شاعیرو ھونەرمەند ئەرسەلان ئالانی: رەخنە بەداخەوە زیاتر قاڵبی پیاھەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە.
شاعیر و ھونەرمەند ئەرسەلان سلێمان قادر ناسراو بە (ئەرسەلان ئالانی)،ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی (ئالانە)ی سەر بە قەزای خەلیفان لەدایک بووە، لە تەمەنی ٥ساڵی دەخرێتە بەر خوێندنی ئاینی ، بەڵام دوای ساڵێک و لە تەمەنی ٦ساڵی بەھۆی نەخۆشی لەپێ دەکەوێت و ناتوانێت بەئاسایی بەپێ بڕوات ، ڕاستە ئەو بووە خاوەن پێداویستی تایبەت ، بەڵام نەخۆشییەکەی نەبۆتە رێگر لە برەوەدان بە بەھرەکانی.
ئالانی لە ساڵانی ٨٦-٨٨ سەرەڕای ھەبوونی شەڕ و نەھامەتی و گوند سووتان و دەربەدەری ژیانی لەشاخ و ئەشکەوتەکانی کوردستان ، کەئەوکات تەمەنی ٨ ساڵان بوو ، بۆ خۆ سەرقاڵکردن و لەبیر بردنەوەی ئازارەکانی و جەنگ ، دەیویست ژیانی منداڵی پێش نەخۆشکەوتنی و پێش سووتانی گوندەکەی لەرێگەی تابلۆ وێنا بکات ، واتە ساڵانی ٨٨ – ٩٦ وەک ھەر منداڵێک وێنەی سادەو ساکاری دەکێشا ، بەڵام وەک تابلۆ ساڵی ٩٧ دەستی بەم ھونەرە کردووە ، لەم روانگەوە خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەت و ھاوبەشە بۆئاگاداربوو بە کارو چالاکییەکانی ، بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆن لەگەڵ جیھانی شیعر ئاشنا بوویت؟
– بۆ نووسینی شیعر ، فایەق بێکەس کاریگەری زۆری لەسەرم ھەبوو، چونکە باوکم دیوانی بێکەسی شاعیری ھەبوو بۆی دەخوێندمەوە ، ئیتر ساڵی ٢٠٠١ دەستم بە نووسینی شیعر کرد کە دوو بەرھەمم ھەیە (گەڵا وەریوەکان و نمەی باران).
*تاچەند پێویستە شاعیر لەگەڵ شیعرەکانی راستگۆ بێت؟
– ناکرێ شاعیر گوفتار و ڕەفتاری جیاوازبێ لەگەڵ تێکستەکانی ، بەڵکو پێویستە قەڵەم و ڕوئیا و ڕێبازی ھاوتەریب بن، لە ھەمان کاتدا بۆئەوەی خۆی و خوێنەران چێژ لە شیعرەکانی وەربگرن.
*بابزانین ئەو دەروازانەی کامەن بۆ شیعرنووسین ئایا خۆشەویستیە، ئافرەتە، سروشتە، دایکە ، باوکە، سۆزە…؟
– بێگومان زۆرن ئەو بابەتانەی کەدەبنە ھەوێنی شیعرەکانم وەکو (وەسف ، نیشتمانی و نەتەوەیی ، عەشق و خۆشەویستی ، سۆز ، تەنز و ڕەخنە..) بۆیە شیعرەکانم لەیەک بابەت قەتیس نەکردوون.
*ئەو شاعیرو ئەدیبانە کامەن کە کاریگەریان لە سەرتۆ ھەبووە؟
– زۆرن ئەو شاعیرانەی کاریگەرییان لەسەر من ھەبووە ، وەک (فائق بێکەس ، قانع ، مەلا عەلی ، عەبدوڵڵا پەشێو ، ئیسماعیل خورماڵی چەندانی تریش، ھەر یەکەو بەشێوەیەک تێکەڵ بە تێکستە شیعرەکانیان بووم و لەگەڵیان ژیاوم.
*باشە باباس لە ھونەری شێوەکاری بەرێزتان بکەین، بزانین سەرچاوەی لەدایک بوونی تابلۆکانت چین؟
-تابڵۆکانم ھەمەجۆرن،( پۆرترەیت ، سروشت ، ئاسەوار ، کلتور ) ، وە ھەندێ جاریش لەسەر داواکاری ئازیزان وێنە دەکێشم ، بەڵام زیاتر کار لەسەر دیمەنی سروشتی کوردستان دەکەم کە سەرنجم ڕادەکێشێت.
*ڕەنگ فاکتەری سەرەکی ھەموو تابلۆییەکە وەکو شێوەرکارێک چۆن دەڕوانیتە ڕەنگ؟
– ڕەنگ لە دیدی من جیھانێکە لە خۆشەویستی ، لە ڕاستگۆیی ، لە ئاوازی رۆحی مرۆڤ ، بۆیە زۆربەی رەنگەکان لە تابلۆکانم دا وەکو کەرستەیەکی سەرەکی بوونیان ھەیە.
*کاتێکی دیار کراوت ھەیە بۆ نیگار کردنی تابلۆکانت؟
– بەھۆی سەرقاڵیم بە دەوام و خوێندنەوە ، ھەفتەی تابلۆیەک یان دوو تابلۆ دەتوانم بکێشم ، ئەویش زیاتر لەئێواران ئەو کارە دەکەم.
*جوڵەی ھونەری شێوەکاری بەگشتی چۆن دەبینیت؟
– ھونەری شێوەکاری لە کوردستان جوڵەیەکی باشی ھەیە ، شێوەکاری باش و بە ئەزموون بوونیان ھەیە ، وە بەھۆی ھەبوونی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانیش ڕێژەکە لەزیادبووندایە ، بەڵام بەداخەوە بینەری پیشانگاکان زۆر کەمبۆتەوە ، چونکە لە ئێستادا ھەندێک لەو نەوانەی ئێستا، بەداخەوە نەلە شیعر و نە لە تابڵۆ تێناگەن.
*ھاوکاری پاڵپشتی ھونەرمەندان و نووسەران چۆن دەبینی لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکان؟
– بەداخەوە ئەو ھاوکاری و پاڵپشتییە ،وەک پێویست نییە مەگەر نووسەرێک یان شێوەکارێک پەیوەندی تایبەت و کەسی ھەبێت ، ئەگینا لایەنی پەیوەندیدار ئامادە نییە فڵچەو ڕەنگێک بدات بە ھونەرمەندان ، چجای ھاوکاری و پاڵپشتی دیکە.
*رەخنە خاڵێکی گرنگە بۆ پیشڤەچوونی ھونەر و ئەدەب ، چۆن دەڕوانیتە ئاستی رەخرگران لە کوردستان؟
– جاران خوێنەری ھەموو بوارێک ،لەڕۆژنامەو گۆڤارو کتێب دابوو ، ئێستا خوێنەر زۆر لەکورتی داوە ھەمووی بۆتە سۆشیال میدیا ، ئەوەش بواری ڕەخنەی کەم کردۆتەوە بەداخەوە زیاترقاڵبی پیاھەڵدان و دەست خۆشی وەرگرتووە ، ئەوەش ڕەنگە لێدانێک بێ لەشیعرو شاعیر ، پێویستە ڕەخنە گریش ھەبێ ، ناکرێ ئێمە ھەر بە دەستخۆشی باز بەسەر خوێندنەوە بدەین ، چونکە ئەگەر ڕەخنە نەبێ ناتوانین لاریەکان ڕاست بکەینەوە ، بەڵام ڕەخنەی پاڵنەر و بونیاتنەر بێت ، ئەوکات جیھانی ئەدەب و شیعر و ھونەر جوانترو بەربڵاوتر دەبێت.
*ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی ، لە کۆتاییدا دوا وتەت چییە؟
– منیش سوپاستان دەکەم بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە ، پێم وایە کاتی ھاتووە تاکی کۆمەڵگا لەم خەوی دوور لە مەعریفەت و بێئاگایی لە خوێندنەوەو ھونەر و ڕوناکبیری ھەڵسێتەوە ، بە تایبەت گەنجەکان ، چونکە ھەر گەلێک لە نووسین و ھونەر دوورکەوێتەوە، جێ دەمێنێ و دەکەوێتە دواوەی گەلان.
Discussion about this post