ماوەیەک بوو چەندین پرسیارى ئەفسوناوى سەبارەت بە شیعرى ئاڵۆز و هونەرى سادە نووسین گرێچنى لە هەندێک دەقەکانى ئەمڕۆی ناو پانتایی فەزاى بوون و ئامادەیی تێکستەکاندا ..داواى وەڵامى بنەڕەتى یان دەکرد ،بۆ کردنەوەى ئەو گرێ و وەڵامى ئەو پرسیارانەش پەنامان بردە بەردەم شاعیرى گەورە و بە هەوڵوێست لەتیف هەڵمەت بەڕێزیان بەم شێوەیە گرێکانى یە کاڵا کردنەوە .
پ/هەندێک دەقی گرێچن هەیە هونەرى سادە نوسینی فەزاى فەرامۆش کردووە من پێم وایە دەقى زۆر ئاڵۆز خەسڵەتى دەقی زیندو لەدەست ئەدا ڕای بەڕێزتان.
و/* بەڕاستى ڕوونى دەق و ئاڵۆزى و گرێچنى دەق دیاردەیەکە لە دیاردەکانى سەدەى بیست بەتایبەتى لەدواى جەنگى جیهانى یەوە زیاتریش بەهۆى هەردوو تەوژمە شیعرییەکەى دادایزم وسوریالیزم زیاتر ئەوئاڵوزیە کەوتە بوارى هونەرى شێوەکاریشەوە ئەو ئاڵۆزییانە بە شیعر دەستیان پێکردووە ،زیاتر (بریتۆن)کە بەیاننامەکانیشى تۆزێک ئاڵۆزى تیایە زۆرجار ویستومە بەیاننامەى سوریالیزم بکەم بەکوردى تەماشام کردووە ئاڵۆزیەکى تیایە من ناڵێم هەموو دەقێک ئاڵۆزبوو دەقێکى سەرنەکەوتووە دەق هەیە گرێچنیشە سەرکەوتووە لە جیهانیشدا ئێستا بۆ نمونە من کە (پیدرۆ پاراملۆ) م خوێنەوە ڕۆمانێکى زۆر ئالۆز بوو بەڵام لەزەتێکى زۆر زۆرم لێ بینى یان ڕۆمانى(مدن لامرئیە)ڕۆمانێکە بە ئاسانى لێى تێناگەى هى (ئیتالو کالیفونۆ)یە لە بوارى شیعریشدا لاى ڕامبۆ یان لاى بۆدلێر تەنانەت لە عەرەبەکانیشدا لاى (جان دموو-سەرگۆن بۆلس – ئاڵۆزى هەیە بەڵام ئەم ئاڵۆزیە ڕۆشنبیریەکى گەورەى لە پشتەنەک وەکو هەندێَک ئەمانەى لاى خۆمان کە زمانى کوردیش نازانن نەک زمانێکى تر و بتوانن ڕۆشنبیرى لێوەرگرن من بەش بە حاڵى خۆم چۆن زەرەنگەر ئاڵتوون ئەناسێ منیش ئاوا دەقی ڕەسەن و ناڕەسەن ئەناسم ئەگەر ئاڵۆز بێ و ئەگەر ڕوون بێت.
پ/سەبارەت بە ئەدەبى کلاسیک ئێستا هەندێک ئاراى کەم هەیە کلاسیک ڕەت دەکەنەوە ئەڵێن بۆ نمونە شاعیران وەک نالى و مەحوى پیاوى سەردەمى خۆیان بوون و بۆ ئەم سەردەمە ناشێ یان باس بکرێن؟
و/هەموو شێوازە هونەرى و زۆر جار مۆدێل و هەموو ئەتەکێیەتە کۆمەڵایەتیەکانیش خولانەوەى ئاو لە سروشتا چۆن لە دەریاوە دەبێت بە هەڵم و دەبێت بەباران دوووبارە دەچێتەوە دەریا و شێوازەکان لە خولانەوەدان ئێستا پۆست مۆدێرنیزم چیە؟جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ کلاسیزم لە پۆست مۆدێرنیزم دا من خۆم وائەکەم و ئەوەى لێى تێگەیشتم پۆست مۆدێرنیزم ئەوەیە.
کلاسیکیەت و ڕۆمانسیەت و شێوازى ڕیالیزم و هەموو شێوازەکانى فۆتۆگرافى و چى و چى دى تێکەڵا و ئەکەم ئێستا ئەگەر شاعیرێکى ترى وەکو شێخ ڕەزاى تاڵە بانى هەڵکەوێ و شیعرێکى وەکو ئەو شیعرانەى ئەو نوسیویەتى بینوسێ (لەبیرم دێ سلێمانى کە دار و مولکى بابان بوو)من چۆن نایخوێنمەوە چۆن ڕێزى ناگرم دوێنێ بوو(جەواهیری )مرد هەتا مردیش زۆربەى ڕۆشنبیرى عەرەب پێیان دەگوت شاعیرى گەورەى عەرەب شاعیرێکى کلاسیکى بوو پەیوەست بوو بە کێش و سەرواى شیعرى جاهیلیشەوە زۆرجاریش شیعرى ئەنووسی و ئەیویست لاسایى شیعری جاهلى بکاتەوە کە چەند سەد ساڵێک یان هەزار سالێک پێش خۆیەتى.
لەبەرئەوە شێوازەکان خۆیان دووبارە ئەکەنەوە و ئێستا ناتوانین بڵێین گەر شاعیرێک ئێستا وەکو نالى یان وەکو مەحوى بنوسێت بڵێین هیچ نین من بەش بە حاڵى خۆم دەخوازم کە ئێستاش شاعیر گەلێک هەبن بە شێوەى ئەوان شیعرى کێش و سەروادار بنوسن من یەک شتت پێ بڵێم –ئافرەتى جوان- کچى جوان هەر جوانە وەکو تاڵیبان پۆشتە بێ یان دەمامک لە ڕوخساربکا ..یا شۆرتێکى لە پێدابێ وەکو کچۆڵەکانى شەقامى مەولەوى و شەقامى گۆران کەواتە بە جل و بەرگ نیە جوانی شتێکە بەرامبەرەکەى هەستى پێدەکات لەتوێ ى هەزاربەرگەوەو لە ژێر هەزار کێش و سەرواشەوە من جوانى شیعر دەبینم .
پ/شیعرمەعریفەیە یان بەهرەیە؟دەتوانین کامیان لەناو کامیاندا بتوێنینەوە .سروشت وئاواز و زام و خۆشی لەناو شیعردا یان شیعر لەناو ئەمانەدا ؟
و/بەڕاستى شیعر بەهرەیەکى سروشتى یە لەیەکێکدا ئنجا مەعریفەیە لەدواى مەعریفەش هەندێجار شیعر جۆرێک لە جۆرەکانى نوکتە ئامێزى و ڕاگەیاندن و فیزیا و کیمیا و ئایین و سۆفى گەرى و زۆر شتى نهێنى تێ ئەکەوێ ناکرێ شاعیرێک هەر نەخوێنێتەوەو ڕۆشنبیریەکى فراوانى و پاشینەیەکى فراوان نەبێ بتوانێ شیعرێکى سەرکەوتوو بنوسێ .
پ/پێت وایە پەیدا بوونى ئامێرەکانى تەکنەلۆجیا ى سەردەم وەک ڕۆژنامەى ئەلکترۆنى و کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت کاریگەریان هەبێت لەسەر پاش کەوتن و پێشکەوتنى شیعر؟
و/ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەى کلاسیکى شیعرى کوردى خۆ ئەوساش خەڵکەکەسەرقاڵبوون بە ئیش و کارەوە بەجارێ هەزار دێ مەشغوڵ بوون بە درەوەوە لەکاتى درەودا پاشان بە جووت و بە کێشە و بە خەلە و خەرمان و بە دۆینە دروست کردن و قەرە خەرمان وساوەر و زۆر شتى دیکەوە ئێستا ئەوانە نەماون و خەڵک سەرقاڵن بە کۆمپیتەر و ئەنتەرنێت و مۆبایلەوە شیعر عیلاقەى بەوانەوە نیە شیعر ڕێگاى خۆی ئەبڕێ و ئەڕوات و شیعری باش ئەمێنێتەوە و شیعری خراپیش با دەیبا وەکو ئەو پوش و پەڵاشانەى کە لە شەن و کەوى خەرماندا با دەیانبات .
پ/بۆچى شاعیران بێدەنگن لە کاتێکدا بەڕێزتان زۆر جار داکۆکیتان لە زمانى کوردى کردووە لەبوارى نوسینى ڕێزماندا کە زۆر شاعیرانى تر دەڵێن شاعیر سەربەستە خۆى چۆن مامەڵە لەگەڵ نوسینى ووشەدا بکات لە شیعردا ؟
و/ئێستا لە هەموو سەر کۆڵان و لەهەموو بازاڕێکدا چەند ڕۆژنامەو گۆڤارێک دەردەچێت ئەمانە پێویستیان بە لاپەرە پڕِکردنەوە هەیە هەرچى بێت پڕى ئەکەنەوە شتەکانیان کرچ و کاڵە من کاتى خۆى لە دووسێ موقابەلەدا وتوومە ئەوانەى ئەنووسن لە سەدا هەشتاى زمانەکەیان زمان نییە بەلاى منەوە ئەوەى بەزمانى نالى و گۆران نەنوسێ زمانى کوردى نازانێ من ئەمەوێ پەرە بدەین بە زمانى نالى و گۆران بۆ نووسینى کوردى و بەو زمانەى کە نالى لە سایەى ئاڵاى (بابان)دا دایمەزراند چونکە بەلاى منەوە بۆنى ناوچەگەرى لەهەر دەقێک بێت من بە دەقێکى مردووى دەزانم .عەرەب یەک زمانى هەیە (زمانى قورئان)ە ئێمەش ئەتوانین بڵێین ئەبێ یەک زمانمان هەبێت زمانى نالى و ناکرێ و نابێ بۆ نمونە(فەرهاد پیرباڵ)لە هەولێرە و شێوازى هەولێر بەکاربهێنێ بۆیە ئەبێ هەموومان قوتابى قوتابخانە زمانییەکەى نالى بین ئەگینا زمانى کوردى بەرەو مردن ئەڕوات.
پ/بەڕێزتان سەرنووسەرى گۆڤارى بانەڕۆژن لە کەرکوک دەردەچێت لە کاتێکدا کەرکوک تائێستاش نەگەڕاوەتەوە سەر هەرێمى کوردستان ئایا ئەمە هیچ کێشەیەکتان لەڕووى سیاسی و ئابوورى ئەدەبیەوە بۆ پەیدا ناکات؟
و/لەدواى پرۆسەى ئازادى یەوە ساڵی 2003 کە کەرکوک ئازاد کرا خۆشحاڵ بووم کە سەرۆکى کۆمەڵەى ڕووناکبیرى کەرکوک حەزى کرد من پۆستى سەرنووسەرى گۆڤارى بانە ڕۆژ وەرگرم ئەوسا ئەو گۆڤارە هەر نەش بوو من خۆم ناومنا بانەڕۆژ وشەیەکى کۆنى کوردیە و من زیندووم کردەوە بە واتاى (ئایندە) ئەگەیەنێ لە کەرکوک دەدردەچێت و ستافێکمان لە کەرکوک و ستافێکمان لە کەلارە و ستافێکمان لە کفری یە خۆشم لە سلێمانیم و هەموومان هاتوچۆى کەرکوک ئەکەین و تا ئێستا نەوەستاوە و هەموو مانگێک دەردەچێ و گەیشتۆتە ژمارە (50)و پێنج ژمارەشی بە زمانى عەرەبى دەرچووە تاکو ئێستا بەڵام ئێستا لە بری ئەوەى گۆڤارەکە بەعەرەبی دەرناچێ هەموو ژمارەیەکى هەشت نۆ لاپەڕەى بە زمانى عەرەبى لەگەڵدایە بۆ ئەو نووسەرە کورد و عەرەبانەى کە ناتوانن بە کوردى بنوسن تا ڕادەیەک ئەتوانم بڵێم ئەمە دەنگى کەرکوک و گەرمیان و کۆمەڵەى ڕووناکبیرى کەرکوک و هەموو نەتەوەکانى تریشى گرتۆتە خۆى چونکە کۆمەڵەى ڕووناکبیرى کورد (کلد و ئاشوور و عەرەب)یشى تیایە دەورێکى جوان ئەبینێت و هیوادارم بەردەوام بێت بۆ خزمەتى وشەى کوردى .
پ/وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئاستى شاعیرانى خاوەن ئەزموون و بە هەڵوێستى وەک بەڕێزتاندا تاچەند وەکو ئاسانکارى بۆگوزەران و خۆش بەختى ژیانتان لاى لێکردونەتەوە ؟
و/یەک شتى خۆشت بۆ ئەگێڕمەوە بەسر پێرار نیوەڕۆ بوو ئاو نەبوو چاوەرشێم ئەکرد ئاوبێتەوەیەکێک تەلەفۆنى بۆ کردم لە وەزارەتى ڕۆشنبیرییەوە هاوڕێ ى بەڕێز و خۆشەویستم کاک هەڵگورد عبدولوەهاب وتى تۆ دیارى کراوى بڕۆی بۆ (فرانکفۆرد)بۆ پێشانگاى کتێب حازرى وتم قەیچێکا حازرم هەر ئەو قسەیە بوو هەتا ئێستاش هەر نەبوو هەر پێرار تەلەفۆنێکى ترم بۆ کرا نیوەرۆ بوو لە سەر جادە بووم وتى من (عەلى مەندەلاوى)م نازانم وتى بەرێَوەبەرى دیوانى وەزارەتم شتێکى وابوو وتى تۆ دەستنیشان کراوى بچیت بۆ فرانکفۆرت بە خوا ئێستاش نەبوو کارو بارى وەزارەتێک ئاوها بێت باوەڕ ناکەم ئەو شتە گەورانەى جەنابت ئەفەرمووى ئەوان بتوانن بیکەن .گۆڕانکارییەکى بنەڕەتى پێویستە گۆڕانکارى هزرى نەک حیزبی چونکە هیچ گۆڕانگاریەکى حیزبى لە بەرژەوەندى وشەى کوردیدا نیە بەڵام گۆڕانکارى هزرى لە بەرژەوەندى وشەى کوردیدایە.
پ/لە چەند نوسین و دیدارى بەڕێزتان دا هەمیشە بینیومە کە دەڵێى ئیمپراتۆریەتى شیعرى کوردیم مەبەستت لە گەیاندنى وشەى ئیمپراتۆر بۆ بەرامبەرێکتە یان بۆچى ترە ؟
و/سیاسیەکانى هەموو دنیا سیاسی تورک –عەرەب-فارس –ئینگلیز-ئەمەریکا ئەوانە هەموویان لە پێناوى کورسیەکى پەرلەماندا کە خۆیان لەسەرى دائەنیشن هەزار قسەى زل ئەکەن حیزبەکەى خۆیان ئەکەن بە دڵسۆزترین و بە بەهێزترین حیزب ئەندامانى حیزبەکەش سکرتێرەکەیان ئەکەن بە گەورەترین و مەزنترین و کەس لە دنیادا ئیتر شاعیرێک کە شیعرى بریتیە لە خەیاڵ بۆچی بۆی نەبێ بڵێ من ئیمپراتۆرى شیعرى کوردیم بەڵێ من ئیمپراتۆری شیعرى کوردیم.من وا هەست ئەکەم لە شیعردا کەس نەیتوانیوە عەرشى ئیمپراتۆریم پێ لەق بکات گەر پێشیان لەق کردم شازنازى بەوەوە ئەکەم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئیمپراتۆری شیعرى کوردى بووم ،ئیمپراتۆریش زۆرن شەرت نیە هەر من بم .دەى تریش هەن ئەم وڵاتە جێگاى چل پەنجا حیزبی تیا بۆتەوە ئاسمان جێگاى ملیارەها ئەستێرەى تیا بۆتەوە شیعریش جێگاى سەدان ئیمپراتۆر و ئیمپراتۆری ترى تیا دەبیًتەوە .چاوەڕێم بایەکێکى تریش ڕاى گەیەنێ کە ئەویش ئیمپراتۆرییەتە یەکێک دوان دە خۆشحاڵ ئەبم بەوەى کە تاجى ئەم ئیمپۆریە لەسەر سەرى خۆیان دابنێن .
پ/ئەگەر شتێک مابێ بە تایبەتى بۆ شاعیرە گەنجەکان و هەموو ئەو بەناو شیعرە مۆبایلانەوە دەنوسرێن بڵاو دەکرێتەوە.
و/کۆتایم ئەوەیە شیعر لە هەموو دەقەکان زیندوترە خۆشحاڵم بەوەى کە ئێستا رۆمان خەریکە زمانى شیعر وەردەگرێ پێش بینى ئەوە ئەکەم ئەگەر شیعرى کوردیش وەربگێڕ درێتە سەر زمانەکانى ترى دنیا لە ئاستى شیعرى ئەواندایە ئەگەر بەرزتر نەبێ کە دڵنیام هەندێ دەقى وامان هەیە زۆر لە دەقە بیانیەکان بەرزتریشن.
بۆههرپرسیارێک لهمهڕئهم بابهتهئهتوانرێت پهیوهندی بکهن بههاوڕێمان زیرهک عبدالرحمن لهڕێگهی ئهم ئیمهیڵهوه
دیمانە/بەکر پشدەرى