لەمیانەى بەخششە بەردەوامەکانى تیپى شانۆى سالارء (گۆڤارى شانۆ) بە بۆنەى رۆژى جیهانیى شانۆوە رۆژى (27ى مارسى2010) دەستپێکى یادکردنەوەى ئەم بۆنەیە لە شارى سلێمانى بە چەند دیارییەکى ناوازە بەهادار دەکات.
رۆژى 27ى مارسى 2010ء لە کاتژمێر 10ى سەرلەبەیانى لە بارەگاى تیپى شانۆى سالار دەستپێکى ئەو کەرنەڤاڵە دەستپێدەکاتء تیایدا شیرینى ئەو بۆنەیە دەخورێتء لەگەڵ ئەوەشدا رێز لە سێ شانۆکار دەنرێت کە لە نۆبەرەى بەرهەمەکانى تیپى شانۆى سالاردا کە شانۆگەریى (کوێرئۆغڵى) بوو جێدەستێکى دیاریان هەبوو، ئەو سێ شانۆکارەش بریتین لە هەریەک لە هونەرمەندان (شەفیق محەمەد) دەرهێنەرى شانۆگەرى ناوبراو لەگەڵ هەریەک لە هونەرمەندان (یونس حەمە کاکەء فەریدە ئەحمەد) دوو ئەکتەرى سەرەکیى نێو شانۆگەریى (کوێرئۆغڵى).
هەروەها خەڵاتێکى تایبەتیش پێشکەش بە هونەرمەند (تەها بابان) دەکرێت سەبارەت بە دەستپێشخەریکردنى لە داهێنانى (خەڵاتى بابان)ء خەرمانەى بەخششەکانى. هەر لەو کەرنەڤاڵەدا گۆڤارى (شانۆ) کە گۆڤارێکى دوو مانگ جارییەء بە هەردوو زمانى کوردىء عەرەبى بڵاودەبێتەوە وەک تاکە گۆڤارى تایبەتمەند بە هونەرى شانۆ لە کوردستانء عێراق بەگشتى ژمارە (سفر)ى بڵاوکراوەى رۆژى جیهانیى شانۆ بە سێ زمانى (کوردىء عەرەبىء ئینگلیزى) بڵاودەکاتەوە کە لە 12 لاپەڕەى رەنگاو رەنگ پێکهاتووە ء تیایدا جگە لە بڵاوکردنەوەى پەیامى رۆژى جیهانیى شانۆء پەیامى شانۆى کوردستانء پەیامى شانۆى عەرەبى، چەندین وتارء رێپۆرتاژء دیدارء پەیامى تایبەت بەم بۆنەیە بڵاوکراوەتەوە.
هەورەک چۆن ژمارەى نوێى گۆڤارى (شانۆ) بە دیارى دەبەخشرێتە شانۆکاران ئەو گۆڤارەى کە لە ساڵى 2006دا یەکەمین ژمارەى لێ چاپء بڵاوکرایەوەء هەتا ئێستاش (16) ژمارەى لێ دەرچووەء بۆتە جێگەى گرنگییەکى زۆرى نێوەندى شانۆى کوردىء عەرەبى بەگشتى.
هەر لەو کەرنەڤاڵەدا چوار کتێبى شانۆیى لە چاپکراوەکانى گۆڤارى (شانۆ) بە دیارى بڵاودەکرێتەوە کە بریتین لە کتێبەکانى : (نێوێ مسرحیە_بەزمانى عەرەبى) لە نووسینى مامۆستا (محییەدین زەنگەنە) و(سیمیا لەشانۆدا) نووسینى (سەڵاح جەلال) و دووکتێبى نوێى هونەرمەند و نووسەرى دوورە وڵات(دانا رەووف) سەبارەت بە ( هارۆڵدپنتەر) و(شانۆى سوێدى).