تۆ بەقدەر مشتێکی داخراوی
چۆن بەرگەی ئەم هەموو شکان و
شەونخونی و شاردنەوەی
نهێنیەکانی تەمەن دگریت
ئەی دڵ ؟
هەتا ئێستا
چۆن بەرگەی تاڵاوی تاراوگە و
تلانەوەی تەنیای و
ترسەکانی دۆڕانت گرتووە
ئەی دڵ؟
تۆ بەقەدەر مشتێکی و
هەزاران جار بە دەستی ڕاوچیە
خوێن خۆرەکانی بەدوای کوشتنی خەونە پەرەسێلکەییەکانی هەرزەیی و
خنکاندنی خەیاڵە نەوڕەسییەکانی لاوێتی و
زیندە بە چاڵکردنی
خولیایە ئەبەدیەکانی ئەم تەمەنە
پێکراوی و
تاساوی و
تۆقێندراوی
کەچی هێشتا
ئاوازی ئومیدە ئەبەدیەکانی خۆشبەختی لە قووڵاییتدا بەرز دەبێتەوەو
دەستی خەونەکانم دەگریت و
لەسەر تەختەی پڕ لە جوولەی ئەم ژیانە
داوای سەمایەکی ترم لێ دەکەی
ئەی دل؟
خولیا حوسێن