ھۆشیار سەید وەلی : شارە حەیاتەکەی کەرکوک یەکێکە لە شارە بێنازەکانی کوردستان کە بەردەوام بەھۆی دەوڵەمەند بوونی لە ڕووی ئابوری و کێڵگە نەوتەکان و کشتوکاڵەوە بەردەوام کەوتوتە بەر ھەڕشەی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ,
مێژووی بە عەرەب کردنی ئەم شارە دەگەرێتەوە بۆ حوکمڕانی داگیرکەرانی عوسمانیەکان بەتایبەتی لە سەردەمی مدحەت پاشادا لە ساڵانی ١٨٥٠و١٨٧٢ سیاسەتی ھاندانی خێلە عەرەبە کۆچبەرەکانیان داوە بۆ نیشتەجێبونیان لە شاری کەرکوک و دەوروبەری ,لە سەرەتای دامەزراندنی دەولەتی عێراقدا لە ساڵی ١٩٢١و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام بونە لەم پرۆسەیە و بە بەرنامەی تۆکمەتر و چڕ تر ئەم پرۆسەیەیان بەرپا کردوە بەتایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣ زۆر بە زەقی ئەم پرۆسەیە ئەنجام ئەدا,کەوتە بۆردومان کردن وێرانکردن و ڕوخاندنی گوندەکان و ڕاگواستنی دانیشتوانەکەی و نیشتەجێ کردنی خیڵە عەرەبەکان لە باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتبوون,لەدوای ڕێکەوتنە شومەکەی جەزایر ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە دابڕانی قەزا و ناحیەکان لە کەرکوک داگیر کردنی خانوو و زەوی و زاری ھاوڵاتیان و دابەش کردنی بەسەر خێلە عەرەبەکان و ڕاگواستنی خەڵکی شارەکەیش بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان,لە ساڵانی ھەشتاکاندا ڕژێمی بەعس دەستی کرد بە کیمیابارن و ئەنفال و بە کۆمەڵ کوژی و خاپور کردنی سەرجەم گوندەکان ,
لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕیار وابوو لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدرێتەوە حکومەتێکی دیموکراسی فیدراڵی بێتە ئاراوە و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕیتەوە و ھەموو کێشەکانی کورد چارەسەر بکرێت ,بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان لە ئەنجومەنی فەرمان ڕەوایی عێراق بڕیاری مادەی ٥٨ یان پەسەند کرد بەلام ئەم بڕیارە ھیچ کاری پێنەکرا و ھەر بەجوانە مەرگی سەری نایەوە دواتر مادەی ١٤٠ ھاتە ئاراوە تا ئێستا جگە لە قەربوو کردنەوەی ھاولاتیان ھیچ بڕگەیەکی دیکەی لێ جێبەجێ نەکراوە, ئەو عەرەبە ھاوردانەش قەرەبوو کراونەتەوە تائێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان ھەمویان لەشارەکە ماون,ئەگەرچی پێویست وابوو لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس بەبێ قەید و شەرت و بەبێ بڕیاری مادەی ٥٨ و مادەی ١٤٠ کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان بگەڕایەوە سەر باوشی ھەرێمی کوردستان بێگومان ئەم دوو بڕیارەش بۆ ڕەزامەندی پێکھاتەکانی دیکەی شارەکە بوو ,جگە لەمەش لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە چەندین خێزانی عەرەب بەناوی نائارمی ناسەقامگیریەوە ڕویان لە شاری کەرکوک کردوە ئەمەش بە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە شارەکە نیشتەجێبونە,
لەدوای ئەو ھەموو تەعریب و ڕاگواستنەی بەسەر خەڵکی ئەم شارە ھات ئێستا لیژنەیەکی تایبەت پێکھێنراوە لە حکومەتی ناوەنی بەغداوە ھاتونەتە شارەکە و ئاماری مەزار و گۆڕستانەکان و شوێنەوارە ئاینیەکان ئەکەن بەنیازی ئەوەن دەست بەسەر ئەو زەویانە بگرن کە ئەو زەویانە چەندین ساڵە موڵکی کورد و تورکمانەکانی شاری کەرکوکە , بەعەرەب کردنەی ئەم لیژنەیە بەنیازە ئەنجامی بدات وەک ئەو مەتەڵە کوردیە وایە کە ئەڵین,کاتی خۆی کابرایەک خانوەکەی ئەفرۆشێت ئەڵێت بە مەرجێک ئەم خانوە ئەفرۆشم ئەو مێخەی دامکوتیوە جیاوازە لە فرۆشتنی خانوەکە و مێخەکە موڵکی خۆمە و ڕۆژانە دێم سەیری بکەم, کڕیارەکەش ئەڵێت زۆر ئاساییە,دوای ئەوەی خانوەکەی فرۆشت ڕۆژانە سەری لە مێخەداکوتراوەکەی ئەدا و یەک دوو چەکوشی لێ ئەدا تا خاوەن خانوو بێزار بوو ھەرچونێ قسەیەکیان بکردایە ئەی ووت مێخی خۆمە .دواتر پێستەیەکی ھێنا و بە مێخەکەیا ھەڵیواسی و بۆنێکی ناخۆشی لەخانوەکە دروست کرد تا خاوەن ماڵەکە بە تەواوی بێزار بوو وتی کاکە وەرە مێخ و خانوەکە بۆ خۆت من ئەڕۆم بۆتی بە جێ دەھێڵم ,ئێمەش ئێستا گۆڕستانەکانمان و ئەو زەویانە شایەتحاڵی ئەوەن کەرکوک کوردستانیە, بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی جدی بدات بۆ ئەوەی ڕێگەنەدەن بەم لیژنەیە ,ھەرچەندە ئەمە تاکە پیلان نیە حکومەتی ناوەندی بەغدا ئەنجامی ئەدات دژ بە خەڵکی شاری کەرکوک,
Wshyar_wali١٢@yahoo.com