سەڵاح محەمەد عەلی: بەھۆی نەخۆشییەوە نەمتوانی بەشداری لە درامای “٨ دیوار” بکەم
ھونەرمەند”سەڵاح محەمەد سەڵاح” زیاتر لە (٥٠) ساڵە،لەرێگەی ھونەرکانی (نواندن، کاریکاتێر، گۆرانی وتن) ،خزمەت بە ھونەری کوردی دەکات ئەو ھەرلەتەمەنی منداڵیەوە لەرێگەی لاساییکردنەوە بەھرەی نواندنی دەرکەوتەوە بەھۆی پیشەی دارتاشی باوکیشی، توانی بەھرەی ھونەری کاریکاتێری خۆی بدۆزێتەوە ،جگە لەوەش لە ھونەری گۆرانی وتن توانی چەندین گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک لە ساڵی ھەشتایەکانی سەدەی رابردوو تۆمار بکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە ھونەرکەی لەنزیکەوە بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
* سەرەتا وەکوپرسیارێکی کلاسیک ئەگەر بکرێت باس لە ژیانی ھونەری خۆت بکەیت.
– من( سەڵاح محەمەد عەلی) لەساڵی ١٩٥١ لە گەرەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایک بووم ھەر لەتەمەنی ھەرزەکارییەوە خوولیای زۆربەی ھونەرەکانم ھەبوو، وەکو نواندن حەزم بەلاساییکردنەوە ئەو فلیمانەم دەکرد کەلە ھۆڵی سینەماکانی شاری ھەولێر نمایش دەکران، لە ھەمان کات لاسایی ئەو دراما عەربیانەم دەکردەوە کە لە تەلەفزیۆنەکان نمایش دەکران، سەبارەت بە ھونەری کاریتاتێریش کە بەشێکە لە ھونەری شێوەکاری ،کاتی خۆی باوکم (محەمەد عەلی) سندوقی ڕەنگاو ڕەنگی بۆماڵان دروست دەکرد کە بەکاردەھات بۆ یاتاخ ودۆشەگیان لەسەر دادەنا باوکم ئەم سندوقەی بەچەندین وێنەی رەنگاو ڕەنگی سەرنج راکێش وەکو تاوس ، کۆتر ..دەڕازاندەوە،لە ھەمان کاتدا باوکم دارتاشێکی دەست رەنگین و ناسراو بوو بۆیە دەتواتنم بڵێم کاریگەری باوکم وای لێکردم دەست بۆ ھونەری شێوەکاری ببم بە تایبەت لە ھونەری کاریکاتێر و ھونەری منداڵان نابێ ئەوەش لەبیر بکەم کە لە قوتابخانە بەشداری چالاکییەکانی ناوپۆل و گۆڕەپانی قوتابخانە دەکرد ئەم حەزوو ئارەزووە بەردەوام بوو.
* بەڵام ھەگبەی ئەرشیفی شانۆ و دراماتان دەوڵەمەندە ئەگەر بکرێت ئاماژە یان پێ بدەیت؟
-وایە راست دەکەی یەکەمین شانۆگەری بەشدابووم لەساڵی (١٩٧١) بەناوی (داسەکەی شاسوار) لە نووسینی (ئەمین میرزاکەریم) و دەرھێنانی ھونەرمەند (فەتاح خەتاب) ئەم شانۆگەرییە لە شاری ھەولێر و بەغدا نمایش کرا.دوای ئەوە بەشداری چەندین شانۆگەریم کردن لەوانە : شانۆگەری (زەنگی تەلەفۆن) ساڵی ١٩٧٢ لە نووسینس (رسمی جەلال) و دەرھێنانی ھونەرمەند (فەتاح خەتاب) لەھەولێر و کەرکووک نمایش کرا، شانۆگەری (ئەو دەمەی ئەڤین مەزن تردەبێت) لە نووسینی مامۆستا (ئەحەمەد سالار) دەرھێنانی ھونەرمەند (فەرھاد شەریف) لە ساڵی ١٩٩٢ لە ھەولێر نمایش کرا،شانۆگەری (مەملەکەتی ئەفیون) نووسینی ودەرھێنانی ھونەرمەند (تەحسین فائق) لە رۆژی جیھانی شانۆ لە ساڵی ١٩٩٤ لە ھۆڵی گەل نمایش کرا، شانۆگەری (کەچەڵ قاقا) نووسینی شێرزاد پۆلیس دەرھێنانی ھونەرمەند(ژیلوان تاھیر) ساڵی ٢٠٠ لە ھۆڵی گەل نمایش کرا،شانۆگەری(پەپوکێ بردی) لەنووسین (ئورگەن) دەرھێنانی ھونەرمەند(سەباح عەبدولڕەحمان) ساڵی ٢٠٠٨ لە ھەولێر نمایش کرا ،درامای (نامە) لە نووسینی ھونەرمەند (چەتۆ حەسن) دەرھێنانی ھونەرمەند (وەلید نانەکەلی)،درامای (ھەڵگەڕانەوە) نووسینی کەریم بایز دەرھێنانی ھونەرمەند (تەڵعەت سامان) ،درامای (ترس و ئەڤین) نووسینی(عەبدولڕەحمان پاشا) دەرھێنانی ھونەرمەند (رەفیق نووری حەنا) ،فلیمی(گەرەکی داھۆڵەکان) نووسینی (شێرزاد عەبدولڕەحمان) دەرھێنانی ھونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی ٢٠٠٩، درامای (خەونە ئازادەکان) نووسینی و دەرھێنان (سەباح عەبدولڕەحمان) ٢٠٠٣،درامای (چارەنووس) نووسین و دەرھێنانی ھونەرمەند (حەسن عەلی) ساڵی ٢٠٠٠ ،درامای (کێ بەرپرسیارە) نووسین و دەرھێنانی ھونەرمەند ( ئەحمەد سابیر باڵا بەرز) بۆ تەلەفزیۆنی ھەرێم، درامای (مەمی ئالان) لە نووسینی (ئەحمەد خانی) دەرھێنانی ھونەرمەند (ناسر حەسن) لەگەڵ چەندین کاری تر..
* ئەی چالاکییەکانت لە بواری ھونەری کاریکاتێری؟
– سەبارەت بە ھونەری کاریکاتێریش سەرەتای دەست پێکردنم بە ساڵی ١٩٨٤ دەستم پێکردوە لەو ساتەوە تائێستا (١٠) پیشانگای تایبەتیم کردوە لە شارەکانی ھەولێر و کۆیە و پیرمام و دیانا و شەقڵاوە کردۆتەوە.. لە زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکان کاریکاتێرەکانم بڵاوکردۆتەوە ..
* لە ھونەری گۆرانی چرینیش خاوەنی چەند گۆرانییەکن دەتوانیت ئاماژەیان پێبدەیت؟
-لەبارەی ھونەری گۆرانی ووتندا خاوەنی چەندین گۆرانیم وەکو ( لەرێگەی کانی ئاو دێنێ بۆمان)، (ئەی کچی کوردەواری )،(بای شەماڵ) کە لەساڵی ١٩٨٤ لە تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمارکرابوون ، بەڵام بەردەوام نەبووم تەینا لە بەرنامەو دراماکان جار جار گۆرانی دەڵێم.
* لە بواری ھونەری کاریکاتێری و نواندن شوێن پەنجەتان دیارە،لە کامەیان زیاتر خۆت دەبینیتەوە؟
– ئەوەی راستی بێت زیاتر حەز لە ھونەری (نواندن) دەکەم ،چونکە زیاتر لە بینەرانیش نزیکە بەتایبەتی کاتێ لەگەڵ ھونەرمەندان (سەلام کۆیی و ئیبراھیم حەکیم )، وەک ئەکتەربەشدار بووم لە بەرنامەی (ئاوێنە) ،کە لە کوردستان تیڤی پێشکەش دەکرا ،ھەروەھا لە بەرنامەی (ھەگبەی کوردەواری) لە گەڵ ھونەرمەندان (ئەنوەر شێخانی و چەتۆ حەسن) ھەستم کرد جەماوەر منیان زیاتر ناسی بۆمنیش زیاترحەزو ئارەزوم بۆ ھونەری نواندن بوو.
*لەگەڵ ھونەرمەندی کۆچکردوو (ئەنوەر شێخانی )،بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە تیڤی کوردستان ھەبوو بیرۆکەو ناوەڕۆکی بەرنامەکە چی بوو؟
– بەرنامەکە ناوی (ئاوێنە) بوو،گوزراشتی لە داب و نەریتی کوردەواری دەکرد ،لە ھەمان کات دا خەندە ئامێز بوو بینەر چێژی لێوەر دەگرد،سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست ھێنا ،بەجۆرێک جگە لە ھاوڵاتی ئاسایی زۆرێک لە بەرپرسان چاوەڕوانی کاتی پەخشکردنی بەرنامەکەیان دەکرد ،بەرنامەکە بە شێوەیەکی رەخنەی بونیادنەر رەخنەی لە دامودەزگاکانی حکومەت دەکرد بەگرە زۆر جاریش لەرێگەی بەرنامەکە کێش و گرفتەکانی ھاوڵاتیانی لە نێو داموودەزگاکانی حکومەتی چارەسەر دەکرد.
* بۆچی لە ئێستادا بەرھەمی ھونەریت کەمە؟
– ئەوەی راستی بێت بەھۆی نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشی شەکرە و چەوەری و فشاری خوێن و چاوەکانم ..باری تەندروستیم رێگام پێ نادات کارەی ھونەری بکەم ،ئەگەرنا زۆرێک لە دەرھێنەران داویان لێکردوم بەشداریان لەگەڵ دا بکەم ھەر بۆنموونە لەم ماوەی دواییەدا مامۆستا “کارۆخ ئیبراھیم حەکیم ” داوای لێکردم بەشداری لە درمای “٨ دیوار” بکەم بە ڵام بەداخەوە بەھۆی نەخۆشی نەم توانی .
*وەکو شانۆکارێک بینەری شانۆی لە ئێستاداحەز بەچ جۆرە نمایشێک دەکات؟
– بینەری شانۆ لە ئێستادا حەز بەجۆرەنمایشێک دەکات کە ناسۆرییەکانی خۆی تیادا ببینێتەوە یاخود حەزدەکات کەنمایشەکان بۆن و بەرامی کەلتووری کوردەواری لێبێت بەداخەوە لە ئێستا ئەو جۆرە نمایشانە زۆر کەمن ،کاتێ خۆی ئێمەمان کە شانۆگەریمان نمایش دەکرد ھۆڵەکان جمەیان دەھات ،بگرە زۆر جار دەرگاو پەنجەری ھۆڵەکان دەشکا بۆ ئەوەی نمایشەکە ببنین ،نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت پەیدابوونی ئەو تەکنەلۆژیاییەی ئێستا وسۆسیال میدیا تارادەیەک ھۆکار بووە بۆ ئەوەی بینەر کەم رووبکاتە ھۆڵەکانی شانۆ.
*پێتان وایە ھونەری کاریکاتێری دەتوانێت رەخنە لە داب و نەریتە سلبییەکان نێو کۆمەڵگا بگریت؟
– زۆر جار ئێمەی ھونەرمەندانی کاریکارتێر لە رێگەی ھونەری کاریکاتێر، چەندین رەخنەی جۆراجۆری نمایش کردووە بەڵام بە داخەوە وەک پێوست بەھەند وەرنەگیراوە ،بۆیە دەتوانم بڵێم نەک ھونەری کاریکارتێر بەڵکو ھونەرکانی تریش وەکو شانۆ و سینەمایش نەیتوانیوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەرگر کردبێت.
Discussion about this post