شانۆکار شەیما فریاد: شانۆ لای من رۆحە ھەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەکان
خاتوونی شانۆکار (شەیما فریاد تۆفیق) یەکێکە لەوشانۆکارانەی کە خاوەن توانستێکی باشی ھونەری نواندنە.شانۆکار شەیما لە شاری ھەولێر لە دایک بووە دەرچووی بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی شاری ھەولێرە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەزوو ئارەزووی بۆ ھونەری شانۆ ھەبووە .بۆ پەرپێدانی بە ھونەرکەی دەچێتە بەشی شانۆی پەیمانگەی ھونەرەجوانەکانی ھەولێر لەماوەی پێنج ساڵەی خوێندنییدا بەشداری چەندین کاری شانۆیی کردوە ..لە نزیکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە .
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین شەیما چۆنە جیھانی شانۆی ناسی؟
– من ھەرمنداڵییەوە حەز و خوولیای ھونەری زۆرم بۆ شانۆ ھەبووھەر بۆیەکاتێ قۆناغی بنەڕەتیم تەواو کرد بەدوای دەرفەتێک دەگەرام بۆ ئەوەی پەرە بە بەھرەکەی خۆم بدەم تائەو کاتەی مامۆستای ھونەرمەند (ھیواسوعاد)م ناسی ئەو توانی پەرە بەبەھرەکەم بدات،من بە جیھا نی ھونەری شانۆ ناساند بەتایبەتی دەرفەتی پێدام بەشداری چەندین شانۆگەری بکەم، لەبەرئەوە جێگای شانازیە بۆ من لەگەڵ ئەو ھونەرمەندە گەورە کاربکەم.
* کێن ئەوانەی ھاوکار و پاڵپشتی شەیما بوون لە بواری ھونەری شانۆدا؟
– گومانی تێدانییە خێزاکەم زۆر ھاوکار وپاڵپشتم بوون بەجۆرێک ھەمیشە ھانیان دەدام، ھەروەھا ھونەرمەند ھیوا سوعاد زۆر ھاوکاری کردووم. ھەرچەندە کەبەداخەوە تائێستاش لەلایەن ھەندێ کەسەوە تووشی تیرو توانج دەبینەوە ئازار دەدرێن، بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەکەم من لە ھونەرەکەی خۆم بەردەوام دەبم.
*پەیمانگای ھونەرەجوانەکان بەشێکی گرنگی وێستگەی ژیانی ھونەریت بوو ،تاچەندپەیمانگا رۆڵی ھەبوو لە برەودان بە توانستەھونەرییەکانت؟
– من لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکان ئەلف و بێ شانۆ فێربووم فێرگەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی پەرە بەتوانستەکانی خۆم بدەم..ھەرچەندە بەداخەوە زۆر دەرفەتیان بە من نەدەدا،بۆ ئەوەی بەشداری کارام ھەبێت لە کاری نواندن.
* شەیما چۆن پێناسەی شانۆ دەکات ؟
– شانۆ لای من رۆحە ھەستە ژیانە دەرمانە بۆ ئازارەکان..زۆر باوەڕیشم بەم دەستە واژە ھەیە کە دەڵێت (نانێک و تەختەی شانۆم بدەنێ گەلێکی ھۆشیارت دەدەمێ)،بۆیە تا ئەو کاتەی دەمرم من واز لە شانۆ ناھێنم.
* بۆچی ھەندێک لەو شانۆکارانەی پەیمانگا تەواو دەکەن دوایی لە گۆڕەپانی ھونەری دیار نامێنن؟
– زۆر بەداخەوە زۆرێک لەو قوتابیانە لە ماوەی پێنج ساڵەی پەیمانگا چالاکن بەشداری کارە شانۆییەکانیش دەکەن بەڵام لە دوایی تەواو کردنی پەیمانگا لە کاری شانۆیی دووردەکەونەوە ھۆکارەکەشی ئەوەیە بەداخەوە ئەوانە تەنیا مەبەستیان بەدەست ھێنانی بڕوانامە بووە،لەبەرئەوەیە دوای دەرچوونیان لە پەیمانگا لەکاری ھونەری دووردەکەونەوە.
*رۆڵی شانۆ لە ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا چۆن دەبینیت؟
– بەھۆی ئەوەی ھونەری شانۆ لە رێگەی ئەکتەرەوە راستەوخۆ لەگەڵ بینەران، مامەڵە دەکات بۆیە کاریگەری زیاتر دەبێت بۆ وەرگر لە ھەمان کاتدا شانۆ،زۆر بەی ھونەرەکانی تر لەخۆدەگرێت وەک موزیک، شێوەکار تادەگاتە ئەدەب ، بۆیە ھونەری شانۆ فاکتەرێکی باش و گرنگە بۆ ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە ھەموو رووێکەوە.
* تاچەند بوونی رەخنەگری شانۆ بەپێویست دەزانیت؟
– من بوونی رەخنەو رەخنەگر لە بواری ھونەری و ئەدەبی بەپێویست دەزانم بۆئەوەی ھونەرەکە پێش بکەوێت چونکە ھیچ کارێکی ھونەری بەدەرنییە لە کەمووکوڕی بە مەرجێک رەخنەی بنیادنەر بێت نەک ڕووخێنەر.
*ئێمە لە کۆتاییدا زۆر سوپاس دەکەین ھیوای سەرکەوتن بۆ دەخوازین؟
-منیش سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەتان دەکەم لە کۆتاییدا دەڵێم ” من ھەمیشە تینوی شانۆم زۆریش حەز بە تەختەی شانۆ دەکەم”.
Discussion about this post