دیـــــدار نانەکەلی: دەگێڕنەوە کە شاخەوانێک ئێوارەی زستانێکی سارد و بەفراناوی نیازی ھەڵگەڕان بە شاخ و کێوی ھەبووە، لە بڵندیەکی زۆر دەکەوێ و بەو پەتەی کە لێی پچڕابوو لە درەختێکی نێو ئەو شاخ و کێوە دەئالێ و بەرلەوەی بە زەوی بکەوێت خۆی دەگرێتەوە. لەو چۆڵەوانیە و بەشەوێکی تاریکی سارد و سڕ، لە حەژمەتی ترس و تەنیایی خۆی پڕ بەدەنگی ھاوار دەکات: خودایە یارمەتیم بدە، لەو کاتە دەنگێک وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت : ئەو پەتەی دەستت بەردە، با بکەوی.
شاخەوان بەردەوامە لە ترس و دڵە راوکێ و دووبارە داوای یارمەتی دەکاتەوە.
دەنگە نامۆیەکە لێی دەپرسێت: دڵنیای کە یارمەتیت دەوێت ، ئەگەر وایە مەترسە و ئەو پەتەی خۆت پێوە گرتۆتەوە بەری بدە و با بکەویت. ئەو داواکاری و وەڵامە ھەر وەک خۆی مایەوە و شاخەوان لەو بارودۆخەدا نەیدەتوانی گوێڕایەلێ وەھا وەڵام و یارمەتیەک بێت، تا بۆ بەیانیەکەی لە رۆژنامەکان بڵاوکرایەوە کە شاخەوانێک لە بەرزی تەنھا مەترێک لە زەوی، لە سەرمان بەستویەتی.
بارودۆخی شاخەوان و حکومەت و دەسەڵاتی ئێمەش جۆرە لێکچونێکیان ھەیە کە تا ئەمڕۆ بۆتە ھۆی نیگەرانی ھەموو ئەوانەی دڵسۆزتر و خەمخۆرتر لەبەرپرسەکانیان چاوەڕوانی چارەسەر و رزگاربوون لە نەھامەتی و ناخۆشیەکانن.
بەڵام ھەموو ئەو لایەنانەی کە پێویستە گوێیان بۆ دەنگی خەڵک سوک بکەن، نابیستن و ھەقە بەر لەوەی موچەی زەبەلاحی دانیشتن لەسەر کورسیە گەورەکان وەربگرن، خۆیان لە کۆمەلەی خاوەن پێداویستیەکان ناونوس بکەن و موچەی کەمئەندامی وەزارەتی کار وەربگرن.چونکە پتر لە ٢٠ ساڵی تەمەنی تاکی سڤیلی کورد و ھەموو رۆژنامە و گۆڤار و میدیای ئازاد لە داواکردن بەھەدەر رۆیشتووە. نەوەک ھەر تەنھا نەیانویستووە کە گوێیان لە زمانی میدیای ئازاد و داواکاری خەڵک بێت. بەڵکو زۆرجار لەبەرامبەر ئەوەی لەخەودا رایان چلەکاندون راپێچی بەردادگایان کردونەتەوە.
بەجۆرێک ئێستا ھەموو ئەو لایەنانەی ھەقی قسەکردنیان ھەیە ، بونەتە گوێگرو سەلیقەی دڵسۆزی و خەمخۆریان لە دەست داوە و ھیوا بڕاوی چارەسەری ئەو دۆخە بوونە. بەو پێوەرەی کە ئەزمووندارەکانی ژیان دەلێن: کەس لە بێ دەنگی پەشیمان نەبۆتەوە،بەڵام زۆرن ئەوانەی لە زۆرگوتن خەسارەت مەندن.
ئێستا میدیای کوردی نزیک بۆتەوە لەو راستیەی کە بێدەنگی و دورکەوتنەوە لە داواکاری خەڵکی ئەو رێگایەیە کە دەبێت بۆ بەسەنگ مانەوەی خۆیان لەسەری بڕۆن.
دڵنیام کەمیشن ئەو کەسانەی ئاوات بە چارەنوسی شاخەوانەکە بۆ دەسەڵات بخوازن. چونکە دلسۆزی و خەمخۆری سنورێکی ھەیە، ئەگەر بۆچەندین جار نەیبیستێ
ڕەنگە بیبەستێ