توانا تەھا
ھەموو شارێک مێژوویەکی تایبەت بە خۆی ھەیە، دیرۆکێک بە جۆرێک تایبەتمەندییەک بەو شارە یان بە کارەکتەرەکانی ناوشارەکە دەبەخشێت. ھیچ شارێک چوارچێوەیەکی دیاری کراوی نییە کە شێوازێکی تایبەت بە رووداوەکان ببەخشێت، وەک چۆن شار پەراوێکی سپیش نییە، دەستێکی دەرەکی بێت و رووداو گەلێکی تێدا بنووسێتەوە،
بەڵکو شار خۆشی بەشدارە لە پڕکردنەوەی لاپەڕەی دەفتەرەکانیدا، بەداخەوە لە سۆران ھیچ ئەمانە نین و بەرچاو ناکەون، کوا مێژووی باخ و شەقام و رێگەو بان و کۆڵانەکان و بازاڕو مێژووی ئەندازیاری شارەکان و مێژووی گۆڕانی مانا کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و رەمزییە شوێنە گشتیەکان، کوا سینەما و ھۆڵی مۆسیقاو گەلەری و شانۆ و چەندان شتی دیکە، بەداخەوە نە ھەبوونەو نە بەرھەمیش ھاتوون و نە دەشیان گۆڕێت، راستە شار لە تۆڕێکی بەرفراوانی رێگەو بان و تەلەفۆن و ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای پەیوەندییەوە بەدەرەوەی خۆیەوە گرێدراوە، بەڵام دەبوو لەپاڵ ئەوە شار وەکو مێژووە تایبەتیەکەی خۆشی لە مێژوویەکی دیکەی گشتیشەوە ژیانی بەسەر بردبایە.
بەومانایەی بەشدار بێت لە دروستکردن و وەرگرتن و ناردن و ھێنانی دەیان وێنەو رووداوە رەمزی و مانا بەخشەکانی نەتەوەیی و ناوچەی و رووداوە جیھانیەکان. کە لانی کەم مرۆڤەکانی ئێمە لێرەو لەوێ بەرچاویان ئەکەون. تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، شار لای ئێمە، گردبوونەوەیەکی بێسەروبەرە، گیانی ھاوکاری کۆمەڵایەتی لەشاردا لە ئاستێکی نەویدایە، نەک لەبەر ئەوەی وەک لادێییەک دەبێژێت “شارییەکان ترسنۆک و خۆپەرستن، ھەر وادەزانن خۆیان شت دەزانن و ئاشنان بە شارستانی” بەڵکو لەبەر ئەوەی تا ئێستا نەخشەی ململانێ لە شاردا ستوونییەو نەچۆتە دۆخێکی ئاسۆیییەوە. بەلادێکردنی شارەکان، تەنیا پەیوەست نییە، بە کێشەی خزمەتگوزاری و رێگەو بان و قەیرانی کارەبا و ئاوو پارک، لەبەر ئەوەی شار بنیاتێکی ماددی و تەلارسازی نییە لەسەر زەوی، چونکە بنیاتێکی رەمزییشە لەوناو سیستەم و یاساو نەریتە مەدەنی و سیاسییەکاندا بەرجەستەدەبێ.
زۆرجار دەگوترێت ئەو ئەقڵییەتە سیاسییەی شارەکانی کوردستان بەڕێوەدەبات، ئەقڵییەتی بەر لە دروستبوونی شارە، ئەوەش ئەقڵەییەتی لەقاڵبدانی بیرکردنەوەی خەڵک و کڕینی وەلاو ژماردنی ئینسانەکان و نابووتکردنی رۆڵی دادگاو دەزگاکانی دیکەیە. ئەگەر بێن و لێی وەرد بینەوە دروست ئەمە بەرجەستە بووە. حاڵەتێکی دیکەی ئەم بێ سەروبەرییە گەشەی خێرای شارەکانی کوردستانە، ئەویش گەشەیەک بێ سەرووبەر ھەم لەڕووی نەخشەی بنەڕەتی و ھەمیش دیزاین و مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت و ھەماھەنگکردنی کاییەو لایەنەکانی دیکەی پێشکەوتن جوانی، ھەم لەڕووی پێکەوە ژیان و کۆمەڵایەتی. ئێستا دۆخی شارەکانی کوردستان بە ئازارێکی سەختدا تێدەپەڕێت، ئێمە پێویستمان بە دام و دەزگای نوێنەرایەتیکردنی مەدەنی و ھۆشیاری و سیاسیی راستەقینەیە، نەک دام و دەزگای کارتۆنی و ھەڵاوساو و داتاشراو، پێویستە حیزبەکان بەر لەھەمووشت دەست لە قورگی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەڵبگرن و ئازادی بکەن و لەگەڵ شارەکان ئاشت ببنەوە، چونکە ئەزموونی شارزسازی و بەڕێوەبردنی شار و حکومڕانی تێیدا لە ھەموو دونیادا یەک دروستی ھەیە کە دەسەلمێنێت و دەگوترێت “شارەکان یان بەشێوازێکی مەدەنی نوێنەرایەتیدەکرێن، یان داگیردەکرێن”!
چەند جوان دەبوو مێژووی ئێمە لە رێگەی مێژووی شارەکەمانەوە بخوێندرێتەوە. ھەر بۆنموونە مێژووی ئەم ھەموو کولتوورە جیاوازەی لەم شارە ژیان بەسەر دەبەن، مێژووی شێوازی قسەکردن و ھەڵسوکەوتکردن، خۆ دەکرێت ئەوانە لە رێگەی پەرپێدان و گۆڕینی ھەندەسەی شارەکەمان بنووسرێتەوە. ئەزموونی چەند ساڵەی رابردووی دەسەڵاتیش پێمان دەڵێت پۆستە گرنگەکان کورتکراونەتەوە لە نێوان کۆمەڵێک خێزان و خزم و ھاوڕێی، ھەموو ئەوانەش وایانکردووە متمانەی خەڵکی بە دەسەڵاتداران وێران بێت و سیاسیەت وەکو چالاکییەکی مانادار و بەرپرسیارییەت بوونی نەمێنێت. ئەوەی چاوێک بەم دۆخەدا بخشێنێتەوە دروست ئەوەی بۆ دەردەکەوێت، تێدەگەن ئەوان نەک نیازی چاککردنی ھیچ یەکێک لەم کێشەیان نییە، بەڵکو واپێدەچێت ھەست بە بوونی کێشەو گرفتەکانیش نەکەن، لەوە ئەچێت ھەندێک لە بەرپرسانی ئێمە لە دونیایەکدا ژیان بەسەر بەرن، ھیچ پەیوەندی بە دونیای خەڵک و کێشە راستەقینەکانی کۆمەڵگەوە نەبێت.