حەیدەر عەبدولڕەحمان : لە ھەموو ھەلو مەرجێکا شانۆ پارچەیەک بووە لەو ھەلومەرجەی کۆمەڵگا تێیدا ژیاوەو قەت وا ڕێ نەکەوتووە شانۆو ھەلو مەرج دوو ئاراستەی دژ بە یەک یا لێکتر جودا
بن , چونکە خەسڵەتی ئۆرگانیکی شانۆ ئەوەیە کە لە رەحمی کۆمەڵگا لە دایک بێت , بۆیە ھەمیشە پروشکی ئەو ھەلو مەرجەی کۆمەڵگا لە ساتە گرژو خاوەکانی و ساتە تاڵو شیرینەکانیدا , ھەمیشە قۆناغ بە قۆناغ لە سەر پانتایی شانۆو دەرھاوێشتەکانی رەنگی داوەتەوە .
ئەو رەنگدانەوەیە رەنگێکی جوداو قەدێکی دیاری کراوی بە خۆیەوە نەگرتووە , بەڵکو ھەمیشە بە شێوەیەکی سروشتی لە گۆڕان دابووە , ئەو گۆڕانەش ئەو ئامانجەی پێکاندووە کە شانۆ دەیخوازێ , ھەر زەمەنێکیش دەرھاوێشتەیەکی تایبەتی خۆی و شێوازو زمانی گوزارشت کردنی خۆی ھەیە , رەنگە لە ھەندێ لەو زەمانەدا ستایلێکی رەمزی و لەوی تریان واقیعی و لەوی دیکەیان ئاھەنگ سازی ویستبێت , گرنگ ئەوە بووە کە چۆن بتوانین لەو زەمەنە جیا جیاجیایانەدا زمانی شانۆ بکەین بە زمانێکی ھونەری و خیتابێکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی یاخود رۆحی .. گرنگ لە خستنە رووەکە ئەوەبووە کە شانۆ تەوزیف بکرێت بۆ تێنوویەتی شکانی خەڵکی لە ھزرو بیرو فانتازیاو کارجوانیدا ..
پرسی سیاسی , کە رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی بە سەر ژیان و چارەنووسی خەڵکەوە ھەبووە ,ھەمان کاریگەری بە سەر شانۆشەوە ھەبووە وەک پارچەیەک لە جەستەی کۆمەڵگا , بەڵام کاریگەرییەکە تەوژمێک نەبووە بە ئاراستەی تێک شکان و ھەڵکەندن و شوون بزر کردنی شانۆ , ئینجا ئەو کاریگەرییە چەند بە تین و بە ئێش و بەئازار بوو بێت , بەڵکو بە پێچەوانەوە ی ئەو ھاوکێشەیە تەوژمێک بووە بە ئاراستەی ورو ژاندن و یاخی بوون و دروست کردنی حاڵەتێک لە ململانێ ی شانۆیی , کە زۆر جاران کاریگەری ئەو یاخی بوونەی شانۆ جیاوازییەکی نەبووە لە یاخی بوونی سەنگەر .. بەڵکو لە ھەندێ حاڵەتدا تێپەڕاندن لەو ئاستەش , چونکە گۆرینی ھزرو تیخ دانی ویژدان بە کەرەستەو ئامرازە ھونەرییەکانی شانۆ , کۆمەڵگا بۆ قۆناغێک لە ھوشیاریی و ھۆشداری ئەوتۆ دەگوازێتەوە کە ببێ بە کۆڵگایێکی زیندوو لە ناخدا .. تا ئەو زیندوو بوونەوەو وروژانەش دروست نەبێت کۆمەڵگا ئەو ئامادەەییەی نابێت کە فێری زمانی رەت کردنەوەو یاخی بوون بێت .. ھەر کاتێکیش شانۆ بوو بە ئامرازێک بۆ بەدی ھێنانی خواستە شاراوەکانی بینەرو گوزارشتی لە ئەشکەنجەو ئازارە دەروونییەکانی کرد , خواستی بینەر بۆ شانۆ زێتر دەبێت و دەگاتە ئەو ئاستە کە شانۆ نغرۆ بێت لە بینەرو ھەندێ جارییش بگاتە ئەو راددەیە کە بۆ بێبەش نەبوونی لە شانۆگەرییەکدا دەرگاو پەنجەرە بشکێنێ .. وەک ئێمە زۆر جاران لە زۆر شوێنی کوردستاندا ئەو حاڵەتەمان لە چەندین شانۆگەرییدا بینیووە ,
گرد بوونەوەی ئەو قەوارەیە لە بینەر و ئەو حەماسە پڕ لە کەف و کۆڵە ھەمیشە جێگەی پرسیار بووە لە لای ئەوانەی ترسێکی گەورەیان لە شانۆ ھەبووە , کە شانۆ لە پێکھاتەیەکی ھونەری و ھزری دا بگۆڕێت بۆ پێکھاتەیەکی سیاسی و ببێتە مایەی ھەڵًبڕینی دەنگ و بەرز کردنەوەی دروشمی ناڕەزایی ..لە پێو دانگی خواستی بینەریش بۆ شانۆی سیاسی ھەمیشە پانتایی ئەو جۆرە شانۆگەرییانە لە فرەوان بوون دابوونە , بۆیە
لە ھەولێرو زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان لە رابووردوودا ئەو ئاوێتە بوونەی نێوان شانۆو کۆمەڵگا بە تەواوەتی سەری ھەڵداوە و شانۆ ھەر تەنھا وەزیفەیەکی ھونەری نەبووە , بەڵکو لە پاڵ ئەودا سیاسەت بۆتە توخمێک لە توخمە بنەڕەتیەکانی پێکھاتە شانۆییەکان .. بەڵام تا چەند شانۆکارانی ئێمە توانییوویانە گوزارشت لەو بە سیاسی بوونەی شانۆ بە زمانی ھونەر بکەن و چەند توانییوویانە شانۆ لە بە خیتاب بوون و دروشمی بریقەدارو ھوتافات رزگار بکەن ئەوە پرسێکی دیکەیە کە دەکرێت توێژینەوەیەکی رەخنەییانەیان لە سەر بکرێت ..بەڵام بە گشتی ئەو ھەلو مەرجە سیاسیە ھاندەر بووە بۆ دروست بوونی گڕو تین و ئامادە کردنی ئەکتەرو بە زەرورەت بوونی شانۆ لە سەر پانتایی رووداوەکانی رابووردووی کۆمەڵدا , بۆیە بە تەنھا بوونی شانۆ لەو ھەلو مەرجە تەنگە تاوە سەخت و دژوارانەو ئامادە بوونی بە کەف و کۆڵی بینەر لە ھۆڵی شانۆدا بە دەر لە ھەڵسەنگاندنە ھونەرییکان بە قازانجی شانۆدا ھەڵکەوتۆتەوە ..
زۆرینەی شانۆ سیاسیەکان بە تایبەت لە شاری ھەولێردا بە گشتی دەڕژانە نێو خانەی شانۆی واقیعی , ھەندێ جاریش شانۆی تەعبیری و رەمزی , ناکرێت لەو بوارەشدا ئەوە لە بیر بکەین کە ھونەرمەندی شانۆکار ( تەڵعەت سامان ) لە حەفتاکاندا تا ھەشتاکانیش پێشڕەوی شانۆی سیاسی بووە لەو شارەدا , چەندین بەرھەمی شانۆیی ھەبووە لەو سەردەمانەدا لە چەشنی ( ئەژدیھا , شاری ئەوین , حەمە وەی وەی , خاڵۆ ی رێبوار و چەندینی تر .. مافی خۆیەتی ئەگەر بینەرێک بپرسێت , راستە کە شانۆی سیاسی کوردی توانییوویەتی گوتارێکی سیاسی بگەیەنێت , بەڵام تا چەند توانییوویەتی ئەو گوتارە سیاسیە بە زمانی شانۆو بە ستایلێکی دراماتیکی بگەیەنێت , کە تێیدا ستاتیکای شانۆ و فانتازییەکانی پارێزراو بێت ؟ بێگومان ئەم ھاوکێشەیە پەیوەست بوونێکی راستەوخۆی بە ئاستی شانۆوە ھەیە لە ھەر پارچەیەکی جوگرافیدا , داھێنانیش بەند نیە بە رێبازو شێوازێکی دیاری کراوی شانۆیی , خۆ مەرج نیە ھەموو شانۆگەرییەکی ئەزموونکاری سەرکەوتوو بێت و شانۆگەرییەکی دیکەی کلاسیکی یا واقیعی روخاو بێت , ئەوە پەیوەستە بە توانست و دەسەڵاتی دەرھێنەر, چونکە تا ئێستاکەش شانۆ کلاسیکییەکانی شکسپیر لە شانۆی شکسپیری دا پلەی یەکەمی بینەرییان ھەیە لە ھەموو دنیادا , ئەمە وێڕای ھاتنە پێشەوەی چەندین رێبازی ئەزموونگەری نوێ لە جیانی شانۆدا , شانۆ سیاسییەکانی بسکاتۆر تا ئێستاکەش دەخرێتە بەردەم تیشکی نوێ ی شانۆیی و بەرھەمی تازەی لێ ھەڵدەھێنجێندرێ , ئەگەر سەدەیەکیش بە سەر شانۆیی سیاسیدا تێپەڕێت , ئەوە مانای ئەوە نیە کە شانۆی سیاسی لە بیر بچێتەوە , وەک مانای ئەوەش نیە ئەگەر شێوازی دیکەش دروست بێت , شێوازەکانی تر راماڵدرێن …
شانۆی سیاسی ئێمە لە سەردەمی خۆیاندا وێڕای ساکاری و سادەیی لە ھونەرەکانی شانۆدا , لە زەمەنی خۆیاندا لە لایەن بینەرەوە وەرگیراون , چونکە ئاستی ھوشیاری و مەعریفی بینەر لەو زەمەنەدا ھاوکوف بووە لە گەڵ ئاستی شانۆدا , بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە رەنگە ئێستاکە لەو زەمەنەدا ھەمان بینەر بەو شێوازەی جاران ھەبووە ,شانۆت لێ وەرناگرێت و داوای بەرھەمی باشترت لێ بکات کە ھاوکوف بێت لە گەڵ ئەو سەردەمەی تێدا دەژیت ..رەنگە بینەری ئەو کاتیش گوزارشت کردن لە ئامانجە سیاسییەکانیان لە سەرووی ھەموو شتێکەوە دانابێت , بۆیە دەرھێنەریش ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە کە بینەر دەیخوازێ …
بەڵام چونکە شانۆی رەمزی باشترین ئامرازێک بووە بۆ گەیاندنی ئەو ئامانجانە و پەردە پۆش کردنیان لە ژێر عەبای شانۆدا , ھەندێ بەرھەم ھەبوونە کە جۆرێک لە ھاوسەنگییان تێدا ھەبووە لە نێوان شێوەو ناوەرۆکدا , بە تایبەت لە شانۆگەرییەکانی فەتاح خەتاب , سەباح عەبدولڕەحمان , تەلعەت سامان .. بەڵام ئەو چەند بەرھەمە نەبوونەتە حاڵەتێکی گشتی بۆ شانۆی سیاسی بەڵکو بەرھەمی بە دەگمەن بوونە .
بەڵام لە شانۆگەرییە سیاسییەکانی بسکاتۆر , ئەو رووتییە نیە لە ستاتیکای شانۆیی و زمانی شانۆ , بەڵکو ئەوەتا لە شانۆی پرۆلیتاریدا بسکاتۆر ھەموو بۆچوونەکانی بە ھێما بەرجەستە دەکات , بۆ ئەوەی شانۆ بەھا ھونەرییەکانی خۆی لە پەنای گوتاری رەونەقداری حیکایەت خوانی و دروشمی بەتاڵدا لە دەست نەدات تەنھا لە پێناو ختۆکە دانی بینەرو جولاندنەوەی ھەستی چەوساوە بوونی , بە شێوەیەکی کاتی , یان بە شێوەەیەکی دیکە بڵێین ھەڵچوونێک بیگرێت , تا ئەو کاتەی لە ھۆڵی شانۆکەدا دەچێتە دەرەوەو لە گەڵ چوونە دەرەوەشی دا ئاسەوارە دەروونی و سایکۆلۆژییەکانی لە گەڵ دەرچوونی خۆیدا لە ھۆڵەکەدا بە جێ بێڵێ ..
لە ھەندێ شانۆگەریدا , لاوازی لە تەکنیکی شانۆیی وای کردووە گوتارە سیاسییەکانیش لە بەر بچن , یان بە گران بوەستن لە ھەمبەر ئامانجێکی سیاسی کە کەس خوازیاری ئەوە نیە خستنە روووی بە شێوەیەکی کرچ و کاڵ ئاسەوارێکی سارد بە سەر ھزری بینەردا بە جێ بێڵێ ..
ھەندێ لە دەرھێنەرانی ئێمە لە رابووردوودا بەوە فریو خواردوو دەبوون کاتێ ھەستییان دەکرد , کە پێویستە شانۆی سیاسی بە شێوازێکی تراژیدی بەرجەستە بکرێت , بە پێچەوانەی زۆر لە دەرھێنەرە جیھانییەکان کە شێوازی کۆمێدیان پێ بە ھێَزتر بوە لە شانۆی سیاسیدا , وەک شانۆگەرییەکانی مۆلێر , یا شانۆگەری لانەوازان , چونکە ئەوان پێیان وابووە ئامرازەکانی گاڵتە پێکردن بە دەسەڵات , بەھێزتر بووە لە تانەو تەشەر تێ گرتن , یا ھەڵگرتنی دروشمی ساردو سڕ , ھەر ئەو چەکی گاڵتە ئامێزییە بوو وای کرد , کە چارلی چاپلن سەرمایەدارەکانی ھەموو دنیا ریسوا بکات .. یا عەزیز نەسین بڵێ لە نێو قاقای پێکەنینەکانم گریان ھەیە ..
ھەندێ بۆ چوون ھەبوونە لە رابووردوودا زەرەرو زیانێکی زۆریان بە شانۆو ئایندەی شانۆ گەیاندووە , یەکێ لەوانە ئەوە بووە کە شانۆ بکرێتە ئامرازێَکی رووتی سیاسی و لە بەھا ھونەرییەکانی خۆی داماڵدرێت , یاوەک مینبەرێکی لێ بێت بۆ گوتاری سیاسی رووت , بە پێچەوانەی ئەو تێَگەیشتنە ھەڵەیە ئەوەیە کە ھەموو چامەیەکی مرۆیی , ئەگەر گەیشتە قۆناغی داھێنان , ھێزی کاریگەر بوونی لە ھێزی ھەموو ئامرازێکی دیکەی سواو بە ھێزترە .. یاخود ھەموو داھێنانێکی مرۆیی سەرکەوتنێکە بە سەر پرنسیبە نامرۆییەکان , کەواتە سنووری دەسەڵاتی شانۆیی ئەگەر چووە قالبی داھێنان سنوورێکی کراوە دەبێت , بۆ ھەموو گەلانی دنیا , بە دەر لە ھەر ناونیشان و ناوێک .. ئێمە لەوەدا بە ھەڵە چووینە ئەگەر لە شانۆدا خۆمان بخەینە نێو تۆڕێکی گۆشە گیری ئەوتۆ کە لە شانۆگەرییەکدا ھەموو شتێ ببیستین و ببینین تەنھا شانۆ نەبێت , ئەمە پەروەردە کردنێکی نا دروست و ھەڵسوو کەوت کردنێکی نامۆیە لە گەڵ شانۆدا , ئەگەر بمانەوێت ھەر قسەیەک لە رێگەی شانۆدا بکەین , دەبێت بە زمانی شانۆ بدوێین .. چونکە زمانی شانۆ لە ھەموو زمانێکی دیکەی مرۆیی بە ھێزترو قوڵترە .. ئەگەر لەو زمانەی شانۆ گەیشتین ..
حەیدەر عەبدولڕەحمان