وشیار ئەحمەد ئەسوەد : ئەوە ئێمە نین دڵنیا قەرەداغی بچووک دەکەینەوە، چونکە وەک دەنگێکی ژن، ئێمە هەمیشە بەچاوی گەورە و ڕێزەوە لەو خاتوونە هونەرمەندەمان ڕوانیوە، کاتێکیش لەو دیدە تەسەلەوە سەیری دڵنیا دەکەین، نە بۆ جوانییەکەی و نە بۆ حزبیبوونەکەیەتی وەک پارتییەک، ئێمە هونەرەکەی دەخوێنینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکین بۆیە بەگەورەی دەبینین، واتە ئەو خاوەنی هونەرێکی گەورەیە، نەک خەباتکارێک بۆ حزبەکەی، چونکە زۆرن ئەوانەی سەد بارتەقای دڵنیا قوربانییان بۆ ئەو حزبانە داوە و لە ئێستایشدا کەوتوونەتە پەراوێزەوە، بەڕاست ئەم میللەتەی ئێمە ئەوەندە خۆشباوەڕ و دڵسافن، یان نیشتمان و کورد پەروەرن، کە دەگاتە باری دەنگدانیش دەنگەکانیان هەر بۆ ئەو حزبانە ڕەوانە دەکەن، کەواتە ئەو داد و فیغانەی دڵنیا لەپای بانهێشتنکردنێک بۆ گۆرانیگوتن لە کۆنگرەی پارتی دەیکات، شتێک نییە جیا لە خۆ بچووککردنەوە.
لەبەر ئەوەی ڕێزی لە ڕادەبەدەر لەو خاتوونە هونەرمەندە دەگرم و زۆر جاریش لەبارەیەوە دوواوم، هاوکات تا ئەم دەمەیش پێموایە یەک لە دەنگە بوێرەکانی گۆرانیی ژنانە لە کوردستاندا، بۆیە لە ژێر ئەم مانشێتەوە مەبەستمە لەو خۆ بچووککردنەوەیەیدا گەورەییەکەی پێشان بدەم و وەک خەڵاتێک پێشکێشی بکەم.
نابێ دڵنیا داد و فیغان بکات و هۆکاری ڕەنجانی لە حزبەکەی بگەیەنێتە ئاستی بانگهێشتنکردنێک لە ئاهەنگی کۆنگرەیاندا، ئەگەر ئەو وەک هونەرمەندێکی حزبی خۆی دەخوێنێتەوە، لەمەیاندا ناچارمان دەکات ئێمەیش بۆ داهاتوو وەک گۆرانیبێژی حزب هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین کە پێموانییە ئەو خاتوونە پێویستی بەم بەیت و بالۆرەیە بێت.. دەبوو چاوەڕوانی ئەوە بێت حزب لێی بپاڕێتەوە تا دڵنیا گۆرانی لە کۆنگرەکەیدا بڵێت نەک ئەو لە حزب بپاڕێتەوە، ئاخر چ کون و کەلەبەرێک لەم کوردستانە ماوە دڵنیا خان گۆرانیی تێدا نەڵێت تا پێویستی بەئاهەنگی کۆنگرەی پارتی بێت؟ بەڕاست ئەوەندەی پارتی بیری لە بانگهێشتنی دڵنیا نەکردەوە، خۆ بیری لە سەدان هونەرمەندی تریش نەکردووەتەوە کە وەک ئەو خۆیان بەمەغدوور دەزانن، بڕوا ناکەم ئەوەش عەمەلی بێت هەرچی گۆرانیبێژی پارتی هەیە لە کۆنگرەکەیدا گۆرانی بڵێن.. ئەمە داکۆکیکردن نییە لە پارتی و بڕوا ناکەم کەس ئەوەندەی من لەو حزبە ڕەنجابێ، بەڵام دەبێ ڕەنجان بەهۆی پرەنسیپە جێگیر و مەغدوورییەتە ڕاستینەکان بێت نەک گوتنی گۆرانییەک لە کۆنگرەدا کە دڵنیا هەرگیز پێویستی بەو خۆدەرخستنە نییە لەبەر ئەوەی خۆی هونەرمەندێکی سەرکەوتوو و دەرکەوتووە.
جەخت دەکەمەوە، دڵنیا قەرەداغی وەک خاتوونە هونەرمەندێکی بوێر و کاریگەر لە رشِەوتە هونەرییەکەی دەنگی ژن لە گۆرانیی کوردیدا، دەخوازێ خۆی لەوە گەورەتر ببینێ کە داوای گۆرانیگوتن لە هەر شوێن و بۆ هەر بۆنەیەک بکات، ئەو دەبێ داوای لێ بکرێ نەک داوا بکات. ئەوە دڵنیا نییە بۆ هونەرێکی مەودا دوور دڵنیامان بکاتەوە کە کۆڵ نادات، ئەوە دڵنیایە کە بوێرانە گۆرانی بۆ کوڕانی کورد لە هەموو ڕەنگەکان بڵێت بەهەموو حزبەکانەوە نەک تەنیا پارتی.
ئەوەتا خۆیشی باس لەوە دەکات کە قوربانییەکانی بۆ حزب وەک گۆرانیبێژێک بەشێک لە جەماوەرەکەی لێ تەریک کردووە، کەواتە خۆدەرخستن وەک حزبییەک بۆ هونەرمەند ئەوەندەی زیانی پێ دەگەیەنێ، کەمتر خزمەتی دەکات، هونەرمەندیش پێویستی بەجەماوەری فراوانە تا بتوانێ بەردەوامییەکەی مسۆگەر بکات.. بۆ ئەوەی گەورەیی هونەرمەند لە ئاست حزب و بەرپرساندا پێشانی دڵنیا خان بدەم، فەرموون ئەم نموونە زیندووە بخوێننەوە:
لە ساڵی 2000دا پێشانگەیەکی پەیکەرتاشیمان بۆ هونەرمەند ئەحمەد ئەسوەدی باوکم لە هۆڵی میدیای هەولێر کردەوە، ئەوکات دکتۆر شەفیق قەزاز وەزیر بوو و یەک لە میوانەکانی ئەو پێشانگەیە بوو، دوای ئەوەی تەماشای پەیکەرەکانی کرد و تێبینییەکانی خۆی نووسییەوە، ئەحمەد ئەسوەد داوای لێ کرد و گوتی “مامۆستا یارمەتی هەیە وێنەیەک پێکەوە بگرین؟” دکتۆر شەفیقیش گوتی “ببوورە دەبێ من ڕوخسەت لە جەنابیت وەربگرم کە ڕازی بیت وێنەیەکت لەگەڵدا بگرم، چونکە تۆ هونەرمەندی”.
کەواتە دەبێ حزبەکان ڕوخسەت لە هونەرمەند بخوازن بۆ گۆرانیگوتن نەک هونەرمەند خۆی بچووک بکاتەوە و داوا بکات.. هیوادارم ئەوەندەی دڵنیامان بەگەورەیی بینیوە، بەهەمان گەورەیی خۆی لە چاوانمان ون نەکات.