شانۆ پەیامە، هەروەکو ئۆگستۆ باول لە وتەى ئەمساڵی خۆیدا، لە رۆژی جیهانى شانۆ باسی لە گرنگى پەیامى شانۆیی کرد و شانۆی بە پەیام وەسفکرد، کەواتا شانۆ ئەو پەیامەیە کە دەبێ هەمووان خۆیانى تێدا ببیننەوە،
ئەگەر شانۆ لەو پەیامەى خۆی لایدا، کەواتە ئەو پیرۆزییەى هەیەتى و کە پێی دەگوترێ دایکى هونەرەکان لە دەست دەدا.
ئایینیش بریتییە لەو پەیامە ئاسمانییەى لە کۆنەوە هەبووە، بەر لە پەیامە ئایینییەکانیش دەبینین چەندین ئایین و ئایینزا هەبوونە و گەشەیان سەندووە و خواوەند گەلێک هەبوونە کە بەشێوەیەکى یەکجار دڵسۆزانە پەرستراون و قوربانى یەکجار زۆریشیان بۆ دراوە، ئێستاش لە دنیادا بەشی هەرە زۆری نەتەوەکان پەیوەستن بە ئایینێکى تایبەتەوە و پەیڕەوى لێدەکەن، کە خۆیان لە ئایینە ئاسمانییەکان دەبیننەوە، هەریەک لە پیرۆزییەکانى ئەو ئایینانە لاى پەیڕەوکارانى خۆیان جێگاى رێزن و بە وردى کاریان لەسەر دەکرێ، وەکو دەشگوترێ تاکە ئایینێک کە تاکو ئێستا وەکو خۆی ماوە و دەستکارى نەکراوە و تا دنیاش ماوە دەستکارى ناکرێ ئایینى ئیسلامە.
کلتوور و داب و نەریت بەو ئاکارانە دەگووترێ بە درێژایی مێژوو، لە کۆنەوە هەبووە و بەپێی ئەو گرنگییەى پێی دراوە ماوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ سەردەمى ئێستا، هەریەک لە نەتەوەو کۆمەڵگاکانیش کلتوور و داب و نەریتى تایبەت بە خۆیان هەیە، بەشێک لەو نەتەوانە بە شێوەیەکى زۆر حەساس مامەڵە لەگەڵ ئەو کلتوورە دەکەن و بەهیچ شێوەیەک نایانەوێ لە دەستى بدەن، بەشێکیش لە هەوڵی ئەوەدان کلتوورەکەیان بپارێزن و لە بەرامبەر ئەوەشدا هەوڵی پێشکەوتن و خۆگونجان بدەن لەگەڵ پێشکەوتنەکانى سەردەم.
هەریەک لە “ئایین- کلتوور” دینگەى سەرەکى شانۆگەرى “من و شێت” بوون، کە لە نووسین و دەرهێنانى کارۆخ ئیبراهیم و نواندنى هەریەک لە “عومەر دڵپاک، حەمە سەعید ئیبراهیم، بەهمەن حاجى، ژیار ئیسماعیل، رزگار عەبدولرەزاق بوو”، بەرهەمى بەڕێوەبەرایەتى شانۆ و گروپی گەنج بۆ شانۆ بوو، لە هۆڵی گەلى شارى هەولێر و بۆ ماوەى 3 رۆژ نمایشکرا.
نمایشکردنى شانۆگەرییەکى لەو جۆرە دەهێنێ قسەى لەسەر بکرێ، لەبەرئەوەى لەو سەردەمەى ئێستاماندا باسکردن لە دوو ئایین و بەستنەوەیان بە یەکتر کارێکى ئاسان نییەو دەبێ نووسەرى ئەو جۆرە شانۆییانە تێگەیشتنێکى تەواوى بۆ ئەو مەسەلەیە هەبێ، کە بەڕاى من پێموایە لە شانۆگەرى من و شێتدا کارۆخ نەیتوانیبوو ئەو تێگەیشتنە باشەى هەبێ بۆ بابەتەکە.
زۆرجار بابەتى خۆشەویستى دەهێنێ قسەى لەسەر بکرێ و شیکارى وردى بۆ ئەنجام بدرێ، بە تایبەتى ئەگەر هاتوو ئەو خۆشەویستییە لەلایەن پەیڕەوکارى دوو ئایینى جیا بێ، لە شانۆگەرى من و شێتدا کارۆخ دەستى درێژ کردبوو بۆ ئەو مەسەلەیەو هەوڵی دابوو لەرێگاى کچە مەسیحییەک و کوڕە موسڵمانێک ئەو بابەتە بخاتە روو، بەر لە قسەکردنم لەسەر ناوەرۆکەکەى و گونجانى لەگەڵ دەقی ئەو ئایینەى لە ئاسمانەوە هاتۆتە خوارەوە دەمەوێ بڵێم هەمان ئەو چیرۆکە بەڵام بە شێوەیەکى دیکە لە فیلمێکى درێژی کوردیدا بینیومە بەناوى بڕیار، کە ئەویش باس لەو جۆرە خۆشەویستى و هاوسەرگیرییە دەکا، بەڵام کۆتاییەکان جیاواز بوو، جا نازانم دەرهێنەر چەند سوودى لە بیرۆکەى ئەو فیلمە وەرگرتبوو، ئەگەر بێمە سەر باسی ناوەرۆکەکەشی بێ شک دەڵێم کارۆخ لەو بابەتەدا سەرکەوتوو نەبوو، لەبەرئەوەى کارۆخ شتێکى بەناوى ئایینەوە تەرح کردبوو، کە ئایین تەواو پێچەوانەى گوزارشت و دەربڕینەکەى کارۆخە، لە شانۆگەرییەکەدا کوڕێکى و موسڵمان و کچێکى مەسیحى عاشقی یەک دەبن و دەیانەوێ بچنە نێو ژیانى هاوسەرگیری، کەچی ئایین رێگەیان پێناداو بۆ ئەبەد ئەو دووانە لەیەک دەبن، لە راستیدا و لە دەقی ئایەتى قورئانى پیرۆزدا هاتووە کە ئاساییە کوڕێکى ئیسلام کچێکى مەسیحى بێنێ و بیکاتە هاوسەرى ژیانى خۆی، ئەگەر کچەکەش هەر لەسەر ئایینى خۆی بێ، پێویستیشە لەسەر کوڕە موسڵمانەکە کە هەموو رۆژانى شەممە رێگا بە خێزانەکەى بدا بچێتە کەنیسەو کارە ئایینییەکانى خۆی بکا، ئایین تاکە مەرجێکى داناوە بۆ نێوان ئەو کچ و کوڕە ئەویش ئەوەیە نابێ کچەکە منداڵەکان بەرێتە کەنیسەو بیانکاتە مەسیحى، ئەگەرنا وەکو تر شتەکە ئاساییە، بەڵام بۆ ئەوەى کچێکى موسڵمان شوو بە کوڕێکى مەسیحى بکا ئایین رێگەى بەوە نەداوە، کەواتە کارۆخ لەو بابەتەدا بەهەڵەدا چوو بوو، دەکرا کارۆخ کەسایەتییەکانى بگۆڕێ و کچەکە بکاتە موسڵمان و کوڕەکەش بکاتە مەسیحى، ئەوکات ئایین بەهیچ شێوەیەک رێگەى نەدەدا ئەو دووانە بەیەک بگەن و لەو ساتەشدا دەبووا بڵێین کارۆخ کارێکى باشی کردووە و زیرەکانە و تێگەیشتووانە مامەڵەى لەگەڵ بابەتەکەى خۆی کردووە، کەچی وانەبوو!! لە پاڵ ئایینیشدا کارۆخ دەستى بۆ ئەوە درێژ کردبوو کە جگە لە ئایین کلتوور رێگە نادا ئەو دووانە بۆ یەکتر بن، کەچی بەڕوونى پێی نەگووتین ئەوە ئایینە یا کلتوور و داب و نەریتە رێگە نادەن دوو گەنجى عاشقی ئایین جیا بەیەک بگەن!!
لە پاڵ ئەوەشدا مەسەلەى راهیبەکان و چوونیان بۆ کەنیسە جێگاى پرسیارە، بەڵام لەبەرئەوەى شارەزاییەکى تەواوم لەو ئایینەو مەسەلەى راهیبەکان نییە، نامەوێ قسەى لەسەر بکەم و بکەومە هەڵە.
لایەنێکى دیکەى ئەو شانۆگەرییە کە بەڕاستى دەکرێ قسەى لەسەر بکرێ، ئەویش ناوبردنى دەسەڵاتە بە سەگ و پشیلەو بەراز، کارۆخ لەو شانۆگەرییەدا دەسەڵاتى پێشووى بە سەگ و هى ئێستا بە پشیلەو هى داهاتووشی بە بەراز ناوبردبوو، لەگەڵ ئەوەى کە ئەوە رای دەرهێنەر خۆیەتى، وەلێ ناوبردنى دەسەڵات بە پشیلە و بەرهەمهێنانى شانۆگەرییەک بە پارەى ئەو دەسەڵاتە جێگاى پرسیارە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەى بۆ بەرهەمەکەى ئەو سەرفکراوە، لەوساڵدا بۆ هیچ شانۆییەکى ناوخۆیی سەرف نەکراوە، لە شوێنى ئەوەدا دەکرا کارۆخ هاناى بۆ کەرتى تایبەت و فرۆشتنى بلیت ببردبووایە، نەک بەو شێوەیەى کە بوو.
جیا لەو دوو خاڵەى سەرەوە ئەگەر بێتوو ئێمە باس لە ناوەرۆکى ئەو شانۆییەو هێڵە درامییەکانى بکەین، بێ شک دەبێ بڵێین شانۆییەک بوو هێڵە درامییەکانى وەکو ئەوە نەبوو کە پێویستە دەقێکى شانۆیی هەیبێ، ئەوە یەکەم جار نییە کارۆخ ئەو رەخنەیەى لێبگیردرێ، بەڵکو لە هەریەک لە شانۆییەکانى “تاریکستان، تەنها یەک شەو، من و شێت”دا کارۆخ هەمان رەخنەى لێگیرا، کەچی تا ئێستاش هەروا کاردەکا و دەیەوێ دەقەکانى دەقی سەردەمى رەخنەیی بن، بەڵام بە بڕواى من دەکرێ لە شوێنى نووسینى دەق کارۆخ هەوڵبدا کار لە دەقی بیانى بکاو بۆ کارەکانى خۆی ئامادەى بکا و بیکوردێنێ، کەچی کارۆخ ئەوەى نەکردووە و لە شانۆکانیدا بە خەیاڵ دەستپێدەکا و بە واقیع کۆتایی دێ، ناشزانم ئەوە چ ستایلێکى شانۆییە، لە پاڵ ئەوەشدا بەکارهێنانى وتەى ناوداران لەناو دەقەکەدا و ئاماژە نەکردن بۆی، یەکێکى دیکەیە لەو خاڵانەى لەسەر دەقەکە کەوتووە، هەر بۆ نموونە لەو شانۆگەرییەدا چەندین وتەى ناودارانى دنیا هەبوو بەکارهاتبوو، کەچی ئاماژەشی پێ نەکرابوو!!
ئەگەر جیا لەوانە بێینە سەر قسەکردن لەسەر لایەنى تەکنیکى لە بەرهەمەکانى کارۆخ، ئەوا بێ ویژدانییە ئەگەر نەڵێین لەو رووەوە کارەکانى کارۆخ لە هەموو دەرهێنەرانى دیکە جیاوازە، هەر لە تەنها یەک شەوەوە بگرە کە بینیمان دوو حەوزى گەورەى ئاو لەسەر شانۆ هەبوون و بەشی هەرە زۆری شانۆ دەجووڵا، لەو شانۆییەشدا بینیمان کە دیکۆرێکى چەسپاو نەبوو، بەڵکو لەگەڵ هەریەک لە حیوارەکان و گۆڕانى شوێنى رووداوەکان ئەوا دیکۆریش دەگۆڕاو کارەکەش کارێکى هێندە ئاسان نەبوو، کە بێگومان لەوەیاندا ناکرێ ماندووبوونى ستافی دیکۆر لەیاد بکرێ، ئەگەرچی لە هەندێ کاتدا دیکۆر وەکو پێویست جێبەجێ نەدەکرا، ئەوەش قوڕسی کارەکە بوو، نەک ستافی کارەکە، لەڕووى رووناکیشەوە بێگومان بایەخێکى زۆر بە رووناکى درابوو، کارێکى یەکجار باشیشی بۆ کرابوو، بەشێوەیەک کە زۆرجار رووناکى شتەکانى پێدەگووتى.
وەکو مۆسیقاش لەو کارەدا جیاواز لە بەشەکانى دیکەو وەکو زۆربەى کارەکانى دیکەى کارۆخ بایەخێکى زۆری پێدرابوو، لەبەرئەوەى تەواوى پارچە مۆسیقاکانى ئەو کارە زووتر و لە ستۆدیۆدا تۆمار کرابوون، کە بەڕاستى کارى جوان بوون و لەگەڵ ناوەرۆکى شانۆکەدا یەکیان دەگرتەوە.
وەکو نواندن لەو شانۆییەدا، بێگومان قسەکردن لەسەر ئاستى نواندنى هەریەک لە ئەکتەرانى بەشداربوو کارێکى هێند ئاسان نییە، لەبەرئەوەى “عومەر دڵپاک و حەمە سەعید ئیبراهیم وەکو بە ئەزموون و ژیار و بەهمەن و رزگار” وەکو گەنج خاوەن ئەزموون و هەوڵی خۆیانن لە بوارى شانۆ، بەڵام عومەر دڵپاک سەلماندى کە ئەکتەرێکى بەتوانایەو دەتوانێ کاربکا، بە پێچەوانەى ئەو حەمە سەعید ئیبراهیم نواندنى وەکو پێویست نەبوو، هەستدەکرا ئەو هونەرمەندە ماوەیەکى زۆرە لە شانۆ دوورکەوتۆتەوە و نەشیتوانیبوو لە ماوەى پرۆڤەى ئەو شانۆگەرییەدا دووبارە خۆی لەسەر تەختەى شانۆ رابێنێتەوە، وەکو دەنگیش دەنگى حەمە سەعید وەکو پێویست نەبوو، کاریگەرى نەخۆشییەکەى بە تەواوى بەسەرەوە دیاربوو، نواندنى گەنجەکانیش ژیار و بەهمەن کە کۆڵەگەى سەرەکى کارەکە بوون بەڕاستى بۆیان سەلماندین ئەوان دوو ئەکتەرن دەتوانن کارى باش بکەن و پەرە بە تواناکانى خۆیان بدەن، رزگار عەبدولرەزاقیش ئەگەرچی رۆڵەکەى رۆڵێکى ناوەندى بوو، بەڵام ئەو گەنجە شانۆکارە تا ئێستاش لەسەر شانۆ رەقەو ناتوانێ وەکو پێویست نواندن بکا، کە پێموایە لەوەشدا خەتاى دەرهێنەر هەیە، بەوەى دەیتوانى کارى لەسەر بکا، ئەگەر کاریشی لەسەر کردووە و وەکو خۆی بووە، خۆ دەیتوانى ئەکتەرێکى دیکە بێنێتە شوێنى و لە شوێنى ئەو کاربکا.
کۆتایی شانۆییەکانى کارۆخ هەمیشە پرسیار هەڵگر و جێی سەرسوڕمانە، ئەو لەگەڵ ئەوەى لە کارەکانى ئیش لە واقیع “ریالیزم” دەکا، وەلێ لە کۆتایی کارەکاندا دەبینین پاڵەوانى سەرەکی دەکوژێ و لە شوێنى ئەو بە تەکنیک ژیان دەداتەوە بەر کاراکتەرەکان، بۆ نموونە بەکارهێنانى سەوزایی و رووناکى خۆی لە خۆیدا ماناى سەر لەنوێ ژیانەوە و نوێبوونەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرئەوەى دەستپێکى کارەکانى کارۆخ وا دەستپێدەکا کە ئەوە خەیاڵی کاراکتەرى سەرەکییە و لە کۆتاییدا ناگەڕێتەوە هەمان شوێن هەمدیسان ئەوەشیان جێگاى پرسیارە.
کارکردن لە سێ شانۆگەری و ناوەرۆکى هەرسێکیشیان باس کردن لە کێشەکانى هاوسەرگیری و بەیەکگەیشتن و خیانەت و خۆشەویستى لەگەڵ ئەوەى بابەتى سەردەمین و بەشی زۆری گەنجان خۆیان لەناو دەبیننەوە، کەچی ئەو پرسیارە دروست دەبێ ناوەرۆکى ئەو شانۆگەرییانە چەندە لەگەڵ ژیانى خودى کارۆخ یەکدەگرنەوە، لەبەرئەوەى ناکرێ ئەو وتەیەمان لەیاد بچێ کە دەڵێ کەسێک خۆی لە نووسینێک نەبینێتەوە ناتوانێ کارى تیا بکا، کەواتا؟!
لە کۆتاییدا ئەوەى ماوە بیڵێم هەر کارکردنێک پێویستى بەوەیە دەستخۆشی لێ بکرێ و قسەشی لەسەر بکرێ، ئیتر کارۆخ یا هەر یەکێکى دیکە بێ، ئەو نووسینەى بەندەش تەعبیر کردن لە بیروڕاى خۆم نەبێ بەرامبەر کارەکە هیچی دیکە نییە، دووبارەش دەیڵێمەوە پێویستە کارۆخ کار لە دەقی بیانى یا نووسەرى باشی خۆمان کە نازانم هەمانە یان نا بکا، باشترە لەوەى خۆی دەق بنووسێ، ئەگەریش نا دەکرێ هەوڵبدا کارى ئامادەکردن قەسیدەى شیعرى و چیرۆک و رۆمان بکا بۆ دەقی شانۆیی.
مەسعودى مەلا هەمزە
Masoud.press@yahoo.com