راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
شێنێ عەزیز ئاکۆ، یەکەم شاجوانی کوردستان کە پێش چوار مانگ پرۆپاگەندەی ئەوەی دەکرد لەپێشبڕکێی شاجوانی جیھان وەرگیراوە و لەچاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکان ئەمەی بۆ خۆی و بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە دەسکەوت لە قەڵەم دەدا. بەھۆی ئەمەشەوە ھەم راگەیاندنەکان ھەم ھەندێک لایەنی حکومەتیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، لەوبارەیەشەوە لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە چەندین ئامادەکاری بۆ کرا و پشتگیری مادیش کرا، بەڵام نە ناوی شێنێ نە ناوی کوردستان لەنێو ئەو پێشبڕکێیەدا نەبوو.
رۆژی ١٤/١١/٢٠١٤ پێشبڕکێی ھەڵبژاردنی شاجوانی جیھان بۆ ساڵی ٢٠١٤ لە لەندەن بەڕێوەچوو، کە ١٢٤ شاجوان لە ١٢٤ وڵاتی دنیا بەشداریان تێدا کرد و کچێکی بەلجیکی تەمەن ٢٢ ساڵ، بەناوی (ئەنیسا بلۆندین) وەکو شاجوانی جیھان دیاری کرا، کە درێژی باڵاکەی ١٧٨ سم بوو و لەلایەن شاجوانی جیھان بۆ ساڵی ٢٠١٣ (میگان یونگ) تەمەن ٢٣ ساڵ، تاجی شاجوانی لەسەر دانرا.
شێنێ ئاکۆ، شاجوانی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٢ پێش چوار مانگ ئاھەنگێکی لەھۆتێل رۆتانا ئەنجامدا بەبۆنەی وەرگیرانی لە پێشبڕکێی ئەمساڵی شاجوانی جیھان، کە وەکو خۆی رایگەیاند، ئەو لەلایەن لێژنەی دادوەری ئەم فیستیڤاڵە قبوڵکراوە کە بەناوی کوردستانەوە بەشداری لەم فیستیڤاڵەدا بکات، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی فیستیڤاڵەکە وێپ سایتی فیستیڤاڵی شاجوانی جیھان ناوی کچە بەشداربووەکان و وڵاتانی بەشداربوو بڵاوکردەوە و ناوی شێنێ و ناوی کوردستان و تەنانەت عێراق لەم پێشبڕکێیەدا نەبوو.
یەکێک لە ئامادەکارییەکانی شێنێ کە لەکوردستان ئەنجامیدا بە پاڵپشتی حکومەت بڕیتی بوو لەدروستکردنی فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ژیان خۆی و دیمەنی کوردستان، کە ئەمەش بۆ فیستیڤاڵی شاجوانی جیھان ئامادەی کردبوو، بە قسەی خۆی ھەر شاجوانێک دەبێت فیلمێکی ئەم جۆرە بکات.
ھەروەھا بەدرێژایی لەم ماوەیەدا شێنێ شریتی شاجوانی جیھانی (miss world) بەکارھێنا بۆ ھەموو شوێنەکان بەم شریتی (شاجوانی جیھان) بەشداری دەکرد و تەنانەت لەسەر وێنەکانی لۆگۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بەکارھێناوە.
لەچاوپێَکەوتنێکی پێشووی لەگەڵ (سڤیل) شێنێ ئاکۆ کە تەنیا لەبەر بەشداریکردنی لەپێشبڕکێی شاجوانی جیھان ئەم چاوپێکەوتنە ئەنجامدرا و گوتی “گەیشتنمان بۆ بەشداریکردن لەشاجوانی جیھان یەکێک بوو لەخەونەکانم و ھەر لەگەڵ بوونم بەشاجوانی کوردستان ھەوڵم بۆ داوە، بۆیە دوای ھەوڵدان و ماندوبوونێکی زۆر، توانیمان وەک (شاجوانی کوردستان ٢٠١٢-٢٠١٣) بەشداری بکەین لەشاجوانی جیھان ٢٠١٤، ھەرچەندە لەسەرەتادا دەبوایە وەک (شاجوانی عێراق) بەشداری بکەین، بەڵام دوای قسەکردنێکی زۆر لەگەڵیان، وەک (کوردستان) قبوڵکراین”. ھەروەھا گوتیشی “بەشداریکردنمان بەناوی کوردستان ھەنگاوی یەکەمی سەرکەوتنە و ئەگەریش بتوانین نازناوەکە بەدەست بھێنین دووەمین سەرکەوتن تۆمار دەکەین، کە ئەمساڵ لەمانگی (١١ یاخود ١٢)ـی لەوڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێتو ئێمەش مانگێک پێش ئەوکاتە دەڕۆین بۆ شاری لەندەن”.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (سڤیل) لەرۆژی بەڕێوەچوونی دیاریکردنی شاجوانی جیھان، شێنێ لەھەولێر بووە نەک لەندەن، کە سەرقاڵی شووقەکڕین بووە لەشووقەکانی (پارک ڤیو) بەبڕی ٣٦ دەفتەر دۆلاری ئەمریکی.
لەوبارەیەوە (سڤیل) چەند جارێک ھەوڵیدا قسەی شێنێ ئاکۆ وەربگرێت و لەراپۆرتێکی ئەم جۆرەش ئاگادار کرایەوە، بەڵام ناوبراو ھیچ وەڵامێکی نەبوو.
سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حکومەتی کوردستان بە(سڤیل)ـی راگەیاند “بەھیچ شێوەیەک ئێمە وەکو دەستەی گشتی گەشتوگوزار ھاوکاری مادی (شێنێ)ـمان نەکردووە لەسەر ئەوەی کە گوایە دەچێتە شاجوانی جیھان، ئەو ھات بۆلای ئێمە داوای پشتگیری کرد، ئێمەش تەنیا نووسراوێکمان بۆکرد کە ئەوە شاجوانی ٢٠١٢ی کوردستانە، بۆیە ئێمە وەکو دەستەی گشتی گەشتوگوزار تەنانەت ئامادەی ئەو ئاھەنگەش نەبووین کە شێنێ ئەنجامدا لەھۆتێل رۆتانا”. ھەروەھا سیروان تۆفیق ئەوەشی راگەیاند “ھەر شاجوانێک لەماوەی شاجوانییەکەیدا گرێبەستێکی لەگەڵ ئێمە دەبێت کە دەبێ چی بکات و چی نەکات، حەقی چییە و ئەرکی چییە، بەڵام کە ماوەی شاجوانی تەواوبوو ئیتر ئێمە بەرپرسیار نابین ئەو چی دەکات و چی دەڵێت”.
ھەروەھا تاھیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) گوتی “ئێمە ھاوکاری شێنێمان نەکردووە و ئیشی ئێمە نییە ھاوکاری کارێکی ئەمجۆرە بکەین، ھەروەھا بەڵگەش لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت ئێمە ھاوکاری ئەومان کردبێت”.
لەوبارەیەوە مافپەروەر حوسامەدین سەرداری لەلێدوانێکیدا بۆ (سڤیل) ئەم کارەی شێنێ بە سەرپێچی وەسف دەکات و دەڵێت “ئەگەر شێنێ لۆگۆ حکومەتی کوردستانی بەکارھێناوە بەبێ مۆڵەت ئەوە سەرپێچییە، یان ئەگەر مۆڵەتی وەرگتبێ لە حکومەت بەڵام زانیاری ھەڵەی داوەتەوە حکومەت راستکۆ نەبووبێت ئەوەش جۆرە تاوانێکی دیکەیە، بەڵام ھیچیان سزای زایندانی لەگەڵدا نییە، ھەروەھا ئەگەر لۆگۆی شاجوانی جیھانی بەکارھێنابێ بە درۆ ئەوکاتە ئەوانیش دەتوانن داوا یاسایی تۆمار بکەن، بەڵام ئەگەر داواکاری لەسەر نەنووسێ کەس ناتوانێ لەسەر ئەو کارە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات”. ئەو مافپەروەرە گوتیشی “پێویستە وەزارەتی گەشتوگوزار و نوێنەری حکومەت لەوڵاتەکان بەم کارانە ئاگادار بن و لەدروستی و نادروستی کارێکی ئاوا حکومەتی لێ ئاگادار بکەنەوە”.