کارۆخ مەلائەسعەد. گۆرانیبێژ (شاخەوان) بۆ یەکەم جارێتی ئەلبوومێکی گۆرانی بەناونیشانی (بۆم بێنن) بڵاو دەکاتەوە و کۆڕەک تیلیکۆمیش سپۆنسەری کردووە و
بەشێوازی کورتەنامەی سەنتەرەوە ھەواڵی ئەو کارەی ناوبراوی بە بەشداربووانی ھێڵەکانی ڕاگەیاندووە.
لە مبارەیەوە (شاخەوان) بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ی گوت: “ئەگەرچی خاوەنی چەند گۆرانییەکی سینگڵ بووم و بەکلیپەوە بڵاوم کردبوونەوە و بوو بوومە خاوەن ھەوادارێکی باشیش، بەڵام ئێستا بۆ یەکەم جار توانیم ئەلبوومێکی گۆرانی بەرھەم بھێنم بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە ڕەوتە ھونەرییەکە بکەم و ھەواداری زیاترم ھەبێت. ھاوکات ئەو بەرھەمەیشم لە ٩ تراک پێک ھاتووە و کۆڕەک تیلیکۆم سپۆنسەی کردووە.”
(شاخەوان) خۆی و (وشیار کەمال) ئاوازی گۆرانییەکانیان داناوە، جگە لەوەیش ئاوازی فۆلکلۆری بەکار ھێناوە.
ئەو گوتیشی: “گۆرانییەکانم لە شاری ھەولێر لە ستۆدێۆی سۆڵۆ و گونجەڵ لە تورکیا کاری بۆ کراوە، ھەروەھا ھۆنراوەکانیش لە لایەن (ئارام پەشێو، سامی سەباح، کاروان ڕزگار)ـەوە نووسراوە.”