كارۆخ مەلائەسعەد (شەخەوان) لە تازەترین كاریدا، داوا دەكات كچە شۆخ و شەنگەكەی شاری كەركووكی بۆ بهێنن. (بۆم بێنن) نوێترین بەرهەمی (شاخەوان)ـە و لایەنگرەكانیشی ئاگادار دەكاتەوە، كە بەم زووانە (كلارا)ـی لە شاری كەركووكەوە بۆ دەهێنن و نیشانی هەموو ئازیزانیشی دەدات.
گۆرانیبێژی گەنج (شاخەوان) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: گۆرانییەكی تازەی بەرهەم هێناوە و كلیپێكی سەركەوتووانەیشی بۆ كردووە. لە بارەی ناوەڕۆكی گۆرانیەكەیەوە گوتی: “ ئاوازەكەی ئەو گۆرانییەم خۆم دامناوە و هۆنراوەكەیشی هی (سامی سەباح)ـە.
وەلێ (هۆگر عەزیز) لە ستۆدێۆی سۆڵۆ میوزیكەكەی دابەش كردووە، و 18 ژانیاری بەتوانای شاری هەولێریش كاریان تێدا كردووە. مایسترینگەكەیشی كۆمپانیای (بێستی بەهجەت نەجات) كردوویەتی و خەرەجییەكەیشی كۆمپانیای (كۆرێك تیلیكۆم) گرتوویەتییە ئەستۆ.”
لە لایەكی دیكەوە باس لە چۆنییەتی دروستكردنی كلیپەكەیەوە دەكات و دەڵێت: “ كەناڵی ئاسمانیی (كەركووك) سپۆنسەریی ئەو كلیپەیان كردووە و، هەر ستافی كەناڵی ناوبراویش بەرهەمیان هێناوە بۆم. هاوكات تەواوی دیمەنەكانی ئەو كلیپە لە گوندی (دەلۆ)ـی سەر بەشاری كەركووك وێنەی گیردراوە. ئێستایش سەرجەم ئەم كارانە تەواو بوون و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەكەوێتە بەر دیدی بینەران.”
(شاخەوان) گوتیشی: “شیعرەكە دەلالەت لە كچە نازدارێكی میهرەبان و شۆخ و شەنگی شاری كەركووك دەكات بە ناوی (كلارا). ئەو كچە چەند ساڵان بەر لە ئێستا لەم شارەدا هەبووە و جوانێكی ناودار بووە لەو دەڤەرەدا، بۆیە من لەو گۆرانییەدا باس لە چیرۆكێكی راستەقینە دەكەم.
(كلارا) لەگەڵ ئەوەی گوڵە باخێكی كەركووك دەبێت لە یەكێك لە قەیسەرییەكانی كەركووكدا، دووكانی عەتریشی دەبێت، واتا بۆن فرۆش بووە. بۆیەیش چەندین جار لەلایەن بابە گەورەمانەوە گوێمان لێ بووە كە ئەو كچە چەند كەسێكی لەسەر كوژراوە.”