وشیار ئەحمەد ئەسوەد: کاتێک لە ٢٠٠٧دا تووشی کێشە بووم لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی ھونەرمەندانی ئەوکات و لە ئاکامدا من و ھونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر دەستمان لەکار کێشایەوە، ھۆکارەکەی خودی نەبووە و ھەموو ھونەرمەندانی کەرکووک شایەتیی ئەو ڕاستییە دەدەن کە داکۆکییەک بوو لەوان..
دواتر لەگەڵ کاک فەرەیدوون دارتاش جێگری سەرۆکی ڕێکخراو لەوکاتەدا، تووشی شەڕەقەڵەمێکی توند بووین، ھەر ئەوکات من ھاوڕێکانم لە دەستەی ناوەندی کەرکووکی ڕێکخراوەکە ئاگەدار کردەوە کە ھەرچی پێم بکرێ ھەوڵ دەدەم ھەر کێشەیەک ھەبێ، نابێ ھونەرمەندانی کەرکووک لەناو خۆماندا کێشەمان ھەبێ و بخرێتە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان.. لەو ماوەیەوە تا ئێستە زۆر بزاڤی ئیستفزازیم لە برادەرانی کەرکووک بینی، بەڵام ئامادە نەبووم تەنانەت یەک حەرفیان لەبارەوە بنووسمەوە.. بەڵام ئێستە کە خەریکە بۆگەنەکە دەکەوێتە سەروگوێلاکی خۆمان، ناچارم بەدەنگ بێم.
مەریوانی شەوکەت ڕەشید لە ساڵانی ھەشتاکانەوە یەک لە ھونەرمەندە دیارەکانی کەرکووک بووە چ وەک مۆسیقاژەن (کلارنێت) چ وەک گۆرانیبێژ، ساڵانێکە لە ئەوروپا دەژی و ئێستەش ھاتووەتەوە و لە کەرکووک نیشتەجێیە، کاتێک چووە بۆ لقی کەرکووکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان، فیرعەونەکانی ئەوێ ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن، ئەمە ناچارمان دەکات بەدەنگ بێین و لەو ستافە بپرسین: (کامتان قەرزاری ھونەرمەندی کۆچکردوو شەوکەت ڕەشید نین دەستتان بەرز بکەنەوە؟.. کامتان ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان شەوکەت ڕەشیدتان ببینیایە مامەحەمەییتان بۆی نەدەکرد دەستتان بەرز بکەنەوە).. ئەمە مانای ئەوە نییە بەھۆی باوکیەوە مەریوان لە سەندیکای ھونەرمەنداندا بکرێتە ئەندام، بەڵام ئەو خۆی لە ھونەرمەندە دیارەکانی کەرکووک بووە.
بەلامەوە سەیرە سکرتێری لقی کەرکووکی ئەو سەندیکایە ئارەقەی شین و مۆر ناڕێژێ لە کاتێکدا کەم ھونەرمەند ئەوەندەی مەریوان مۆسیقایان بۆ گۆرانییەکانی خۆی ژەنیوە.. ئەگەر کێشەکە پێوەست بەحزبایەتیشە، خۆزگە بوێریی ئەوەیان ھەبێ ڕایگەیەنن تا بن بەڕەیان بۆ بخەینە سەر بەڕە.