حەمەسوار عەزیز : مایەی سەرسوڕمانە تەمەنی شانۆی کوردی لە شارێکی مێژوویی و فەرھەنگی وەک ئامەد (دیاربەکر) دە ساڵی تەواو نەکردووە، کەچی جموجۆڵێکی شانۆیی تیایە کە شایستەی ھەڵوێستە لەسەر کردنە، لەوێ شانۆیەک ھەیە کە لەرووی تەکنیک و
سیستماتیکەوە ھەنگاوی زۆر گەورەی ھەڵێناوە، شانۆیەک ھەیە لەسەر بنەما و بناغەیەکی ھونەری و زانستی پتەو دامەزراوەو بەخێرایی بەسەر ئاستەنگ و بەربەستەکان زاڵ دەبێت، شانۆیەک ھەیە لە چەند ساڵانێکی کورتتدا داھێنانی گەورەی تۆمارکردووەو لەداھاتووی نزیکیشدا ھەوڵدەدات خۆی بدۆزێتەوە، لەپشت ئەم پەردەیەش کۆمەڵێک شانۆکار ھەن دەروێشانە عاشقی شانۆن، شانۆکارێک ھەن وەک پەرستگایەکی پیرۆز لە شانۆ دەڕوانن و دەتوانن بۆ ماوەی زیاتر لە پەنجا رۆژ قەناعەت بە ھەزاران بینەر بکەن لە کارەکانیان ئامادە بن.
من ئێستا لەوە دڵنیام کە مێژوو شانۆ دروست ناکات و ئەزموونیش بە پێوەری ساڵەکان پێوانە ناکرێت، شانۆ لەژێر کاریگەری ئەوانی تر دێتە کایەوە، بەڵام زۆر گرنگە ئەو کاریگەرییە دەستەمۆت نەکات و ھەر زوو بەدوای خۆتدا بگەڕێیت، دۆزینەوەی خود لە شانۆ دەتوانێت داھاتوویەکی گەش بۆ ئایندەی شانۆ دابین بکات.
لەلای خۆمان شانۆ بە لاساییکردنەوەی عەرەب دەستپێکردو دەبووایە لە ماوەیەکی کورتتدا ئەو قۆناغە تێپەڕێنین و خۆمان بدۆزینەوە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی متمانە نەبوونمان بە خۆمان و فەرھەنگ و مێژوو و کڵتوورمان نەمانتوانی ئەوە بکەین و ببین بە خۆمان، بۆیە کاتێ لە فەرھەنگی ئەوانی تر دابڕاین شانۆکەمان کەوتە نێو تەنگژەیەکی قووڵ و ھیچ ئومێدێک نییە بەمزووانە لێی دەرباز بین.
شانۆی ئامەدی ئێستا زۆر لە شانۆی ھەشتاکانی لای خۆمان دەچێت، بەجیاوازی ئەوەی ئەوان زیاتر ئیشیان لەسەر لایەنی ھونەری و تەکنیکی کردووە ئێمە زیاتر لەسەر بابەت، مەگەر کۆتاییەکانی ھەشتاکان نەبێت کە چەند گروپێک دروست بوون و ھەوڵیاندا کار لەسەر فۆرم بکەن و بابەت بخەنە ئاستی دووەمەوە.
ئێمە لە ھەشتاکان شانۆکەمان فاکتەرێکی سیاسەتکردن بوو بۆیە کە دۆخەکە گۆڕا شانۆ کەوتە قەیرانەوە، ئێستاش لە ئامەد وێنەیەکی وا دەبینرێت کە ھیوام وایە پیایدا بچنەوە، چونکە شانۆ فاکتەرێکی گرنگی دروستبوونی کۆمەڵگای مەدەنییەو ناکرێت بەڕەھایی بخرێتە خزمەت ھیچ بوارێکی تر کە لە بەھای شانۆ کەمبکاتەوە، بینەر کە دێت بۆ شانۆ دەبێ چێژ ببینێت بێت لەو ڕەھەندە ھونەری و مەعریفییەی کە شانۆ بە جوانکارییەکی ناوازەوە پێشکەشی دەکات.