مەسعودی مەلا ھەمزە : لەدرێژەی چالاکییەکانی خۆیانداو لەمیانی وەفاداری و بەسەرکردنەوەی ھونەرمەنداندا، ئەنجومەنی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بەھاوکاری لقی ھەولێری سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ھەڵمەتێکی گەڕان و سووڕانیان بەسەر ماڵی ھونەرمەندە بە ئەزموون و خاوەن تواناکانی شاری ھەولێر کرد.
لەم ھەڵمەتەدا کە ھەریەک لە”نیاز نوری- نەقیبی سەندیکا و ھیوا سوعاد سەرۆکی لقی ھەولێر و فەرھەنگ غەفوور، جەمال مشیر، یوسف عوسمان ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکا بەشداربوون سەردانی ماڵی ٥ ھونەرمەندی بە ئەزموونی شاری ھەولێریان لەبوارە جیاجیاکانی ھونەر کردو خەڵاتی رێزلێنانی سەندیکایان پێ بەخشین.
ئەو ھونەرمەندانەی لەو سەردانەدا بەسەرکرانەوە بریتی بوون لە”مستەفا رەئوف، حوسێن عەبدوڵڵا، فەرھاد شەریف، عەدنان جەمال، جان تۆماس” کە سەرجەمیان دڵخۆش بوون بەو سەردانەو ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد ئەو جۆرە سەردانانەی سەندیکا ئومێد بەخشەو وایان لێدەکا بەگڕوتینێکی ترەوە بەردەوام بن لەکاری ھونەری.
لە بەرامبەردا نیاز نوری نەقیبی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان گوتی”ئێمە لە سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆمان دەزانین مامۆستاکانی خۆمان بەسەربکەینەوەو گوڵی خۆشەویستی سەندیکایان لەیەخە بدەین”.
نیاز گوتیشی”ئەو سەردانەی ئەمڕۆمان دەستپێکی سەردانەکانمانەو لە شارەکانی تریش بەنیازین ھەمان کار دووبارە بکەینەوەو ھونەرمەندە بەئەزموون و خاوەن تواناکان بەسەر بکەینەوە”.
لە کۆتایی قسەکانیدا نیاز نوری گوتی”ئێمە وەک سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بەردەوام ویستوومانە داکۆکیکار بین لەمافی ھونەرمەندان”.