کەمن ئەو کەسانەی بتوانن لە چەندین بواری ئەدەبی و ھونەری و مافی مرۆڤ سەرکەوتووانە ئەسپی خۆیان تاو بدەن، خاتوو(د.شادان عەلی) لە چەندین بوار وەکو ھونەری شێوەکاری وشیعر ومافی مرۆڤ ،بەشداری چالاکانەی ھەیە شوێن پەنجەیان دیار وبەرچاوە ،خاوەنی چەندین پیشانگایە ،لە ھەمان کاتدا شیعرەکانی بۆ سەرچەندین زمانی جیھانی وەرگێردراون، ئەندامی سکرتاریەتی باڵوێزی ئاشتی جیھانی و منداڵان و ئەندامی مافەکانی مروڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکانە ھەر بەھۆی ئەو کارانەیەوە چەندین جار لە سەر ئاستی کوردستان و جیھان خەڵات و رێزلێنانی بۆ کراوە،بە پێوستیمان زانی بۆ زیاتر ئاگاداری بوون لە کار و چالاکییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا ئەنجام دا.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرامان باس لە ژیانی ھونەری و ئەدەبی خۆتان بکەیت
– من ناوم(شادان عەلی ئەحمەد)-ە لە شاری سلێمانی لەھەرێمی کوردستان لە دایکبووم، ھەر لەم شارەدا خوێندم تەواو کردووە،پاش تەواو کردنی خوێندن ،ساڵی ٢٠٠٣ وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی دامەزراوم، لە ٢٠٠٥وە چەندین کۆرو پێشانگای کتێبی ناوخۆیی ونێودەوڵەتیدا لەبەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری وەکو ئەندام و سەرپەرشتیار ھەتا ئێستاش کارم کردووە و بەردەوامم.
خاوەنی ( دوو سیدی) شیعریم یەکەم ساڵی ٢٠١٦ و سیدی دووھەم لە ساڵی ٢٠١٨ چەندین کۆڕی شیعری تایبەت و ھاوبەش لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا ھەیە،ھەروەھا بەشداری چەندین پێشانگای تایبەت و ھاوبەشی شێوەکاری لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا ھەیە،
ئەندامێتی سکرتاریەتی باڵوێزی ئاشتی جیھانی و منداڵان و ئەندامێتی مافەکانی مروڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا سەرۆکی دەوڵەت ( خانەی ژنان )م لەنەتەوە یەکگرتووەکان / عێراق وەرگرتووە.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی ھەریەک لە گۆڤارو ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی ( ھونەرو دیزاین)م بەناوی (IJRAD) بەڕەسمی لەوڵاتی ھیندستان دەردەچێت ،لە ساڵی ٢٠٢٢ وەک ھاوکاری ( ھونەرمەندانی بێسنور) لەشاری ھامبورگی ئەڵمانیاو شاری کالیفورنیای ووڵاتە یەکگرتوە کان کاردەکەم،ناوم لەکتێبی ئافرەتە ناودارەکانی کورد لەنوسینی مێژوو نووسی کورد نوسەر علی خەزنەدار لەبەشی چوارەم و پێنجەمدا ھاتووە ئەم کتێبەش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی ساڵی چاپ ٢٠٢١
خەڵاتی باشترین کە سایەتی ساڵانەم پێبەخشراوە لەوڵاتانی ئەمەریکاو ئەورپاو ئاسیاو عەرەبیدا
ھەروەھا گروپی وەرگێڕانی بێسنور ( فریق الترجمە بلا حدود ) کەپیکھاتووە لەچەندین وەرگێری بەتوانا کە کار لەسەر وەرگێڕانی شیعر دەکەن، لەم بوارەدا چەند شیعرێکم بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و ئیسپانی و پرتوگالی و ئینگلیزی و ئەمازیغی وەرگێراوە،نوسینەکانم لەپێناو ئەرکەکانی پەروەردەیی بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ ھەروەھا چەندین بڕوانامەی دکتۆراو باڵوێزی ئاشتی جیھانی و مرۆڤایەتیم لە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی .
*بابزانین چۆن ئاوێتەی ھونەری شێوەکاری بوویت ،زیاتر لەسەر چ قوتابخانەیەک تابلۆکانت نیگار دەکەیت؟
– زیاتر کار لەسەر ھونەری ئۆڵتراڕیالیزم و تعبیری دەکەم ،چونکە من دەمەوێت لە ھونەرەکەمدا پەیام بگەیەنم تا بگاتە شوێنی مەبەست ،ھونەریش بۆخۆی بەھرەیەکە چۆنت بوێت دەتوانی کاری لەسەر بکەیت.
*ئاستی ھونەری شێوەکارانی کورد لەگەڵ ئاستی شێوەکارانی جیھان چۆن دەبینیت؟
– شێوەکارانی کوردیش ھیچیان لەشێوەکارانی وڵاتانی دەرەوە کەمتر نیە ڕاستە شێوەکاری وڵاتان زۆر بەتواناو باشن لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوێک یا ئەکادیمیایەک ھاوکاریان دەبێت و کارییان بۆ ئاسان دەکات پاشان بەپێی ئەو توانایەی کەھەیەتی باشترین ڕێزلێنان و بگرە سەفەری وڵاتانیشیان پێدەکەن بەڵام شێوەکارانی کورد ئەگەر زۆر باشیش بن و چەند ھەوڵبدات کاری باش و تایبەتیش بکەن ھەر لەسەر گیرفانی خۆیەتی و مەگەر خۆی بۆخۆی ھەوڵبدات کاربکات ھونەرەکەی پێبگەیەنێت، من لە ٢٠١٤ ـ ٢٠١٨ لەکاتی شەری داعش جگە لەنەبوونی مووچەو کەمی لایەنی مادی بەڵام من ساڵانە گەورەترین چالاکیم کرد لەکوردستان لەسەر مافی مرۆڤ و بەتابلۆو شیعرەکانم ئەنجام دا، بۆیە ھەندێک جار بەھرەت ھەبێت ھەرچۆنێک بێت دەتوانی ھەوڵبدەی بۆ ئامانجێکت چونکە ھیچ کات ھونەر ناوەستێت بەڵکو لەکاتە سەختەکاندا زیاتر پێویستەو بابەتەکان وەکو مێژوویەک دەمێننەوە،شێوەکارەکانی کوردستانیش لەڕووی ھونەرەوە ئاستێکی باشیان ھەیە بەڵام لەڕووی یارمەتی وھاوکارییەوە زۆر لاوەزە بۆیە ھونەری کوردی لەخولانەوەیەکی چەق بەستودایە لەڕووی مادییەوە تایبەت لە ئێستادا چەند ساڵێکە قەیرانی دارایی یەخەی ھەموومانی گرتۆتەوە .بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زۆر چالاک بن
*باشە ئەگەر بکرێت ،ئاماژە بەو ڕێکخراو وڵتانە بدەیت کە بەرێزتان کارت تیا کردوون؟
– بێگومان زۆرن ھەر لە ھەرێمی کوردستان ، وڵاتی عێراق ،تورکیا، ئۆکرانیا ،ھندستان ، ئیتاڵیا ،سویسرا ،میسر ، بەرازیل ،ئەڵمانیا ، بنگلادیش ، یابان ، فلیپین ، تورینتۆ(کەنەدا)، پاکستان ، پەکین ، فەرەنسا، کۆڵۆمبیا ، ئوسترالیا ، ھۆڵندا ، مەکسیک ، پۆڵندا، ڕێکخراوی یونسیفUN و خاچی سوری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ئاشتی نێودەوڵەتی لەوڵاتانی سویسراو ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ڕۆمانیا ، ئەمەریکا ، فلۆریدا ، ڕوسیا ،ئەفەریقا، مەغریب ، ھەنگاریا ، یونان ، بەلجیکا، ئەلبانیا ،فەڵەستین ، قەتەر ئەرجەنتین ، ئەندەنوسیا، سوریا ،یەمەن ، ئەردەن ، نەرویج ،فرانکفۆرت ، یەکگرتوی ئەوروپا، لیبیا، جەزائیر، کوەیت ،لوبنان ، تونس، تەکساس ،شیلی.
*بەرێزتان لە بواری شیعر نووسین خاوەن چەندین شیعرن خامەتان رەنگییە ، چۆن تێکەڵی ئەم جیھانەی شیعر بوون؟
– تێکەڵ بوونی شیعر لەناو ڕۆحدا ھەڵدەقوڵێ نازانی کەی تێکەڵ دەبیت بەڵام ئەوەندە دەزانیت لە ساڵێکدا بەرھەمێکت بۆ یەکەمجار نوسیوە دەبێتە سەرەتای نوسینی شیعری
ئاوێتەبوونی من لەگەڵ شیعردا دەگەرێتەوە بۆ منداڵیم ھەربۆیە لەئێستادا شیعرەکانم چێژێکی تایبەتی ھەیە ئەوەی شیعرەکانم بخوێنێتەوە ھەوڵ دەدات شیعری کەش بخوێنێتەوە .
شیعر جۆرێکە لە ئەدەب کە ئامانجی ئەوەیە وەڵامێکی ھەستی لە خوێنەردا بھێنێتەوە لە ڕێگەی زمانێکەوە کە ھەڵبژێردراوە و ڕێکخراوە بۆ مانا و دەنگ و ڕیتم.
شیعر بە جۆرێک لە ئەدەب یان نووسینی ھونەری پێناسە دەکرێت کە ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی تەکنیکە جۆراوجۆرەکانی شیعرییەوە ھەست و خەیاڵی خوێنەر ڕابکێشێت.
شاعیر تێکەڵەیەک لە ڕیتم، ھەڵبژاردنی وشە، دەنگ، ھێماو وێنە، پێکھاتە و زیاتر بەکاردەھێنێت بۆ دروستکردنی پارچەیەک لە نووسین کە ھەستەکانی خوێنەر دەجوڵێنێت.
شیعرەکان بە چەندین شێوە و شێوازی جیاواز دێن و زۆرجار دەقەکە جیادەکرێنەوە بۆ پەڕەگرافێک کە پێی دەوترێت ستانزا.
، ستانزا (بە ئینگلیزی: Stanza) بریتییە لە کۆمەڵێک دێڕ لەناو شیعرێکدا، . ستانزا دەتوانێت ڕیتمی ڕێک و پێکی ھەبێت
ھۆنراوە بە زۆری دەربارەی بابەتێک یان بابەتێکی دیاریکراوە. ھەندێک لە باوترین ئەو بابەتانەی کە شاعیر دەربارەیان دەنووسێت بریتین لە (خۆشەویستی، سروشت، ھاوڕێیەتی، خێزان، ئاژەڵ، گەورە بوون و پیربوون، چاکە بەرامبەر خراپە ،گەورەبوون و پیربوون،ئازایەتی و ئازایەتی،پێشبینی ، جەنگ…)
ھەر بۆیە منیش لەنوسینی ئەمانە بێبەش نیم ،چەندین شێوەی شیعر ھەیە و ھەندێک شاعیر لەوانەیە تێکەڵەیەک لە دوو یان زیاتر بەکاربھێنن، یاساکانی فۆرمێکی دیاریکراو بشکێنن، یان بە توندی پابەند بن بە یاساکانی فۆرمەکەوە. ھەر شیعرێکیش جیاوازە و شێوەیەک بەکاردەھێنێت بۆ نوسینی گێڕانەوەی چیرۆکێکی خەیاڵی یا واقعی ھەتا بەڕوونی پەیامەکانی شاعیر لەڕێگەی شیعرەکەیەوە بگاتە شوێنی مەبەست.
*ئایا ھیچ بەرھەمێکی چاپکراوی شیعرت ھەیە، تائێستا شیعرەکانت بۆ چەند زمانی جیھانی وەرگێردراون؟
– بەڵێ بەرھەمی چاپکراوم ھەیە بەناوەکانی کتێبی” تۆدڵمی یا خاکی نیشتیمان” تایبەتە بەشیعر ، “کتێبی زیوا “، کتێبی زیوا یەکێکە لەکتێبە دەگمەنەکان تایبەت لەھەرێمی کوردستان کەتوانیومەوەکو یەکەم ھونەرمەندی شێوەکارو شاعیر ئەم کتێبە بەرھەم بھێنم کە پێک ھاتووە لە٣٠ پارچە شیعرو ٣٠ تابلۆی شێوەکاری واتا شیعرێک بۆ تابلۆیەک نوسراوە، جگە لە جەندین نوسین لەناو ئەم کتێبەدا.
لەئێستاشدا کتێبێکی ترم لەبەردەستدایە لە کاری دیزایندایە ئەم کتێبەشم تایبەتە باچاپ بکرێت لەکاتی خۆیدا باسی بابەتی ناوکتێبەکە دەکەم.
*شیعرەکانت بۆ سەرچەندین زمانی بیانی وەرگێردراوەن،ئەگەر زیاتر روونکردنەوەی لەسەر بدەیت؟
– ئەوەی راستی بێت چەند وەرگێرێکی باش کاری وەرگێریان بۆ کردووم بەتایبەت بۆ سەر زمانەکانی زمانی ھۆلەندی ، ئیسپانی ،ئەلبانی، ھەنگاری، بولگاری ،فەڕەنسی ،ڕوسی، کوڵومبی، چینی ،ئینگلیزی، مەکسیکی ، تەکساس ،ئەمەریکی، ئەمازیغی ، تورکی ، عەرەبی ، یۆنانی و ..ھتد
*بەرێزتان خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتین ئەگەر تیشک بخیتە سەرەیان؟
– ڕاستە خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتیم ،من وەکو ئەندامی باڵوێزی ئاشتی جیھانی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی ئاشتی جیھانی و مافی مرۆڤم
لەبەر ئەوەی من لە ٣ بواردا کاردەکەم لەھەرسێ بوارەکەشدا زۆر سەرکەوتووم ھەرسێکیشیان پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە وەکو بواری نوسین وشیعر ،ھونەری شێوەکاری ، مافی مرۆڤ،ھەربۆیە ئەم ڕێکخراوانە پەیوەندیان پێوەکردم سەرەتا بە کارو چالاکی دەستم پێکرد پاشان قبوڵکرام و لە زانکۆی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بەشی مافی مرڤ و بەشی ھونەری وبەشی ئەدەب و وێژەو کولتور دەستم پێکرد لەپاش دووساڵ توانیم بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بھێنم پاشان ڕێگەیان بۆ ئاسان کردین کە ڕێکخراوەکەمان بەپێی پرۆتۆکۆلی نێو دەوڵەتی ھەوڵیداوە ئەو بەھرەو توانایەی کەھەمانە لەگەڵ وڵاتاندا بەتواناتربێت بۆ گرێدان و پێکەوەبەستنی ھەموو ھونەرمەندو شاعیرە چالاک و بەتواناکانی جیھان ھەندێ جار بە بەرنامەی ڕاستەوخۆی گوگڵ یان ئەگەر کارەکە خێراتربڕوات و مەبەست بێت و کات کەم بێت بە ئونلاین بەشداردەبین بۆ گفتوگۆکردن لەنێوان یەکتریداو بۆ ئاڵوگۆڕی بەرھەمی ئەدەبی ھەتا زیاتر سود مەندبین بۆ کاری باشتر و ئاشنای ھونەری وڵاتانی دەرەوە بین..ھەر لەم ڕێگەیەشەوە گرێبەستمان بۆ دەکەن لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتانی بەریتانیا وئیتاڵیاو سویسراو چین و ئەڵمانیاو عێراق و دانیمارک و ….ھتد
دەتوانم بڵێم بانگھێشتنامەی فەرمی بۆ وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئەستۆیی ڕێکخراوەکە بۆ پێشانگاو سیمینارو کۆری شیعری دەکەن چونکە کار لەسەر ئاشتی ھەموو جیھان دەکەین
بەردەوامیش لەکاروچالاکیداین پەیوەندییەکی زۆرپتەومان لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری وڵاتی میسردا ھەیە کە ھەندێ کاری بۆ ئاسان کردووین تا بەردەوامبین لە کارەکانمان، ھەندێک جار بڕوانامەکان لەرێگەی نووسینەوە دەنێرن و دەگاتە دەستمان.
*زۆرێک لە بڕوانامەکانت لە تۆڕی کۆمەڵاتییەکان بڵاودەکەیتەوە مەبەست چییە لە بڵاوکردنەوەیان؟
– من ھەندێکیان بڕوانامەکان لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاودەکەمەوە . تەنھا بۆ ئەوەی ھاوڕێیان و خوێنەرانیش ئەو بڕوانامانە ببینن بۆ دوو مەبەست یەک بۆ ھاندانیان بۆکاری ھونەرو ئەدەب، ئەوی تریشیان بۆ بینینی شێوازو ئاشنابوونی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی چونکە لەم ڕێزلێنانانە لێرە نیە ھەتا ئەوانیش بێبەش نەبن لەبینینیان ئاشانی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی بن.
*جگە لە بواری ھونەر و ئەدەبدا لەچ بوارێکی تری کۆمەڵایەتی کار دەکەیت؟
– لەبواری مافی مرۆڤیشدا کار دەکەم بۆ داکۆکی کردن لەمافەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کە مرۆڤ وەک مرۆڤ سەیر بکرێ و ڕێزی لێبگیرێت لەھەرشوێنێکی سەر ئەم زەوییە جیاوازی نەکرێت لەنێوان ئاین و کەمەنەتەوەیەکان ، جیاوازی نەکرێت لە نێوان مرۆڤی سپی پێست و مرۆڤی ڕەش پێست ھەروەھا بێ کێشەی سیاسی و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێ و پڕبێت لەئومێد و ھەرچی پێویستیان ھەیە بەپێی توانا یارمەتیان بدرێت چونکە مرۆڤ شایەنی ڕێزلێگرتنە دەتوانم بڵێم ئەدەب و ھونەر و مافی مرۆڤ ٣ سێ بوارن بەڵام لەیەک بواردا کۆمکردونتەوەو کاریان لەسەر دەکەم.
*ھیچ ھەماھەنگیت لەگەڵ ھونەرمەندان و نووسەرانی کوردستان دا ھەیە؟
– بەڵێ زۆریش ھەماھەنگیم لەگەڵ ھونەرمەندان و نوسەرانی کوردستان ھەیە چالاکی زۆریشم لەناو کوردستاندا ھەبووە بەشداریم لە چەندین پێشانگای تایبەت و ھاوبەش وکۆری شیعری تایبەت و ھاوبەشدا کردووە بەردەوامیش دەبم لە چالاکیەکانم،ئەندامی سەندیکای ھورنەندانی شێوەکارنی کوردستان لقی سلێمانم.
*ئێمە لە کۆتاییدا زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی؟
-منیش سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەی ئێوە دەکەم ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
Discussion about this post