کامەران حاجی ئەلیاس
لەدایک بوونی ھەر شێواز و قوتابەخانەیەکی شانۆیی سەرەتا بەچەندین ئەزموون و پرسیار و تێبینی لێرەو لەوێ تێپەر دەبێت، دوای چەندین ئەزموون دەبێت بە قوتابخانەیەکی تایبەت کە بنەماو رێسای تایبەت بە خۆی دەبێت وەکو فۆڕمێکی تایبەت سەیر دەکرێت،بۆیە لەدایک بوونی ھەر شێوازێکی شانۆیی یان قوتابخانەیەکی شانۆیی کارێکی ئاسان نییە،لە سەرەتای دورست بوونیدا بگرە زۆر جار روبەرووی رەخنەی بەھێز دەبێتەوە بەجۆرێک،ھەندێک جاریش لەلایەن پسپۆرانی شانۆ سەرەتاپای ئەو فۆڕمەی بانگەشەی بۆ کراوە ڕەت دەکرێتەوە.. لەبەر ئەوە ھەرشانۆکارێک لەھەر ئاست و تەمەنێک دا یان لەھەر نەتەوەیەک بێت ئەگەر لەسەرەتای راگەیاندنی بۆچوونێکی نوێی لەسەر قوتابخانەیەکی نوێی شانۆ روبەررووی ڕەخنە یان رەتکردنەوە بێت پێمان وایە کارێکی ئاساییە….
ئێمەی کورد یاخود شانۆکارانی کورد ھیچمان کەمتر نییە لە ئاستی شانۆکارانی جیھان چەندین شانۆکاری بەتوانمان لە بواری نواندن ، دەرھێنان ،سینۆگرافیا، دیکۆر، موزیکی وێنەیی… لە گۆڕەپانی شانۆدا بوونیان ھەیە بەڵام نەمان توانییوە زیاتر کاری بۆبکەین خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی شانۆیی کوردی بدەینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە،ھەر لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو تاوەکو ئێستا شانۆکارانی کورد لەزۆر بەی فیستیڤاڵەکان کە لەسەر ئاستی عێراق سازکراون پشکی شێریان بەرکەوتووە لەوەرگرتنی خەڵاتەکان و ھەردەم لەباشترینەکان بووینە ،جا چ لەبواری دەرھێنان بێت یاخوود لە بواری نواندن بێت یاخود لەبواری سینۆگرافیا بێت… بێگومان لەم دوایانەش لەسەر ئاستی شانۆی عەرەبی شانۆکارانی کورد زۆرێک لە خەڵاتەکانیان بەدەست ھێناوە.. بۆیە ئەگەرشانۆکاری کورد لەدۆزینەوەو داھێنانی رێچکەیەکی نوێی شانۆبخاتەڕوو وەکو ھەنگاوێکی سەرەتایی نابێت لامان نامۆ بێت! ھەر بۆنموونە شانۆی ئاھەنگ سازییەکەی مامۆستای ھونەرمەند( ئەحمەد سالار ) کە لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو بە تیۆری وپراکتیکی خستە ڕوو دەتوانیین ئەم شێوازە ئاھەنگ سازییە شێوازێکی نوێ بوو لەنێو شێوازەکانی شانۆدا.. بەڵام ئێمە نەمان توانی وەک پێویست کاری لەسەر بکەین ،زۆرێک لە ئێمەمانان پێمان وایە شانۆی ئاھەنگ سازی تایبەتە بە دەرھێنەری مەغربی(عەبدولکەریم بەرشیت)، بەڵام ھەر بۆ زانیاری لەو کاتەی ھونەرمەندی گەورەی مەغربی ئامادەی پێنجەمین فیستیڤاڵی ھەولێر بۆ شانۆ کەلە١٠تاوەکو ١٤-١٢-٢٠١٨ لەشاری ھەولێر بەرێوە چوو لێدوانێکی تابیبەت دا ھونەرمەند عەبەولکریم بەرشیت دەڵێت” شێوازە ئاھەنگ سازییەکەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە شێوازەکەی من زۆر جیاوازە”. کەواتە توانستی شانۆکارێکی کورد لەداھێنان و شێوازی نوێی شانۆ ،ھیچ کەمتر نییە لە شانۆکارانی جیھان.
بابێمەسەر ناوەڕۆکی ناوەڕکی مانشێتەکم شانۆکاری کورد (گۆران سەرگەڵوویی)لە ١٥-١-٢٠٢٤ لە شاری ھەولێر بەدیارکراوی لە ھۆڵی بەرێوەبەرایەتی ھونەری شانۆ بەئامادەبوونی بەشێک لە مامۆستایان و قوتابیانی کۆلیژی ھونەرەجوانەکان لەگەڵ ئامادەبوونی چەند شانۆکارێکی کوردستان لە سمینارێکی دا بانگەوازی بۆرێچکەیەکی نوێی شانۆ کرد بە ناوی (رێچکەی شانۆی سناپ) لە سیمنارەکەدا شانۆکار گۆران بەکر حەمە ئەمین (گۆران سەرگەڵوویی) مانیڤێستی یاخود بنەماکانی (رێچکەی شانۆی سناپ)ی بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی بۆ ئامادەبووانی خستەڕوو لەرووی تیۆرییەوە ١٠ خاڵی وەکو بنەماکانی (رێچکەی شانۆی سناپ) خستە ڕوو کە بریتی بوون لە:
١- پێویستە ماوەی نمایش لە شانۆی سناپ لە لە ٤خوولەک ٥٩ چرکە تێپەڕنەکات.
٢- پێویستەنمایش ڕوون ئاسان و بێ گرێ گۆڵ و سادەبێت .
٣- پێویستە ئەوە بزانین کە ھەرچەندە بینەری ئاسایی نمایشەکە دەبینن، بەڵام نابێ لە ئاستی ھونەرەی نمایشەکە دابەزێت.
٤-دەرھێنەر نابێ لەھیچ لەیەکەیەکی،نمایش چاوپۆشی بکات و بەساکاری نمایشەکەی بکات.
٥- دەرھێنەر ئازادە لەبەکار ھێنانی ھەر رەوت ورێباز ورێچکەیەک بۆدروست کردنی نمایشەکەی.
٦-لە شانۆی سناپ دا کەمتر پێوستیمان بە نووسەرە ،بەڵکۆ دراما تۆرگ یان دەرھێنەر یان ردەرھێنەرو تیمەکەی بەیەکەوە برینەکەی دەدۆزنەوەو قتماغەی ھەڵدەدەنەوە.
٧- بیرۆکە لەیەک تێکست یان نووسەر وەردەگیرێت ،ئەو بیرۆکەی یان ئەوەچەمکەی دەقەکەی لەسەر بنیاد کراوە وھەنووکەیی بێت بتوانین لە کاتی نمایشدا تەوزیفی بکەین،ئەمەش کاری دراما تۆرگە بۆمان پوخت و چڕبکاتەوە.
٨-ئەگەر وەرگر پەرچەکرداری ھەبوو، پێویستە دەرھێنەر و ئەکتەر ئامادەبن بۆ ئەوەی دیالۆگی لەگەڵدا بکەن .
٩- بەپێی گونجاوی بەرھەمەکە دەرھێنەرئازادە لەھەڵبژادنی شوێنی نمایش بەمەرجێک لۆکەیشن گونجاو بێت و لەخزمەتی نمایشەکەدا بێت.
١٠-پێویستە پێش نمایش کەشێکی لەبار بۆ وەرگر وئامادەبووان بڕەخسێندرێت کە بەتەواوی ئامادەی بینینی نمایش بن .
دوایی خوێندنەوەی مانیفێستەکە نمایشێک وەک پراکتیکی (رێچکەی شانۆی سناپ) پێشکەش بە ئامادەبووان لە پاشان دەرگای گفتوگۆ کراییەوە دیالۆگ لە لەنێوان ئامادەبووان و دەرھێنەر (گۆران سەرگەڵوویی) دەستی پێکرد .
ئەگەر سەیری ناونیشانی ئەو ڕێچکە شانۆییە بکەین،( شانۆی سناپ) کە شانۆکار ( گۆران سەرگەڵوویی)،بانگەشەی بۆدەکات راستەو خۆ بیرمان بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی (سناپ چات) دەچێت بەڵام ئایا خاوەنی بیرۆکەکەی شانۆی سناپ مەبەستی ھەمان ئەو تۆڕەکۆمەڵاتییە ،لەمیانی وتەکانی گۆران دا بۆمان دەردەکەوێت کە شانۆی سناپ ھیچ پەیوەندی بە تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپ چاتەوە نییەوە . وشەی سناپ وشەیەکی ئینگلیزییە بەکارێ دەوترێت کە بەخێرایی لە ماوەیەکی زۆر کورت وخێرائامانجەکەی بپێکێت، شانۆی سناپ ئامانجی ئەوەیە نمایشێک پێشکەش بکات کە لەکەمترین کات بە تێچوویەکی کەم لە کات و وزە پێشکەش بکرێت.. بەھۆی ئەوەی مرۆڤ لەوسەردەمەی ئێستادا ئەوەندە سەرقاڵە ناتوانێت بپڕژێتە سەرھەموو کایەکانی ژیان بە واتایەکی تر کات کە (٢٤) کاتژمێرە وای لێھاتووە ئەو کاتە (٢٤) کاتژمێرییە بەشی نەکات بەجۆرێک ئەو کەسەی ھیچ کاریشی نییە بەھۆی جیھانی عەولەمەو خێرایی گۆرانکارییەکان و زۆری تۆڕەکۆمەڵاتیان ئەو ھەمووکاتەی بەش نەکات .
ئەگەر سەیری نمایشێکی ئاسایی شانۆیی بکەین ھەر شانۆگەرییەک پێش نمایش کردنی پێویستی بەلایەنی کەم (٣-٦) مانگ بە پرۆڤە بکەیت بۆئەوەی نمایشەکە ئامادەبێت و چەمکەکەی بگاتە بینەران ..لەلای یەکی تر ئەگەر شانۆگەریییەکە ماوەی نمایشەکەی دوو کاتژمێر بێت دەبێ بینەریش ئامادە بێت بۆ ئەوەی لە کاتەکەی خۆی سێ کاتژمێر بۆ نمایشەکە تەرخان بکات بەڵام لە شانۆی سناپ ھەموو ئەو کاتانە کورت دەکاتەوە بەشێوەیەکی پوخت نمایشەکە پێشکەش دەکات بەماوەیەکی کورت ئامانجەکەی دەگەیەنێت.لە شانۆی سناپ دا زیاتر کار لەسەر بیرۆکە دەکرێت نەوەک دەق ئەمەش کاری دراماتۆرگە لە ھەمووی گرنگتر ھەروەکو لە مانڤێستەکەدا ھاتووە زیاتر کار لەسەر بابەتە ھەنوویەکانی نێو کۆمەڵگا دەکات.
لەمیانی سیمنارەکەدا گفتۆگۆیەگی گەرم لەنێوان ئامادەبووانی لێکەوتەوە، زۆر بەی پرسیارەکانیش رووبەربەری خاوەن بیرۆکەی شانۆی سناپ (گۆران سەرگەڵوویی)،کرانەوە بۆنموونە کاتی نمایش بۆچی ماوەی نمایش لە ٤خوولەک ٥٩ چرکە تێپەڕنەکات ؟ باشە ئەگەر بمانەوێت دەقێکی شکسپیر وەکو (ھاملێت) ،یان دەقێکی ئەبسن وەکو (دوژمنی گەل)پێشکەش بکەین چۆن دەکرێت لە شانۆی سناپ دا نمایش بکرێت ؟ ئەگەر مەبەست لە کەمکردنەوەی کات بێت بۆ بینەر بەوەی کاتی نییە بێت سەیری نماشێکی دوو کاتژمێری بکات تۆ لە ماوەی لە ٤خوولەک ٥٩ چرکە نمایشێکی پێشکەش دەکەیت ،بەڵام ئایا ھاتنی بینەر بۆ ئەو جۆرە نمایشە کاتی ناوێت جا بەپیادە بێت یان بە ئۆتۆمبیل ،ئایا ناکرێت ھەر لەرێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی شانۆی سناپ ئەو فۆرمە شانۆییە پێشکەش بکرێت؟باشە ئەگەر ماوەی نمایش کە لە شانۆی سناپ لە ٤خوولەک ٥٩ چرکە تێپەڕنەکات ئەگەر ماوەکەی زیاد بکرێت جیاوازی لە گەڵ فۆرمەشانۆییەکانی چی دەبێت ؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری تر لە سمینارەکەدا گفتۆگۆی لەسەرکرا .
سەرەتایی دورست بوونی ھەر فۆرمێکی شانۆیی یاخود قوتابخانەیەکی شانۆیی بە کامڵی لەدایک نابێت بەڵکو کاتێکی زۆری دەوێت کە لەوانەیە چەندین ساڵ بخایەنێت تا دەبێتە فۆڕمێکی تەواو بێگومان لەو ماوەدا چەندین گەنگەشەو راوسەرنج دەخرێنە ڕوو .. لێرەدا من دەست خۆشی لە شانۆکار (گۆران سەرگەڵوویی)، دەکەم کە ئەو بوێرەی ھەیە ، بانگەوازی بۆ رێچکەیەکی نوێی شانۆ بکات بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی ئەو رێچکە شانۆییە ڕابگەیەنێت ..لە ئێستادا مانفێستەکەی یاخود بناماکانی رێچکەی شانۆی سناپ جگەلەوەی بەزمانی کوردی بڵاوکراوەتەوە ، لە ھەمان کاتدا کاری وەرگێرانی بۆ سەر زمانی عەربی و ئینگلیزی بۆ کراوە…نیاز وایە کاری زیاتر لەسەر بکرێت گفتوگۆی زۆری لەسەر بکرێت ئەم بابەتە گەنگەشەی زۆری دەوێت ھیودارم لەداھاتوو ئەم فۆڕمە شانۆییە ببێتە سەکۆیەکی کراوە بۆ سەرجەم شانۆکاران لە ھەر شوێنێک دا بن..
لەکۆتاییدا پێم باشە بۆ مێژوو ئەو بەرێزانانەی لە نمایشەکە(من ھەم) بەشداربوون، لێرەدا ئاماژە بەناوەکانیان بدەین.
ئامادەکردن و دەرھێنانی / گۆران سەرگەڵوویی
نواندنی/ تاڤگە حسێن کەریم، شەھرام نامیق، ڕاز کەمال، ئومێد ڕەزا، شەنیار محمەد، شادی عوسمان.
جل وبەرگ/ بەشداران
جێبەجێکردنی / شوان حمە سعید
تەکنیک:محمەد تارق، شڤان خزەر
پۆستەر و دەلیل/ تاڤگە حسێن کەریم
سەرپەرشتی گشتی/ پ.ی. ژیلوان تاھیر
سەرپەرشتی بەرھەم/ م.ی دانا محمەد
نمایشی (من ھەم) لەھۆڵی بەرێوەبەراتی ھونەری شانۆی ھەولێر- لە ١٥/١/٢٠٢٤ کاتژمێر ١١ی بەیانی نمایش کرا.
Discussion about this post