دیـــدار نانەکـەلی : لەگەڵ مەراسیمی ھەڵبژاردنی شاجوانی کوردستان و ھەموو ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی لەو ووشکە ساڵیە وەکو کانی لێی ھەڵقولان، بۆچوونێکی بۆ دروست کردم کە دەگونجێ پتر لە شاجوان، دڵ و دەروونی خەڵک و رۆژنامەکان گەرم بکات، ئەویش ھەڵبژاردنی شاگەندەڵی ووڵاتە.
لە مەراسیمی شاجوانیدا بەشداربوان بە پەنجەی دەست ھەژماردەکران، وەلێ دڵنیام لە شا گەندەڵ بەشداربووان ئەوەندە زۆردەبن کە دەبێت سنوورداربکرێن و لەوەی کە ناتوانرێت ھەمووان بخرێنە رکابەریەکانەوە کەسیان زوویر نەبن و دڵنەواییان بکرێت.
لە شاجواندا خەڵکی گومانی ھەبوو، شۆخێکی پێ لە ئەوی دیکە جوانتر بوو، بەڵام دڵنیام لە شا گەندەڵ ھەمووان ھەقی خۆیان وەردەگرن و کەسیش گومانی لە پاکی گەندەڵبوونی ئەوی دیکە نیە.
دڵنیام خەڵک لاری نیە بۆ فەرەھنایی گۆری خەون و ئومێدی چەندین ساڵەیان شاگەندەڵمان خەڵات بکرێت و لایەلایەی بەدبەختی ھاوڵاتیانی بۆ بلێن . لە ئامێزی ھەموو ئەوانەی تاوەکو ئەمرۆ خۆیان دەخەڵەتێنن بۆ ئایندەی پڕ لە یاسا سەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی ماچ باران بکرێن و خۆیان بە خزمەتکار و بەندەی موخلیسیان بزانن.
لە مەراسیمی خانماندا، ھەموو چاوەڕوانی ئەوەبوون کە ئاخۆ کێ بێت بۆ یەکەمجار ئەو شەرەفەی بەردەکەوێت و بە شاجوانی ووڵات ھەڵدەبژێردرێت.
وەڵی بە ئەسەفی زۆرمانەوە شاگەندەڵەکانمان ئەوەندە ناسراون کە دڵە راوکێمان بۆ دروست ناکەن لە ھەڵبژاردنیان.
کەواتە بە ھەموو پێوەرێک ھەڵبژاردنی شاگەندەڵ بایەخی بۆ سایکۆلۆژی تاکی کورد زیاترە لە ھەڵبژاردنی شاجوان.بۆیە چاوەڕوانین لە ئایندەیەکی زۆر نزیک مەراسیمی پڕشکۆی ھەڵبژاردنی شاگەندەڵمان بکرێت و تاجی ھەموو سەروەریەکانی لەسەر بکرێت.