هونەرمەندی گۆرانی ڕاپ (هێمن خالید) ناسراو بە (دۆشکە) هەر لە مناڵیەوە خولیای بۆ موزیک و گۆرانی دەیجوڵێنێت و ئاوێتەی ستایلی ڕاپ ی دەکات. هەروەک خۆی لە لێدوانێکی تایبەتی چراتیڤی دا لە وەڵامی چەند پرسیارێکمان کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی هونەرەکەی، هەست و سۆز و پەیوەندی و پڕۆژەی گۆرانییەکی لەگەڵ شاکیرا پێڕاگەیاندین.
دۆشکە دەربارەی خۆی ووتی:” من خەڵکی سلێمانیم و هەر لە منداڵیەوە چووینەتە ئەمریکا و بۆ یەکەم جار لەوێ خولیام بۆ موزیک و گۆرانی تێکەڵ بە ستایلی ڕاپ ی کردم و ئاوێتەی بووم. خۆشم کە ئەم ستایلەم هەڵبژارد لە بەر ئەوە بوو چوونکە بە خێرایی گوزارشتی لە خەمەکانتی پێ ئەکەی، ئەم هونەرەش ئەگەرچی کەلتووری گەلانی خۆرئاوایە بەڵام ئەگەر بە جوانی وەک خۆی بیکەی ئەتوانی خزمەتی میللەتی خۆتی بە باشی پێ بکەی”.
دۆشکە لەبارەی دووری و خەمی نیشتیمان و نەهامەتییەکانی میللەتی کورد زۆر بە پەرۆشەوە دووا، وەک هەر کەسێک کە هەموو ژیانی لە کوردستان بەسەر بردبێت و لە نزیکەوە لەگەڵ ئازارەکاندا ژیابێت. ” دووریم لە نیشتیمان و بینینی کارەساتەکان وەک کیمیایی، هەڵەبجە و ئەنفال، جینۆساید لەلایەک، لەلایەکی تر خەمەکانی خۆم و بینینی میللەتانی تر کە بوون بەکیانێک لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆبوونی ئەوانم پێ خۆش بوو لە هەمان کات خەمی بێ ووڵاتی نائارامیی ئەخستە گیانمەوە و نەمئەزانی لە کام گۆشەوە خزمەتی نیشتیمانم بکەم !!؟ ئێ خۆ پێشمەرگایەتیش نەماوە بگەڕێمەوە بۆی لە بناری شاخێکدا دۆشکە بنێم بە سنگی دوژمنەکانمانەوە” دۆشکە بەم شێوەیە خەمەکانی لە دڵ دەربڕی.
دەربارەی گۆرانی ڕاپ و دەربڕین لە گۆرانیدا دۆشکە ووتی : ” ئێستا من ڕاپەڕم و لە لایەک بۆ خەڵکەکەی ئەوێم گۆرانی ئەڵێم، مەبەستی سەرەکیشم ئەوەیە ئەوان تێمان بگەن کە ئێمەش میللەتێکی ماندووین و خوێنێکی زۆرمان لە پێناو بوون و مانەوەی خۆمان ڕژاندووە، زۆریش لە پێش شارستانیەتی مادەکان ئێمە شت بووین. ئەمەوێ بە عاشقانم لە ئەمریکا ئەمانە ڕابگەیەنم و دەربارەی خۆمانیان پێ بڵێم”.
دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەل گۆرانیبێژە ئەمریکی و جیهانییەکان دۆشکە نەیشاردەوە کە پەیوەندی زۆر بەهێزی هەیە و لەوانەیە لەگەڵ دادی یانکی Daddy Yankee کە هونەرمەندێکی زۆر ناودارەو کاری لەگەڵدا کردووە، دوای ئەوەش لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی ووڵاتی ئینگلیز خاتوو تەنیا گۆرانی وتووە. دەربارەی نزیکبوونەوەی لە هونەرمەندی ناودار شاکیرا دۆشکە ئەم نهێنییەی درکاند و ووتی :
” دادی یانکی Daddy Yankee هاوڕێی گۆرانیبێژی کولومبیا شاکیرایە، لە دانیشتنێکدا گوێبیستی دەنگی من ئەبێت و ئەپرسێت ئەم ناوە کێیە ؟ ئەویش پێدەڵێت هاوڕێیەکی کوردمە و پێکەوە ئەم گۆرانییەمان چڕیوە، بەم شێوەیە حەزی یەکترناسینی شاکیرای پێڕاگەیاندم و گەیشتین بە یەک”.
دۆشکە لای سەیر دەبێت کە شاکیرا هیچی دەربارەی کورد نە ئەزانی !! خەتاکەشی بۆ میدیا کوردیەکان گەڕاندەوە. دوای یەکتر بینین دۆشکە بۆ شەکیرا باسی کوردی بۆ دەکات و بە ئازارەکانی میللەتەکەی خۆی دەناسێنێت. “شاکیرا بە ئەنفال زۆر بێتاقەت دەبێت” دۆشکە ڕایگەیاند. ئەمەش وای لە هونەرمەندی کۆلۆمبی شاکیرا دەکات بیرۆکەی گۆرانییەکی کوردی ئیسپانی ئینگلیزی بخاتە بەردەم دۆشکە لەسەر کوردو ئەنفال وە ئەم بیرۆکەیەش لەئایندە بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ جێبەجێکردنی گۆرانییەکەی کە ناو دەنرێت This Time For Kurdistan پلانیان وا داڕشتووە کە لەمانگی داهاتوو لە فلۆریدا شاری مایامی تۆماری بکەن. بیرۆکەی گۆرانیەکەش باس لە کورد دەکات، کە ٤٠ ملیۆن مرۆڤ بێ وولاتن و لە هەموو لایەکیش قڕ دەکرێن (ئەنفال).
لە دواقسەکانیدا دۆشکە دەربارەی شاکیرا یەک نهێنی تری درکاند ئەویش ئەوە بوو کە شاکیرا ڕەنگە حەز بکات سەردانی کوردستان بکات و قوتابخانەیەکیش وەک دیای بۆ منداڵانی کوردستان بکاتەوە.