نووسەر “شاخەوان عەلی حەمەد” ساڵانێکە لە بواری نووسینی منداڵان دەنووسێت ،ئەسپی خۆی تاوداوە،لەرێگەی نووسینەکانییەوە وەکو پەروەردەکارێک رێنمایی منداڵانی کوردستان دەکات ، خاوەنی چەندین کتێبە لەو بوارەدا ئێمە بەباشمان زانی لە نزیکەوە ئەم ھەڤپەیڤینەی لەگەڵیدا ساز بکەین.
* ھەرچەندە بەرێزتان ناوێکی دیاری کوردستانن لە نووسین بەڵام پێمان باشە بەکورتی باس لەژیانی خۆت بۆ خوێنەرانمان بکەیت.
-من ” شاخەوان عەلی حەمەد مامۆکی” لە ١/٧/١٩٧١ لەگوندی (تاڵەبانی گەورە) چاوم بەدونیا ھەڵێناوە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەشارۆچکەی تەقتەق خوێندوەو خانەی مامۆستایان و دواتر کۆلێژی پەروەردەی لەھەولێر تەواوکردوە، خێزاندارەم چوار منداڵم ھەیە بەناوەکانی (شایەن و شادە و ئەحمەد و ئادەم)، لەتەمەنی حەڤدە ساڵی دا لەساڵی ١٩٨٩ یەکەم کتێبی خۆم بەناوی (ھاروون و بالوور لە چیڕۆکی کوردی) لەبەغدا چاپ کردووە و بۆ ساڵی دواتر ھەر لەبەغدا کتێبی (مەتەڵ بۆ زاخاوی مێشک) چاپ کرد، دوای راپەڕین یەکەم بابەتی خۆم بەناوی (گورگ و مەڕ) لە رۆژنامەی پەریستان تایبەت بەمنداڵان و دواتر گۆڤاری ھەنگ بڵاو دەکردەوە، لەساڵی ١٩٩٢ وەکو پەیامنێری پێشکەوتن لە کۆیەو لەساڵی ١٩٩٣ وەکو پەیامنێری رۆژنامەی برایەتی و خەبات لە تەقتەق و تا ساڵی ١٩٩٦ بەردەوام بووم، لەساڵی ١٩٩٨ وەکو سەرنووسەری رۆژنامەی بەھرە کە ٢٧ژمارەی لێ دەرچووە کارم کردوە ، ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و جێگری سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیری کەسنەزان و سەرۆکی رێکخراوی مامۆکە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە ئێستادا لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەر، سەرپەرشتیاری ھاوڕێی ڕەخنەگرم .
*با بزانین چی وای لێکردی ڕوو بکەیتە نووسین لە بواری منداڵان؟
– دونیای منداڵان دونیایەکی بێشومارو لەبن نەھاتووە، بۆیە کارکردن لەو سێکتەرە مرۆڤی ژیرو وردو زیرەکی گەرەکە تا بەکونج و کەلەبەرەکانی ئەو جیھانەدا ئاشنابێ و بزانێ چۆن پێیان بگەیەنێ و چۆن بەجوانترین شێوە بۆ داھاتوو سازو ئامادەیان بکات؟ ھەروەھا دونیای منداڵان پەیژەیەکە بۆ گەیشتن بەناخ و دەروونی ئەو بوونەوەرە ھەست ناسکەی چۆنمان بوێ ئاراستەی بکەین، ئاوا لە ڕەوتی ژیان بڕوانێ و ھەموو ھەڵس و کەوت و رەفتارێکی ڕەنگدانەوەی ئەو پێگەیاندنەبێ کە ئێمە دەمانەوێ بەجوانترین شێوە پەروەردەیان بکەین.
ھەر لەم ڕوانگەوە بەھۆی دەست کورتی و کەمی نووسەرو ئەو قەڵەمانەی خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە دەبینین لە بەراوردکردنی ئەدەبی منداڵانمان بەئەدەبی بێگانە وەکو پێویست نەمانتوانیوە شان بەشانی ئەو ژانرە ئەدەبیە جیھانییە پێ ھەڵێنین، سەرەڕای ھەموو ئەو ھەوڵانەی دراون کە جێی دەستخۆشین، منیش لە تەمەنێکی زووەوە شانم داوەتە بەر نووسین کە بتوانم لەو سستی و کڕچ و کاڵیەی لەئەدەبی منداڵان بەدی دەکرێ، تەکانێک بەو ڕەوتە بدەم و منداڵان بەھەندێ زاراوەی کوردی و ژیانی لادێ و بەپەروەردەو پێگەیاندنێکی تەندروست بناسێنم کە سوپاس بۆ خوا بەھەگبەیەکی پڕەوە لەو مەیدانە بەردەوامین.
*کاتێ دەنووسیت، کاتێکی دیاریکراوت بۆ نووسین ھەیە، بۆنموونە لە شەو یاخود بەیانی؟
– نا، نەخێر کاتێکی تایبەت و دیاریکراوم نییە، وەلێ زۆر جار لەبینینی دیمەنێ لە ژیانی ڕۆژانە، لەخوێندنەوەی کتێبێ، لەسەیرکردنی فیلمێ بیرۆکەی چیڕۆکێکم بۆ دێ و دواتر بەتایبەت ئەو کاتانەی تەنیام، یاخودئەو کاتانەی بەدەم پیاسەکردنەوە ڕێ دەکەم، کەلکەلەی ئەو چیڕۆکانە لەبێژینگ دەدەم بەوەی چۆن دەست پێبکەم؟ چۆن بچمە ناوەخن و کرۆکی بابەتەکە؟ گفتوگۆکان بە چ ئاقارێ ببەم و چۆن ئەو زمانە سادەو ساکارە بەکار بێنم بۆ ئەوەی منداڵانی کورد بەئاسانی تێی بگەن و دواجار ئامانجی ئەو نووسینە بیپَکم کە لەڕووی پەندو ئامۆژگارییەوە بابەتێکی بەرھەمداربێت، ئەوەیش ڕاستە بۆ ھەموو ئەو بابەتانەی لەبواری پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵ دەینووسم.
*جیاوازی نووسین بۆ منداڵ، لەگەڵ نووسین بۆ گەوران لەچیدا دەبینیتەوە؟
– نووسین بۆ گەوران ھیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە، نووسەر ئازادە بە زمانێکی گرێ و گۆڵ بنووسێ یا بەزمانێکی سادەو ساکار یا فەلسەفە ، لەوەشدا ئەوەی خۆی پێ خوێنەربێ، دەتوانێ بیخوێنێتەوەو تێی بگات، بەڵام منداڵ پێویستیەکە دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، مامەڵەی لەگەڵ وشە چۆن بێت؟ چۆن ئەو شتێک بنووسێ کە منداڵ لێی وەربگرێ و ھەست بەبێزاری نەکات؟ لەوەشدا دەقی نووسین لە زمانی منداڵ بەگەورە بکرێ ئەو منداڵە وەری ناگرێ، چێژی لێ نابینێ جا ئەو نووسینە شیعربێ یا ئۆپەرێت یا چیڕۆک و …ھتد.
*بابەتێکی دیاریکراوت ھەیە بۆ ئەوەی لەرێگەی نووسینەکانت چارەسەری کێشەی منداڵ بکەیت؟
– بێگومان کاری ئێمە لەو پڕۆژانە دەست نیشانکردنی ئاریشەو لەمپەرو کێشەکانی بەردەم منداڵ و چارەسەرکردنیانە، لەو پڕۆژانەی دەستمان داوەتێ بۆئەوەیە بتوانین لەنمایشکردنی دیمەنێکدا بابەتێ نیشانی منداڵ بدەین کە ئەوەی ناپاکی بکات، درۆزنبێ، ئیرەیی بەم و بەو ببات و بەرژەوەندویستبێ و زۆر شتی تر، دەرەنجامی ئەو کارانە دواجار بەکوێی دەگەیەنێ، لەوەشدا دەبێ بزانین شتێ نەخەینە ڕوو کە بێ ئەنجام بێت و لاسایی شتێ نەکەینەوە کە بۆ سەر دەروونی منداڵ ڕەنگدانەوەی خراپی ھەبێت.
*لەو سەردەمەی تەکنەلۆژیاو کەناڵە ئاسمانیەکاندا چۆن وا لەمنداڵ بکەین بخوێنێتەوە؟
– دایک و باوک دوو فاکتەری پڕ بەھاو گرنگن لەو ئاڕاستەکردنەدا، بەواتایەکی دیکە دەبێ دایباب بزانێ چۆن خوێندنەوە لای منداڵەکەی خۆشەویست دەکات و ئەو حەزو خولیایەی بۆ دەڕسکێنێ؟ ئەگەر دایک و باوک خوێنەرێکی باش نەبن ناتوانن منداڵێکی خوێنەر دروست بکەن ، وەلێ لە نەخوێندەواریشیاندا ھەمدیس دەتوانن ئەو کەش و ھەوایە بڕەخسێنن بەتایبەت شەوانە پێش خەوتن بەپێی ئەقڵ و تەمەنی ئەو منداڵە ھەندێ شتی جوانیان بۆ باس بکەن کە گوزارشت لەشتە جوانەکان بکات.
ھاندانی منداڵ بۆ خوێندنەوە و پاداشت کردنی کە دوای خوێندنەوەی ھەر چیڕۆک و نووسین و بابەتێکدا، بەڕوویەکی خۆشەوە داوا لە مناڵەکەی بکات لە خوێندنەوەی ئەو کتێب و بابەتەدا چی فێر بووە، شتێکی بۆ باس بکات، لەم سۆنگەوە تێگەیشتنی ئەو منداڵە ئەگەر زۆر کەمیشبێ، ھاندانی دایک و باوک، زیاتر پەرەی تێگەیشتن لای ئەو منداڵە زیاد دەکەن کە حەزو خولیای ئەو منداڵە بۆ خوێندنەوە رێچکەی خۆی بگرێ.
ھەڵبەتە لەم جەنجاڵیەی ئەم رۆژگارە بەرۆکی ھەموو مرۆڤایەتی داگرتووە، دایک و باوکی لێھاتوو ئەوەیە بتوانێ لەتەک پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، خوێندنەوە فەرامۆش نەکەن و منداڵەکانیان بەخوێندنەوە گۆش بکەن.
*بوونی ئەو یارییە ئاگرینانەی منداڵان لەبازاڕەکان کە بەنرخێکی ھەرزان دەفرۆشرێت، پێتان وا نییە ئەمە ھاندان بێت بۆ توندو تیژی؟
– ھەر شتێ منداڵ بەھۆیەوە پەنا بباتە بەر توندو تیژی، توندو تیژییە.. جا قسەی ڕەق و ھەڕەشەو جنێودان بێت یان ئەو یارییە ئاگرینانەو ئەو فیلم و درامایانەی گیانی توندو تیژی لەکۆمەڵگا دەچێنن، دەزگاکانی راگەیاندن وەکو پێویست نەیانتوانیوە ھەموو ئەو شتانە لەبێژینگ بدەن بزانن کامەیان نەرم و نیانی دروست دەکات و کامەیان ھۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی توندو تیژی، گومانیش لەوەدا نییە بۆ منداڵ یارییە ئاگرینەکان کەسایەتی شەڕانگێزو خۆسەپێن بەرھەم دێنێ کە ھەموو شتەکان لەچاوی توندو تیژییەوە ببینێ، لەوەشدا ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە سنوورێ بۆ ئەوانە دانێن کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان ھۆکارن بۆ بڵاو بوونەوەی توندو تیژی.
*لەنێوان نووسەرانی کوردو جیھانی نووسەرێکی دیاریکراوھەیە کاریگەری لەسەر بەڕێزتان ھەبێت؟
– ھەر نووسەرێ شوێنەواری بەسەرمەوە ھەبێت شانازی پێوە دەکەم و بەمامۆستای خۆمی دەزانم جا بە دەقێک بێ یان کتێبێک و …ھتد، ئەوانەی خۆم بەقەرزاریان دەزانم و لێیانەوە فێر بووم مامۆستا (حەمە ساڵح فەرھادی و د. مەولود ئیبراھیم و د. عومەر پەتی و رستگارو خوا لێ خۆشبووان مامۆستا رۆستەم باجەلان و مامۆستا حەمە کەریم ھەورامی) و کەسانێ کە ئێستا ناویانم لەیاد نییەو لەبواری راگەیاندنیشەوە سوپاسی کاک (وشیار نوری لەک) دەکەم کەناڵەکەیان (تەلەفزیۆنی ڕەسەن)یان لەبەردەمم واڵاکردووە کە ھەفتانە چیڕۆکێکی منداڵانی تێدا پێشکەش دەکەم.
*ئەگەر باس لەکتێبە چاپکراوەکانت بۆ خوێنەرانمان بکەیت؟
– تا ئێستا زیاتر لە بیست زنجیرە کتێبم بۆ منداڵان لەژێر پڕۆژەی: کتێب باشترین ھاوڕێیە، کە ھەر زنجیرەیەک ناونیشانێکی سەربەخۆی ھەڵگرتووەو چاپم کردوون، لەتەکدا زیاترلە دە کورتە رۆمان و نۆڤلێت و دەیەھا کتێبی تایبەت بە فۆلکلۆرو بابەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و وەرگێڕانم ھەیە ئەگەر ئاماژە بەناوەکانیان بدەم جێیەکی زۆر لەم دیدەنیە دەگرێ.
*بوونی ڕەخنەگری بنیادنەر لەھەموو بوارێک گرنگە، چۆن دەڕوانیتە ئاستی ڕەخنەگران لە کوردستان؟
– ڕەخنەگری زۆر باشمان ھەیەو لەپاڵەوە ڕەخنەگری ئەوتۆمان ھەن کە نووسەر لەنووسین خاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی بکەم ڕەخنەگرانمان ئاستی تێگەیشتنیان زۆر باشە بۆ خوێندنەوەی شتەکان.
* ئێمە زۆر سوپاس دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی .
– منیش زۆر سوپاسی بۆ ئەو بەسەرکردنەوەتان دەکەم، خوای پەروەردگار نموونەتان زۆر بکات و ھەر شادو بەختەوەربن.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
Discussion about this post