شاعیر ڕۆستەم خامۆش: ئەدەبی منداڵان بریتییە لەو نووسینانەی، کە بە پێی زمان و تێگەیشتن و تەمەن و لایەنی دەروونزانیی منداڵان دەنووسرێن
نووسەر و شاعیری بواری منداڵان ڕۆستەم جەلیل ئیبراھیم مەحمود ناسراو بە( ڕۆستەم خامۆش)یە کێکە لەو شاعیرانانەی کە خزمەتێکی زۆری بواری ئەدەبی منداڵان کردوە ھەرچەندە خامۆش لەسەرەتای دەستپێکی لە ساڵی ١٩٩٦ بە شیعرنووسین بەگشتی دەستپێکردە ،بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆی یەک لایی کردوە بەنووسین لە شیعری منداڵان..خاوەنی چەندین کتێبی شیعرییە لەو بوارەدا ھەندێک لە شیعرەکانی لەنێو میتۆدی نێوقوتابخانەکان دەخوێندرێن.. ئێمەش بەچەند پرسیارێک لە نزیکەوە بەسەر کردوە..
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا پێمان باشە، باس لەچۆنیەتی ئاشنا بوونت بە ئەدەبی منداڵان بکەیت و چۆن بوو ئاوڕت لەو بوارە دایەوە؟
– بەر لەوەی شیعر بۆ منداڵان بنووسم، شیعرم بۆ گەورەساڵان دەنووسی، لە ساڵی (١٩٩٦)دا، لە تەمەنی (١٦) ساڵیدا، دەستم بە شیعر نووسین کرد و ھەستم بە بوونی ئەو بەھرەیە کرد، بەڵام دواتر لە ساڵی (٢٠٠٠)دا دەستم بە نووسینی شیعر بۆ منداڵان کرد و یەکەم شیعرم بە ناوی (باڵندەیەکی بەندکراو) بوو، واتە: لە ساڵی (٢٠٠٠)دا نووسیم، بەڵام درەنگ بڵاوم کردەوە. دوای (١٣) ساڵ، لە ساڵی (٢٠١٣)دا لە ژمارە (٢١٣)ی گۆڤاری جگەرگۆشەکان بڵاوکرایەوە.
ڕەنگە ئەم خاڵانە ھۆکاری ئاشنا بوونی من بن بۆ ئاوڕدانەوەم لە شیعر و ئەدەبی منداڵان.
١- خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ منداڵ، وای کرد شیعر بۆ منداڵان بنووسم و لە ڕێی قەڵەمەکەمەوە خزمەت بە ئەدەبیاتی منداڵانی کورد بکەم.
٢-ئاوڕدانەوەم لە ئەدەبی منداڵان، واتە: ڕوانینم بۆ داھاتووی گەشی منداڵان ھەیە.
٣- نووسین بۆ منداڵان، نیشانەی دڵ پڕ ئومێدیی منە بۆ جوانتر کردنی ژیانی منداڵان لە ڕێی ئەدەبیاتەوە
٤-پەروەردە و دڵخۆشکردنی منداڵان لە ڕێی شیعری تایبەت بە خۆیانەوە، خزمەتێکە و شانازیی پێوە دەکەم.
٥-ئیشکردنم لە دنیای منداڵان، واتا: گەل و نەتەوە و نیشتمانەکەم خۆشدەوێن.
*پێمان خۆشە یەکەم شیعرت کە بۆ منداڵانت نووسیوە، بیخەیتە بەر دیدەی خوێنەران؟
– بە خۆشحاڵیەوە، منیش پێم خۆشە خوێنەرانی ئەم دیمانەیە، یەکەم شیعرم بخوێننەوە، کە لە ساڵی (٢٠٠٠) دا بۆ منداڵانم نووسیوە.
(باڵندەیەکی بەندکراو)
ئــەو بـاڵـنــدەی بـەنـدکـراوە
مــافـــی ژیـنـی لـێ خـوراوە
ھــەمـــوو سـاتـێ دەنـاڵێنـێ
بۆ سەربەستی دەجریوێنێ
دەڵـێ: ئێـســتـا نـیـگــەرانــم
دوور لە ئـاشنا و گوڵستانم
بــە ئـــاواتــم، کـــە بێـمــەوە
لــە ســـەر چـڵـدا بنیشـمـەوە
بــە ســۆزەوە لــە نـاخـی دڵ
تێر بخوێنـم بـۆ جوانـی گوڵ
خـۆشـــە فـڕیــن بــە ئــازادی
ھــەردەم بــژی بـە دڵـشـادی.
*چیرۆکی نازناوی (خامۆش) بۆچی دەگەڕێتەوە؟
– وەک دەزانین شاعیرانی کورد، لە سەردەمی کلاسیک و نوێ، یان ناوی خۆیان گۆڕیوە و ناوێکی دیکەیان بۆ خۆیان داناوە، یان نازناوێکیان لەگەڵ ناوەکەیان داناوە. منیش پێم خۆشبوو نازناوێک بۆ خۆم دابنێم، بۆیە لە ساڵی (٢٠٠٠)وە نازناوی (خامۆش)م بۆ خۆم ھەڵبژاردووە و بەناوی “ڕۆستەم خامۆش” بەرھەمەکانم بڵاو دەکەمەوە. ڕەنگە وشەی (خامۆش) زۆر واتای ھەبێ، بەڵام من بەو واتایە وەرمگرت، کە وشەی خامۆش، واتا: (بێدەنگ، ھێمن، ئارام، کپ).
*چۆن پێناسەی ئەدەبیاتی منداڵان دەکەیت؟
– ڕەنگە ئاسان نەبێ بتوانرێ پێناسەی شیعر و ئەدەبی منداڵان بکرێ، چونکە ئەدەب، بەھرە و ئەزموونە، وە بەرھەمی بیرکردنەوە و ھزر و خەیاڵی کەسی شاعیرە، بۆیە پێم وایە تا ئێستا چەندان پێناسە بۆ ئەدەبیاتی منداڵان کراوە، ھەرچەندە زۆربەی پێناسەکان بەشێک لە ڕاستییان تێدایە، بۆیە من، یەکێ لەو پێناسانەم بەدڵە و پێم وایە ڕاستە، ئەویش پێناسەکەی «ماریا نیکۆڵا»یە، کە دەڵێت: ((ئەدەبی منداڵان، ئەو ئەدەبەیە کە لەلایەن کەسانی شارەزای جیھانی منداڵانەوە نووسراوە و بەرھەمھێنراوە و بڵاوکراوەتەوە، کە خوێنەرە سەرەکییەکەی منداڵانن)).
یان دەتوانین بڵێین ھەموو ئەو دەقانەی، وەک: (شیعر، چیرۆک، ئۆپەرێت، شانۆ و ڕۆمان)، کە بە زمانی سادە و ئاسانی منداڵان نووسراون، دەچنە نێو بازنەی ئەدەبیاتی منداڵانەوە، دیارە ھەموو ژانرەکان مەرج و تایبەتمەندییان ئەوەیە کە بە زمانی منداڵ نووسرا بن، بێگومان شاعیر و نووسەری شارەزای ئەدەبی منداڵان دەزانێ چیی و چۆن بۆ منداڵان بنووسێ، بۆیە ئەدەبی منداڵان بریتییە لەو نووسینانەی، کە بە پێی زمان و تێگەیشتن و تەمەن و لایەنی دەروونزانیی منداڵان دەنووسرێن.
*مێژووی ئەدەبی منداڵان لە کوردستان بۆ کەی دەگەڕێتەوە، ئەو نووسەرانە کامەن کە بەپێشڕەوانی ئەدەبی منداڵان دەناسرێن؟
– ئەوەی تا ئێستا دیارە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە و ساغ کراوەتەو، کە شیعری بە شێوەی فەرھەنگ بۆ منداڵان نووسیوە و ئاوڕی لە زارۆکان داوەتەوە، شاعیری ناسراو “ئەحمەدی خانی” (١٦٥٠–١٧٠٧)، وەک یەکەم شاعیری کورد، ئەژمار دەکرێ، کە ئەویش فەرھەنگی «نووبھارا بچووکان»ـە و بەرھەمی ساڵی (١٦٨٣)ی زایینیە و بە شیعر بۆ فەقێ و قوتابیانی کوردی نووسیوە و مەبەستی بووە فێری زمانی عەرەبییان بکات، کە بێگومان بۆ ئەو کات پێویست و گرنگ بووە، کە “ئەحمەدی خانی” بیری لە منداڵ کردووەتەوە و شیعری بۆ نووسیون.
دواتر “شێخ مارفی نۆدێ” (١٧٥٣ – ١٨٣٨) ھەر لەسەر شێوازی (نووبھارا بچووکان)، لە ساڵی (١٧٩٥) کتێبی فەرھەنگی (ئەحمەدی) داناوە، کە بۆ (کاک ئەحمەدی شێخ)ی کوڕی نووسیوە، کە تەمەنی (٣) ساڵان بووە، بەمەبەستی فێرکردنی زمانی عەرەبی، دواتر ئەو فەرھەنگە لە ساڵی (١٩٢٦) لە چاپخانەی (زاری کرمانجی) لە ڕەواندز چاپکراوە.
یەکێکی دیکە لەو شاعیرانەی، کە ئاوڕی لە شیعری منداڵان داوەتەوە، «مەلا خدری ڕواری»یە. کە لە (سەدەی ھەژدە ژیاوە)، ((مەلا خدری ڕواری، نامیلکەی (ڕۆڵە بزانی)بە شیعر داناوە و بە دیالێکتی (ھەورامی)نووسیویەتی.
وەک “سدیق بۆرەکەیی”، دەڵێ: وا دیارە بۆ کوڕەکەی ھۆنیوەتەوە و لە قاڵبێکی ڕێک و پێک و لە ئەوپەڕی سادەیی و ڕەوانیدا دایناوە و بە چەشنێکی جوان، مەبەستەکانی لە چوارچێوەی ھۆنراوەدا جێکردووەتەوە، بە بێ ئەوەی ناڕێکییان تیا ھەبێ
.((مەلاکانی کوردەواری (ڕۆڵە بزانی)یان فێری منداڵ و قوتابیانی خۆیان دەکرد))
ھەروەھا کەسانی دیکەش ھەبوون کە کتێبی فەرھەنگ و فێرکارییان نووسیوە، وەک «عەلی تەرەماخی» کتێبێکی نووسیوە بەناوی (دەستوری زمانی عەرەبی بە کوردی). ((ئەم کتێبە لەلایەن دکتۆر مارف خەزنەدارەوە ساغکراوەتەوە و پێشەکی بۆ نووسراوە، لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپکراوە)).
مامۆستا مەلا «عەبدولکەریمی مودەڕیس»یش کێبێکی فەرھەنگی داناوە بە ناوی (دوو ڕشتە)، لە ساڵی ١٩٧٠ لە بەغدا چاپکراوە.
دوای فەرھەنگ نووسین چەند شاعیرێکی دیکە ھاتنە مەیدان و کۆمەڵێک شیعری جیاواز و ھەمە جۆریان بۆ منداڵان نووسی، دیارترینیان (زێوەر، بێکەس و گۆران) بوون، دواتر ھەندێ شاعیری دیکەش خزمەتی ئەو بوارەیان کرد و شیعری منداڵان لە باشووری کوردستان ھەنگاوێکی باش چووە پێش، ئەو شاعیرانەش ئەمانە بوون: (مەدحەت بێخەو، ع.ع. شەونم، عوسمان محەمەد ھەورامی، کاکەی فەلاح، فەرەیدون عەلی ئەمین، عەزیز مەلای ڕەش، لەتیف ھەڵمەت)، وە شاعیری دیکەش ھەبوون، بەڵام ئەوانە ناسراو و دیارترن، کە توانیویانە خزمەتێک بە ئەدەبی منداڵانی کورد بکەن، دەکرێ بڵێین بە ھەوڵ و تێکۆشان و خەمخۆری و دڵسۆزیی ھەموو شاعیران و نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، ئەو بوارە بەرەوپێشتر چوو.
* تایبەتمەندیی شیعری منداڵان چییە؟
– بەڕای خۆم و بە دید و بۆچوونی شارەزایانی ئەدەبی منداڵان، بە تایبەتی ژانری شیعر، کە ئاماژەیان پێکردووە و دەڵێن: تایبەتمەندییەکانی شیعری منداڵان، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدابێ، کە بریتین لە:
١- شیعرەکە بە زمانێکی زۆر سادە و ساکار نووسرا بێت و ڕەنگدانەوەی زمانی منداڵی پێوە دیار بێت.
٢- ھەتا بکرێ ڕەگەزی خەیاڵی تێدا بێت، چونکە خەیاڵ بیرکردنەوەی منداڵ بەھێز دەکات.
٣-لە شیعری منداڵان نابێ وشەی قورس و ئاڵۆز و ھێمای تێدا بێت، چونکە دەبێ تێکستی منداڵان نزیک بێ لە ھزر و تێگەیشتنی خودی خۆیان، کەواتە دەبێ شاعیر تەواو شارەزا بێ لە زمانی منداڵ
٤- پێویستە دەقەکە لە دونیای منداڵەوە ھەڵقوڵا بێت و ناکرێ و نابێ داخوازیی گەورەساڵانی تێدا تێکەڵ بکرێ.
٥- منداڵ حەز و ئارەزووەکانی خۆی تێدا بدۆزێتەوە و لە کاتی خوێندنەوەی، یان گوێ لێگرتنی، دڵی پێخۆش بێت.
٦- شیعرەکە ئاسان و سەر بە جیھانی منداڵ بێت، واتە منداڵ ھەر زوو لە شیعرەکە تێبگات.
٧- پەیڤەکانی ناسک و جوان و مۆسیقی بن، واتە شاعیر بە لێزانیی و زیرەکییەوە وشەکان لە شوێنی پێویستدا جێ بکاتەوە و بزانێ لە کوێیان دادەنێ .
٨- ناوەڕۆکی شیعرەکە ھەڵگری پەیامێک بێ و مانادار و واتای ھەبێ و زانیاری بەخش بێت .
٩- شیعرەکە سوودبەخش بێ، یان منداڵ ھانبدات بۆ بیرکردنەوە و داھێنان، یاخود لایەنی گەشبینی و ئومێد و ھیوا بۆ سەرکەوتن لە ژیان، بەشێکی سەرەکیی بێ لە نێو دەقە شیعری منداڵان.
١١- شیعری منداڵان، دەبێ بڕگەکانی کورت بن، بۆ ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەدا منداڵ ماندوو نەکات و بە ئاسانی و بە ئاوازەوە بیخوێنێتەوە و ئەگەر ویستی زوو ئەزبەری بکات.
* چۆن دەڕوانیتە شیعر لە کتێبی پڕۆگرامی خوێندن، ئایا تۆ شیعرت لە پڕۆگرامی خوێندندا ھەیە؟
– ھەبوونی شیعر، وەکو وانەیەک لە کتێبی پڕۆگرامی خوێندندا، زۆر گرنگە و جێی بایەخە، ھەموومان زۆربەی ئەو وانانەی کە شیعر بوون، ھێشتا لە یادگەمان ماون، کەواتە وانەی شیعر زۆر پێویست و گرنگە بۆ پەروەردە و فێرکردن، دیارە پێشتر کۆمەڵێک شیعر دانراون و دەخوێندران، ھەندێ شیعر تەواو سەر بە ئەدەبی منداڵان بوون، وە ھەندێکی دیکەشیان پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە نەبووە و بۆ پەروەردە و فێرکردن سوودیان نەبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە دەستکراوە بە گۆڕانکاریی، کە کۆمەڵێک شیعری نوێیان داناوە و بەشێک لەو شیعرانەی پێشتر لابراون، بەڵام لەو شیعرە نوێیانەی کە دانراون، زیاتر لەبارەی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و ھەستی نیشتمانیی و ژینگەن، یان ئەو جۆرە شیعرانەن کە لەگەڵ پەروەردەی سەردەم گونجاون .
بەڵێ شیعرێکم کە بە زاراوەی کرمانجی سەروو (بادینی) نووسیومە، وەکو وانە لە کتێبی خوێندنی کوردی – قۆناغی بنەڕەتی – پۆلی دووەم – وەرزی یەکەم دەخوێندرێ .
پێم خۆشە شیعرەکە بخەمە بەر چاوی خوێنەرانی خۆشەویست.
(وارێ مە)
وارێ مـە گەلەک جوانە
نـاڤـێ وێ کـوردسـتـانـە
وارێ مــە جــھــێ ژیـنـە
قەشـەنگ و پـڕ ئـەڤـیـنـە
وارێ مــە بـــاخێ گـــولا
خــۆشــتــەڤـــی لبــەر دلا
وارێ مــە زۆر شیریـنـە
ھــەمـــی دەمــا ڕەنـگیـنـە.
*نووسین بۆ منداڵانی کوردستان، دەکرێ تایبەتمەندیی خۆی ھەبێ، یان لە ھەموو وڵاتەکان وەکو یەکن؟
– کە دەگوترێ منداڵ، لە ھەر شوێنێکی ئەم جیھانە بن، پێویستە ماف و پەروەردە کردنیان بە یەکسانی بۆ دەستەبەر بکرێ، کار بکرێ بۆ بەختەوەریی و دڵخۆش بوونیان. لە نووسینیشدا ئەوەی بۆیان دەنووسرێ، واچاکە ڕەچاوی ئەوە بکرێ کە ئەو دەقە بۆ ھەموو منداڵانی دنیا نووسراوە، چونکە ئەدەب و پەروەردە و ماف و دڵخۆشکردنی منداڵ بووە بە مەبەست و ئامانجی نووسین، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین، چونکە گەورەکان بۆ منداڵان دەنووسن، بێگومان ڕەنگدانەوەی ئاین و کەلتوور و شارستانیەت و جوگرافیای ئەو وڵاتەی پێوە دیار دەبێ، بێگومان بۆ ئێمەی کوردیش ھەر ڕاستە، چونکە ئاین و کەلتووری خۆمان ھەیە، بۆیە نووسینی ھەندێ زمانی نەتەوەی دیکە، ڕەنگە سوودی بۆ منداڵی کورد نەبێ .
بەڵام باشترین و جوانترین نووسین بۆ منداڵان، پێویستە خاڵی ھاوبەشی تێدابێ، بۆ ئەوەی ببێتە نووسینێکی جیھانیی بۆ منداڵان.
* پێت وایە لە ئەدەبی منداڵانی کورد، دەقی جوان و نوێ ھەبن، کە بگەنە ئاستی تێکستی جیھانی؟
– کە سەیری مێژووی ئەدەبی منداڵانی کورد دەکەین، کۆمەڵێک دەقی جوان دەکەونە پێش چاو، بەڵام زۆر لەوە زیاتر دەقی کرچ و کاڵ و دوور لە خەیاڵ و زمانی منداڵ بڵاوکراونەتەوە، وە ھەندێ دەقی سواو و جوینەوەی پێش و خۆیان و ھاوسەردەمەکەشیان ڕێژەکەی بەرزە، بەڵام جێی ئومێدە کە ئەدەبی منداڵانی کورد لە سایەی چەند قەڵەمێکی دڵسۆز و ھەندێ کەسی شارەزای ئەو بوارە، ڕووەو لوتکە ھەنگاو بنێ، بەڵێ کۆمەڵێک شیعری جوان و ناسک و نوێ بۆ منداڵان نووسراون و بڵاوکراونەتەوە، کە لە ئاستێکی بەرزی ئەدەبیدان، دەکرێ ببێتە جێی دڵخۆشی و شانازیی بۆ شاعیر و نووسەران و دڵسۆزانی ئەدەبی منداڵانی کورد .
* بوونی ئەو تەکنەلۆژیایەی سەردەم وەکو ئایپاد و مۆبایل… تاچەند کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر منداڵ ھەبووە؟
– کاتێک سەیری تەکنەلۆژیا و ئامێرە زیرەکەکان دەکەین، دەبینین زانست و پێشکەوتن زۆر خێرایە و ھەنگاوەکانی بەرەو لوتکە دەچن، کە جێی دڵخۆشی و خۆشحاڵی مرۆڤایەتییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لایەنی چاک و خراپی ھەیە، بۆیە پێویستە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، بە تایبەتی توێژی منداڵان پێویستە زۆر بە وریاییەوە بە کاری بھێنن، وا چاکە لە ژێرچاودێری دایک و باوکدا بە کاری بھێنن و لایەنی چاکە و خراپەی تەکنەلۆژیایان بۆ ڕوونبکرێتەوە، بە ھۆی ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕی بەرفراوانی ئینتەرنێت، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش زۆرن و ھێشتا ھەر زیاتریش دەبن، وەک دەبینین گەورە و بچووک بەکاری دێنن، بەڵام بۆ منداڵان پێویستە سنووردار بێت و کەمتر بە کاری بێنن، چونکە ئەزموونی ژیانیان کەمترە و لە ھەموو ڕوویەکەوە تەواو پێنەگەیشتوون، وە لە ڕووی تەندرووستیشەوە زیانی ھەیە، وەک دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی زۆر ھۆگری ئامێرە زیرەکەکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانن، زیان بە چاویان گەیشتووە، بۆیە وا باشترە کە ئەوەندە پێیەوە سەرقاڵ نەبن و دایکان و باوکان، کتێب و گۆڤاری تایبەت بە خۆیان بۆ دابین بکەن، کە بێگومان سوودی زۆر زیاترە.
* دوا وتەت چییە؟
– لە کۆتاییدا زۆر سوپاستان دەکەم و خۆشحاڵ بووم بۆ ئەم بەسەر کردنەوەیە، وە دڵخۆش بووم کە ئەدەبیاتی منداڵان جێی بایەخ و گرنگ بوو لای ئێوە، ھیوادارم کاری جددی و باشتر بکرێ بۆ بەرەوپێش بردنی ئەدەبیاتی منداڵانی کورد، لەگەڵ سڵاو و ڕێزم بۆ خوێنەرانی ئازیز.
ڕۆستەم خامۆش، شاعیر و نووسەری ئەدەبی منداڵان لە چەند دێرێک دا
– رۆستەم خامۆش لە ساڵی (١٩٨٠)ی زایینی لە گوندی (کانی کوردە)ی سەر بە ناحیەی ئاشتی، قەزای کۆیە، پارێزگای ھەولێر، لە دایک بووە، ئێستا لە شاری ھەولێر نیشتەجێیە.
– لە ساڵی (١٩٩٦)ی دەستی بە شیعر نووسین کردووە بۆ گەورەساڵان، بەڵام لە ساڵی (٢٠٠٠)دا زیاتر ڕووی لە ئەدەبی منداڵان کردووە و یەکەم شیعری بەناونیشانی (باڵندەیەکی بەندکراو) بۆ منداڵان نووسیوە.
تا ئێستا لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی کاغەزیی و ئەلیکترۆنی و ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، شیعر و بابەتەکانی بڵاوکراونەتەوە، کە بریتین، لە:
(١٧ ڕۆژنامە و ٣٧ گۆڤار و ٣٧ ماڵپەڕ و ٨ بڵاوکراوەی کاغەزیی و ئەلیکترۆنی).
چەندان شیعری، کە بۆ گەورەساڵان و منداڵان نووسیون، ئاوازیان بۆ دانراوە و لەلایەن ھونەرمەندانەوە کراون بە سروود و گۆرانی.
شیعرێکی ڕۆستەم خامۆش بەناونیشانی (وارێ مە)، کە بە زاراوەی کرمانجی سەروو(بادینی) نووسیویەتی، لە کتێبی خوێندنی کوردی- قۆناغی بنەڕەتی- پۆلی دووەم- وەرزی یەکەم، دانراوە و دەخوێندرێ.
تا ئێستا (٨) کتێبی چاپکردووە، کە بریتین لە:
١- داری ھیوا، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی ٢٠١٧، ھەولێر.
٢- گوڵی ئاوات، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی ٢٠١٩، ھەولێر.
٣- ژینگەی کوردستان، شیعر بۆ منداڵان، کۆکردنەوە و ئامادەکردن، ساڵی ٢٠٢٠، ھەولێر.
٤- دۆستی ژینگەم، ھۆنراوەی ژینگەیی بۆ منداڵان، ساڵی ٢٠٢١، سلێمانی.
٥- باخی ئومێد، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی ٢٠٢١، سلێمانی.
٦- ھاوڕێی پێنووس، شیعر بۆ منداڵان، ساڵی ٢٠٢١، ھەولێر.
٧- ئەدەب و ھونەری منداڵان، چاوپێکەوتن لەبارەی ئەدەب و ھونەری منداڵان، بە ھاوبەشی لەگەڵ د. ھاوژین سڵیوە، ساڵی ٢٠٢٢، کۆیە.
٨- دیداری ئەدەبی منداڵان، چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و ڕەخنەیی، بە ھاوبەشی لەگەڵ چەند نووسەرێک، ساڵی ٢٠٢٢، سلێمانی.
لە ڕێکەوتی ٤ی ٩ی ٢٠٢٢، بە توێژینەوەیەک، بەناونیشانی (ڕۆڵی ڕاگەیاندن، لە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی منداڵاندا) بەشداری لە دیداری ئەدەبی منداڵان کردووە لە شاری سلێمانی.
لە ڕێکەوتی ١٥ی ١٠ی ٢٠٢٢، بە پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی (١٥) خاڵیی بەشداری لە یەکەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی و ئەدەبی ھاچەرخی منداڵان کردووە لە شاری سلێمانی.
لەپای نووسینی بۆ منداڵان بە تایبەتیی و بە گشتی، وەک شاعیر و نووسەر، یان وەک ھاوکاریکردنی گۆڤارەکان بە نووسینەکانی، زیاتر لە (٢٠) خەڵاتی ڕێزلێنان و سوپاسنامەی پێ بەخشراوە، سێ لەوانە بریتین لە:
١- ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ساڵی ٢٠١٨
٢- دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان، ساڵی ٢٠١٩
٣- یەکێتیی نووسەرانی کورد – لقی سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٢
Discussion about this post