خاتوو شنیا عەبدولمەجید: ھیچ ڕەخنەگرێک بەناوی خودی ڕەخنەی بوونیات نەر بوونی نیە
شاعیر و چیرۆکنووس (شنیا عەبدولمەجید ێبری) ناسراو بە “مامۆستا شنیا ” ، لە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندن بەنووسینی شیعر و چیرۆک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بەشداری دەکرد ئەو کات قوتابی پۆلی سێیەمی بنەڕەتی دەبێت شیعری منداڵان دەنووسێت و لە رۆژنامە بڵاودەکاتەوە..لە گەڵ گەورە بوونی تەمەن نووسینەکانیش بەرەو پێشڤەچوون دەچن ..دەست بە نووسینی چیرۆک و رۆمان شیعر دەکات.
شنیا.. لە ئێستادا خاوەنی چەندین رۆمان و کتێبی شیعریە..ھەرچەندە کاری میدیایشی کردوە بەڵام لە راگەیاندنەکان زۆر کەم دەردەکەوێت دوایی گفتۆ گۆیەک دڵی ئێمەی نەشکاند بەسوپاسەوە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوەو ئەم ھەڤپیڤینەمان لە گەڵیدا کرد.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* بۆ ھەموو قۆناغێک سەرەتاییەک ھەیە بابزانین سەرەتای دەست پێکردنی تۆ وەکو شاعیرێک چۆن دەستت پێکرد؟
– ھەر لە منداڵیمەوە خامە ھاوەڵم بووە.. لە قۆناغەکانی سەرەتاییمدا پشکداری کۆوارو ڕۆژنامەکانی منداڵانمەکرد، بە نووسینی بابەت و.. شیعری مناڵانە، ھەڵبەتا مرۆ گەورە ئەبێ، نووسینەکانیش لە گەڵ ئەوا بەرەو قۆناغی گەورەیی دەچێ، یەکەمین شیعری مناڵیم بۆ قۆناغی سێی سەرەتایی دەگەڕێتەوە، یەکەم دەقی گەورەییشم لە بیرمە لە پۆلی یەکی ناوەندی ئەوساو… حەوتی ئێستادا بوو.
* گومانی تێدانییە کە زۆرێک لە شاعیرەکان سەرەتای ھاتنە ناو بواری شیعر کاریگەری شاعیرێک یان تێکستێک لەسەردەبێت ھیچ شاعیرێک ھەیە، بە شیعرەکانی سەرسام بیت و کاریگەری لەسەرتۆ ھەبێت؟ – وەک سەرسامی بێگومان عاشق و… سەوداسەری نووسینەکانی ” بەختیار عەلی ” کەڵە شاعیرم، بەڵام وەکو کاریگەری نا، ڕێچکەی تایبەتی خۆمم ھەیەو… نامەوێ لە ژێر ڕکێفی ھیچ شاعیرێ دەق بھۆنمەوە.
* ئەم بابەتانە چین کە دەبنە ھەوێنی شیعرەکانت؟
– بێگومان وەک ھەر بوێژێک، ھەموو ئەوانەی کە دەبنە ھۆی دروست بوون,, ھەوێن بۆ دەقێک، ئیدی سۆزەو…وێنایەو…تد.
*شیعر چی بە شنیا بەخشیوە؟
– (جوانی ،خۆشەویستی ،ژیان ، عەشق)ی پێ بەخشیوم.
* ئاستی ئافرەتانی شاعیر لە کوردستان چۆن دەبینی؟
– لە ساڵانی زوو باشترێکە، بەڵام ھێشتاش لەو ئاستەیا نیە! چون ھەستەکەم زۆرتر مجامەلە دەکرێن و… ھەر زوو وەک میزەڵانێ فوویان تێدەکرێ، بێ ھیچ ناوەڕۆکێ بەرەو عەلعەلەی عاسمانیان دەفڕینن!
بە واتایەکیدی، پتر ناوی بێ ناوەڕۆکیان تیایە .
* جگە لە نووسینی شیعر بەرێزتان لە بواری رۆمانیش خاوەن رۆمانێک ئەگەر بکرێت باس لەو ئەزموونەش بکەیت؟
– ئەرێ، دروست دەفەرموون، بەڵام بەر لە ڕۆمان، بێگومان چیڕۆکی زۆرم ھەبوونەو… خوێندنەوەی پتریشم لەسەریان ھەبووە، یانی پێشینەی ئەدەبیم گەلێک بوونە،دەنا ھەروا بە سانایی ڕۆمان نانووسرێتەوە خۆ، تایبەتیش ڕۆمانێکی ئاوا تێرو تەسەلی ٣٠٠ لاپەڕەیی وەک ئەوێ رۆژیی تەمەن، کە سێھەمین کتێبم بوو لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوکراییەوە.
* رەخنەی ئەدەبی تاچەند گرنگە بۆپێشڤە چوونی ئاستی ھەر شاعیرێک ؟ چۆن دەروانییت رەخنەگرانی کوردستان؟
-لاریمان نیە لەوەی کە ڕەخنەی ئەدەبی ھۆکارێکی گرنگی بەرەو پێشڤەچوونی خودی بوێژە، بەڵان بەو مەرجەی ڕەخنەکە بوونیات نەربێ، نەک میزاجی و… لەسەر بناغەی ڕوخاندن بێ!
بە بۆچوونم وەک ئەدیبێک کە زیاتر لە چارێگە سەدەیێکە دەنووسم، وا دەزانم ڕەخنەگرێک بەناوی خودی ڕەخنەی بوونیات نەر، بوونی نیە بە ھیچ کڵۆجێ! تەنھا لەسەر بنەمایی ھاوڕێیەتی و.. میزاجی و… ڕووخاندن و…تد.
* بەشداری لە پێشبڕکی شیعر یاخود فیستیڤاڵی شیعر دەکەیت ؟
– بەھیچ ئەندازەیی !وە بە ھەموو شێوەیێک ڕەتی دەکەمەوە! .
*لەبەرچی؟
– ئایا دەکرێت شیعرو شاعیری ڕاستەقینە ھێندە بچووک بکرێنەوە لە دەقێکدا قەتیس بکرێن بۆ ھەڵسەنگاندن؟ مەگەر من ئەم ھەمووە ساڵانە سڵق و تورم چاندوون، تا ئێستا خۆم بخەمە بەر دەستی کەسانێک کە دوو رۆژو کەرکێکە خامەیان گرتۆتە دەست و..بە کەیفی دڵ و لەسەر بنەمایی حەزو ھاوڕێیەتی و… ناسین و..تد، بڕیارم لەسەر بدەن؟
بۆیە ئەمەم نەکردووەو… بە ژیانیشما بیری لێناکەمەوە.
*لە کۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی دوا پەیڤش بۆ بەرێزتانە.
– لە دوماھیدا ماوەتەوە بڵێم، کە دوایی ساڵانێکی زۆری بێدەنگیم، ھەڵبەتا کە دەڵێم بێدەنگی مەبەستم دەرنەکردنی کتێبە، نەک ئەوەی کە نەمنووسیبێ و.. وەستابم لە نووسین،
لە ئێستاما سێ ھەمین دیوان و… چوارەم کتێبم لە ھەموو شارو شارۆچکەکاندا بڵاڤە، بە ناوی:- ” ژنێک لە باخچەی مەراقدا ” ئومێد دەکەم، کە جێی ڕەزامەندبوونی خوێنەرەکانم بێ، کە دەمێک بوو گلەیی ئەو بێدەنگیەیان لێمەکرد، ھەروەھا دەستنووسی ڕۆمانێکیشم لەبەر دەستایەو… خوا یاربێ، لە ئایندەیێکی نزیکدا ڕۆشنایی چاپ ئەبینێ، ماتەوە بڵێم، کۆڵێ ڕێزو.. پێزانینی نەبڕاوەم بۆ ئێوە ئازیزان ھەیە، کە ئەرکتان کێشاو.. بەندەتان بەسەر کردۆتەوە، خۆشم ئەوێن و.. موحیببەتی لە کەوشەن بەدەریشم بۆ خوێنەران.
ھۆزانەوان و چیرۆکنووس (شنیا عەبدولمەجید ێبری) لەچەند دێرێک دا:-
– (شنیا عەبدو لمەجید ێبری) ناسراوە بە مامۆستا شنیا، لە دایکبوویی ٢٤-٠٦-١٩٨٦ ی شاری ھەولێرە، سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن ،ھەر لە ھەولێر تەواو کردوە.
– ھەموو ساڵەکانی ڕابوردوویی مناڵیی کە سەردەمانێ سەر نووسەری گۆڤاری مناڵانەو ھەم کاری ڕاگەیاندنی دەکرد،بە حوکمی ئەوەی کە بنەماڵەکەیان ھەم ئەدیب و شاعیر و ھەمە ھونەر و وەرزش زۆربوون.
– ساڵانێکی زۆر ئامادەکاری بەرنامە رادیۆیی بووە.
” چاپ و بڵاوکردۆتەوە -لە ساڵی٢٠٠٠ یەکەمین پەرتووکی شیعریم بە نێوی:-” گوڵزارێک لە…شیعر
-لە کۆلیژ بڵاوکراوەی “کەیھانی ئەدەب ” ی، دەرکردوە.
– لە ساڵی ٢٠٠٤ چامە شیعریەکانی (من و…ئەو)ی بەچاپ گەیاندوە.
– لە ٢٠٠٨ دا، ڕۆمانێکی تێرو تەسەلی٣٠٠ لاپەڕەیی بە چاپ گەیاند بەناوی” لە وڵاتی دۆزخەدا ،کوانێ عەشق؟ ” بڵاوکردۆتەوە
– ئەندامی لقی گۆڕینی پەرتووکەکانی میتۆدە کوردییەکانە، بۆ قۆناغە بنەڕەتیەکان،لە وەزارەتی پەروەردە .
Discussion about this post