سەدیق سەعید ڕواندزی
دەقی شانۆیی وەک ژانڕێکی ھونەری، ھاوشێوەی ھەر دەقێکی دیکەی نووسراو، بونیادێکی واتایی و زمانەوانی ھەیە، وەلێ جیاوازی لەگەڵ دەقەکانی دیکەدا ئەوەیە، کە لە شانۆدا, وشە و دەربڕینەکان تەرجەمەی واقیع دەکرێن و لە زمانی نووسینەوە دەبنە زمانی جووڵە و ئاماژە و گەیاندن. بۆیە دەقی شانۆیی وەک تێکستێکی نووسراو، بە بێ نماییشکردن، ئەو ڕەھەندە واتاییە ناگەیەنێت وەک ئەوەی لە دەقی دیکەدا دەبینرێت، چونکە لە بنەڕەتدا بۆ نماییشکردنە و زمانی تێکست، زمانی جەستە و ڕۆڵ بینینە، لەوەی زمانی خوێندراو بێت، لە زمانی شانۆدا، ئێمە ھەر تەنھا لە پەیوەندی بە خوێندنەوە وەک کردەیەکی ھزری نین، بەڵکو لە سەر چەندین ئاستی جیادا و لە ڕێگەی کۆی ھەستەکانمانەوە بەر دەق دەکەوین، بەو پێیەی دەقی شانۆ، ھەر تەنھا دەقێکی خوێندراو نییە، بەڵکو نماییشکارانەشە و دەخرێتە سەر مینبەری شانۆ و دەبینرێت. ئەوەی دەقێکی شانۆیی لە دەقێکی ڕۆمان و چیڕۆک جیا دەکاتەوە، ئەو ئاستە نماییشکاریەیە کە دەشێ بە بێ بینینیشی، تەنھا لە ڕێگەی خوێندنەوە و پەیوەندی کارەکتەرەکان و زمان و دەربڕین و جووڵەیان، ھەستی پێ بکەین و بەریبکەوین. ئەگەر مرۆڤێک لەو پەڕی توورەییدا، لە میانەی گێڕانەوەی ڕووداوێکی نێو ڕۆماندا، نەتوانێت ئەو پەرچە کردارییە دەروونییەی خۆی لە پەیوەندی بە ئەوانیتر بگەیەنێت، ئەوا لە شانۆدا دەتوانێت، چونکە لە شانۆدا ھەر تەنھا گێڕانەوە بوونی نییە، بەڵکو پەیوەندی زمانی و جەستەیی و سایکۆلۆژی کارەکتەرەکانیش ھەیە، بەو مانایەی ئێمە دەتوانین درک بە تووڕەییەکانی کارەکتەرێکی نێو شانۆ لە کاتی نماییشدا بکەین، ھەر ئەمەشە جیاوازی خوێنەوە و بینین لە ڕووی گوتارەوە لە شانۆ و ڕۆماندا دەردەخات کە لەوەی یەکەمیان زمانێکی نماییش و بەرجەستەییە، لەوەی تریان زمانێکی خوێنراو بێ جووڵە و دەنگ و سەدایە. شانۆنامەی (میوانێک لە سەر زەمینێکی دوورەوە) باس لە وێرانکردن و تێکدانی گوندەکانی کوردستان و پرۆسەی بەدناوی ئەنفال، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکات. لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار و ئەفسەرە سەربازییەکان، دوای ئەوەی گوندەکان وێران دەکەن، ژن وکچەکان بە دیل دەگرن و لە نێو ئەو ھەموو کچانەدا، ،یەکێکییان زۆر جوان و سەرنجڕاێشە بۆیە سەلیمی بەردەستی سوپاسالار، داوا لە فەرماندەکەی دەکات، کە بۆخۆی، واتا سوپا سالار بێت. جوانی ئەم کچە بە کەنیزەکراوە، وا لە ھەمووان دەکات، وەک حۆرییەک بیبینن و بیناسێنن، بۆیە سەلیمی (ھاوەڵ _موڕاسیل) ی سوپاسالار، کە کارەکەر و بەردەستی سوپاسالارە، لەگەڵ نادیەی خزمەتکاری ماڵی سوپاسالار، پێشنیاری ئەوە دەکەن ئەوکچە وەک دەسکەوتی شەڕ و وێرانکردنی گوندەکان، بۆخۆی ھەڵبگرێتەوە، ئەویش لە سەر داوای ئەوان، گڵیدەداتەوەو ناوی دەنێت سوندس. سوپاسالار، بڕوای وایە، ئەمە لە پاداشتی سەرکەوتنیەتی لە شەڕدا، خوا ئەم جوانەی پێشکەش کردووە. جوانی سوندس، دەبێتە پرس و بابەتی ھەمووان و ھەرکێ دەیبینێت، سەرسامی دەبیت، بۆیە سوپاسالار و سەلیم، ڕێکدەکەون کە لە بۆنەیکدا سوندس وەک حۆرییەکی بەھەشت، کە لە ئاسمانەوە بۆ سوپاسالار دابەزیوە، بناسێنن و ئیدی لە ئاھەنگێکدا کە سوفیانی فۆتۆگرافەر، ئەنوەری نیگارکێش، سەلامی پەیکەرتاش و چەندین ئەفسەر و سەرباز و ژنە کارەکەرەکانی دیکەی ماڵی سوپاسالار تیادا بەشدار دەبن، سوندس دەناسێنرێت و بەڵام لیوا ڕوکن وەفیق، خۆی لە بەر جوانییەکەی ناگرێت و پەلاماری دەدات. چیڕۆکی سوندس، دەگاتەوە سەرۆکی وڵات کە نابینایە، سەرۆک پێی وایە ئەم ژنە، دەبێتە سەرچاوەی ئاشووب و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نێوخۆی، بۆیە دەبێت وەک ژنەکانی دیکە، بکوژرێت و بزر بکرێت، بەڵام بە خۆکوشتنی سوپاسالار لە غەم و مەراقدا، ئیدی سەلیم، سوندس بۆ ماوەی پێنچ ساڵ دەشارێتەوە، تاکو سیستەمی وڵات دەڕووخێت و ئەمیری موسڵمانان دێت و سەلیم و نادییە و ھەمووان بەیعەت بە ئەمیر دەدەن. بێگومان کارەکتەرەکانی نێو دەقێکی ڕۆمان، یان چیڕۆک و شانۆنامە، دەبێ لە ڕووی شوناسی کەسی و کۆمەڵایەتی، پیشە و ئاستی تێگەیشتن و ھوشیاری و جیھانبینیان لە یەکتری جیا بن. ئەم جیاوازکەوتنەوەیە، بەشێکە لەو سرووشتە کۆمەڵایەتی و بایۆلۆژیەی مرۆڤەکان ھەیانە، بەو مانایەی مرۆڤەکان دواجار لە ڕووی شوناس و بیرکردنەوە، جیاواز دەکەونەوە لە یەکتری، لە ڕووی زمان و ھەڵسوکەوت و کردارو ڕەفتارەکان. ئەم جیاواز کەوتنەوەیە، لە دەقی ئەدەبیدا، دەبێ زۆر بە وردی و لە ڕووبەری ڕووداوەکاندا دەربخرێت و جەخت لە ناسنامەی سەربەخۆیی کەسایەتییەکان بکرێتەوە، کە خۆیان دواجار وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی نووسەر، بیر بکەنەوە و ھاوتەریب لەگەڵ ڕووداوەکاندا بڕۆن، چونکە لە نێوان دەنگی گێڕەڕەوەی ھەمووشتزانی دەرەوەی فەزای دەقەکە، لەگەڵ گێڕەڕەوەی نێو دەقەکە کە لە سەر زمانی کارەکتەرەکان دەگێردرێتەوە، دەبێ جیاوازییەکی بنچینەیی ھەبێت، ئەگینا بە ئاسانی زاڵبوونی دەنگی نووسەر بە سەر ڕووداوەکان دەبینرێت. لەو ڕوانگەیەوە، لە و شانۆنامەیەدا، گەر لە سەر زمانی کارەکتەرەکان و پێگە و ئاستی تێگەیشتن شوناسی پیشەیی و کۆمەڵایەتییان بوەستین، دەبینین ھەست بە بۆشایەکی گەورە دەکەین. سەرەتا ئەو کارەکتەرانەی کە ڕۆڵی سەلیم، سوپاسالار، ئەفسەر و لیوا ڕوکن دەبینن، ھەموویان کارەکتەری سەربازین. ھەڵبەتە سەرباز لە پاڵ شوناسی کەسی و کۆمەڵایەتییانەی خۆی، شوناسێکی دیکەی ھەیە کە ئەویش سیفەتی سەربازییە. سەرباز کەسێکە، پابەندبوونێکی دیسپلینی و سەربازی ھەیە و ئەرکی تەنھا جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەیە، کە بە پێی پلەبەندی سەربازییەوە، لە باڵاترین دەسەڵاتەوە بۆ نزمترین دەسەڵات دەردەچن. ئەگەر ئەو پلەبەندییەش کە بنەمای سەرەکی و بنەڕەتی ژیانی سەربازییە نەبێت، ئەوا شتێک نییە بە ناوی پەیکەری کارگێڕی سوپا و لەشکر. سەرباز لە ژێر فەرماندایە، ناتوانێت لەو ئەرکەی بۆی دیاریکراوە دەربچێت، ئەمە بەو مانایە نییە سەرباز مرۆڤ نەبێت و بوونەوەرێکی دەعەجانی بێت، بەڵکو بەو مانایەی سەرباز بەرلەوەی مرۆڤ بێت، لە ژیانی سەربازیدا سەربازە، بۆیە ھەمیشە پێی دەگوترێت جێبەجێ بکە، دوانر گفتوگۆی لە سەر بکە کە لێرەدا بەھا و مانایەک بۆ گفتو گۆ نامێنێتەوە. پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لە ژیانی سەربازیدا، لە سەر ئەو پلەبەندییە ڕێکدەخرێت و شێوەی ھەڕەمێکی پیرۆز وەردەگرێت. ئەو زمانەی لە سەربازگەیەک و لە جەنگ و شەڕدا ھەیە، زمانێک نییە وەک ھەر زمانێکی دیکەی نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە لەوێدا ئەرک و ڕێککاری سەربازی ھەیە. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە کارەکتەرە سەربازییەکان لەو شانۆنامەی بەختیار عەلی بدەین، ئەوا ھەست ناکەیەن ئێمە لە بەردەم وێنەیەکی تۆقێنەر و جەلادانەی سەرباز و فەرماندەکانداین، بەڵکو وەک ھەر کەسێکی ئاسایی دەبینرێن و دەدوێن. تەنانەت پەیوەندی سەلیم وەک موڕاسیلێک ( ئەوانەی سەربازییان کردووە دەزانن موڕاسیل َچییە!) و سوپاسالار کە بەرزترین پلەی سەربازییەو لە دوای وەزیری بەرگرییەوە دێت، پەیوەندییەکی زۆر ئاسایی و کۆمەڵایەتی و کاریکاتۆرانەیە. سەلیم بە جۆرێک لەگەڵ سوپاسالار دەدوێت، کە ھیچ سام و ترس و شکۆیەکی سەربازی لێ نابینرێت، کە ئەمەش پێچەوانەی ژیانی سەربازییە کە جیاوازییەکی گەورەی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ھەیە. سەلیم و سوپاسالار، وەک دووکەسی میللی و ئاسایی دەدوێن، تەنانەت نادییە و سوفیان و ئەوانیتریش بە ھەمان شێوە لەگەڵ سوپاسالار گفتوگۆ دەکەن، وەک ئەوەی لەبەرانبەر ھەر کەسێکی دیکەی ئاسایی بن. لێرەدا خاڵێک ھەیە کە دەبێ ڕوونی بکەمەوە، بۆ ئەوەی وا لێک نەدرێتەوە کە ئەمە دەقە و پەیوەندی بە واقیعەوە نییە و لە خەیاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک ئەوەی زۆرجار کاک بەختیار و خوێنەرە زەبەند و سەرسامەکانی ئەویش، لە وەڵامی ئەوانیتردا، وەک وەڵامدانەوەیەکی ئامادە و جازر بەدەست دەیڵێن. مەبەستی ئێمە ئەوەیە، لەو دەقەدا ئێمە لە بەردەم کارەکتەرێکین کە سەربازە، سەربازیش دەبێ پابەندی بنەما سەربازییەکان بێت و وەک سەرباز ڕەفتار بکات، بەرلەوەی وەک مرۆڤ، چونکە نابێ ئەوەمان بیربچێت پرۆسەی بە سەربازبوونی مرۆڤە دواجار ئەو ھەست و تێگەیشتنەی لا دروت دەکات، کە وەک سەربازێک بکوژێت و خوێن بڕێژێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کرداری بە سەربازیبوونە بەو مانایەی تا ھەڵگڕی شوناسی مرۆڤە، ناتوانێت کەس بکوژێت، بەڵام کاتێ دەبێتە سەرباز، ئیدی ھەست دەکات ئەوەی دەیکات، جۆرێک لە ڕەوایەتی مرۆیی و یاسایی ھەیە، بۆیەشە لە جەنگەکاندا، ھیچ کام لە سەرباز و فەرماندەکان، خۆیان وەک بکوژ نابینن و بڕوایان وایە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان جێبەجێکردووە. کەچی لەو شانۆنامەیەدا، سوپاسالار وەک ئەوەی ھیچ پلەیەکی سەربازی نەبێت وەھا ڕەفتار دەکات. ئەو لە دیالۆگێکدا بە سەلیمی سەرباز و ھاوەڵی دەلێت :_( من بۆیە حەزم لە جوانییە چونکە ڕقم لە بیرکردنەوەیە . ل ٥٧) بەڵام بە پێچەوانەوە، کەس ئەوەندەی فەرماندە سەربازییەکان بیر ناکەنەوە، پێویستییان بە نەخشە و پیلان و نەخشەڕێی ھێڕش و بەرەنگاری نییە. ئەمە لەگەڵ سرووشتی پیشەیی و ئەرکی سەربازییانەی سوپاسالار یەک ناگرێتەوە. واتا لەو شانۆنامەیەدا، ئێمە لە بەردەم فەرماندەیەکی باڵای سوپاداین، بەڵام لە بنەڕەتدا وەک فەرماندەیەکی سوپا، ڕۆڵ نابینێت، ھەروەھا موفتی وڵاتیش کە بەرزترین پایەی دینییە، کەچی وەک ئەوە وایە شارەزایەی لە ئایین ھەر نەبێت. موفتی دەڵێت:_(خودای گەورە ھێزگەلی بێ سنووری بە شەیتان بەخشیوە. ل ١٩١) بەڵام شەیتان دەسەڵاتێکی بێ سنووری نییە، ناتوانێت فریشتەکان بە لاڕێ دابەرێت و ئەگەر شەیتان بیتوانیایە ھەموو شتێک بکات، ئێستا کەسێک لە ژیان نەدەما پاک و بێ گوناە بێت، کەواتا چۆن دەبێت کەسێک پلەکەی موفتی بێت، بەڵام زانیارییەکی ئەوتۆی لە سەر شەیتان نەبێت؟! ئەمە پەیوەستە بە زاڵبوونی دیدگای نووسەر، بە سەر ڕۆڵی کارەکتەرەکانی شانۆنامەکە، بەو مانایەی لە بری ئەوەی سەربەستیان بکات خۆیان وەک کارەکتەر ڕۆڵ بگێڕن، بە پێچەوانەوە نووسەر لە دەرەوەی دەقەکە جلەویان دەکات و بە ئارەزووی خۆی، ڕۆڵیان پێ دەگێڕێت، کە ئەمەش لە تەکنیکی ڕۆمان و چیڕۆک و ئەو ژانڕانەی کەسیەتی ڕۆڵیان تێدا دەبینێت، نابێ بوونی ھەبێت. لە دیمەنی دووەمدا، دوای ئەوەی سیستەمی سیاسی وڵات دەگۆڕێت و ئەمیر و پیاوە موجاھیدەکان دەسەڵات دەگرنە دەست، ئیدی ھەر یەک لە سەلیم و ژنەکان و سەربازەکانیش، بەیعەت بە دەسەڵاتی خەلافەت و ئایینی دەدەن و لە بەرگی باڵاپۆشی و ئیسلامییانە دەردەکەون، سوندس کە پێنچ ساڵ لەلایەن سەلیمەوە شاردراوەتەوە، دوای ئەوەی سەلیم لەلایەن پیاوەکانی ئەمیرەوە دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، ئیدی دان بەوە دا ئەنێت کە سوندسی شاردۆتەوە، بۆیە سوندس دەداتە دەست ئەمیروبەھەمان شێوە بۆ ئەوانیش وەک ژنێک جوانییەکەی مایەی سەرنجە و دەیان پیاوی موجاھید، پۆل پۆل ئامادەن لە پێناویدا بچمە جیھاد وخۆیان بەکوشت بدەن، چونکە حۆرییە. لەو دەسەڵاتەش ئەمیر و فەرماندەکان، تەماحییان دەچێتە سوندس و ئەوەی ناگۆڕێت ھەمان ئەو دیدگا پەتریاکی و پیاو سالاریەیە کە بوونی ھەیە بەرانبەر بە ژن. ئەمیر و پیاوەکانی، سوندس وەک موعجیزەیەک دەبینن، کە ئەمەش دیسانەوە درک نەکردنە بە ڕەھەندی ئایینی لە کۆمەڵگە لای بەختیار عەلی، چونکە موعجیزە بۆ کەسان وگەلانی بڕوادار نییە، بەڵکو بۆ بێ باوەڕەکانە. موسڵمانان، لە سەر بنەمای (کن فیکون) دەڕواننە دەسەڵاتەکانی خودای گەورە و باوەڕیان وایە ھەموو شتێک لەلایەن خوداوە حەتمیەتی ڕوودانی ھەیە. موسا کە دەریای سووری شەق کرد، بۆ بەنی ئیسرائیلیەکان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوە بوو کە فیرعەون و قەومەکەی لە ھێز و باڵادەستی خودای گەورە بگەن. کە قورئان بۆ پەیامبەر دابەزی، بۆ قوڕەیشەکان و بتپەرستەکان بوو، بۆیە کاتێ ئەمیر و موجاھیدەکان، بڕوایان وایە سوندس موعجیزەیە، تێگەیشتنێکی ھەڵەیە، چونکە موسڵمانان دەزانن ھەمووشتێک لای خوداوە ڕوودەدات. کاتێکیش جەنگاوەرانی خەلافەت بەیەکتری دەڵێن:_( تا ئەو حۆریەمان نەبینی نەمانزانی چ جیاوازییەک و مەودایەکی گەورە لە نێوان ژیانی بەھەشت و ژیانی سەر زەوی ھەیە) لە ڕاستیدا ھەڵەیە، چونکە نەخوێندەوارترین و گەمژەترین مرۆڤی موسڵمان و بڕوادار، دەزانێت جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژیانی دنیا و دوایی ھەیە. ئەمیر، بڕوای وایە سوندس سەرچاوەی تێکچوونی ئاسایشی خەلافەت و تێکدانی ھزری موجاھیدەکانە و داوا دەکەن بیکوژن، چونکە ناشێ حۆرییەکان لە سەر زەمین بن و ئەوان تەنھا لە بەھەشتی خودادا بوونیان ھەیە. لە پەردەی سێیەمدا، ھەریەک لە تارمایی سوپا سالار و نەجیبە و سەلیم، ڕێکدەکەون ئیدی سوندس بکوژن، بۆیە سەرەنجام بڕیار دەدەن، بیکوژن تاکو ئەویش بچێتە ڕێزی ئەو ژنانەی زیندە بە چاڵ کران و وەک دەسکەوتی شەڕ دیل بوون و کوژران. بەمەش ڕووداوەکانی نێو شانۆ نامەکە کۆتایان پێدێت. سوندس، کاتێ لەلایەن سوپا و ھەروەھا ئەمیرەوە وەک دیلی جەنگ، بە کەنیزە دەکرێت و سەودای پێ دەکرێت، ئەوا وەک پاشماوەی شەڕی بێ باوەڕان وایە، بەو مانایەی بەعس و داعشیش، کورد وەک بێ باوەڕ و کافر دەبینن و سەر و ماڵیان حەڵال دەکرێت، ئەمەڕاستییەکەیە و فاکتەری پشت ئەنفال و بگرە پەلامارەکانی داعشی ئیسلامیش بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەر بە خۆپارێزییەوە لە ئایین ئەو شانۆنامەی نووسیوە، ئیدی نە بەعس و نە ئایینی ئیسلامیش، وەک سەرچاوەی بە سەبایاکردنی سوندس پیشان نادات، بۆیە گەر بە وردی سەرنج لە ناوەڕۆکی شانۆ نامەکە بدەین، دەبینین واقیعەکە پیشان دەدرێت، بەڵام فاکتەکانی ئەو واقیعە پیشان نادرێت، بەو مانایەی نووسەر نایەوێت پێمان بڵێت ڕەوایەتی و ھێزێکی ئیسلامییانە لە پشت دیلکردنی سوندسن، بەڵکو دەیەوێت وەک قەدەرێکی ئیلاھی و خودایی وەسفی بکات، کە ئەمە چارەنووسی ژیانی ئەو بووەوە دەبوا ھەر بەو شێوەیە بێت. دواجار دەڵێم، بەختیار عەلی، چونکە لە بنەڕەتدا شانۆنامەنووس نییە و ڕۆماننووسە، ئیدی لە شانۆگەریەکانیدا، نەیتوانیوە وەک شانۆکار و سیناریۆنووسێک دەقەکە بە شانۆ بکات، ئەگەر تەکنیکی نووسینی شانۆنامەکەش ھەڵبوەشێنینەوە وەریبگێڕینە سەر ڕۆمان، ئەوا دواجار میوانێک لە سەر زەمینی دوورەوە وەک ڕۆمانی لێ دێت، بەتایبەتیش ئەگەر شێوازی دیالۆگەکانی کارەکتەرەکان، لە شێوازی شانۆییەوە بکرێنە دیالۆگ و گێڕانەوە. لە دەقی شانۆییدا، دیالۆگ ڕۆڵی ھەیە، بەڵام نابێ ڕەھەندی شانۆنامەکە تەنھا دیالۆگ بێت. من کاتێ ئەو کتێبەو ئەویتریش( بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناھانم ) خوێندنەوە، ھەستم نەکرد دەقی شانۆیی دەخوێنمەوە، چونکە ڕۆڵی بەرجەستەکراوی کارەکتەرەکان، لە بنەڕەتدا ڕۆڵێکی شانۆیانە نییە، بەڵکو وەک کارەکتەری نێو ڕۆمانەکانی وان، کە بێگومان جیاوازییەکی گەورەش لە نێوان ڕۆمان و شانۆدا ھەیە، کە لەکاتێ خوێندنەوەیان وەک دەقێک، دەبێ خوێنەران بە ڕوونی ئەو جیاوازییانە ببینین و ھەست پێ بکەن!
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٤٢٣) لە ٢٨/١/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post