مامەیارە ئەحمەد: لە پاش یاریی نێوان برایەتی و زاخۆ، کە زاخۆ بازی بەسەر ئەو یانەیەدا دا و گەییشتە نایابی کوردستان، کەسە نزیکەکانی یانەی برایەتی لە ناوبژیوانی یاری نزیک بوونەوە، هەندێکیان جنێوی بۆگەن، بەشێکیان شەق، تۆزێکیان نەرمتر و هەندێکیان بەرگرییان لە ناوبژیوان کرد. بەشێک لەوانە و لە سەروویانەوە ڕاهێنەری یانەکە کامێرای ڕۆژنامەی هەولێریان بە زۆرداری برد، هەروەها بە ژمارەیەکی زۆرەوە لە وێنەگرەکەی “هەولێر”ـیان دا، دواتر کامێراکەیان بە شکاوی و بێ مێمۆری هێنایەوە، هەروەها جنێو و قسەی ناشیرینیان بە بەندە وت و هەڕەشەیشیان کرد، کە وێنە نەگرم، بەڵام ئەوکاتەی هەڕەشەیان کرد، بەندە کاری خۆم ئەنجام دابوو و کامێراکەیشم بە هاوڕێیەکدا ناردە دەرەوەی یاریگە، هەر وێنەکانی منییش بەڵگەی ڕاستی قسەکانمن، کە (کوردستان تیڤی)ـیش وەشانی کرد.
جێی سەرنج و سەیر و سەمەرەیە، کە سەرۆکی یانەکە وای دەخاتە ڕوو و کە ئەوان و کەسە نزیکەکانی یانەی برایەتی هیچیان نەکردووە، لە کاتێکدا ئەندامێکی یەکیەتیی تۆپی پێ، شاهێدە کە فارووقی ڕاهێنەر پەلاماری وێنەگری ئێمەی داوە و هەر ئەو ئەندامەیش شاهێدە کە سەرۆکی یانە پەلاماری پەیامنێری کوردستان تیڤیی داوە. هەروەها بەم خاڵانە ڕوونی دەکەمەوە کە یانەی برایەتی بەرپرسە لەوەی لە یاریگە ڕووی دا:
*یانەی برایەتی بەرپرسە لە هێنانی پۆلیس، بەڵام ئەوان ئەو کارەیان نەکرد.
* کەسە نزیکەکانی یانەکە و ئەوانەی لە نێو شوێنی یەدەگی یاریزانان بوون، قسەیان بە من وت و باشیان دەناسمەوە، ئەی ئەوانە ئەگەر کارمەندی یانە نەبن، چی کاریان لە لای یاریزانە یەدەگەکان هەیە؟
*سەرۆکی یانەکە قسەیەکی زۆر توندی بە ناوبژیوانی یارییەکە وت کە سیروان سەلمانیش گوێی لەو قسەیە بووە، ئەویش ئەوە بوو کە پێی وت: (نەمزانی ئاوها نامەردی!)، کاتێک کە سەرۆکی یانە ئەو قسەیەی کرد، هاندەران زیاتر لە ناوبژیوان نزیک بوونەوە و هان دران تا لێی بدەن و قسەی نەشیاوی پێ بوترێت.
*دەرگەی یانەی برایەتی لە لایەن یانەکەوە کراوە بوو تا هەموو هاندەرە نزیکەکانیان هاتنە ژوورەوە، ئینجا کەسێکیان لای دەرگە دانا تا هاندەرە (بێدەنگەکان) نەیەنە ژوورەوە. یانی توتدڕۆکان هاتنە ژوورەوە، ئینجا دەرگەیان داخست!
* لە کاتی کۆتاهاتنی یارییەکە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەکە لە ژوورێکی بارەگەی یانەکەدا بوو و لە شوێنی شەڕەکە نەبیندرا (خۆی ئەم قسەیەی کرد)، لە کاتێکدا لە هەموو دنیادا نییە بەرپرسی ڕاگەیاندن لە سەروەختی کۆتایی یارییەکە، خۆی لە ژوورەوە بنێت!
بۆ ئاگەداری هەموو لایەک، یانەی برایەتی لە ڕێگەی نێوبژیوانێکەوە هەوڵ دەدەن سکاڵاکەمان پێ بکێشەوە، ئەگەر ئەو هەوڵە دووبارە بکرێتەوە، دەنگی ڕیکۆردکراومان لایە و لە سایتی ڕۆژنامەی هەولێر و دەقی قسەکانیش لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاو دەکەینەوە و هەمان ئەو قسانە دەبەینە بەردەم دادوەر.
بۆ زانین، ئێمە هەڕەشەمان لێ کراوە، بۆیە هەر شتێکمان بێتە پێش، دەستی ئەستۆباری بۆ هەڕەشەکاران درێژ دەکەین.