زانا دڵشاد دزەیی : سەما دزەیی، کچە پێشکەشکاری کەناڵی سۆمەرییە ئاشکرایکرد لەبەرنامەیدا دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی دەست بەکاری سیاسی بکات و واز لەپێشکەشکاری دێنێ. سەما ئەمین دزەیی، پێشکەشکاری بەرنامەی “تۆپ تێن”ـە لەکەناڵی سۆمەرییە، بەرنامەیەکی ھونەری پێشبڕکێی کلیپی ھونەرمەندانە و بنکەی سەرەکیان لە لوبنانە، سەما ساڵی ١٩٨٨ لەبەغدا لەدایکبووە و قۆناخەکانی خوێندنی لەھەولێر تەواوکردووە، ئێستاش لە ئەمەریکا قوتابی کۆلیژی بەشی زانستە سیاسییەکانە.
سەما دزەیی دانیشتووی ئەمەریکایە و ئێستا بۆ ساڵێک لە لوبنان دەمێنێتەوە، ئاشکرایکرد “دوای بەدەستھێنانی بروانامەی ماستەر و دکتۆرا لە بواری سیاسەت، رەنگە بگەڕێمەوە کوردستان و رەنگە واز لە پێشکەشکاری بێنم، چونکە لەبەرنامەمدایە ببمە کەسێکی سیاسی لەکوردستان، بەڵام سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتوو بەشێوەیەکی نوێ کار دەکەم، ئەویش بۆ خزمەتی میللەتی کورد، بەڵام واز لەنووسین ناھێنم”. سەما ئەوەشی ئاشکراکرد سەرەتا ئەو حەزی نەکردووە کاری پێشکەشکاری بکات، چونکە لەبنەماڵەکەیان پێیان خۆش نەبووە لە تەلەفزیۆن دەرکەوێت و دەڵێت “چونکە دزەییەکان زۆر داخراون، بەتایبەت ئێمە کە لەبنەماڵەی دزەییەکانی “کاکە خان”ـین، بەڵام بەڕێوەبەری کەناڵی سۆمەرییە پێیگوتم ھەردەبێ لەگەڵمان ئیش بکەی”. ئەو کچە پێشکەشکارە گوتیشی “چونکە باوکم نەماوە دایکم بۆ ئێمە ھەموو شتێکە، کاتێک منی لە تەلەفزیۆن بینی گوتی زۆر جوان بەرنامەکەت پێشکەش دەکەی، بەڵام ئەوە ئیشی دزەییەکان نییە کە تۆ دەیکەی، واز بێنە، گوتم باشە بەس سەبرێکم لێبگرە، بە بەرنامەیەک بۆ دایکم سەلماند راگەیاندن کارێکی پیرۆزە و لەسنوریش لانادەم، ئێستاش ھەموو ھەفتەیەک ١٠ دەقیقە پێشئەوەی بچمە ناو بەرنامە دایکم تەلەفۆنم بۆ دەکات و پێمدەڵێ ئاگات لە ھەڵسوکەوت و قسەکردنتبە، چونکە خەڵکێکی زۆر سەیرت دەکات، دەڵێم دایە دەزانم، دەڵێ نا کچم بەبیرت دێنمەوە”.