى ( ئایس کەپەچینۆ )ش دامرکایەوە
ئیدى لەمەودوا
بەدیار کام سفرە نارنجیەکانى ئەڤینى
دوگمەى ستیانە شەرابییەکەى
مەمکەکانى کام بەیاتریس بترازێنین
پێکەکانمان
لەگەڵ بارینى شەهوەتى گژوگیاى کام وەرز
رۆندکەکانى کام شەوى ڤینۆسى، هەڵبدەین
بەمەستى
لەکام ڕازە ڕێواسییە نەرم و شلە وجودییەکانى خەیاڵ
بڕوانین…!؟
گوڵە گیان،
ئەوە منم / باران لە تەنهاییم ئاو دەخواتەوەو
کانیەکانى مردنیش چاو هەڵدێنن
لەحەژمەت ئەم رۆیشتنەت
نیگا شەبەنگییەکەى بێداریم
لەمەمکە لیمۆییەکانى خودا رادەمێنێ
چرکە چرکە بورژانگە نەرمەکانى تەمەنم هەڵدەوەرێ
چرکە چرکە بەفرى لوتکە و گردۆڵکەکانى ئارامیم
بەخۆرەتاوى عەشقى تۆ دەتوێتەوە
چرکە چرکە سەمفۆنیاى یاد و بزە گەرمەکانى تۆ
شەیداتر و سەروەرتر و تەنیاترم دەکات
گوڵە گیان،
ئەى شیلەى گوڵە شلێریەکانى نێو بەهەشتى شیعرەکانم
دەتۆزێک رەحمەت بێ و
زوو بگەڕێوە زوو …!
کەنەدا / ئۆگستى 2005
تیمۆرتنى (Main & Wentworth)
کاتژمێر 3.35 دەقیقەى بەیانى
کاتژمێرى ڕەنگەکان
لە کوێى ئەم گۆى زەمینە وەستاوین …؟
کام ئاوێنە لەفڕینەکانمان فێردەبێت جوانتر خۆى بنوێنێ …؟
کە دەست لەسەوڵ لێدانەکانمان هەڵناگرین ئەوە بۆ کوێ دەڕۆین …؟
هەر لە نێو مەملەکەتە تراویلکە تەڕتەڕەکانى تاریکى دەمێنێنەوە،
یان بەنیازین مەرەزە بێ ئارامییەکانى وەرزێکى تر ئاو بدەین …؟
نازانم هەتاو لە رۆژهەڵاتى کام بەهارى تەمەنمان هەڵدێت …؟
کە بێشکەى هەورە سپییە باراناوییەکانى مەست بوون ڕادەژەنین،
دەچینەوە نێو هەوارگە بەفریناوییەکانى سپێدە
یان هەر لەنێو ڕووبارە هێمنە خەواڵووەکانى مەرگ
گۆرانى بۆ عومرە بەسەرچووەکانى خۆمان دەڵێین …؟
کە لە قوڵایی دەریا کەژاوەییەکانى بیر کردنەوەکانم ڕادەمێنم
نم نم
لەنێو ڕۆشنایی چاوە بێدارییەکانم
گەردانە گەردەلوولیەکانى گەردەنم فڕِێ دەدەم
لەژێر کەپرى ڕوناکییەکانى تریفە ڕادەکێشم
سەر بەسینەى خەیاڵە سەر مەستە شەرابییەکانى شیعر دەکەم
لەنێو خەونە سپییەکان دا..
بۆ باڵندە و کچۆڵە شەرمنۆکەکانى بەرباران دەگەڕِێم /
تاچیرۆکە سێکساوییەکانى خۆمیان بۆ بگێڕمەوەو
باسى ئەم وەرزە ئاگراوییانەشیان بۆ بکەم کە لەگەڵ جوانییەکانى مۆم و
میوەجاتەکانى بەهەشت ڕووت بووینەوە تا بەیانى یاریمان بەپەردەى کچێنى
هەور کرد..!
لەنێو خەونە ڕەشەکانیشدا …
بەدواى مردنە فەریکەییەکانى خۆمدا دەگەڕێم/
نەوەک
لەشەوە شمشاڵییە شلێرییەکان، ڕەشەبا بەتاریکستانەکانى شەوو
بەگەمە زیکراوییەکانى نێو پەرستگەکان ئاشنایان بکات
لەنێو خەونە سەوزەکانیشدا ..
لەشەوێکى مۆنامۆیی و هارمۆنى دا / لەنێو گەلەرییە ڕووناهییەکانى
ئەڤیندا،
لەگەڵ لاوکێکى لوولدراو/ بەئاونگترین و ئازیزترین ئارەزووە
زەنگیانەییەکانى
زەمەندا
بەنێو کۆڵانە پێچاوپێچەکانى پێدەشتى کەڤاڵە پشکۆییەکان سەفەرم کردو
بەدەم خوێندنەوەى / وەرزە بورکانییەکانى ئاگرو باڕێزە
بریناوییەکانى بەفرو
سولاڤە سەرابیەکانى سەحەر، خۆم بەباوەشە گەرمەکانى دەریا
سپارد
لەنێو خەونە سوورەکانیشدا…
کانییەک کە پڕ لەهاوارەکانى بخوورى و باخچەیەک لەئەڤیندارترین
گوڵە بەنەفسەجییەکان،
بوخچەیەک لەزەیتوونیترین وشەم پێشکەش بەغروبە غەمگینییە
ئێوارە هەنارییەکانى
شیعر کرد .
لەنێو خەونە زەردەکانیشدا …
گەڕامەوە / نێو چاوەکانى باڵندە ئاوییەکان،
لەسادەیی نیگا موچرک ئامێزەکانى مانگ و خۆر و …
هەموو کەوکەبە کۆچەرییەکانى ژێر/
دەوارەکان و ڕەشماڵەکان و کەپرەکان و چەترە لماوییە لوئلوئیەکانم
ڕوانىىىىىى
لەبێدەنگى پەڵکە زێڕینە زریانەییەکانى زەمەنیشم ڕونىىىىى
مانایەک، پاساوێک، هاوکێشەیەک / بۆ هاتنە لیمۆییەکانى خۆمم
دەست نەکەوت
پرشنگێک، شەبەنگێک، تریفەیەک لەبریسکە ترێیەکانى وەرزە
جۆزەردانییەکانى ئایندەم دەست نەکەوت
لەنێو خەونە …
شینى و
ئاوى و
خاکى و
پەمەیی و
پرتەقاڵییەکانیشم دا
بووم بەکۆلارەیەکى ڕۆح شەقار شەقار بووى پڕ لە برین
برینە ڕەنگاوڕەنگە شەرمناوییە موژگانییەکانى …
قەیرە کوڕێکى رۆژهەڵاتى … و
شاعیرێکى رۆژ هەڵاتى …و
کچە لەزبیانێکى رۆژ هەڵاتى…و
نیگارکێشێک و پەیکەرتاشێک ..و
کەمانجەژەنێکى رۆژهەڵاتى …و
بەئاسمانى /
سەدە خەوتووەکانى منداڵیم و
سەدە بێ ناسنامەکانى سبەینێم دا
نەرم دەفڕم
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
تا ون دەبم
ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون….!
ئەوە چ پەروانەیەکە پشکۆى نێو بالکۆنەکانى غوربەتیم گەش دەکاتەوەو
هەموو بەیانیانیش دەفتەرى خۆزگە هێڤیدارییەکانم پەڕ پەڕ
هەڵدەداتەوە..؟
ئەوە چ تاڤگەیەکە لەنێو دەمارەکانى تەناییم هاژەى دێ…؟
ئەوە چ خەیاڵێکە بەنێو جەنگەڵە وێرانبووەکانى جەنگەکان و بەنێو
دەریایە بێ بنەکانى ئەفسانەکان و بەنێو ئۆقیانووسەکانى جیهانێکى
ترو بەنێو هێمنى مەیخانەکانى بەهەشتێکى ترو
بەنێو شەقامە گڕگرتووەکانى دۆزەخێکى تر دەمگێڕێ..؟!
ئێمە دەمرین و
لەنێو کۆشکە سپیەکانیش زەماوەند دەگێڕن
چراى رۆشنایی چاوەکانمان دەکوژێنەوە
لەنێو کۆشکە ڕەشەکانیش دا /
بەپەیکەرى کەللەى سەرمان دەف لێدەدەن
گەڵاى درەختەکانى بەختەوەرترین بەهار وا هەڵدەوەرێ
لەنێو کۆشکە سەوزەکانیش دا /
مرۆڤەکان نامورادانە ناولەپى یەکترى دەخوێننەوەو دەگەڕێنەوە نێو
خەوە خورافییە خەڵووزییەکانیان .
شەپۆڵەکان یەک لەدواى یەک بەڕیز دەمرن
لەنێو کۆشکە سوورەکانیشدا
مرۆڤەکان ڕووت دەبنەوەو لەکانار دەریا ئەفسونییەکان نۆڤلێنە
ڕۆمانسیەکان دەخوێننەوە
باڵندەکان و پەپوولەکان و ماسییەکان وا کۆچ دەکەن
لەنێو کۆشکە زەردەکانیشدا
مرۆڤەکان لانکى منداڵێتى مانگ ڕادەژەنن و لاوژە ژاکاوە
پەژمووردەییەکان،
دەڵێنەوە!
لەنێو کۆشکە
شینى و
خاکى و
ئاوى و
پەمەیی و
پڕتەقاڵییەکانیش دا مرۆڤەکان هەروەک پێشوو دەبن بەپەپوولەیەک
لەسەمفۆنیا سۆزاوییە شەرمناوییە ماسۆشییەکانى،
نێو ڕۆحە هەلا هەلا بووەکانى
قەیرە کوڕێک و شاعیرێک و کچە لەزبیانێک و نیگار کێشێک و
پەیکەر تاشێک و کەمانچەژەنێکى رۆژهەڵاتى …!
بەنێو ڕەهاییترین ئاسمانەکانى خەون
نەرم دەفڕن …..
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
نەرم نەرم نەرم
نەرم
تا ون دەبن ون
ون
ون ون ون
ون ون ون ون ون
ون ون ون ون ون ون ون
ون ون ون ون ون ون ون ون ون
ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون
ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون
ئەوە چ شوعلەیەکى ئۆخژننامێزە بەسەر گۆناى ژنێکى شەهوەتبازەوە
دەبینرێ … ؟
کە نم نم لەزەتاویترین تاسە بەخەمە ئەسرینیەکانم دەبەخشێ، لە
نێو هەر چرکەیەکى تەنیاییم شەپۆلەکانى زیندەگى / ئومێدە
ئاڵوودییەکانى ئایندەم ڕەنگ دەکەن…
لەنێو هەر چرکەیەکى زیندەگیم شەپۆلەکانى تەنیایی / خەیاڵە
خورماییە خەنەییەکانم ڕەنگ دەکەن، ئیدى گەرد گەرد دادەچۆڕێمە
نێو قوڵایی دەریایەکى پڕاو پڕ لەمیهرترین ماهە تابانییەکانى عەشق
ئەى ماهی من / ئەى مۆمە مەرجانییە مەریەمیەکەى شەوە
یەڵداییەکانى من، چیتر ناتوانم بە وەیشوومەترین و عەدەمیترین و
گەردەلوولیترین
وەرزە وەیشوومییە عەدەمییە گەردەلوولیەکان بسپێرم ..
چیتر ناتوانم خۆم بە
لچکە کراسى سەر گەرادنەترین و پەرتەوازەترین و گێژەنیترین
ڕابوردووە،
سەر گەردانییە پەرتەوازەییە گێژەنییەکان شۆڕبکەمەوە، ئەى ماهى من،
چیتر گوێ لە چرکەى ئەو کاتژمێرانەى سەرسینگم ڕاناگرم کە نەتوانن
شەوانان / هاوارى هەناسەکانم و گریانە گەرمەکانى دڵم بخوێننەوە
کە نەتوانن / نهێنى فەنتازیترین جوانییە سیحرئامێزەکانى ڕەنگەکانم
بۆ ئاشکرا بکەن..!
ئەى ماهە مۆرفینییە برونزییەکانى بەرائەت
لەنێو کۆشکە سپیەکان دا
لەئامێزى خەونێکى سپى
کاتژمێرە سپیەکان / گەمە بەهەستەکان و تاسەکان و نیازەکانى
دڵە پڕاوپڕ لەخەمە خومارییە خوناویەکانمان دەکەن .
لەنێو کۆشکە ڕەشەکاندا
لەئامێزى خەونێکى ڕەش
کاتژمێرە ڕەشەکان / شووشەى شەرابە،
پڕ لەسەفایە سیرامیکییە سەرخۆشییەکانمان دەشکێنن
لەنێو کۆشکە سەوزەکاندا
لەئامێزى خەونێکى سەوز
کاتژمێرە سەوزەکان / گوێ لە سەمفۆنیایە سەوسەنیە سوریالییەکانى
نێو باخچە ئەوینیەکانى دڵمان ڕاناگرن
لەنێو کۆشکە سوورە کاندا
لەئامێزى خەونێکى سوور
کاتژمێرە سوورەکان / لەبەر غرووربوونى وەزرە مەست مەستە
مەستانەییەکانیان، بەنێو ڕازیانەییە ڕەونەقیەکانى دڵى ئێمە
رانابوون
لەنێو کۆشکە زەردەکاندا
لەئامێزى خەونێکى زەرد
کاتژمێرە زەردەکان / لەنێو کەژاوەى مەرگە شێنەییەکانمان
لەئاوێنە ئاوییەکانى ئایندەمان ڕانامێنن .
لەنێو کۆشکەکانى ترو لەئامێزى خەونەکانى ترو کاتژمێرە
ڕەنگاڵەییەکانى تریش
تابلۆیەکن لەغەریزەى چەپێنراو و کێلگەیەکن لەپشکۆى سەربڕاو و
خەرمانێکن لەیادگارییە بەجێماوەکانى
نێو جەستە شەقار شەقار بووە پڕ لەتاسەو برینە ئاگرینەکانى /
قەیرە کوڕێک و شاعیرێک و کچە لەزبیانێک و نیگار کێشێک و
پەیکەر تاشێک و
کەمانجەژەنێکى ڕۆژهەڵاتى
بۆ کۆلارە غەریبە غوربەتیەکان دەڕوانن کە بەنێو
ئاسمانى /
دڵە سپى سپییەکانى عەشق و
چاوە ڕەش ڕەشەکانى شەوو
پێدەشتە سەوز سەوزەکانى سروشت و
خەیاڵە سوور سوورەکانى سپێدە …و
زەردەپەڕە زەرد زەردەکانى زەمەن،
نەرم دەفڕن
نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم نەرم
تاون دەبن
ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون ون…!
ئاوێنەکانى چارەنووس
(1)
ژنێک لەنێو کێلگەکانى با
خۆى لەگەردەلوولى خەونەکانم ئاڵاندووە
یاری بەزەنگینە ڕەنگاو ڕەنگەکانى تەمەنم دەکات
مۆمى نێوچاوەکانى مانگ دادەگیرسێنێ
لەودیو وەرزەکانى ڕوناکى خۆى رووت دەکاتەوە
لەگەڵ گەڵاکانى ئاو و
بورژانگەکانى گیا سەمام بۆ دەکات و
نەرم نەرمیش بەئاوێنە شکاوەکانى چارەنووسم
پێ دەکەنى..!
(2)
منى مەستتر لە باران و
فێنکتر لە بەیانى
شل شل و تاو تاو
کێلگەکانى با و ڕوناکیەکانى مانگم بەجێ هێشت
خەونە خرپنەکانى خۆمم گرتە باوەش
توند توند … توند توند توند
هێندەم گوشین
تا زیندەگیم بەخشى بەجوانیەکانى تریفە
شل شل و تاو تاو
بۆ نێو قوڵاییە تاریکیەکانى شەو
چوومە خوارەوە
شارێک پڕاو پڕ لە گومبەزەکانى گوناه و
دۆڵێک پڕاو پڕ لەئەشقیاى سەرمەدى
سروود و سوورەتە سێوییەکانیان دەخوێند
تا دەهات/
هەنگاوەکانم بەگورترو گەرمتر دەبوون
تا دەهات /
مەشخەڵە بڵێساویەکەى نێو چاوەکانم
ئەشکەوتەکانى ئاسمان و
ئاسمانەکانى نێو دەریای رۆشنتر دەکردەوە
تادەهات /
بارێزە سەوداسەرییەکانى خەیاڵم
سەرفرازو شەهوەتبازو ڕەنگاڵەتر
سەرمەستترو سەفاترو سۆزانیتر
شۆخترو شەنگترو شەنگەبیتر
روونتر و ڕەنگینتر و رەهاتر دەبوون…!
منیش / بێپەرواو بێپەرواو بێپەروا
سەرفرازو سەرمەست و سەفاو سۆزانى
شەهوەتبازو شۆخ و شەنگ و شەنگەبى
ڕەنگاڵەو ڕوون و ڕەنگین و ڕەها
خۆم دایە دەست
کانیاوە بەفریناوییەکانى جوانى …!
جوان جوان بازمدایە نێو
ئاوێنە سەرابیەکانى ئەڤینى
لەوێندەرێ /
لەئایندەى خۆمم ڕووانى
لەتیشکە دوورەکانى کازێوەو
لەمەرجانە کریستالیەکانى عەشق و
لەوەرزە ئارامیە میهرەبانیە ڕابردووەکانى تەمەن
شل شل و تاو تاو
لەنهێنیە پەریشانیەکانى غوربەت و
لەجەستە مۆماوییەکانى خۆرەتاو و
لەکەپرە ڕەنگاو رەنگەکانى ئایندە و
لە پەپوولە باڵشکاوەکانى،
نێو مەراقەکانى خۆمم ڕوانى …!
سروودەکان و سوورەتەکان و خەونەکان هاوکێشەکان و
پرسیارەکان و گومانەکان و نهێنیەکان و رازەکان و ئومێدەکان و
شیعرەکانم شیکردەوە
جەستەى خۆم و ئاوێنە شکاوەکان و گەڵاوەریوەکانم
کۆکردەوە….شل شل/
مرواریە ڕەنگ هەنارییەکانى سەرسینگى شاژنە شلێرییەکانى
نیو عیشوەو نازى پەلکەزێرینەشم / کۆکردەوە ….!
سەرگەردان و بێ پەروا
یاخى و یاخى و یاخى
یاخى / لەخەونە جوانە مەرگبووەکانى
دەشتەکاکى بەکاکیەکانى غوربەت
یاخی/ لەچلە نێرگزە چاوگەشەکانى
نێو خۆزگەو هەناسەکانى سەرسینگى دایکم
یاخی/ لەکچۆلە شەرمنۆکەکانى کۆڵانە قوڕاوییەکانى منداڵیم
یاخى لە هاوارەکانى نێو سەدە بازنەییەکانى زەمەن …!
یاخى و یاخى و یاخى
هەر بەو حەسرەتە کوشندە دڵتەڕانەوە
شل شل و تاو تاو
بەئاوێنە شکاوەکانى چارەنووسى خۆم تێر پێکەنیم
ئایارى 2005
خەونەکانى مردن
من گەشتێکم کرد
پڕاو پڕ بوو لەسنەوبەرە سەربڕاوەکانى دۆزەخ
پڕاو پڕ بوو لەهەورە تریشقەکانى مەرگ
لەخەونە بازنەییەکانى ڕوناکى
پرسیارێکیشم پێ نەبوو بۆ گەڕانەوە…!
نەم دەزانى نیگاکانم لەمەنزڵگەى
چ شەپۆلێک چ باڵندەیەک هێور دەبنەوە …؟
بەپانتایی شەقامەکان لەنێو خەیاڵە وونبوە بەرائەتیەکانى
گوناه دەسوورامەوە
خۆم و توورەگەیەک لە ڕەنگە جوانەکانى شیعرو
بوتلێک شەڕاب و هیچى تر
من بوخچەیەکى نەکراوە بووم /
پڕاو پڕ بووم لەنهێنى ماسولکە سپیەکانى بەفر
پڕاوپڕ بووم لە ئەگریجە نەسیمیەکانى خۆرەتاو
بەئاوازە گێلاسەییەکانى سروشت
بێشکەى مێژووم ڕادەهەژاند
من لەگەڵ شەوە جوانەمەرگبووەکانى بەهار ڕۆیشتم
بەو خەیاڵەى تا ئەبەد جارێکى تر وێنەى بتە شکاوەکانى “با”
نەکێشکمەوەو
چیتر روخسارە فرمێسکاوییەکانى شکستەکانم نەبینمەوە
رۆیشتم/
خۆم لەنێو دارەبازە ئەستێرەییەکانى قەدەر بینیەوە
تاو تاو لەڕۆشنایی گەڵا هەڵوەریوەکانم دەڕوانى
بۆ نێو قوڵایی زیکرە هێمنە شەوانەییەکانى ئاو شۆردەبوومەوە
جارجار گوێم لەسەمفۆنیایەک دەبوو، هەستم دەکرد
هەموو دەمارەکانى جەستەم خاو دەکاتەوە و پێلووى چاوەکانیشم
بە سەما دەهێنێ
دەستەکانم دەبنە دووباڵى ئاوریشمى بۆ فڕین و
هەنگاوەکانیشم لەگەڵ چرکە گەرمەکانى شەو
ئاوێتەى نێوناخى یەکترى دەبوون
هەندێ جاریش لەبنار کێوە سەخت سەختەکانى ئەڤین
بەدیار سفرە ڕەنگاو ڕەنگەکانى “با” گۆرانیمان دەگوت
لەنێو مەمکۆڵەکانى زەمەن لەسەر خۆشبوونى هەورمان دەڕوانى
ئیدى لەو ساتە ڤینۆسیانەدا،
من پەرتبوونەکانى خۆمم بیرچووبووەوە و
نەم دەزانى من ئەو مرۆڤە هەلا هەلایە دڵ شەقار شەقار بووەم
کە هەر پەنجەیەکم لەکیشوەرێک و
هەر پەراسووەکم لەئۆقیانووسێک و
هەر گۆشەیەکى دڵم لە مەملەکەتێک بەجێماوە
بەتەنیشت دارستانێکى خەوتوودا تێپەڕیم
گوێم لەناڵە ناڵى کێلگە خەملیوەکانیش دەبوو/
بەدەم وەنەوزى مەرگەوە، ئایەتى گزنگە سەحەریەکانى
بوومەلەرزەیان دەخوێند
رۆیشتم /
خۆم و خەیاڵە برووسکەییە مەشخەڵاوییەکانى گەنجێتیم و
چەند یادگارییەکى یاداشتکراو بەپێنووسەکانى ئاو و هیچى تر
هەموو /
پێدەشتەکان و بیابانەکان و ئۆقیانووسەکان و کیشوەرەکانم برى
بۆ دواجار /
بۆ ماسیەکان و پیرە دار هەنجیرەکانى نێو گەرەکە هەژارنشینەکانى ئاگرو
بۆ ئەو کچۆڵانەى،
لەئاهەنگى ماڵئاواییم مۆمیان بۆ دەگیرساند بووم ، نووشتامەوە…!
بۆ ئەو شەقامانەى،
دووگمەکانى سوخمە پەمەییەکەى خۆیانیان بۆمان دەترازاند
بۆ سەدە بریندارەکانى نێو ماڵە تاریکەکەم
بۆ هەیکەلى،
ئەو فەیلەسوفانەى بەبەرچاوى خۆمەوە سووتێندران، نووشتامەوە…!
بۆ دواجار ئاورێکم بۆ دواوە دایەوە بینیم
لەشکرى/ مردووەکان و ژنە مەمک براوەکان و پیاوە کوێرەکان و
منداڵە “دڵ شووشەکان” *
هەر هەموویان بەدوامەوە بوون
نەمتوانى چیتر رێ بکەم /
بەهەمان ڕێگەى خۆم دا گەڕامەوە ..
هەموو مەمکە فرێدراوەکان و چاوە هەڵکۆڵدراوەکانم دۆزییەوە
مەمکەکان/ هەروەک جاران گەرم بوون
شێوەى چەنجەکانم و پەرەى گوڵى لێوەکانمیان بەسەرەوە مابوو
ئاى کە جوان بوون/ لەباڵا خوداوەندییەکەى (ئەفرۆدیت)**
جوانتر بوون .
چاوەکانیش بەنیگایەکى نەرمەوە لێیان دەڕوانیم
وام هەست دەکرد گلەییم لێ دەکەن و دەڵێن
کەى وادەى مردنى ئێمە بوو کەى …؟؟؟
رۆشنایی دڵە شووشەکانیش لەژێر پنجەگیایەکان
خۆیان حەشار دابوو.
گەڕامەوە و دووبارە ،
کێلگەکان و دارسنەوبەرەکان و هەموو دەریاکان و کێشوەرەکانم
بینیوە..!
دووبارە،
هەموو مۆزەخانەکان و گۆرستانەکان و گومبەزەکانم بینیەوە
ئەو رەشماڵانەى کە لەقژى کچۆلەکان دروست کرابوون
گەڕامەوە نێو ماڵە تاریکەکەم
لەشکرى/ مردووەکان و ژنە مەمک براوەکان و پیاوە کوێرەکان و
منداڵە دڵ شووشەکان / هەر هەموویان بە دوامەوە بوون
هەموو دەرگاى ژوورەکانم بۆ کردنەوە
ژوورێک پڕاوپڕ بوو لەئەلبومەکانى منى منداڵ
ژوورێک پڕاوپڕ بوو لەئەلبومەکانى منى لاو
ژوورێک پڕاوپڕ بوو لەئەلبومەکانى منى عاشق
ژوورێک پڕاوپڕ بوو لەئەلبومەکانى منى باوک
ژوورێک پڕاوپڕ بوو لەئەلبومەکانى منى مردوو
بە / گۆشە بەگۆشەى یادگاریەکانم دا هاتمەوە
ساڵ بەساڵ و مانگ بەمانگ و رۆژ بەرۆژ گەڕامەوە دوا
تاوێک لەساتە خۆش و ناخۆشەکانم ڕوانیەوە
لەمردن و لەدایکبوونەکان و جەنگەکان و جێ ژوانگە پڕ ترسەکانى
شەوانم ڕوانیەوە
لەشکرى/ مردووەکان و ژنە مەمک بڕاوەکان و پیاوە کوێرەکان و
منداڵە دڵ شووشەکان هەر بەدوامەوە بوون
ژوور بە ژوور ، گۆشە بەگۆشە
ساڵ بەساڵ
چرکە بەچرکەى تەمەنى خۆمم بەسەرکردەوە
دواجار،
لەو ژوورە گیرساینەوە کە پڕبوو لەئەلبومەکانى منى مردوو
لەدەروازەى چاوەکانى منى مردوو چووینە ژوورەوە
شەقامەکان ڕووناک ڕووناک
شەوەکان پڕ تریفەو دیمەنەکان دڵڕفین و
بەیانیەکان پڕ لەخەندەو
دنیایەکى جوان بوو نێو چاوەکانى من …!
چوومە نێو ساتە لاشعوریەکانى ئەو ساى خۆم
بەرائەت و
پێکەنین و گریانەکانى خۆمم بە رووتى بینیەوە …!
نامە دڵدارییە سادەو خنجیلانەکانیشم بینیەوە
کە لەنێو دەمارەکانى عاتیفەم هەڵگیرابوون
بەرەو گۆشە سپیەکانى دڵم ئۆغرمان کرد
دنیایەکى ئیجگار گەورە بوو دڵى من
رۆژهەڵات بەگەورەیی خۆى لەوێندەرێ لێى راکشابوو
لاپەرەکانى خەونەکانم هەڵدایەوە
لەنێو منداڵدانى خۆزگەکانم / مەراقە گەورەکان و
ئومێدە تازە پشکووتووە خنکێندراوەکانى خۆمم بینیەوە .
وێنەى ئەو کچانەى خۆشم و یستبوون،
بێوەژنەکان و کوڕ و کچە لەشفرۆشەکان و
شێتە ناسراوەکانى شار و هەر هەموویانم بینیەوە
هەزاران هەزار بوخچەى نەکراوەى ڕەنگاوڕەگ
یەکێک پڕاوپڕ لەشیعرى نەنووسراو
یەکێک پڕاوپڕ لەخەون و مەراق و ئومێد
یەکێک پڕاوپڕ لەخۆزگەى منداڵانە
یەکێک پڕاوپڕ لەبرینى ئەڤینى
یەکێک پڕاوپڕ لەحەزەکانى سێکسى
یەکێک پڕاوپڕ لەخەمەکانى تەنیایی
یەکێک پڕاو پڕ لەنامۆیی و غوبەرت
ئاخ ئەلبومەکانى منى مردوو
چۆن من و لەشکرى مردووەکان و ژنە مەمک براوەکان و
پیاوە کوێرەکان و منداڵە دڵ شووشەکان و ….
هەر هەموومانى هێنایە گریان …!
ئێستا لەوەتێ دەگەین/
بۆچى مردنەکانى ئێمە بێ دەنگى بەرووبارەکان و
ڕەشى بەشەوەکان پۆشیبوو …!
ئاى کە تاوانبار بووین/
نەمانتوانى، لە نێو بەلەمەکانى باران ئۆقرە بگرین
ئێستا /
لەزیکرە بەردەوامەکانى ئاو و
لەسروودەکانى رەشەبا …و
لەشنەبایە خامۆشەکانى ڕوناکى و
لەخەونە رەنگاو رەنگەکانى مردن / تێ دەگەین
ئێستا لەنهێنى /
بریسکانەوەى قژە زەردە زێڕینیەکانى پایزو
لەگۆرانیە پڕ نەغماوییەکانى بەیانیان و
سەماى هەڵمە گڕگرتووەکانى هاوین و
لەهەڵوەرینى بورژانگە نەرمەکانى گوڵ / تێ دەگەین
بۆیە بڕیارماندا هەر لەوێندەرێ،
لەنێو ئەلبوومەکانى منى مردوو بمێنینەوە
دیسانەوە شۆرش بکەین
تا ئەو کاتەى/ باڵندەکانى ئارەزوومان
بەرەهایی ی ی ی
لەئاسمانە شینەکانى خەون و
خەونە خۆشەکانى خەیاڵ و
خەیاڵە گەرمەکانى خۆشەویستى
لەشەقەى باڵەکانیان نەدەن/ نەگەرێینەوە …!
ئۆکتۆبەرى 2003
* لە رۆمانى ( دواهەمین هەنارى دنیا ) ى ” بەختیار عەلى وەرگیراوە
** لە ئەفسانەکانى یۆنانى کۆن / ئەفرۆدیت خوداى بەزم و لەزەت و سێکس بووە .
فیردەوسى شەوە یەڵداییەکانى لم
( بەیادى 182 هەزار پەپوولەى سپى )
لە نێو بازنەکانى سێبەر
دەسووڕاینەوە
ئەسمەریانە لەئەزموونەکان و لەئایندە و
لە مردنەکانمان دەڕوانى
لەو ئێوارەیەش لەدایک بووین
کە درەنگ وەخت بوو
بۆ چوونە جێژوانگەى خۆرەتاو
بۆیە نامورادانە
خۆمان لەنێو زەمەنە تاریکەکانى
مەملەکەتى لم بینیەوە …!
ئەسمەریانە
لەخەونە شەوینیەکان و
شەباهەنگى ئاسمانە فیردەوسیەکانمان
دەروانى
بێ ئاگا لەبزە گەرمەکانى گیا
بێ ئاگا لەگۆرانیە ئومێد بەخشەکانى باخچە
خۆمان لەنیو قەدەرى ڕەنگەکان و
لەنێو سێبەرى شکستەکان/ بینیەوە
لەو ڕۆژەوە،
سەدەکان لەنێو هاوارەکانى ئێمە ڕاکشاون
مێژووش لەنێو برینەکانمان
لەو ڕۆژەوە
هەر دەفڕین و کێلگەیەکمان نیە بۆ نیشتنەوە
دەجەنگێن و دەرگایەکمان نیە/ بۆ دەرچوون
پەنجەرەیەکمان نیە بۆ ڕوانین
نازانین
خۆر لەکاملاوە هەڵدێ و
پەپوولە سپیەکانى عەشقیش
لەکام گوڵزار دەنیشنەوە..؟!
کاتێک بەکۆمەڵ دەنێژراین
وامان دەزانى
مەرگ هەر لە ئەزەلەوە/ بۆ ئێمە لەدایک بووە !
کاتێک هەموو ئێوارانێک و شەوانێک
وەکو گەڵا بەسەر سینگى بیابانەکان / هەڵدەوەراین
وامان دەزانى
خەزان هەر لە ئەزەلەوە
لەنێو هەناسە سیبریاییەکانى ئێمە لەدایک بووە !
ئەى فریاد ڕەسەکەم / دەپێم بڵێ
ئێمە لەسەر کام ئەستێرە
هاتووینەتە بووین…؟
لەنێو کام دەریاش بەمردنە ئاوییەکانت بەخشین…؟
دەپێم بڵێ
ئێمە بەرەنگى کام یەکێک لەرەنگە جوانەکانى
پەڵکەزێرینە دەناسرێینەوە
کەهاتین
ئێمە سەمفۆنیایەکى وەهمى بووین
لەنێو کۆڵانە سەهەندیەکانى باران / دەبیستراین
کەهاتین
ئێمە مانگێک بووین لەبەفر
لەئاسمانە سەرابیەکانى روناکى / هەڵهاتین
بێئاگا لەلاوژە بێدارییەکانى ئاو
لەگریانە باڵندەییەکانى سنەوبەرەکان
ئێمە هاتووین
تا ئەبەدیەت بەلم و
سەروەیش بەرەشەبا ببەخشین و
خۆشمان بمرین
ئێمە هاتووین
تارۆشنایی بەشەو ببەخشین و
خۆشمان دارستانێک بین لەشەوەزەنگ
سۆماى چاوەکانمان
بەشەپۆڵەکان بەخشین و
خۆشمان رەوە ئاسکۆڵەیەکى بێ بینا…!
ئێمە هاتووین تا تەمەنى گەنجێتیمان
هەگبەى پڕ لە خەونە ئاڵەکانمان
ببەخشین…
بە / ئەفسانە قەدەریەکانى گەردەلوول و
بە / گەردەلوولە ئەفسانەییەکانى قەدەر و
بە / قەدەرە گەردەلوولە ئەفسانەییەکان…!
ئێمە لەبەیانیەکى سۆزانى
لەبنار مەمکۆڵە ووشکهەڵاتووەکانى
سەدە خوێناوییەکان
لەئامێزى بەهارێکى وون و
لەنێو هەناسەى
شەونمە هێمنەکانى غوربەت / لەدایک بووین
بێئاگا لەلاوکە بەسۆزەکانى بەفر
بێئاگا لەتەنیاییە هەمیشەییەکانى تاراوگە
بەرەو قوڵاییە بێ بنەکانى لم چووینە خوارەوە
چ دنیایەکى تاریک و بێ دەنگ بوو
ئەم فیردەوس و ماڵە ئەبەدیە تاریکە لماوییەمان…!!!
ئێمە لەوێندەرێین
لەقووڵترین ئۆقیانووس و
لەدوورترین کیشوەرە تەماوییەکانى دنیا
هەموو شەوێ
لەجەنگێکى بێئامان داین
لەگەڵ تاریکییە کریستالیەکانى جەستەو
وەرزە رەشەکانى دواى مردنى کات و
گەمە ئاتەشیەکانى نێو (کۆچێکى هەتا هەتایی)
هەموو شەوێ
لەگەڕانێکى بێ ووچان داین
بۆ دۆزینەوەى مروارییە گیاییەکانى
گەردنى گەڵا و
حەرفەکانى جوانى نێو قەسیدە بخورییەکان و
هێلە بازنەییەکانى نێو چاوەکانى ئەستێرە
ئێمە لەوێندەرێ
گەریدەترین لە با
بۆ گەیشتن،
بە پەرستگە ئاگراوییە زەردەشتیەکانى خەیاڵ
لەوێندەرێ،
رۆندکەکان رووبارێکى پەمەیین و
خەونەکانیش پێکهاتەیەکن / لەئاگرو شەراب
خۆزگەکان پرشنگێکن / لەمەرجەکانى ئەڤین
لەوێندەرێ،
دڵە دڵۆڤانیەکان
لەحەسرەت لاوکە فیراقیەکانى مانگ
خەریکە گڕ لە نەشئەى سەماکانیان هەڵدەستێ
لەوێندرێ خەیاڵەکان
هەموو شەوێ باڵ دەگرن و دەفڕن
دوور دوور دەفڕن
هەندێ جار هەر ناگەڕێنەوە
پەنجەرەکان هەمیشە کراوەن
چاوەکانیش ئەوەندە لەچاوەروانى دان…!
شەوەکان ئەوەندە درێژن هەر نابڕێنەوە
گۆرانیەکانیش هەموودەم دووبارە دەبنەوە
ئاى کە بێ ئۆقرەیە ساتەکانى چاوەڕوانى
لەم فیردەوسە تاریکەدا…!!!
پیتە جوانەمەرگبووەکان
ک
کورەیەک لەنێو خەونەکانم
هەموو شەوێ
سەرى پەنجەکانم و قەلەمەکەم و
دەمارەکانى بیرکردنەوەم ، دەسووتێنێ
کەوێک لەبنارى شاخەکانى دڵم
بۆم دەخوێنێ،
من لەوەتەى هەم،
هەموو شەوێ لەنێو خەونەکانم
جوانەمەرگ دەبم
مەرگێکى ئارام، مەرگێکى شێنەیی
لەگەڵ وەرزەکانى تەمەنم
گەورە دەبێ…!
و
وێنەیەک لەوێنەکانى خوا
لەنێو پیتە جوانەمەرگبووەکانى یادگاریم
دۆزییەوە .
ئاخێکم هەڵکێشاو ووتم
دەبێ رۆژێک دابێ و منیش
وێنەى ماڵەکانى خۆم
لەپەنا ئەستێرەیەک
یان لەباوەشى شەپۆڵەکان
بدۆزمەوە…؟!!
ر
رووبارێک
بەهێمنى لەگەڵ خۆیدا دەمبا
دەمبا دەمبا دەمبا
دەمبا دەمبا دەمبا
دەمبا دەمبا دەمبا
منیش هەر لێى رادەمێنم
تا بە پەرستگەکانى عەشق و
گۆڕستانى پیتە جوانەمەرگبووەکانى
نێو شەوە شیعراوییەکانى خەیاڵم
دەسپێرێ…!
د
دەنگ دەنگ دەنگ
ڕەنگ ڕەنگ ڕەنگ
نەدەنگ هەیە، نە رەنگ
هەر دەڵێى مرۆڤەکان
لەگەڵ پیتەکاندا مردوون
هەر دەڵێى باڵندەکان
لەباوەشى
ئەستێران و بروسکەدا خەوتوون،
ئەم دنیایە چەند کشومات و بێدەنگە
دەریاکان و تاڤگەکان و رەشەباکان
چەند بێدەنگن بێدەنگ….!
هەر دەڵێى لەنێو چاوەکانى
پیتە جوانەمەرگبووەکاندا خەوتوون…!
س
سێوێکى حەرام
حەرام حەرام حەرام
حەرامترین سێوى مەملەکەتى غوربەتم خوارد
تائێستا،
سێ هەزار و سێ سەدو سى و سێ سێوى
حەرامم خواردووە .
بەڵام من بەپێچەوانەى ئادەم
تا سێوە حەرامەکان بخۆم
زێتر بەقووڵایی ئەم غوربەتخانەیە
دەچمە خوارەوە…!
ت
تاوسێک
رەنگینترین لەمیوەجاتەکانى بەهەشت
نەخشینتر لە ڕوخسارە ئێستێتیکیەکەى ئاگر
لەنێو وەرزەکانى تەمەنم
باڵەکانى خۆى دەکاتەوە و لەگەڵ خۆیدا
بەنێو سێبەرە شینەکانى خەیاڵ
دەمفڕێنێ…!
ڕ
ئاوى نێو لەشى ژنێکى هەورین
وەکو باران بەسەر
کێلگەو دارستان و باخ و بێستانەکانى
رۆحم دا دبارێ
دواى توانەوە منیش دەرژێمەوە نێو دەریاکان
لەوێندەرێش جارێکى تر دەتوێمەوە
هەر/
دەتوێمەوە دەتوێمەوە دەتوێمەوە
تا وون دەبم…!
ن
نامەیەکم بەدەست گەیشت
هیچ ناونیشانى لەسەر نەبوو
لەنێو نامەکەدا
پیتەکان بەجوانەمەرگبوویی خەوتبوون
وشەکان بۆنى فرمێسکى گوڵیان لێ دەهات
پیتەکان بەرلە مردنیان
ئەم مەسیجەیان بۆم ناردبوو
( ئێرە وێستگەیەکە بۆ مردن
ئێرە وێستگەیەکە بۆ عەشق
ئێرە وێستگەیەکە بۆ ژیان
لێرەدا، بەئارامى
جووت ببن عەشق بکەن سەما بکەن
ئێرە ماڵمانە ماڵ…!)
ئەیلوولى 2005
گومان
ڕەنگە هەموو شتەکان ڕاست بن…!
ڕەنگە گەر سروشت نهێنى ڕەنگەکانى بدرکاندبا
جوانتر خۆى بنواند با
گوڵەکان/ سیحراویتر خۆیان خزاندبایە نێو دیدەمان و
دەریاکانیش موسافیرەکانیان بەمەرگ نەسپاردبایە
ڕەنگە هیچێکیش لەم روانینانەى من راست نەبن…!
رەنگە گەر من لەدایک نەبام
رەوەندى هەموو شکستەکان بەئاراستەیەکى تر گوزەریان کردبا و
ووشەى حەقیقەت و گوناه نەهاتبانە بوون…!
پێکهاتەکانى
جەنگ و مەرگ
یاخى بوون و عەشق، مانایەکى تریان هەبا…!
رەنگە من تەوەزەلیترین نووسەر بم
کەنەمتوانیبێ تێنوێتى خوێنەرەکانى خۆمم شکاندبێ
ڕەنگە من هەموو شیعرەکانى خۆمم
تەنها بۆ دامرکاندنەوەى حەزە سێکساوییەکانى خۆم نووسیبێ
لەگەڵ ئەوەش دا ڕەنگە
ئەزەلیەتى / شۆرش و مانەوە بۆماوەییەکانى میهر
لەدەرەوەى بازنەى بیرکردنەوەکانى من
شتێکى زۆر توڕەهات و هیچ و پووچ بن …!
بۆیە من هەمیشە بەگومانم
لەبوونى خۆم
لەشیعرەکانم
لە بینینەکانم
لە خەونەکانم
لە ئایندەم
لەو مرۆڤەى خۆشم دەوێ
لەبیرۆکە ئەفسانەییەکانى ،
لەخاچدانى مەسیح و ئایەتە زەردەکانى خورافیات
لەشەپۆڵە بێ ئارامیەکانى زەمەن
لەهەموووووووووووووووشت …!
من پارچەیەکم لەگومان
گومانیش کەرنەڤالێکە لەمن
پێکەوە
بەنێو شەقامەکانى تەنهایی و غوربەت دا
پیاسە دەکەین و
پێکەوە شەوانان دەخزێینە نێو جێگا و
پێکەوە هەناسە دەدەین و
هەر پێکەوەش گەورە دەبین …!
دیسەمبەرى 2003
مەرگى من و تەنیایی ژنێک
(1)
لەنێو قوڵایی تەنیاییم دا
شەوانان / پڕاوپڕ دەبم لەنیگەرانیەکانى ئاگرو
لەخەونە ڕەنگاو ڕەنگەکانى ئاو
لەنێو قوڵایی بێ دەنگیم دا
بەیانیان / گۆزەکانى تەمەنم پڕ دەبن لەڕووناکى و
وەرزەکانى نێو بیرکردنەوەکانیشم پڕ دەبن
لەپرسیارى عەبەسى
من ئێستا، سەرمەسترم لەڕەنگەکانى سروشت و
وونترم لەگەڵا وەریوەکانى نێو چاوەکانى – با –
بەنێو کۆڵانەکانى تەنیایی
تەنیا تەنیا / لەژێر باران دا سەما دەکەم و
وجوودیانەش بەرەو ئاسمانى باڵندە سپیەکان دەفڕم
من ئێستا، ڕووناکترم لە مانگە شەوەکانى
نێو خەیاڵەکانى مردن
سپیترم لە مەمکۆڵە بەرسیلەییەکانى شەو
بێ دەنگ بێ دەنگ / جلەکانم دەدەمە دەم – با – و
بەرەو دۆزەخى نێو جاویدانیەتى مانگ دەڕۆم
-2-
ئەى ژنە جوانەکەى
نێو نیگەرانیەکانى ئاگر ،
خۆتۆش لەنێو قوڵایی تەنیاییدا بۆ مانگ دەڕوانى
دەتۆش سیقانەکات بدە دەم با
بارووت ببیەوە وەکو من
لەم مانگە شەوى تەمەنمان
هەرچ نەبێت بابزەیەک بێتە سەرگۆنامان و
شەوێک لەئامێزى یادەکانى بمێنمەوە
-3-
دەسکە گوڵێک
لەنێو گوڵدانێکى ڕەنگ ئاگراوى
لەسەر مێزى ماڵى ژنێکى تەنیا دانراوە
گوڵەکان ،
چاوەکانیان پڕاوپڕە لەنیگەرانى
لەدەرەوەى ماڵەکەش
باڵندەیەکى سەوداسەرو سەرمەست و سپى
دەسووڕێتەوە
چاوەڕێ یە/ پەنجەرەیەک بکرێتەوەو بێتە ژوورەوە
هەرچ نەبێت، تاوێک گوڵەکان بۆن بکات و
ئینجا ، پەڕەى باڵەکانى و لەش و لارى بداتە دەم باو
ڕووت رووت بەرەو ئەستێرە سپیەکان
بفڕێتەوە …!
-4-
دوێنێ شەو تابەیانى
لەئامێزى ڕوناکى ژوورەکەم دا خەوتم
دەرەوەش تاریک تاریک
بەر لەخەوتن / تاچاو بڕکات
لەشەقامەکانى ڕووناکیم ڕووانى
جگە لە مەرگى خۆم و تەنایی ژنێک
چیترم نەبینى
دواتر لەمەملەکەتى تاریکیشیم ڕووانى
ئەستێرەى ڕەنگاو ڕەنگ و
باخ و بێستانى سەوزو
حۆرى باڵا شووشەیی و
گەردەلوولەکانى لم و
رووتبوونەوەى سەحەرو
هەموو شتێکم بینى هەموو شتێک
کەڤالێکى جوان و بەهەشتێکى
ڕووناک ڕووناک بوو تاریکى …!
-5-
باران دەبارێ و
گوڵە سپیەکانى هەناسەم سپیتر دەبن
باران دەبارى َو
سێبەرى دار سنەوبەرەکان دەچەمێنەوە بۆ با
باران دەبارێ و
تریفەى مانگ عەشق لەگەڵ شەپۆڵەکانى
ئاودا دەکات .
باران دەبارێ و
سەدەکان بەدەم سەماوە حیکایەتى
مەرگى من دەگێڕنەوە
باران دەبارێ و
دەریا مۆنامۆى نێو خەیاڵەکانى ژنێکى تەنیا دەژەنێ
باران دەبارى َو
بەفر نیگەرانیەکانى ئاگر بۆ سەوزایی باس دەکا
باران دەبارێ و
تاریکى دێتە نێو ژوورەکەم و کتێبەکانم
لەنێو مەمکۆڵەکانى خۆى دا هەڵدەگرێ و
دەڕواتەوە
-6-
گوڵە سپیەکانى هەناسەم هەڵدەوەرن
باران هەر دەبارێ
سێبەرى دارسنەوبەرەکان پیر دەبن
باران هەر دەبارێ
تریفەى مانگ و شەپۆڵەکانى ئاو
پەردەى کچێنى و ستیانەکانیان دەدەنە دەم با
باران هەر دەبارێ
سەدەکان بەدەم سەماوە حیکایەتى مەرگى خۆیان
بۆ تەنیاییم دەگێڕنەوەو
باران هەر دەبارێ
دەریا مۆنامۆى خەیاڵەکانى خۆى
بۆ ژنێکى تەنیا دەژەنێ و
باران هەر دەبارێ
ئاگر نیگەرانیەکانى خۆى بۆ سەوزایی و بەفر باس دەکا
باران هەر دەبارێ
خۆم و کتێبەکانم لەنێو مەمکۆڵەکانى تاریکى
ڕەشماڵێک هەڵدەدەین
بارانیش هەر دەبارێ و هەر دەبارێ و هەر دەبارێ
-7-
باران هەر دەبارێ و
منیش لەنێو هەناسەکانى شەوەزەنگ
بۆ مەمکۆڵەکانى شیعر و
گوڵە فیردەوسیەکانى عەشق و
شەونمە ڕووتەکانى ڕووناکى دەڕوانم
باران هەر دەبارێ و
منیش لە ئامێزى خەیاڵە سپیەکان
بۆ ئەو ئەستێرانە دەڕوانم
کەپڕاوپڕن لەباڵندەى تەنیا
باران هەر دەبارێ و
منیش لە مردنە شێنەییەکانم
بۆ ئەو ئۆقیانووسانە دەڕوانم
کە ژنە ئاوییەکان
چیرۆکى تەنیایی خۆیان بۆ ماسیەکان
دەگێڕنەوە
باران هەر دەبارێ و
منیش تا چاو بڕکات هەر دەڕوانم
تامەرگى خۆم و سەماى ژنێکى تەنیاو
زەردەخەنەى ئاگرو فڕینى باڵندەسپیەکان
لەنێو ئاسمانێکى ترو
لەسەر ئەستێرەیەکى تر دەبینم
تا چاوبڕبکات هەر دەڕوانم
بۆ شەوە زەنگە مەست مەستەکان تاریکى و
بۆ گزنگە پڕشنگ پڕشنگەکانى ڕووناکى و
بۆ ئەستێرە دوور دوورەکانى خەون…!
سەرەتاى 2006
ئاوێتە بوون
من لە نێو باخچەکانى بارانەوە
بۆ یەکەم جار
چاووم بە جوانیە سیحراوییە سوریالییەکانى
باڵاى تۆ کەوت .
من لە نێو جوانییە بورکانییە زایەندییەکانى
باڵا سنەوبەرییەکەى تۆوە
بۆ یەکەم جار
باران ڕۆح و هەناسە و هەستەکانمى تەر کرد
لە نێو تابڵۆیەکى عەبەسیدا
من و تۆ و باران
لە قەد و باڵاى یەکترى ئاڵا بووین
وەک لاولاوەى
سەر پەنجەرەى ئاپارتمانەکانى بەهەشت
لە نێو باوەشى یەکترى راکشابووین
وەک رەنگە رووتەکانى تریفە و ئاو
لە نێو رۆحى یەکترى دا خەوتبووین
وەک رەگەکانى درەخت و خاک … !
نیگایەک بەسە بۆ مردن
نەرم نەرم
بە نێو پەرژینە دۆزەخاوییەکەی قەدەر و
بە نێو هەڵچوونە شکۆفەییەکانی شەودا رەتبە
کە شیرازەی رۆح و
سیمای تاڤگە سیحراوییەکانی ئومێد دەگۆرن
نیگایەک بەسە بۆ مردن
بە نێو ئەو ئێوارە هێمنە هەنارییانەش دا رەتبە
کە مانایەک بە بەرائەتی پەپوولە و
هەناسەیەک بە باخچەکانی عەشق دەبەخشن .
بگەرێوە نێو /
وەرزە موسافیرەکانی دەریا
گوێ لە ناڵەى کاتژمێرە بەساڵاچووەکانی تەمەن رابگرە
کە کەڤرێژن لە لاوکە حەسرەتیەکانى نامورادى
نیگایەک بەسە بۆ مردن
بە نێو وەرزە یاخیبووەکانى زریان و
کەرنەڤاڵە پر هاوارەکانى برووسکەدا رەتبە
ئەى رۆحە رەهاکانى نێو خەونە شووشەییەکانى ئایندەم
وەرە شیلەى گوڵە شلێرییەکانى خەیاڵم هەڵمژە
کڵپەیەک بە راموسانیە شیرینیەکانى نێو شیعرەکانم ببەخشە
ئەى شۆخ /
ئەوانەى لەگەڵ ئێمەدا سەمایان کرد
هەموویان مردن .
ئەوانەى لەگەڵ ئێمە ،
لە نێو وەرزەکانى قەدەر ئایەتى یاخیبوونیان خوێند
هەموویان مردن .
ئەوانەى لەگەڵ ئێمە ،
لە نێو فرینە سپیەکانى هەور خەم و یاداشتەکانى
عەشقیان نووسییەوە
هەموویان مردن .
فریاى چوونەوە نێو
زیکرە گەرمەکەى / کەرنەڤالى عاشقان و مژینى مەمکە گەنمییەکانى
کچە کۆچەرییەکانى فیردەوس نەکەوتن … !
ئەى رۆحە نەسیمیاوییەکەى پاییز ..
هێور هێور ،
بگەرێوە نێو بەهەشتە هەمیشە بژوێنیەکان و
لە جوانى خۆزگە سەرمەدییەکانت بروانە
خەمەکانت بە ناسکى شنەى با و
رازەکانیشت بە باران ببەخشە
نیگایەک بەسە بۆمردن
بە نێو چاوەکانى پەلکە زێرینەدا رەتبە
بگەرێوە نێو ماڵە تاریکەکانى خۆرەتاو
ئەى شۆخ /
منیش لەگەڵ خۆتدا بەرە
لە نێو دیوانە شیعرێکدا هەڵم بگرە
بمبەرەوە نێو سێبەرى دواى نیوەرۆیە
گەرم گەرمەکانى خۆشەویستى .
لە نێو بێشکەى منداڵیم دا
لە ژیر دار هەنجیرێک رامهەژێنە
وەرە بمبە و
لە بێو ماڵە تاریکەکەى نیشتیمانم جێم بهێلە
بە ماچ و گوڵەکانى عەشق دامپۆشە
بم سپێرە بە قەدەرى ئاو و
بە سپیدە نارنجیەکانى سەوزایی
وەرە ئەى شۆخ /
منیش لەگەڵ خۆتدا بەرە
لە نێو نیگا گەرمەکانى زەردەخەنەت هەلم بگرە
لە نێو شەقامە گرگرتووەکانى ئاوەدانى جێمبهێڵە
بە هەناسە و بە رەهێڵە ئەبەدییەکانى عەشق دامپۆشە
بم سپێرە بە قەدەرى خەونە بریندارەکان و
بە شەوگارە رووناکەکانى ئاوێتەبوون
دەوەرە دەى بمبەرەوە ،
نیگایەک بەسە بۆ مردن / ئەى شۆخ … !
نیگایەک بەسە بۆ مردن … !
تەمموزى 2006
تارمایى ژنێکى سپى
شەوەکان ڕەت دەبن
منیش / لە کەژاوەى مردن
دوور دەکەومەوە .
رۆژەکان ڕەت دەبن
تارمایى ژنێکى سپى
لەباخچەکانى تەنیاییم نزیک دەبێتەوە
سەدەکان ڕەت دەبن
شەقامەکان پردەبن لە گومان
وەرزەکانى
نێوان من وخەونەکانى
نێو تارمایى ژنێکى سپى
پردەبن لە ترس
دووریەکانى
نێوان من و دەریاکانى
نێو تارمایى ژنێکى سپى
پر دەبن لە عەشق
هۆ ژنە گیاییەکەى
نێو تارماییە سپیەکانى بەفر و
نێو خەیاڵە گەرمەکانى
شەوە شیرینیەکانى شیعر
منیش لە چاوەروانى تۆدا
لە نیو یادگاریەکانى درەخت و
گریانەکانى بەرد و
شەوە مۆماویەکانى مانگ دا
بەدیار
چەند وینەیەکى پڕاوپڕ لە روانینى پەپوولەیى
بە رێنوسە نارنجیەکانى خەفەت
رۆمانەکانى عەشق دەنووسمەوە
منیش /
لە چاوەروانى تۆدا
لە نێوشەوە مانگەشەویەکانى
نێو چاوەکانى ماسى و
لە نێو خەونە پاییزییەکانى کات و
لە نێو بالکۆنە فێنکەکانى خۆرەتاودا
بە دیار چەند کتێبێکى پڕاوپڕ
لە بازنە نەغماویەکانى غوربەت
حەسرەتە نارنجیەکانم دەنوسمەوە
شەوەکانم ڕەت دەبن
تارمایى ژنێکى سپى
لە سەرسینگى مۆنالیزاى تەمەنى من
دەردەکەوێ و
وێنەى کۆدەکانى عەشق و
زەردەخەنەیەکى پڕ لە سیحرم بۆ دەکێشێ
رۆژەکان و وەرزەکان و سەدەکانم
رەت دەبن
تارمایى ژنێکى سپى
لە مردنە ڕۆمانسیەکانم
نزیک دەبێتەوە
نزیک نزیک نزیک
چاوەکانى لەسەریەک دادەنێ و
لە نێو بازنەکانى بێ دەنگیدا
دەگریێ و دەگرێ و دەگریێ
منیش لە چاوەروانى
شەوێکى شیرینى نێوباوەشى ئەو ژنەدا
ئێوارە ئەسمەرییەکان و
وەرزە وەنەوشەییەکان و
مانگە مۆماویەکانم…….دادەگیرسێنم
منیش لە چاوەروانى
مژینى لێوە ناسکەکانى ئەو ژنەدا
لە سەر سینگى مۆنالیزاى خەونەکانم
وێنەى ژوورێک و سیسەمێک و مۆمێک
لەسەرئاوێنەى روون روونەکانى خەیاڵیشم
وێنەى سێوێکى سوور سوور دەکێشم
رۆژەکانم ڕەت دەبن
لە نێو ڕووخسارە نارنجیەکەى یادەکانم
سەبەتەیەک پر لە مێوەو
دەلاقەیەک پر لە کتێب و
گوڵدانێک پر لە گوڵ
سەمام بۆ دەکەن و لەئامێزم دەگرن
وێنەى شەوێکى شیرینى پر لە شیعرم
بۆ دەکێشن
شەوێکى پر لە باران و
پر لە هاوار و پڕ لە شەپۆڵ و پڕ لە فرین
رۆژەکان و شەوەکان و سەدەکانم
رەت دەبن
تارمایى ژنێکى سپى
لە سەر سینگى مۆنالیزاى هەناسەى من
دەردەکەوێ و
دێتە نێو کێڵگە سپیەکانى ڕۆحم
بە نێو کۆڵانە کچێنیەکانى
دەمارەکانى عاتیفەم پیاسە دەکات و
بەسەر پەیژەکانى خۆشەویستیم / هەڵدەگەرێ
لە نێو کازێوەى گلێنەى چاوەکانم
رادەکشێ
بۆ هەتا هەتایە /
لەوێدا دەمێنێتەوە
وەرزەکانى من رەت دەبن
منیش لە چاوەروانى
شەوێکى شیرینى نێو باوەشى ئەو ژنەدا
لە سەر سینگى مۆنالیزاى برینەکانم
بە ” کۆدەکانى داڤنشى “
وێنەى چەمانەوەى خۆم دەکێشم
بۆ هەتا هەتایە
لە نێو فڕینەکانى عەشقێکى ئەبەدى
لە نێو /
خەیاڵە بەفرینییە کریستالییەکانى تەنیایی دا
دەمێنمەوە
کتێبێک پر لە شیعرى عاشقانە
بە ڕێنووسە نارنجیەکانى غوربەت
بۆ نیگار و
بۆ ڕووخسارە ئاوێنەییەکەى
ئەو ژنە سپیە لێو بەبارە / دەنووسمەوە .
سیبتەمبەرى 2006
( سێرنادا ) *
هەموو ساڵێک لەو دەمەدا
لەگەڵ هەناسەدان و چاوهەڵهێنانى
یەکەم شەوى نێو مەمکۆلەکانى مێژوودا
لە نێو ماڵە تەنیاییەکەى بەفر
بەدیار فرمێسکەکانى مانگ و
زەردەخەنەکانى ئاگردا
شۆرە ژنێکى خەیاڵ بەنەفسەجى
لە ژێر تاراى /
تاسە زەنگیانەییەکانى عەشق و
لە نێو کات ژمێرەکانى سەوزایى دا
گوێ لەسێرناداى مۆم رادەگرێ
منیش هەر لەوشەوە رەوشەنیەدا
نەرم نەرم لەنێو رامانە زایەندی یەکانم
مەست مەست /
کۆڵانەکانى غوربەت و
یادگارییەکانى مردن و
بەلەمە نەوەزییەکانى قەدەر / جێدەهێلم
دەگە رێمە وە
نێو کەژاوەى رامووسانى و نێو پەرستگەکانى پاکبوونە وە
لە وێندە رێ
لە نێو ماڵە رەبەنیە کەى باران
ئاگر لە جانتاى سەفەر و
لە پەراسوەکانى تەنیاییم بەردەدەم
بەدەم خوێندنەوەى ئایەتەکانى عە شق و
میلۆدە هەنارییەکانى سێرنادا دا
پێکە گێلاسە ییەکانم هەڵدەدەم
بەرەو قوڵاییەکانى دەریاى توانەوەو
بەرەو مەتارێزى /
زایەلە زێرینەکانى زەردەپەر
شۆردەبمەوە
بە رەنگە خۆلەمێشییە خەملیوەکان و
هێلە شەپۆڵاوییە لماوییەکانى
نێو تابلۆیەکى زەیتوونى بێ ئۆقرەى خوماریدا
لاوکەکانى تەنیایى و
وەرزەکانى خۆرئاوابوونم / رەنگ دەکەم
هەر لەو دەمە
لە یەکەم شەوى لە دایکبوونى عەشق
لە نێو خەونەکانى
گوڵ و ئاوێنە و شمشال دا
بە دیار بزە گەرمەکانى رەشەبا و
سیًبەرە رووتەکانى ئەستێرەدا
بە دەم سووتان و
ئەندێشە نخرۆییەکان