ئەنجوومەنی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا ئیدانەی بۆردومانەکانی سنووری کوردستان لەلایەن وڵاتانی تورکیاو ئێران دەکات، ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە…
بەیاننامەی ناڕەزایی
جەماوەری کوردستان
ھونەرمەندانی ھێژا
ماوەیەکە ھەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا بێ گوێدانە یاسا نێو دەوڵەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ کەوتونەتە تۆپ بارانکردن و بۆردومانکردنی ناوچە سنوریەکانی ھەرێمی کوردستان لە بناری قەندیل و ھاوکات لە ناوچە دابڕێنراوەکانیشدا و بە تایبەتی لە مەندەلی و جەلەولاو سەعدیە و شارەبان ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بونەتە ئامانجی تیرۆریستە شۆڤێنیەکان و زۆر لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لە ناوچە جیاجیاکان شەھید و بریندار بوون و زۆر خێزانیش لەو ناوچانە ئاوارە بوون لەسەر زێد و ماڵی خۆیان ، لەشاری خانەقینیش ڕووباری ئەڵوەن لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ووشک دەکرێت کە کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دروستکردووە .. بێگومان ئەو شاڵاوە دوژمنکارانەی ھەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا پیلانێکی بەرنامە داڕێژڕاوە و بێدەنگی حکومەتی ناوەندی عێراقی فیدراڵ لە ئاست ئەم ڕووداوانەدا جێ ی سەرسوڕمانە! .. بۆیە ئێمە وەک سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان ئەم دەستدرێژیانە بۆ سەر خاکی ھەرێم مەحکوم و ڕیسوا دەکەین و داواکارین لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەھانای خێزانە زەرەرمەندەکانەوە بێت و ھەوڵبدات لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە سنورێک بۆ ئەم دەست درێژیانە دابنێت .
سەربەرزی بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و سەرشۆِڕی و ڕیسوایی بۆ دوژمنانی کورد.
سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان
٢٣/٨/٢٠١١