وشیار ئەحمەد ئەسوەد : فێنکایەتییەکمان بەدەرووندا ھات کاتێک ستافی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لە کۆنگرەکەیاندا ھاتە گۆڕین، لانیکەم چونکە ستافی نوێ پتر لە گەنجەکان پێک ھاتبوو، چاوەڕوانی زۆرمان لێ دەکردن و بەڵێنەکانیان تا ئاستێکی باش گەشبینییان دەبەخشی..
بۆ ھەر کەسێک شارەزای بەڵێن و بەڵێنکاریی بەر لە ھەڵبژاردن و تەنانەت ماوەیەکی کەمی دوای ھەڵبژاردنەکانیش نەبێت، ئاسان دەکەوێتە داوی موزایەدەوە، دەبوو بەڵێندان لە جێبەجێکردنی ئەستەمتر بوایە، چونکە بەڵێن کە جێبەجێ نەکرا، خاوەنەکەی نغرۆ دەبێ، کەچی لای ئێمە پێچەوانە بووەتەوە، دنیایەک بەڵێن و پاشان پاشگەزبوونەوە، بێگومان بێ ئەوەی لایەنێک ھەبێ بەدواداچوون بکات و بەسۆراخی ئەنجامی بەڵێنەکانەوە بێ، ئەمەش بەئاسایی وەردەگرین، چونکە کێیە بەدواداچوون دەکات؟ بێگومان ھەر ئەوانەن کە ستاف و ستافکارییەکان پشتگیری دەکەن و دادەنێن، ئەوان بەرنامە سیاسییەکەی خۆیان پێ جێبەجێ بکرێ، چشما لە بناگوێی ھونەرمەندان.
ئەمە پرسیارێکە و یەخەگیری ئەنجوومەنی سەندیکا دەبێت، زۆریش شەرمە بێ وەڵامی بھێڵنەوە، لانیکەم بۆ سپیکردنەوەی ڕووی بەڵێنە زەوەندەکانیان.. خۆزگە پێتان دەگوتین چەندتان جێبەجێ کرد؟ یان بۆچی نەتانکرد؟ لەوەش پتر ئەو بوێرییە بۆ خۆتان مسۆگەر بکەن کە ئەگەر حزب یان حکوومەت ڕێگری لە ئەنجامدانی بەڵێنەکانتان دەکات، بۆ ھونەرمەندانی ئاشکرا بکەن.. چونکە دەبێ ھەمیشە ئەوەتان لەبەرچاو بێ، چۆن ستافی پێشوو بەجێیان ھێشت، خەڵکێکی وەک ئێمەمانانیش بەجێمان ھێشت، ئێوەیش بەجێی دێڵن، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا پێوەندیی بەکاتەوە ھەیە.
پێموانییە پێویست بەوەبیرھێنانەوە بکات، چونکە بەڵێنەکان زۆرن و موزایەدەکانیش زۆرتر، ھەق نییە کەسیش ناز و نووزی یەکڕیزی و یەکڕێکخراوەییمان بەسەردا بکات گوایە موو بەبەینتانەوە ناچێ، چونکە ھەموومان ئەوە فێر بووین تا یەکێتی و پارتی کۆک بن، ئێوەیش نیمچەکۆک دەبن، خوانەکا لە ھەر درزێکی نێوانیاندا، شەقێکی فرە زەبەلاح دەکەوێتە ناو یەکڕیزییەکەی ئێوەیشەوە کە ھەرگیز ئەو ھیوایە ناخوازم، ھیچ نەبێ زۆربەتان لە ھاوڕێ ئازیزەکانن.
ئەدی ئەمە حاڵی ئیدارەکەی ئێوەیە لە ئەنجوومەنی سەندیکاکە، بۆیە لقەکەتان لە کەرکووکیشدا ئەو بوێرییە بەخۆیان ڕەوا دەبینن کەسایەتییەکی جوانی ھونەریی وەک (مەریوانی شەوکەت ڕەشید) نەخوێننەوە، کورد دەڵێ (ئۆخەی ئۆخەی ھەرکەس بۆ خۆی) عارەب دەڵێ (من یقرا من یکتب)، ئای لەو ماڵوێرانییەی ھونەرمەندان کە ڕیسەکەیان لێ بووەتەوە بەخوری.
ئێمە کە لە دوای ٢٠٠٣وە گەڕاینەوە بۆ کەرکووک، بەھەردوو ڕِێکخراو (سەندیکا و یەکێتیی ھونەرمەندان)ەوە فەوجێک خەڵکمان بەئەندام وەرگرت ھۆکارەکەشی ھەموو دەیزانن و بەپێویستی نازانم لێرەدا بیجوومەوە، یان ئەگەر پێویست بکات دواتر لەوەشدا دەتوانین ژێر بەڕە بخەینە سەر بەڕە، بێگومان ئەوە وایکرد زۆر ناھونەرمەند بخزێنە ئەو ڕێکخراوانەوە، بۆیە ئەم سەندیکایەی ئێستا ئەگەر بیەوێ بچووکترین بەڵێنی جێبەجێ بکا یان کارێکی باش بکات، دەبێ دەستێکی پێدا بێنێ و گەنمەکە لە پووش و پەڵاش پاک بکاتەوە.. ھاوکات کێشەی ئێمە تەنیا ئەوە نییە تا ئێستا بەو ئەرکە ھەڵنەستاوە، کێشەکە ئەوەیە ڕێگە لە ھونەرمەندی ڕاستینە دەگرن بێنە سەندیکاکەوە، ئەگەر ئەنجوومەنی سەندیکا بەدواداچوونی وردی بۆ بکات، دەردەکەوێ چ کەسەرێکە ناوێکی دیاری وەک (مەریوانی شەوکەت ڕەشید) ئاستەنگی خراوەتە بەردەم.
(مەریوان) لەم نووسینەی مندا تەنیا نموونەیەکە، ئەگەر نا ئەوە دەبوو کەمترین ھەڵوێست کە بەڵێنی ئاشتکردنەوەی ڕەنجاوەکان بوو جێبەجێ بکرایە.. جەخت دەکەمەوە کە مەبەستم کەسی خۆم نییە، چونکە ھەر کاتێک بمەوێ بەمافی ڕاستینەی خۆم یەک لە ئەندامە کاراکانی ئەو سندیکایە دەبم، بەڵام نەمانزانیوە لەناو تەواوی ڕەنجاوەکانی تریشدا کەس ئاشت کرابێتەوە، یان برایانمان لە ئەنجوومەنی سەندیکا ڕوویان لە چەند ماڵێک لە ھونەرمەندە ڕەنجاوەکان کردبێ کە پێموایە ئەمەیان تەنیا دیوە مەعنەوییەکەیە و لەڕووی داراییەوە نەدەبووە ئەرکێکی قەبە لەسەریان.
وێڕای ئەوەی ھەموو ئەمانە نەکراون، تازە بەتازە لە وێرانەیەکی وەک کەرکووکدا فیرعەونەکانی سەندیکا ڕێگری لە ھونەرمەندە جوانەکانی شارەکە دەکەن… خۆزگە بەراوردێکی ھونەر و مێژووە ھونەرییەکەی (مەریوانی شەوکەت ڕەشید)تان لەگەڵ زۆربەی ئەوانە دەکرد کە لەناو ھونەرمەندانی کەرکووکدا کاربەدەستن، ئەوجا بۆتان دەردەکەوت چ وێرانەیەکە ماڵە ھونەرییەکەمان.. داد لە کەرکووک.. تەریق بنەوە.