چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
شێنێ عەزیز ئاکۆ، تەمەن ١٩ ساڵ، کە لە فیستیڤاڵی “ھەلا ئەربیل” لەشەوی ٢٨/٦/٢٠١٢ لە ھوتێل “رۆتانا”ـی شاری ھەولێر لەنێو ١٢ کچدا وەکو شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٢ ھەڵبژێردرا، ئێستا بەیەکجاری لەگەڵ دایکی گەڕاوەتەوە کوردستان و
لەھەولێر نیشتەجێیە، ئەم چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەی لەگەڵ (سڤیل) دەبێتە یەکەم چاوپێکەوتنی ئەو کە تێیدا زۆر شتی لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی باس دەکات، کە تائێستا باسی نەکردووە.
سڤیل: دەتەوێ لەساڵی شاجوانیت چ پڕۆژەیەک لەکوردستان جێبەجێ بکەی و یەکەم پڕۆژەت چییە؟
شاجوانی کوردستان: زەحمەتە بڵێم یەکەم پڕۆژەم چییە، لەبەرئەوەی چەند پڕۆژەیەکمان داناوە، ھەتا ئێستا نازانم لەکوێوە دەست پێدەکەین، من وەکو شاجوانی ھەموو وڵاتێکی تر ھیچ جیاوازییەکم نییە لەگەڵ شاجوانەکانی تر، دەمەوێ ئەو ئیشانەی کە شاجوان دەیکات منیش بیکەم، سەردانی چەند قوتابخانەیەک و زیندانی ژنان و رێکخراوەکانی تایبەت بەئافرەتان لەکوردستان بکەم، ھەروەھا سەردانی چەند وڵاتێک بکەم وەکو لەکۆنگرەکە گوتم بۆئەوەی کوردستانیان پێ بناسێنم، حەزدەکەم لەوەش زیاتر بکەم.
سڤیل: یەکەم سەردانت وەکو شاجوانی کوردستان بۆ کام وڵات دەبێ؟
شاجوانی کوردستان: حەزدەکەم لەشارەکانی کوردستانەوە دەست پێ بکەم، چەند وڵاتێکمان داناوە، بۆ نموونە ئوردن، یەمەن، تورکیا، بەڵام تائێستا نازانم کام وڵات دەبێتە یەکەم وڵات، خۆم چووم بۆ لوبنان، بەس ئەوە تەنیا وەکو شاجوانی کوردستان نەبوو، بەڵام بەنیازین وەکو شاجوانی کوردستان بە بەرنامەوە بڕۆینەوە بۆ لوبنان.
سڤیل: بەشداری لەفیستیڤاڵەکان دەکەی بۆ ئەم وڵاتانەی باستکرد یاخود ھەروەکو سەردان دەبێت؟
شاجوانی کوردستان: من ناچم خۆم نمایش بکەم، تەنیا بۆ گەڕان و سوورانی خۆم ناچم، دەمەوێ کوردستانیان پێ بناسێنم، پێیان رادەگەیەنم کە وڵاتێکی زۆر جوانمان ھەیە، دەمانەوێ ھەولێر ببێتە پایتەختی گەشتوگوزار، بێن سەردانی کوردستان بکەن.
سڤیل: کاتێک بەشداری لە فیستیڤاڵی وڵاتان دەکەی، بە چ جلوبەرگێک بەشداری دەکەی؟
شاجوانی کوردستان: ئەگەر بەدڵی من بوایە بۆ ماڵەوەش جلی کوردیم لەبەر دەکرد، ھەروەھا پێم خۆشە بۆ ھەموو فیستیڤاڵێک و چاوپێکەوتنێکم ھەر بەجلی کوردی بم، کردوومە و دەشیکەم، بەنیازیشم تەنیا جلی کوردی لەبەر بکەم، لەبەرئەوەی شەخسی خۆم ھیوایەتم جلی کوردییە، وەکو شاجوانێک پێویستە کەلتووری خۆمان بەخەڵکی وڵاتانی تر نیشان بدەم.
سڤیل: خەڵکانێک لە فەیسبووک رەخنەیان لە لیژنەکە گرت و دەیانگوت شێنێ شایانی ئەوە نەبوو ببێتە شاجوان، تۆ چ قسەیەکت بۆ رەخەکان ھەیە کە دەڵێن شاجوانی کوردستان جوان نییە؟
شاجوانی کوردستان: ھەمیشە سوپاسی ئەو خەڵکانەم کردووە کە خۆیان بەمنەوە ماندوو دەکەن، ئەوە رای خۆیانە، من حەزدەکەم خەڵکی وڵاتی خۆم جنێوم پێ بدا نەک دەستخۆشی لەوڵاتێکی تر وەرگرم، ئەگەر رەخنەی ئەوان ئەوە بێت کە من جوان نیم، زۆر بەلامەوە ئاساییە، لەبەرئەوەی جوانی لەناخەوەیە، ئەگەر من شایانی ئەوە نەبوومایە بەدڵنیاییەوە ھەڵنەدەبژێردرام، سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم وەڵامی رەخنەکانی خەڵکیان داوەتەوە و شتی جوانیان لەسەر من نوسیووە.
سڤیل: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ کچە بەشداربووەکانی تر چۆنە؟
شاجوانی کوردستان: پەیوەندیمان زۆر خۆشە، کەی کاتمان ھەبێ یەکتر دەبینین، چونکە ھەموومان لەھەولێر ناژین، من بۆ یەکجاری گەڕاوەمەتەوە بۆ ھەولێر، تائێستا نەچوومەتەوە شارەکەی خۆم رانییە، بەنیازم لەم ھەفتەیە بچمە رانییە.
سڤیل: ھیچ قسەیەکت بۆ کچانی کورد ھەیە؟
شاجوانی کوردستان: وەکو کچێکی کورد باوەڕم بەخۆم ھەیە، ئێمە کچی زۆر جوان و زیرەکمان تێدا ھەیە، ھیوادارم ئەو کچانەی کە باوەڕیان بەخۆیان ھەیە بۆ ساڵێکی تر بەشداری ئەم پڕۆگرامە بکەن، ھەر خەونێکیان ھەبێ ھیوادارم بتوانن بیھێنەدی، چۆن من وەکو کچێکی کورد باوەڕم بەخۆم ھەیە، بەڵام بەداخەوە زیاتر کەلتوورەیەکە رێگەیان لێدەگرێ لەزۆر شت.
سڤیل: کاتێک پێتدەڵێن شاجوان ھەست بەچی دەکەی؟
شاجوانی کوردستان: من زوو زوو بیرم دەچێتەوە شاجوانی کوردستانم، لەبەرئەوەی ئەوەندە سەرقاڵم بەکارەکانی وڵاتەکەم، لەئێستاوە خۆم ئامادەکردووە بۆ چەند پڕۆژەیەک، کە یەکێک بانگم دەکات بە شاجوانی کوردستان ئاورم نەداوەتەوە، چونکە بیرم چۆتەوە من شاجوانم، زۆر خەڵک لەوانەیە واھەست بکات تەنیا بۆ نمایشکردن بەوڵاتاندا بسووڕێم، زۆر خەڵک دەڵێن بۆ گەڕان و سووڕان و پارە و دەوڵەمەندی بوویە شاجوانی کوردستان، وانییە من خەونێکم ھاتۆتەدی کە بوومەتە شاجوانی کوردستان، بەڵام خەونێکی گەورەتر ھاتۆتەدی من گەڕاومەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆم، کە بتوانم خزمەتیان بکەم، ئەوە ھەستێکی خۆشم دەداتێ، ئەگەر شاجوانی کوردستان نەبوومایە ئەو رێگەیەم بۆ نەدەکرایەوە خزمەتی کوردستان بکەم.
سڤیل: لەناو خێزانەکەتدا کامیان بەیەکجاری لەگەڵت ھاتۆتەوە کوردستان؟
شاجوانی کوردستان: دایکم لەگەڵم ھاتۆتەوە، بەڵام برایەکەم لەبەر قوتابخانە جارێ ناتوانێ، چەند مانگێکی تر تەواو دەبێ، “بەپێکەنیەوە” بەڵام وردە وردە ھەموویان دێنمەوە کوردستان.
سڤیل: چ قسەیەک ھەیە کە لەلایەن خەڵکەوە بەتۆ گوتراوە دڵی خۆش کردووی، قسەکە راستەخۆ پێتگوترابێ یاخود ناڕاستەوخۆ؟
شاجوانی کوردستان: قسەیەک رۆژانە دەیبیستم و رووبەڕووش پێم دەگوترێ تۆ شێنی عەزیزی؟ بەراست بۆ شاجوانی؟ لەبەرئەوەی نامناسنەوە، دەڵێن بەڕاست تۆ لەنزیکەوە ئەوەندە جوانی، ھەروەھا لەپشتەوەی خۆم گوێم لێ بووە گوتیانە ئەوە شاجوانەکە نییە؟ خەڵک راستەوخۆ پێی گوتم شێنێ تۆ ئێستا زۆر جوانتری لەوە شەوەی کە تۆ ھەڵبژێردرای.
سڤیل: فیلمەکانت بەچ زمانێکن و باسی چی دەکەن؟
شاجوانی کوردستان: کورتە فیلمی یەکەم پاکسانی- ھیندی بوو، سێ بەشە من لە بەشی دووەم بەشداریم کرد، زۆر خەڵک وادەزانن لەسەر مافیا و لەگەڵ مافیا فیلمم کردووە، راستیەکەی فیلمەکە باسی کوڕێکی ھەژار دەکات خەون بە تەیارە و کچی جوان دەبینێ، قەت بە خەونەکەی ناگات.
کورتە فیلمی دووەمم نەرویجییە، ١٨ ئەم مانگە لەفیستیڤاڵی نەرویج نیشان دەدرێت، باسی ئەوە دەکات ھاوڕێ ھەمیشە راستگۆ نییە، خۆشەویسترین ھاوڕێی خۆت دەتوانێ خیانەتت لێ بکات. ھەروەھا کورتە فیلمی سێیەم کوردییە، بەناوی “وا لە خۆشەویستەکەم مەکەن” کە دوو ھەفتە پێش ئێستا لەفیستیڤاڵی لاوان لەھەولێر پیشاندرا.
سڤیل: ئێستا دەرھێنەرێک داوات لێ بکات بۆ بەشداریکرن لە فیلم و یاخود دراما ئامادەی بەشداری بکەی؟
شاجوانی کوردستان: دەکەوێتەسەر سیناریۆیەکە، لەبەرئەوەی بۆمن گرنگ نییە لە فیلمێک دەربکەوم و بناسرێم، گرنگ شتێکی باش بێت.
سڤیل: لەرووی کۆمەڵایەتییەوە کەسێکی چۆنی؟
شاجوانی کوردستان: ئێستا قسەیەکت بۆ دەکەم تێبگە من چۆنم، دائیمەن دایکم پێمدەڵێ یەک تۆز لەماڵەوە دانیشە و تێکەڵاوی ئەوەندە خەڵک مەکە و ئەوەندەش جەنەبازی مەکە، ھەتا بڵێی کەسێکی کراوەم، وابزانم ھەندێکات ئەوەش خراپە، کراوە و دڵپاک و دڵسافم.
سڤیل: شووکردن لەبەرنامەتدایە؟
شاجوانی کوردستان: تائێستا لەبەرنامەمدا نییە، کەی خوا ھێنای بەخێر بێت.
سڤیل: دەبێ ئەو پیاوە چ سیفاتێکی ھەبێ؟
شاجوانی کوردستان: لە مستەوای خۆم بێت، جوانی لەناخدایە، چونکە یەکێک ناخی جوان بێت ئۆتۆماتیکی روخساری جوان دەبێ، من باوەڕم بەقسمەت و نسیب ھەیە، کەرکووکی و ھەولێریی یاخود سلێمانی یان رانیەیی بێت ئەوە قسمەت و نسیب.
سڤیل: حەزت لەدەنگی چ گۆرانیبێژێکە؟
شاجوانی کوردستان: ئیسماعیل سابوری و عەدنان کەریم و بەھجەت یەحیا.. زۆر حەزم لەدەنگی ئەم سێ ھونەرمەندەیە، ھەروەھا عەزیز وەیسی، لەئافرەتەکان زۆر حەزم لە ھانییە دەمێکە گوێی لێ دەگرم، بەتایبەت گۆرانییەکی ھەیە بەناوی شەپۆڵ، ھەروەھا شەھێن تاڵەبانی.
سڤیل: فەیسبووکت ھەیە؟
شاجوانی کوردستان: نەخێر نیمە، بەڵام چەند فەیسبووک بەناوی من ھەیە، بەڵام ئەوە شێنێ عەزیز نییە، بەڵام بەنیازم لەھەفتەیە فەیسبووک دانێم.
سڤیل: وەکو خۆت گووتت تۆ کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی، چۆنە تائێستا فەیسبووکت نییە؟
شاجوانی کوردستان: نامەوێ بە ئینتەرنێت ئاگام لەپەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان بێت، من زیاتر حەزدەکەم دوو کەس پێکەوە دانیشین قسە بکەین.
سڤیل: لەگەڵ مانگی رەمەزان چۆن بووی؟
شاجوانی کوردستان: باش بووم، زۆربەی رۆژووەکانم گرتووە و نوێژیش دەکەم، ئەوە بزانن رەمەزان لەکوردستان زۆر خۆشە و زۆر ئاسانتریشە، لەوڵاتەکانی تر زۆر زەحمەتە، لەبەرئەوەی خەڵکەکانی دەورووبەرت ھەموویان دەخۆن، ئەگەر بەرۆژووش نەبی وابزانم چەژنەکەش زۆر ناخۆش دەبێ.
سڤیل: بورجەت چییە، باوەڕت پێی ھەیە؟
شاجوانی کوردستان: بورجەکەم سەتڵە، دەیخوێنمەوە، بەڵام ھەندێکی وایە و ھەندێکی وانییە، شەخسی نوسینەکە بۆ تۆ نییە، بۆ ھەموو ئەو کەسانەیە کە لەم بورجە دان، باوەڕت پێی ھەبێ شتەکە دەبێ و باوەڕت پێی نەبێ شتەکە نابێ.
سڤیل: ئەگەر کەناڵێک بۆ پێشکەشکاری داوات لێ بکات دەیکەی؟
شاجوانی کوردستان: جارێ نازانم، چەند کەناڵێک داوام لێکراوە بۆ پێشکەشکاری، بەڵام جارێ وەڵامم نەداوەتەوە.
سڤیل: دەنگت خۆشە؟
شاجوانی کوردستان: نامەوێ وەکو گۆرانیبێژێک گۆرانی بڵێم، بەڵام دوو ساڵ پێش ئێستا لەوڵاتی نەرویج گۆرانیم گوتووە، بەڵام بە ئینگلیزی، گۆرانییەکم ھەیە.
سڤیل: کەسێکی تایبەت ھەیە سوپاسی بکەی؟
شاجوانی کوردستان: ھەمیشە سوپاسی خوا و دایکم دەکەم.
پرۆفایلی شاجوانی کوردستان: تەمەنی ١٩٩١ لەشاری رانییە لەدایکبووە، ١٢ ساڵە لەگەڵ خانەوادەکەی لەوڵاتی نەرویج دەژی، تاوەکو شەشی ئامادەیی خوێندووە، باڵای ١٧٢سم و کێشی ٥٥ کیلۆیە، لەنەرویج نمایشکاری جلوبەرگی ھیندی بووە.