* راوێژکارى هونەرى سەرۆکى حکومەت کە ماشەڵڵا هونەر لە لاى خزمەتکردنى کچ و ژنانى گۆرانیبێژە و خەریکە نەخۆشیە دەرونیەکانی پێیان چارەسەر دەکا. تا رادەیەک کە هونەر تا ئاستى ناوگەڵی ژنان نزمکراوەتەوە و بێڕێزى بە هونەر و بە ژنیش دەکرێت
* دڵنیام ئەگەر کچ بوومایەو ئەو پرۆژەیەشم پێشکەشى هەندێک شوێن کردبا زۆر باش بەڕێوەدەچوو
سێوى میخەکڕێژ هەمان سێوى سرووشتییە کە بە میخەک هەموو لەشى میخەکڕێژ دەکرێت. دوای بیست رۆژ هەتا مانگێک بەتەواوى وشک دەبێتەوە. سێوى میخەکڕێژ دواى وشکبوونى بە دەیان و سەدان ساڵ وەکوو خۆى دەمێنێتەوە.
ئەو سێوە نەریتێکى زۆر کۆنى کوردەوارییە و زیاتر لە رۆژهەڵاتى کوردستان و بە تایبەت ناوچەى موکریان باو بووە. ئەو سێوە هێمایەکى ئەڤیندارانەیە کە زیاتر لەلایەن کچەوە دروستکراوە. لە دوو حاڵەتیشدا بەکار هێنراوە:
یەکەم: کاتێک کچێک زۆر ئەڤیندار بووە و نەیتوانیوە خۆشەویستى خۆى بە زمان دەرببڕێت، ئەو سێوەى دروستکردوە و بۆ خۆشەویستەکەى ناردووە.
دووهەم: کاتێک دوو ئەڤیندار لێک تۆراون ئەو سێوە بۆ ئاشتبوونەوە دروستکراوە و بۆ یەکتریان ناردووە.
ماوەى چەند ساڵێکە سەیوان سەعیدیانى هونەرمەند خەریکى بە ئەنجامگەیاندنى ئەو پرۆژەیەیە لە باشوورى کوردستان. بۆ ساڵی ئایندەش بەنیازە ئەو پرۆژەیە بە نەتەوەیی بکا و لە زیاتر لە 40 شار و شارۆچکەى کوردستان بە ئەنجامى بگەیەنێ. دەربارەى ئەو پرۆژەیەو پرسە گرنگەکانى بە پێویستمانزانى سەیوان سەعیدیان بدوێنین..
ئا: مەسعودى مەلا هەمزە
* مێژووى سێوى مێخەکڕێژ بۆ کەى دەگەڕێتەوە؟
– ئەگەر وەکو مێژووى سێوەکە باسی بکەم تا ئەمڕۆ شتێکى نادیارە. لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنیشم بەدوایدا هەبووە و هیچ بەڵگە و زانیاریم دەست نەکەوتووە. هەر ئەوەندە بڵێین کە وەکو شتێکى فۆلکلۆری لەنێو کوردەواریدا بووە. چەند بڕگە شیعری فۆلکلۆریش لەسەرى هەیە بۆ نموونە:
کاکە وانابێ، براکەم وانابێ
سێو بەبێ مێخەک بۆ دیارى نابێ
لێرەدا باس لە مێخەکڕێژکردنى سێو دەکرێت و باس لەکۆنبوونیەتى. یانى بەجۆرێک کە ئەو شتە فۆلکلۆرییە. بەڵام ئەوەى زۆر جێگاى سەرنجەو ئەوەندەى ئاگادارم زیاتر لە رۆژهەڵاتى کوردستان ئەو سێوە باو بووە. لەناوچەى موکریانیش بەتایبەتى و تا ئەو ساڵانەى دواییش بەکارهاتووە. ئەو سێوەش تایبەتمەندییەکەى ئەوەیە کە کاتێک مێخەکڕێژ دەکرێ، لە ماوەى 20 رۆژ تا مانگێک وشک دەبێتەوە، دواتر بە دەیان تا سەدان ساڵ وەکو خۆی دەمیێنێتەوە و هیچی بەسەر نایە. کە ئەوە خۆی خاڵێکى جێگاى سەرنجە. لەناو کوردەواریش دوو هێماى هەبووە کە بریتین لە: یەکەم: کاتێک کە کچێک ئاشق دەبێ و ناتوانێ بە زمان خۆشەویستى خۆی بەرامبەر کوڕە دەرببڕێ ئەو سێوە مێخەکڕێژ دەکاو بۆ کوڕەى دەنێرێ. لێرەدا وەکو هێمایەکى ئەویندارانە کەڵکى لێ وەردەگیرێ. لە حاڵەتى دووەمدا، کاتێک دوو ئەویندار لێک تۆراون، بۆ ئاشتکردنەوە دیسان سێوێک میخەکڕێژ دەکرێ و بۆ یەکترى دەنێرن. لێرەشدا وەکو هێماى ئاشتبوونەوە کەڵکى لێ وەردەگیرێ.
* کەى و چۆن دەستت کرد بەو کارە لە باشوورى کوردستان و چۆنیش پێی ئاشنا بووى؟
– ئەو سێوە بەرهەمێکى جوانى کلتوورى کوردییە. بەرهەمى من نییە وەکو تاک. بەڵام من لە ساڵی “1999” لەلایەن دایکمەوە ئەو سێوەم بەدەست گەیشت. هەر ئەو دەمیش بەڵێنى ئەوەمدا کە وەکو بەرهەمێکى زۆر گەورەى هونەرى کەڵکى لێوەردەگرم. بەڵام نەمدەزانى چۆن. هەتا ئەوەى لە ساڵی “2005”ەوە بە پرۆژەى “یەکەمین گوناه” وەکو رەگەزێکى سەرەکى کارە هونەرییەکانم هاتۆتە ئاراوە. سەرجەمى پرۆژەکەشم سێ قۆناغى بۆ دیارى کراوە. یەکەمیان قۆناغى زیندووکردنەوە بوو کە دەتوانم بڵێم ئەو قۆناغە تێپەڕییوە، چونکە لەماوەى ئەو چەند ساڵەى کارى لەسەر کراوە، بەهەزاران سێو دروستکراو لە چەندین شار ئەو پرۆژەیە بەڕێوەچووە و لە میدیاکان و رۆژنامە و گۆڤارەکان گرنگى زۆری پێدرا. ئێستا وەکو ئەرشیف دەتوانین زۆر سەرچاوەمان هەبێ بۆ بوونى ئەو سێوە. بەوەش لە لەناوچوون رزگارى بووە. قۆناغى دووەم بە نەتەوەیی کردنى ئەو سێوەیە کە 14/2/2010 دەبێتە یەکەم هەنگاوى ئەو پرۆژەیە کە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەڕێوەدەچێ. بۆساڵى 2011 ش بەنیازم هەر ئەو پرۆژەیە بۆ بە نەتەوەیی کردنى لە باکوورى کوردستان و لە سەرجەم شارەکانى ئەوپارچەیە بەڕێوەى ببەم.
* پرۆژەکەى ئەمساڵت چۆن و لەکوێ ئەنجامدەدرێ و ئەو چالاکییانەشی تێیدا نمایش دەکرێن چین؟
– بۆ رادەى بەڕێوەچوونى ئەو پرۆژە لە شار و شارۆچکەکان ئەوە رێک پەیوەندى بەوە هەیە کە من دەتوانم چەند سپۆنسەر پەیدا بکەم. ئەگەر وەڵامدانەوەى سپۆنسەر و کۆمپانیاکان ئەوجۆرەبێ کە من دەمەوێ بەنیازم لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بە ئەنجامى بگەیەنم کە لەوانەیە 40 بۆ 50 شوێن بێ. ئەگەر بکرێت زیاتریش بەڕێوەدەبەم. بۆ ئەوەى زۆرترین کەس و زۆرترین شوێن لەو پرۆگرامەدا بەشداربن. وەکو لایەنى دووەمیش ئەو پرۆژەیە خۆی لە 3 بەش پێکهاتووە: یەکەمیان پێشانگایەکى فۆتۆگرافییە کە لە 20 وێنەى فۆتۆگرافی پێکدێت و ئەو 20 وێنەیە وەکو پێشانگایەک لە سەرجەم شارەکان بەڕێوەدەچێ. دووەمیان کورتە فیلمێکى هونەرییە کە ئەویش بابەتى سەرەکى سێوى مێخەکڕێژە، ئەو فیلمەش لەو رۆژەدا لەسەرجەم شوێنەکان نمایش دەکرێ. بەشی سێیەمى بریتى دەبێ لە رێوڕەسمى دروستکردنى سێوى مێخەکڕێژ لەلایەن کچان و کوڕانەوە. هەر لەو رۆژەدا سێو و مێخەک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دابین دەکرێت و کەل و پەلى پێویستیش وەکو ئامادەکردنى هۆڵ و کەرەستەکانى پێویست ستافی پرۆژەکە ئامادەى دەکەن. هیواداریشم ئەمساڵ دروستکردنى ئەو سێوە لە دەیانهەزار تێپەڕێ و هیواداریشم خەڵکێکى زۆر بەشداربن بۆ بەنەتەوەیی کردنى و هەرکەس ئەرکى خۆی جێبەجێ بکا.
* بۆچی ئەو پرۆژەیەت لەگەڵ کەرتى تایبەت بە ئەنجام دەگەیەنى و لەرێگاى حکومەتەوە کارەکەت نەکرد؟
– من هەموو پرۆژەکانم لەرێگاى کەرتى تایبەتەوە کردووە، تەنیا “دیالۆگى ساڵی 2006” نەبێ کە لە سلێمانى بەڕێوەچوو. بەڕێوەبەرایەتى شێوەکارى بەڕێوەبەرى پرۆژەکە بوو. ئەویش زۆرجار هیوادەخوازم خۆزگە ئەو کارەشم نەبووایە. چونکە ئەوەى راستى بێ وەزارەتى رۆشنبیری و بە تایبەتیش راوێژکارى هونەرى سەرۆکى حکومەت لەو چەند ساڵەى دواییدا زیاتر لەوەى خزمەتى هونەرى کوردى بکەن، هونەریان بەرەو دواتر برد. هونەریان تا نزیک کەلاوە بوون بردووە. بە تایبەت کۆی هونەر لە کوردستاندا لە گۆرانى کۆکراوەتەوە. گۆرانیش زۆر بەخەستى بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و خەریکن بەجۆرێک رەسەنایەتى هونەرى کوردى و مۆسیقاى کوردى بەرەو دواوە دەبەن. دواى ئەوەش کە چاو لە بەشێکى زۆری کار و بەرنامەکانى وەزارەتى رۆشنبیری دەکەى کە بۆ کۆمەڵێک کۆنفرانس و کۆنگرەو گەشتەکان کراوە هیچ بەرهەمێکیان لێنەکەوتەوە و شتێکى لەنێو کۆمەڵگاکەماندا نەگۆڕیوە. ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان. هۆکارى دووەم ئەوەیە کە ئەو شوێنانە زۆر زۆر ناتەندروستن و تۆ ناتوانى بە روحێکى بەرزەوە پرۆژەیەکى هونەریان پێشکەش بکەى. زیاتر بازرگانیانە رووبەرووى بەرهەمە هونەریەکان دەبنەوە تا هونەریانە. بەتایبەت ئەو پرۆژانەى منیش کە تۆزێک نوێن و لەهیچ چوارچێوەیەکدا خۆیان نابیننەوە. یانى پێشتر ئەو ئەزموونە ناخۆشەم بووە. سەرەتا بۆ بەڕێوەبەرایەتى شێوەکارى ناردراوم. لەوێ دەڵێن ئەوە شێوەکارى و تابلۆ نییە. ناردوویانم بۆ شانۆ لەوێش گوتیان شانۆش نییە. ئەوانیش ناردوویانم بۆ سینەما. سینەما دەڵێ ئەوە سینەماش نییە. هەمووشیان راست دەکەن. بەڵام هیچ شوێنێک نییە کە بتوانن لە هونەرێکى هاوچەرخ کە جیاوازبێ پشتیوانى بکەن. یانى لە وەزارەتدا شوێنێک بۆ کارەکانى من نییە. جگە لەوەش تا بڵێی وەزارەت نا تەندروستە. بەدەیان پرۆژە هەن بۆ نموونە بە دەیان فیلمى سینەمایی دروستکراون و تا ئاستى فێستیڤاڵە جیهانییەکان رۆیشتوون و خەڵاتکراون کەچی خەڵک نەیبینوە و ناتوانێ بیبینێ. یان ئەوەندەى لەسەر فیلمەکە باس دەکرێ بە دەیانجار زیاتر لەسەر پارەى فیلمەکان و چۆنیەتى سەرفکردنى ئەو پارانە قسە دەکرێت.، یانى ئەوانە بونەتە نەریتێک. با ئەوەش بڵێم وەزیری رۆشنبیری لە زۆرێک لە هونەرەکان هەر ئاگادار نییە. بۆ نموونە تا ئەوڕۆ سەندیکاى دیزاینەرەکان لە کوردستان نییە. بە تایبەت کە کوردستان خەریکە بەرەو پیشەسازى هەنگاو دەنێت و دیزاین پێویست هاوتەریب لەگەڵى بەرەو پێش بچێت. یەکێک لە شتە زۆر گرنگەکانى کە لە گۆڕێدایە پرسى دیزاینە، کە دەبووایە وەزارەت سەرمایەى لەسەر دانابووایە. بەڵام گومانم هەیە لەوەى وەزیری رۆشنبیری ئاگاداربێ لەوەى هونەرێک بەناوى دیزاین هەیە. راوێژکارى هونەرى سەرۆکى حکومەتیش کە ماشەڵڵا هونەر لە لاى خزمەتکردنى کچ و ژنانى گۆرانیبێژە و خەریکە نەخۆشیە دەرونیەکانی پێیان چارەسەر دەکا. تا رادەیەک کە هونەر تا ئاستى ناوگەڵی ژنان نزمکراوەتەوە و بێڕێزى بە هونەر بە ژنیش دەکرێت. مەخابن لە بەشەکانیترى هونەر و گۆڕانکاریە جیهانیەکانى دونیاى هونەر. چی بەڕێوەچووە جگە لە کۆمەڵێک گۆرانى کە خەریکە هونەر دەکوژن و تا رادەیەکى زۆر ستاتیکاى کۆمەڵگاى کوردیان بەرەو دواوە بردوە. دەى ئەوە کارنامەى چەند ساڵەى حکومەتەو من دەیبینم و هەستى پێدەکەم و ئازار دەچێژم. بە چ بڕوایەک و هیوایەکەوە بچم داواى بەڕێوەچوونى پرۆژەکانم بکەم. خۆ کچ نیم، دڵنیام ئەگەر کچ بوومایەو ئەو پرۆژەیەشم پێشکەشى هەندێک شوێن کردبا زۆر باش بەڕێوەدەچوو. بەڵام نازانم بڵێم بەداخەوە یان بێ داخەوە، من کچ یا ژنیش نیم.
* پێشوازى کەرتى تایبەت لە سپۆنسەر کردنى پرۆژەکەت چۆنە؟
– ئەوە پرسیارێکى گرنگە. هەمومان دەزانین کە شوێنپەنجەى سەرمایەدارانى کورد لە بواری فەرهەنکى و هونەریدا ونە. لێرەدا پرسیارێکى زۆر سەرەکى لە گۆڕێدایە و ئەویش ئەوەیە کە ئایا تا ئێستا کەسایەتییە هونەرییەکان بەرەو پیری سەرمایەداران نەچوون؟ یان سەرمایەداران وەڵامدەرەوە نەبوونە؟ لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک بکرێ. وەکو خۆم کە ئێستا بەرەو پیری ئەو پرۆژەیە چووم، لەسەرەتاوە دەزانم کە رێگایەکى زۆر دژوارم لەپێشە. هەندێکجار بە ئاستى سووکایەتیکردن گەیشتووە و تەنانەت هەندێ کەس هەیە وەکو سواڵکەر لێیان ڕوانیوم. هەندێک کەس وا لێتدەڕوانێ کە بۆ یارمەتى چوومە لایان. بەڵام لێرە پرۆژەیەکى نەتەوەیی لەگۆڕێدایەو من خۆم ئامادەکردووە و بەرگە ئەو تێڕوانینانەش دەگرم و بێ هیوا نابم. بەڵام ئەوەى راستى بێ تا ئەوڕۆکە کە مانگ و نیوێکە خەریکى ئەو پرۆژەیەم دەتوانم بڵێم لە کارەکەم رازیم و سەرمایەدارى زۆر باش و دڵسۆزیش لایەنگریان کردووم. لە زۆر شوێنیش زۆر پێشوازى لێکراوە و قەبووڵیش کراوە، بەڵام لە ئاستى پێویستدا نەبووە و ئێستاش بەشى قورس و زەحمەتى کارەکە لە پێشمان ماوە.
* چەندە گەشبینى بەوەى پرۆژەى بە نەتەوەیی کردنى سێوى مێخەکڕێژ سەربگرێ؟
– ئەگەر تەواو پێی گەشبین نەبوومایە هەر دەستم پێی نەدەکرد. دواى ئەوەش ئەوە قۆناغى دووەمە، ئێستا زیاتر لە بەنەتەوەیی کردن من بەنیازى بەجیهانى کردنى ئەو سێوەم. کۆمەڵێک پرۆژەشم لەبەر دەستدایە. هەروەک لە ساڵی پێشووتریش رامگەیاند پرۆژەى 5 هەزار سێوى مێخەکڕێژە کە لە هەڵەبجەوە بۆ هیرۆشیما دەنێردرێ و کۆمەڵێک پرۆژەى تریش. پرۆژەیەکى ترم هەیە کە زیاتر لە 40 ملیۆن دۆلار خەرجیەتى. بەڵام هەنگاو بە هەنگاو بۆی دەڕۆم و هیچ پەلەم نییە و ئەو پرۆژانە هەمووى درێژ خایەنن. ئەگەر لە 10-20 ساڵی داهاتووشدا بەڕێوەبچن هیچ گلەییەکم نییە و پەلەشم نییە.ئەگەر تەمەن بوارم پێبدات.